Print WWW.SBEIY.COM
 سه‌دو چل‌و په‌رله‌مانی كوردستان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
10/09/2009

له‌ ماوه‌ی رابردودا به‌ندی "140" له‌ بارودۆخێكی قه‌یراناوی‌و ناجێگیرو پڕ هه‌ڵچون‌و داچوندا هه‌میشه‌ له‌ نێوان نه‌یارو یاره‌كانیدا ده‌هات‌و ده‌چو، به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ‌ نه‌بون ئه‌و به‌نده‌ هه‌ر به‌ ته‌نیا نوری مالیكی لێی به‌رپرسیار نییه‌، له‌ كاتێكدا له‌ لایه‌نی حكومه‌ته‌وه‌ لایه‌نه‌ مادییه‌كه‌ی دره‌نگ‌و زو هه‌ر جێبه‌جێ‌ كراوه‌، هه‌ندێك له‌ بڕگه‌كانی جگه‌ له‌ مالیكی هه‌ریه‌كه‌ له‌ تارق هاشمی‌و عادل عه‌بدولمه‌هدی‌و سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش ده‌یانتوانی له‌ كات‌و ساتی خۆیدا پێداگریی له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌ كردنی بكه‌ن، نه‌ك له‌مپه‌ربن له‌ به‌رده‌میدا، كه‌بون!! ماده‌ی (140) له‌ راستیدا یا جگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ری نێوان كوردو عه‌ره‌ب، ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ری دیكه‌ش بگرێته‌وه‌ وه‌ك هه‌ندێك ئه‌و بیانوه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا كێشه‌كه‌ له‌ نێوان كوردو عه‌ره‌بدایه‌و به‌نده‌كه‌ش تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ دانراوه‌، ورده‌ كێشه‌كانی باشوری عێراق به‌ كێشه‌ حساب ناكرێن، وه‌ك كێشه‌ی نێوان دو نه‌ته‌وه‌ی جیا، له‌ نێوان كوردو عه‌ره‌بیشدا به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ راشكاوانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، كه‌ ناوچه‌كانی ناوچه‌ی كوردن‌و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، گه‌رچی له‌ بنه‌ڕه‌تدا قۆناغه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، ئه‌م ماده‌یه‌ قۆناغی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی لێ ده‌رده‌چێت، قۆناغه‌كانی دیكه‌ی هیچ هه‌نگاوێكی بۆ نه‌نراوه‌ له‌مه‌دا ده‌بێ‌ بڵێین:

أ- ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق‌و خودی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌رپرسیارن له‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردنی ئه‌و ماده‌یه‌ له‌ كاتی خۆیدا، مادام پێشترو له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوره‌كه‌دا ماوه‌و كاتی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێ‌ كردنه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرابو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ‌ نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی كۆتایی چوارچێوه‌ زه‌مه‌نییه‌ دیاریكراوه‌كه‌ به‌پێی ده‌ستكاریكردنی ماوه‌كه‌ به‌ دوای رێوشوێنی نوێدا بگه‌ڕانایه‌ بۆ جێبه‌جێ‌ كردنی...

ب- لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراقی، ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ‌ نزیكبونه‌وه‌ی واده‌كه‌دا یاداشتی خۆیان به‌رزبكردایه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت‌و سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان‌و ده‌ستنیشانی چه‌ند رێگه‌یه‌كی خێرایان بكردایه‌ بۆ یه‌كلایی بونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌و پرسه‌كه‌یان له‌ په‌رله‌ماندا هه‌ر بۆ نوێنه‌ره‌ كه‌ركوكییه‌كان‌و له‌ نێو نوێنه‌ره‌ كه‌ركوكیه‌كانیشدا بۆ چه‌ند كه‌سێك به‌جێ‌ نه‌هێشتایه‌، وه‌ك بڵێی ته‌نیا ئه‌وانه‌ شه‌ڕكه‌ری كه‌ركوك بن هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراقی له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ‌ كردنی به‌ندی (140)ی ده‌ستوردا كه‌مته‌رخه‌م بون، نه‌ك هه‌ر كه‌مته‌رخه‌م بگره‌ سستی ئه‌وان بو به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گروپی "22"ی ته‌مموز، ئه‌و گروپه‌ی به‌ كرده‌وه‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكاته‌ به‌رمیله‌ باروده‌كه‌.

پ- سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه‌ له‌ گروپێكی "3" كه‌سی پێكدێن‌و سه‌رۆكه‌كه‌یان كورده‌و له‌ رۆژگاری ده‌رچونیدا هه‌مومان وه‌ك روداوێكی گه‌وره‌و مێژوی كه‌م وێنه‌ قسه‌مان له‌سه‌ری كرد، ده‌یانتوانی له‌ كاتی خۆیدا، به‌ تایبه‌ت سه‌رۆك كۆمار به‌هۆی شاره‌زاییه‌كه‌ی له‌ سیاسه‌تی ته‌عریب‌و ته‌رحیل‌و ته‌بعیس‌و هه‌روه‌ها كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال‌و كیمیاباران سۆزی هاوڕێكانی بۆ زیاترو زوتر چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ رابكێشێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا جگه‌ له‌ سه‌رۆك كۆمار یه‌كێكی دیكه‌ له‌و سێ‌ كه‌سه‌ "عادل عه‌بدولمه‌هدی" خۆی زۆر به‌ نزیك‌و دۆستی كورد ده‌زانێت‌و كوردیش هه‌روا تێگه‌یشتوه‌، ته‌نانه‌ت جارێكیان د.به‌رهه‌م له‌ به‌غدا ئه‌وی وه‌كو نزیكترین كه‌س له‌ كورده‌وه‌ به‌ ئێمه‌ ناساندو نه‌یهێشت بڕۆین، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌گه‌ڵی دابنیشین.
 به‌شێك له‌ جێبه‌جێ‌ كردنی به‌ندی "140" هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی به‌عسه‌، له‌وانه‌ دابڕانی قه‌زاكانی چه‌مچه‌ماڵ‌، كه‌لار، كفری، خورماتو پێموایه‌؛ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار زۆر به‌ ئاسانی ده‌یانتوانی ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر له‌ سه‌رده‌می بریمه‌ردا بڕیاره‌كانی به‌عسی هه‌ڵوه‌شابونه‌وه‌!!

ت- سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌یانتوانی كاری زۆر باش بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌، هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست كراوه‌، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌و سێیه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، حكومه‌تی كوردستان‌و په‌رله‌مان، هیچ هه‌نگاوێكی دیاریان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌ناوه‌، جگه‌ له‌ كار ئاسانی بۆ حكومه‌تی عێراقی به‌تایبه‌ت له‌ بواری قه‌ره‌بو كردنه‌وه‌دا، له‌ كاتی خۆشیدا بڕی پاره‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ بۆ كورد (5) ملیۆن بۆ حه‌وت‌و نیو بو، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بإه‌كه‌مان گه‌یانده‌ (10) ملیۆن، جگه‌ له‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی كوردستان‌و په‌رله‌مانی كوردستان چوار یاداشتیان له‌سه‌ر به‌ندی "140"و چۆنیه‌تی جێبه‌جێ‌ كردنی نه‌داوه‌ته‌ حكومه‌تی عێراقی، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌روبه‌ندی كۆتایی هاتنی واده‌ی دیاریكراودا. نه‌ك ئه‌وه‌ بگره‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مجاره‌ ده‌رگای به‌ڕوی كه‌ركوكییه‌كاندا داخست‌و ئێستا نوێنه‌ری كه‌ركوك وه‌ك كه‌ركوكیی له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستاندا نییه‌، بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش كه‌ د.كه‌مال كه‌ركوكییه‌ ئه‌و پیاوه‌ تائێستا دۆسییه‌و سجلی خۆی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی قه‌زا دابڕاوه‌كانی كه‌ركوكه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بتوانن‌و بیانه‌وێت، ده‌كرێ‌ لۆبییه‌كی كه‌ركوكیی له‌ په‌رله‌مانی ئاینده‌دا دروست بكه‌ن.

جگه‌ له‌و لۆبییه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت له‌ ئێستادا ئه‌جێندایه‌ك بۆ جێبه‌جێ‌ كردنی به‌ندی (140) بخاته‌ به‌رده‌ست حكومه‌تی عێراقی‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئه‌جێندایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی عێراقیی دیاری بكات. پێموایه‌ له‌مه‌دا ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش به‌ تایبه‌ت دوای پێشنیازه‌كه‌ی تۆدێرنۆ هاوكار ده‌بن، ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی سستی‌و دواكه‌وتنی به‌ندی (140) له‌ حكومه‌تی عێراقیی بكات‌و رێ‌‌و شوێنی خێراكردنی ئه‌و به‌نده‌ ده‌ستنیشان بكات.

 پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوێنه‌ری قه‌زا دابڕاوه‌كانی كه‌ركوك به‌ تایبه‌ت كفری، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ‌‌و خه‌ڵكی دیكه‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌ندی "140" دروست بكات. ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ ئاینده‌ی نزیكدا له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی عێراقیی كار بۆ كاراكردنی ئه‌و به‌نده‌ ده‌ستورییه‌ بكه‌ن.

 دیاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه‌ هاوكارییان ده‌كات، ئه‌گه‌ر گه‌ره‌كیان بێت...