Print WWW.SBEIY.COM
 "سه‌رۆك، نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات"
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
21/07/2010

له‌كورده‌وارییدا، په‌ندێكی‌ باو هه‌یه‌، ده‌ڵێت: "دۆست ئه‌وه‌یه‌، ده‌مگریێنێت"، ئه‌و په‌نده‌، په‌ندی‌ باوباپیری‌ ئێمه‌یه‌‌و بارزانیی‌ باوك، ئه‌وه‌ی‌ به‌ دۆست زانیوه‌ كه‌ راستیی‌ بارودۆخی‌ وڵاتی‌ تێگه‌یاندوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ فشه‌ كوردستانی‌ بۆ كردوه‌ به‌ شامی‌ شه‌ریف‌و مه‌لیكی‌ كوردستانیش له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وانه‌دا كه‌ وتویانه‌، پیره‌مێرد جنێوت پێده‌دات، وتویه‌تی‌، من‌و پیره‌مێرد خاڵ‌‌و خوارزاین، ئه‌وه‌ ته‌نقیدم ده‌كات. پێویسته‌ سه‌ركرده‌و سه‌رۆك، گوێ‌ له‌و راپۆرتانه‌ بگرن كه‌ برینه‌كانیان نیشانده‌ده‌ن، پێویسته‌ ئه‌و وتار‌و هه‌واڵ‌‌و ره‌خنانه‌ بخوێننه‌وه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تیان به‌بێ‌ ماكیاج نیشانده‌ده‌ن، نه‌ك ئه‌و راپۆرت‌و نوسینانه‌ی‌ به‌ باڵایاندا هه‌ڵده‌ڵێن.

سه‌ركرده‌و سه‌رۆك، پێویستیان به‌ راپۆرتێك نییه‌ به‌باڵایاندا هه‌ڵبڵێت، دیاره‌ من پێموایه‌، ئێوه‌ له‌و بابه‌ته‌ نین كه‌ پێتان خۆش بێت، زوڕناژه‌ن‌و ئه‌وانه‌تان هه‌بێت، به‌ باڵاتاندا هه‌ڵبڵێن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ده‌زانم كه‌ هه‌ن‌و نایانه‌وێت، به‌ ئاسانی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك بگاته‌ ئێوه‌‌و نایانه‌وێت، ده‌نگی‌ حه‌قیقی‌ ئێوه‌ش بگاته‌ خه‌ڵك‌و ئه‌وان، بازرگانی‌ شه‌ڕ‌و دوبه‌ره‌كی‌‌و ململانێن. ئه‌وانه‌، به‌ راپۆرتی‌ بێناوه‌ڕۆك، وێنه‌ی‌ نیشتمانێك ده‌كێشن كه‌ رۆژنامه‌نوسه‌كانی‌ تیرۆر ناكرێن‌و ئۆتێله‌كانی ناسوتێنرێن، ناسوتێن، گردو ده‌شتوده‌ره‌كانی‌ داگیر ناكرێن، شیش‌و گه‌ڵابه‌و شۆفڵ‌‌و نه‌وت‌و ئه‌ندامی‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤه‌كانی‌ به‌ قاچاغ نابرێن.

ئه‌وانه‌، وێنه‌ی‌ نیشتمانێك بۆ ئێوه‌ ده‌كێشن، شاره‌كانی‌ سواڵكه‌ریان تێدا نییه‌، هاوڵاتییه‌كانی‌ ئاوی‌ پیس ناخۆنه‌وه‌، سنوره‌كانی‌ له‌ژێر به‌زه‌یی تۆپی‌ دراوسێكاندا ناناڵێنن، پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ ره‌شوڕوت‌و برسی‌ نیین‌و نوسه‌ر‌و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوسه‌ راستگۆكانی‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ شه‌ق‌و نانبڕیندا نیین.

ئه‌وانه‌، یۆتۆپیایه‌ك نیشانده‌ده‌ن كه‌ به‌ ئه‌فلاتۆنیش دروست ناكرێت‌و نایانه‌وێت به‌ تۆ بڵێن، زۆرێك له‌ مافیاكانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، كۆمپانیای‌ تاڵانكردنی‌ وڵاتیان داناوه‌‌و نایانه‌وێت، پێت بڵێن، بارودۆخی‌ نیشتمان باش نییه‌‌و له‌ به‌رامبه‌ر میدیایه‌كدا میدیایه‌كی‌ دیكه‌ قوت كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ركی‌ به‌خشینه‌وه‌ی‌ جنێوه‌ به‌ هه‌رچی‌ جوانی‌ هه‌یه‌و به‌ شانازییه‌وه‌ راپۆرته‌ پڕدرۆكانیان بۆ فریودانی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ نیشتمان به‌كارده‌هێنن‌و به‌ شانازییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چۆن هاوپیشه‌كانیان توشی‌ كێشه‌‌و سه‌رئێشه‌ بكه‌ن‌و خۆیشیان ده‌خۆن‌و ده‌له‌وه‌ڕێن.

ئه‌وان كه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات، ده‌ڵێن، ناڕوات‌و كه‌ یارانی‌ نیشتمان ده‌ڵێن، ده‌ڕوات، ده‌ڵێن، ئه‌وانه‌ دژن‌و كه‌ نه‌یاران ده‌ڵێن‌و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ نیشانی‌ ده‌ده‌ن، ده‌ڵێن، ره‌شه‌‌و كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ره‌ش نییه‌، ده‌ڵێن، له‌ عێراقه‌وه‌ دێت‌و كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ عێراقه‌وه‌ نایات، لیژنه‌ دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ مه‌ته‌ڵه‌، یان شیعری‌ سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌.

ئێستا كه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات، پاره‌كه‌ی‌ بۆ كوێ‌ ده‌چێت، ئایا پاره‌كه‌ی‌ له‌ بله‌‌و بارزان‌و شۆڕش‌و رزگاری‌‌و پیرزین خه‌رج ده‌كرێت، یان كه‌س نازانێت به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات‌و جاده‌ی‌ نێوان كه‌ركوك – سلێمانی‌ به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی‌، هه‌ر جاده‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسه‌، جاده‌ی‌ نێوان هه‌ولێر- دهۆك به‌شی‌ زۆری‌ هه‌ر جاده‌كه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسه‌.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات‌و كاره‌باكه‌ هه‌رخراپه‌.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات‌و هێشتا زۆربه‌ی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرترین هه‌ژار‌و نه‌داری‌ ئه‌م وڵاته‌ نیشان بده‌ن.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات ‌و "100" قوتابخانه‌ی‌ مۆدێرن له‌م وڵاته‌دا نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌شه‌ به‌شێكی‌ بۆ خواپێداوه‌كانه‌.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات‌و شارو شارۆچكه‌ نییه‌ سێ‌ چوار فه‌رمانگه‌ی‌ له‌ خانوی‌ كرێدا نه‌بن.

نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات‌و كه‌ركوك له‌ دڵ‌‌و قودسی‌ كوردستانه‌وه‌ بوه‌ به‌ زبڵخانه‌ی‌ كوردستان.