Print WWW.SBEIY.COM
 بۆچى خەڵک رەخنەى لە گۆڕان هەیە؟
به‌ختیار شاره‌زوری
19/01/2015

لەم ماوەیەدا هەڵمەتێک دژى بزوتنەوەى گۆڕان هاتوتە کایەوە، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەگەرچى بە دیوێکدا بەو مانایە دێت کە بزوتنەوەى گۆڕان تاکە هیواى خەڵکە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى خەڵک و تاکە حیزبێکە کە تاپۆکەى لاى هاوڵاتیانە، یان بە شێوەیەکى کوردانە (گلەیى لە دۆست دەکرێت)، هەر لەم روانگەیەوە ئەم رەخنانە سەرچاوەکەى لەوێوە دێت کە هاوڵاتیان دەیانەوێ گۆشار بۆ گۆڕان دروست بکەن، تا پێداگرى لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژە و دروشمەکانى بکات، کە بەو مانایە دێت، ئەم گۆشارە جارێکى تر پێداگرى خەڵکە بۆ پڕۆژەکان و دروشمەکانى گۆڕان، ئەگینا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو وێنەیە لە باکگراوندى خەڵکیدا دروست بوە، کە ئەم دو حیزبە ناتوانن هیچ گۆڕانکارى بکەن و هاوڵاتیان هیچ هیوایەکیان بەم دو حیزبە نەماوە، خۆ ئەگەر (ساختە و پاڵپشى دەرەکى و و پارە و چەک) نەبێت هەمومان دەزانین ئێستە چارەنوسى ئەم دو حیزبە بە کوێ دەگەیشت.

لە ئێستادا کە موچە نیە و وەزیرى دارایى هى گۆڕانە خەڵک دنیایەک قسە بە گۆڕان دەڵێ، کارەبا نیە خەڵک رو لە گۆڕان دەکات، پێشمەرگە هى حیزبە و نەبوەتە نیشتمانى و وەزیرەکەى گۆڕانە و خەڵک رو لە گۆڕان دەکات، بەنزین نرخى بەرزە و خەڵک رەخنە لە گۆڕان دەگرێت، پێشینەى خانوبەرە و ژنهێنان نیە و خەڵک رو لە گۆڕان دەکات، جادە و یاساکانى هاتوچۆ خراپە و خەڵک رەخنە لە گۆڕان دەگرێت، دامەزراندن نیە خەڵک داواى دامەزراندن لە گۆڕان دەکات، موچەخۆرى بن دیوار هیچى بۆ نەکراوە بۆ کۆتاى پێ هێنانى، خەڵک رەخنە لە گۆڕان دەگرێت، ئاو نیە خەڵک هەر رو لە گۆڕان دەکات، کێشەى کرێنشنى هەر ماوە و خەڵک داوا لە گۆڕان دەکات، نەوت نیە و خەڵک گلەیى لە گۆڕان دەکات، خوێندنگا و زانکۆ نیە خەڵک رو لە گۆڕان دەکات، خۆ ئەگەر گۆڕان جێگەى هیوا و ئومێدى خەڵک نەبێت چۆن ئەم هەمو پرسیارە لە گۆڕان دەکرێت، هەتا گەیشتوەتە ئاستێک لە پۆستى باڵادا لە ناو هەردو حیزبى (یەکێتى و پارتى) رو لە گۆڕان دەکەن.

 با لێرەدا وەڵام بدەینەوە، موچە نیە... ئەوە پێشینەى وەفدەکانى یەکێتى و پارتى لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ئەو کارەساتەیان دروستکرد و هیچ حسابێکیان بۆ رۆژى رەش نەکردوە، لە بودجەى گشتى پارە دراوە بە کۆمپانیاکانى حیزب و خانەنشینى گەورە و موچەى بن دیوار، تا گەیشتوەتە ئەوەى کە کورتهێنان ساڵ بە ساڵ زیادى کردوە گەیشتوتە ئەوەى حکومەت 9 ملیار دینار قەرزار بێت، ئەى ئەمە کێ کردى، ئێ خۆ دەتوانن بە پارە ناشەرعیەکانى بانقەکانى ئەوروپا و حیزب و مەسئولەکانیان موچەى فەرمانبەران بدەن، ئێ بۆ نایدەن، ئەوا دەبێت ئێمەى هاوڵاتیان خۆمان وەڵام بدەینەوە، پێشمەرگە بۆ یەکناخرێت... با بپرسین هێزەکانى 70 و 80 و هێزەکانى بەرپرسان بۆ رێک ناخیرێن، ئێ ئەوە نیە وەزیرى پێشمەرگە دەیەوێت پێشمەرگە بکاتە هێزێکى نیشتمانى، ئەى ئەوە کێیە کە رێگرى دەکات، وەزیرى دارایى کە بوە بە وەزیر وەزارەتێکى وێرانى بۆ بەجێ ماوە، ئەى بۆ نەپرسین داهاتى نەوت لەلاى کێیە، داهاتى گومرگەکان لە لاى کێیە، کۆمپانیا دایەنسورەکانى هەرێم هى کێن و کوا باج و داهاتیان، داهاتى ناوخۆ دەچێتە کوێوە، وەزارەتێک تا پارەى نەدەنێ و پارەى بۆ نەیەت چۆن بتوانێت موچەى فەرمانبەران بدات، ئەگەرچى بە هەنگاوە دەیەوێت ئەم دیاردەیە نەهێڵێت و کارى بۆ دەکات (وەک داخستنى خەزێنەى سێ)، بەنزین... ئەگەر داهاتى ئەم هەرێمە بەشێوەیەکى سستماتیک بوایە بچوایەتە ناو وەزارەتى داراییەوە، بێگومان بن کارى لەسەر دەکرد، ئەم بەنزینەش پەیوەندى بە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە هەیە، پێشینەى خانوبەرە و ژنهێنان....

با لەوان بپرسین کە ئەم پارانە گەڕاونەتەوە چوەتە کوێوە، کوا ئەو سندوقەى کە سوڕانەوەى ئەم پارەیەى تێدا بێت، ئەى کوا سندوقى پاشەکەوتکردنى پارە بۆ رۆژى رەش، جادە و هاتوچۆ خراپە... ئەى بۆ نەپرسین چەندین ساڵە ئەم دو حیزبە چییان کردوە بۆ جادە و کوا داهاتى هاتوچۆ و چى لێ هات، کە دامەزراندن نیە بۆ نەپرسین بە واستە و پاڵپشتى حیزب ئەوەى لە مسئولینەوە نزیک بوە دامەزراوە بەبێ پلان، تا گەیشتوەتە ئەوەى هەڵئەوسان لە دامەزراوەکاندا دروست ببێت و رێژەى فەرمانبەران زیاد لە پێویست بەرزبێتەوە، بەشێوەیەک کە نەتوانرێت دامەزراندن بە سیستم بکرێت، ئەى کوا کۆمپانیا زەبەلاحەکانى حیزب، ئەى ئەوان چەند لە رێژەى بێکاریان کەمکردوە، جگە لە دۆست و خزم و کەسانى نزیک لە خۆیان، بۆ نەپرسین کێ بو موچە خۆرى بن دیوارى دروستکرد و خەڵکى فێرى بەرخۆرى کرد، تەنها لەبەر ئەوەى دەنگێکى بدەنێ،ئاو نیە... کامەیە هێڵى ئاوى گەورە لە هەمو شارەکاندا کە بتوانێت ئاو دابین بکات، ئەى ئەم دو حیزبە چییان کردوە، کرێنشینى و نەوت و خوێندنگە و زانکۆ وەک پێویست نیە، کێ لێى بەرپرسە .

ئەم دو حیزبە ساڵانیکە داهاتى ئەم هەرێمە دابەش دەکەن بەسەر خۆیاندا، ئێستەش دەیانەوێ کەموکوڕى ئەم چەند ساڵە بخەنە ئەستۆى گۆڕان، ئەیانەوێ خۆیان وانیشان بدەن، کە ئەوان نین و ئەوە گۆڕانە 22 ساڵە ئەم هەمو دیاردە و کێشەیەى هەڵچنیوە، وەک ئەو پشیلەیەى کە لە ئاوێنەیەکدا خۆى لێگۆڕاوە و خۆى بەشێر دەبینێ، گۆڕان و هاوڵاتیان دوانەیەکى لێکدانەبڕاوى یەکترن، بۆیە ئێستاش ئەگەر ئێوە راست دەکەن لە خەمى میللەتدان، با وەک خۆتان وتان، پارەى ژێرزەمینەکانیان دەربهێنن و پارەى کۆمپانیاکانیان بهێنن و پارەى بانقەکانى دەرەوە بهێننەوە، بفەرمون موچەى ئەو خەڵکە بدەن، کە خەڵک رو دەکاتە گۆڕان هاوار دەکات، ئەوە دەگەیەنێ کە گۆڕان بە تاکە سەرچاوەى بە دواداچونى کێشەکانى خویان دەزانن نەک ئەو تەفسیرەى ئێوە دەیکەن.