Print WWW.SBEIY.COM
 دەسەڵات و هه‌ڵبژاردنه‌كان
به‌ختیار شاره‌زوری
22/08/2012
یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی‌ دیموكراتیه‌ت بونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێوندا، كه‌ ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی‌ تاك بتوانیت خاوه‌ن بڕیار بێت له‌ دیاری‌ كردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا و ببێته‌ پێوه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ ئه‌و حیزب و رێكخراوانه‌ی‌ كه‌ ململانیێی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، بۆ گرتنه‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ كۆده‌نگی‌ له‌سه‌ره‌ بڕیار دراوه‌ كه‌ پابه‌ند بونی‌ گشتی‌ له‌سه‌ر بێت، ده‌بێته‌ هۆی‌ رێكخستنی‌ ململانێكان و ئه‌وكات باشترین حیزب و رێكخراو ده‌بێته‌ جێی‌ متمانه‌ی‌ تاك و ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێ‌، ئیتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر توانای‌ پراكتیزه‌كردنی‌ به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌كانی‌ له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌ستاوده‌ست كردن و دۆڕان، دو چه‌مكن ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ته‌ندروست و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئاسوده‌ و پڕله‌ بزاوت.

یه‌كێك له‌ پێداویستیه‌كانی‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی‌ باسمان كرد به‌رده‌وامی‌ بونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه،‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی‌ لایه‌نه‌كان ململانێی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن خۆیانی‌ تیا ببینن و به‌رده‌وامی‌ ده‌دات به‌ جوڵه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگا، كه‌ به‌ (فیزیای‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌) ناوده‌برێت... واتا ده‌بێت به‌رده‌وام هه‌ڵبژاردن هه‌بێت تا به‌روپێشچون و پرۆژه‌ی‌ كاراتر دروست ببێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و ماوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سنوری‌ یاسایی‌ تێپه‌ڕاند و شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌ نه‌ما، ئه‌وكات ده‌بێته‌ هۆی‌ وه‌ستانی‌ جوڵه‌كان و بزاوته‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگا به‌گشتی‌ و ده‌بێته‌ هۆی‌ ئیفلیج بونی‌ كۆی‌ جومگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا.

با لێره‌وه‌ بپرسین بۆ دەسەڵات لر هەرێمی کوردستان دەیەوێت هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێت؟...
درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان جگه‌له‌وه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ مێژوییه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی‌ بێزاربون و وه‌ستاندنی‌ جوڵه‌ ناوكیه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و له‌ ده‌ستدانی‌ شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌، ده‌بێته‌ هۆی‌ دروستكردنی‌ دیكتاتۆر و حوكمی‌ حیزبی‌ ده‌ه‌سه‌ڵات بۆ ماوه‌یه‌كی‌ درێژی‌ نایاسایی‌ و دروست بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێهیوابونی‌ هاوڵاتی‌ له‌ گۆڕانه‌كان، به‌دیوێكی‌ تردا پارتی‌ یه‌كێتی‌ له‌ژێر چه‌تری‌ ڕێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ و دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ نیشتمانی‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌ و ئاماده‌نه‌بونی‌ كۆمیسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن و نه‌بونی‌ زه‌مینه‌ی‌ له‌بار، ئه‌یانه‌وێ‌ پاوانی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر خۆیان بانگه‌شه‌ی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراتیه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی‌ گشتی‌ هه‌رێم پۆڵێن بكرێت بۆ دو به‌شی‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ ده‌كاته‌ سیاسه‌تی‌ ناوخۆ و سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا ده‌كرێ‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ پلانی‌ خۆی‌ هه‌بێت و له‌ناوخۆشدا پلان هه‌بێت بۆ به‌رده‌وامی‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان تا هه‌مو حیزب و رێكخراوێك پێوانه‌ی‌ خۆی‌ بزانێت، بزانێت كه‌ ئایا كێرڤی‌ تا چ ئاستێك له‌ به‌رزی‌ و نزمیدایه،‌ ململانێكان بۆ باشترین و كاراترین به‌رنامه‌ به‌رده‌وامی‌ هه‌بێت، به‌ڵام كاتێك پارتی‌ و یه‌كێتی‌ دێن و به‌ كۆمه‌ڵێك بیانو هه‌ڵبژاردنه‌كان دوا ده‌خه‌ن به‌تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان، ده‌بێته‌ هۆی‌ كوشتنی‌ كۆی‌ پڕۆسه‌ی‌ دیموكراتی‌ و پاوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌كرێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر دابه‌ش بكرێ ‌و بازنه‌ و كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان فراوان و زیاتر بكرێ‌، ئه‌وكات به‌رده‌وامی‌ ده‌دات به‌ جوڵه‌ی‌ ناوكی‌ به‌ نمونه‌ (سه‌ندیكاكان، شاره‌وانیه‌كان، پارێزگاكان، په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم)، ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم زۆربه‌یان شه‌رعیه‌تیان نه‌ماوه‌، لای‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئیراده‌یه‌ك و كارێكی‌ مه‌یدانی‌ نیه‌ بۆ به‌رده‌وامی‌ دان پێیان، له‌ ئێستادا به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن كارایه‌، هه‌ر حیزبه‌وه‌ به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ باسی‌ هه‌ڵكشانی‌ ده‌نگده‌رانیان ده‌كه‌ن، ئەگه‌ر هه‌ڵبژاردن ماوه‌ كورت بوایه‌ ئه‌و كات ده‌رئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بوه‌ ئاوێنه‌ی‌ باشی‌ و خراپی‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانی‌ ناو گۆڕه‌پانی‌ ململانێكان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت كه‌ تاك متمانه‌ی‌ به‌ پاكی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان یه‌كتر تاوانبار بكه‌ن به‌ ساخته‌كردن، ئه‌وا ئه‌وكات ده‌بێته‌ هۆی‌ مردنی‌ خه‌ونی‌ گه‌وره‌ی‌ تاك و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ گشتی‌...

له‌ دواجاردا به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بون به‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراتیه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی‌ درێژبونه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و پاوانكردن و هه‌ڵهێنانی‌ دیكتاتۆر، بۆیه‌ گه‌ر پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بیانه‌وێ‌ نه‌كه‌ونه‌ به‌ر حوكمی‌ قۆناغی‌ روخاندنی‌ دیكتاتۆره‌كان ده‌بێت كار بكرێت بۆ پابه‌ندبون به‌ یاساكانی‌ هه‌ڵبژادنه‌وه‌ و دەستهەڵگرتن لە ساختەکاری هەڵبژاردن چ لە دواخستنی کات و چ لە ساختەکردنی دەنگداندا و تێكه‌ڵ نه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی‌ ده‌روه‌دا، تابتوانین ببینه‌ هۆی‌ دروستبونی‌ قۆناغێكی‌ نۆی‌ و په‌ره‌ به‌ بزاوت و گۆڕانه‌كان بده‌ین.