Print WWW.SBEIY.COM
 هەڵەكە لە كوێدایە؟
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
15/02/2011

بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، قسەی زۆر هەڵدەگرێت و من ئێستاش دەڵێم، یەكێك لە سەرەكیترین پەیامەكانی ئەم بەیاننامەیە، دەڵێت، ئیدی بوارێك نەماوەتەوە بۆ قسەكردن، ئەمەش گرفتێكە و لام وایە، پێویستە خاڵ خاڵ قسهی لەسەر بكەین. دورخستنەوەی دەستی حیزب لە حكومەت، گهڕاندنەوەی موڵك و ماڵی گشتی، بە كوردستانیكردنی هێزی پێشمەرگە، دروستكردنی ئاسایشی نیشتمانی دەربازكراو لە حیزب، بەگژداچونەوەی نادادی و گەندەڵی و ستەمكاری و قبوڵخاس و واسیتە و تەزكییەی حیزبی و... هتد، ئەمانە هەمو خاڵی گەشی قسە لەسەركردنن، كە من وایدەبینم ئۆپۆزسیۆن لەمەدا، نەك نابێت شەڕەكە نەكات، بگرە دەبێت درێژەی پێبدات و بەردەوام بێت.

 دیارە چۆن جیاوازیی لەنێوان حیزبەكانی دەسەڵاتدا هەیە، ئاواش جیاوازی لە هەنگاوەكانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە بۆ درێژەدان بەم شەڕە. گرنگترین خاڵێك كە پێویستە ئۆپۆزسیۆن كاری لەسەر بكات، رای گشتییە، رای گشتی بەو مانایەی كە ئەوە خەڵكە خاوەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشە، نەك بەپێچەوانەوە كە لێرە هەمیشە حیزب خۆی بە خاوەنی خەڵك دەزانێت، هەڵەی بەیاننامەكە لێرەدایە كە بڕوام وایە، هەڵوەستە لەسەر كات نەكراوە، تۆ چ كاتێك بۆ چ پەیامێك هەڵدەبژێریت، یەك رۆژ دوای بەیاننامەكە، بڕیارە خۆپیشاندانێكی گەورە بۆ دابینكردنی كارەبا بكرێت، ئەم خۆپیشاندانە ناكرێت و دەبێتە قوربانیی راگەیاندنی بەیاننامەكە كە بڕوام وایە، ئەمە پێچەوانەی رای گشتییە و دەبوایە گۆڕان بە تەواوی تواناوە پشتگیری ئەو داخوازییەی بكردایە و شەوی پێشتر و شەوانی دواتر خۆپیشاندانەكە مادەی سەرەكی راگەیاندنەكەی بوایە.

 لەلایەكی دیكەوە و یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی كاری ئۆپۆزسیۆن، بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری كۆمەڵە لە هەمو رویەكەوە تا رەنگەكان وەك خۆی ببینێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئاستی هوشیاری كۆمەڵ لەلایەك و ئاستی هوشیاری كاری حیزبی لەلایەكی دیكەوە، ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردودا لەسەر قازێك، یان یەك دو دوكانی قەزایەكی وێرانكراو، شەڕێكی گەورە و گران و پڕزیان هەڵگیرساو گەیشتە ئەو دۆخەی دەبابە و تانك و فڕۆكەی دوژمن بێنەوە سەرمان؟ من تێنەپەڕاندنی ئەو ئاستەم لە وەڵامە توندەكەی یەكێتی و پارتیدا خوێندەوە، من بڕوام وابو، پارتی و یەكێتی زۆر بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ بەیاننامەكەی گۆڕاندا دەكەن و لە رێگەی نیشاندانی كەموكوڕییەكانییەوە، ئەمان لەبری مامەڵەكردن لەگەڵ سۆزی خەڵك، مامەڵە لەگەڵ ئاوەزی هاوڵاتییانی كوردستان دەكەن، داخم ئەوەیە كە هەردو بەیاننامەكە لەگەڵ سۆزی كورد دەدوان، نەك ئاوەزی.

بەڕاست، ئێمە لە ئاستی هۆشیاری سیاسیدا، سەردەمی كوشتنی قازەكەمان تێپەڕاندوە؟، لەمەدا پێویستە حیزب و بزوتنەوەكانی كوردستان بە وردی لێكۆڵینەوە بكەن. من نیگەران بوم لەوەی كە بەیاننامەكەی گۆڕان جۆرێك لە نەخوێندنەوەی بارودۆخی كوردەواری تێدا بو، نیگەرانتر لەوەش وەڵامەكەی پارتی و یەكێتی كە لە (10) شوێندا دەڵێت: “تەفریقەی گۆڕان بۆ دژایەتی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت، سیاسەتی نامەسئولانە، ئاژاوەگێڕی، كودەتاچی، ئاژاوەچی، پیلان، تێكدانی حكومەت، ئاژاوە، لاساریی، چەواشەكاری”، ئاخۆ ئەمە زمانی سیاسییانەی دو حیزبە كە حكومەت هی ئەوانە و زۆرینەی پەرلەمان هی ئەوانەو سەرۆكی هەرێم لەوانەو تەنیا لە ساڵی (2010)دا هەردولا كۆنگرەیان بەستوە و دیموكراتخواز و ئەندامی سۆسیال دیموكراتی جیهانی و دۆست و ئەندامی رێكخراوەكانی ئاشتی نین؟! با راستگۆبین لەوەدا كە گۆڕان و پارتی و یەكێتی لەم گەمەیەدا، بێهەڵە نەبون و پێشموایە، لەو سێ هێزەدا، بەشی ئەوە خەڵكی ئاشتیویست و نەرم هەن كە دەتوانن بەبێ ناوبژیوانی كەسی تر، پێكەوە گفتوگۆ بكەن.