Print WWW.SBEIY.COM
 بارزانی‌ و رای‌ گشتی‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
29/07/2012

بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، پارتی‌ له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ هه‌مو پێوه‌رێك له‌ چل له‌ سه‌ت كه‌متره‌، دوا هه‌ڵبژاردنیش هه‌ر ئه‌و راستیه‌ی‌ به‌ئێمه‌ وت، له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیشدا بارزانی‌ به‌ نزیكه‌ی‌ هه‌فتا له‌ سه‌تی‌ ده‌نگه‌كان بو به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كه‌واته‌ نزیكه‌ی‌ سی‌ له‌ سه‌تی‌ كوردستانیان بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بن ده‌نگیان به‌ بارزانی‌ داوه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ یه‌كێتی‌ و گۆڕان و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و هاوڵاتیانی‌ دیكه‌ بونه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ بارزانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كۆی‌ وتاره‌كانی‌ بۆ رای‌ گشتی‌ بن نه‌ك بۆ پارتی‌ به‌ ته‌نیا، ئه‌و وتارانه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ رای‌ گشتی‌ ده‌كرێن، كه‌س هه‌قی‌ نیه‌ به‌و وتارانه‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌گای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ و بۆ پارتیان ده‌دات، به‌شێكی‌ زۆری‌ پارتی‌ تائێستا رێگرن له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بجوڵێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ خستوه‌ته‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و كوردستانیانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی‌ بێلایه‌ن و ئۆپۆزسیۆن، ئاخر تائێستا ئاماژه‌یه‌كی‌ دڵخۆشكه‌ر نه‌بینراوه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، نه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆن و بێلایه‌نه‌كان بگره‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژیه‌كه‌ش، ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی‌ پارتی‌ و هه‌ندێجار راوێژكاره‌كانی‌ سه‌رۆكه‌وه‌ مه‌گه‌ر خوابزانێ‌، لام وایه‌ پێویست به‌ به‌ڵگه‌و شتی‌ واناكات.

ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌یه‌دا كه‌ بودجه‌ تێپه‌ڕێنراو ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش دروستكرا هیچ بایه‌خ به‌ڕای‌ ئه‌وانی‌ دیكه‌ نه‌درا، جگه‌له‌وه‌ی‌ ده‌ڵێن رێگه‌ دراوه‌ پارله‌مانتاران قسه‌ بكه‌ن له‌دنیای‌ دیموكاتیدا زۆر عه‌یبه‌ ئه‌وه‌ وه‌ك ئیمتیاز سه‌یر بكرێت، بۆئه‌مه‌ش پشت به‌بیانوی‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ به‌سترا نه‌ك ئاكاری‌ سیاسی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رای‌ گشتی‌ هه‌ردو بابه‌تی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ په‌سه‌ند كرد، ساڵانی‌ 2004و2005 و2006و دواتر ئێمه‌ سه‌دان بابه‌تمان له‌سه‌ر عێراق و سیاسه‌تی‌ ناجۆری‌ عێراق ده‌رهه‌ق به‌ كوردستان نوسی‌، ئه‌و ده‌م نه‌ك هه‌ر گوێمان لێ‌ نه‌گیرا بگره‌ ده‌یان ناو ناتۆره‌یان لێ‌ ده‌ناین و به‌مۆبایل و له‌ رێگه‌ی‌ تره‌وه‌ زۆرجار به‌ ناوی‌ پارتیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ناشرینیان ده‌كرد، زۆربه‌مان ئه‌و نامه‌و هه‌ڕه‌شانه‌مان هه‌ڵگرتوه‌ بۆ یادگاری، كاتێ‌ ئه‌و نامانه‌مان نیشانی‌ پارتیه‌كانی‌ هاوڕێمان ده‌دا به‌ راستی‌ نیگه‌ران ده‌بون.

سه‌رۆكی‌ هه‌رێم یه‌كجار بۆ رای‌ گشتی‌ له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌مو سوكایه‌تیه‌ به‌ نوسه‌ران و رۆشنبیران په‌یامێكی‌ نه‌بو، له‌كاتێكا نوسه‌ران و رۆشنبیران ئاوێنه‌ی‌ راستی‌ هه‌رگه‌ل و وڵاتێكن، ئێستا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ رای‌ گشتی‌ په‌یامێكی‌ بڵاو كرده‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌دا دو شت سه‌رنجیان راكێشام هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و دو خاڵه‌ش ده‌وه‌ستم، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ناوه‌ڕۆكی‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "باگشت لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی‌ گه‌ل و نیشتمان له‌ سه‌روی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كان دابنێن"، لاموایه‌ رێگره‌كانی‌ به‌رده‌م ئه‌مه‌ به‌رله‌وه‌ی‌ هه‌ركه‌س بێت زۆرجار سیاسه‌ته‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ سیاسی‌ و كادره‌كانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌، ئێستا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ له‌ 17ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2011وه‌ سه‌یری‌ ئه‌و هه‌مو نادادی‌ و ناجۆریه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن ده‌زانین ئه‌وانه‌ كێن كه‌ هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی‌ گه‌ل ونیشتمانیان خستوه‌ته‌ ژێر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌وڕوه‌وه‌ یه‌ك كه‌سیشی‌ نه‌داوه‌ته‌ دادگا، نه‌ك ئه‌وه‌ به‌رده‌وام راستیه‌كانی‌ لێ‌ شاردراوه‌ته‌وه‌.

له‌شوێنێكی‌ تردا ده‌ڵێت: "خۆم به‌ پارێزه‌ری‌ ئازادی‌ و كه‌رامه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان ده‌زانم" ده‌بێت وابێت و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ نه‌ك سه‌رۆكی‌ پارتێك به‌ ته‌نیا، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ كوشتنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، بۆ كوشتنی‌ سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌ڵێنی‌ به‌سزاگه‌یاندنی‌ تاوه‌نباران، بۆ كوشتنی‌ دكتۆر عه‌بدولستار تایر شه‌ریف ته‌نانه‌ت دوای‌ كوشتنه‌كه‌ی‌ ده‌یانوت ئه‌و به‌عسیه‌ چیه‌ داكۆكی‌ لێ‌ بكرێت! بۆ ئه‌و هه‌مو سته‌مكاریه‌ی‌ دوای‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2011 نه‌ك په‌یامی‌ نه‌بو، لاموایه‌ له‌مپه‌ر خرایه‌ به‌رده‌می‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ قسه‌شی‌ هه‌بێت وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، كه‌ مادام ئه‌و پارێزه‌ری‌ ئازادی‌ و كه‌رامه‌تی‌ هاوڵاتیانه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌مو هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بێته‌ ده‌نگ، ده‌بێت كه‌ یاسا و پڕۆژه‌ یاساكان ده‌چنه‌ به‌رده‌ستی‌ وه‌ك پارێزه‌ری‌ ئازادی‌ و كه‌رامه‌تی‌ هاوڵاتیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات، ده‌بێت رێگا نه‌دات ماستاوچی‌ و له‌بله‌بان فریوی‌ بده‌ن و چۆن كاتی‌ خۆی‌ مامۆستاكه‌ی‌ زانكۆی‌ دهۆكی‌ له‌سه‌ر ماستاوكردن ته‌ریق كرده‌وه‌، ماستاوچیه‌كان ته‌ریق بكاته‌وه ‌و گوێ‌ له‌ هه‌مو خه‌ڵك بگرێت، ئه‌و ده‌بێت رای‌ گشتی‌ ئاشت كاته‌وه ‌و چیدی‌ ته‌نیا هاله‌كه‌ی‌ ده‌وری‌ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌ نه‌بینێت، با گوێ‌ له‌و ماستاوچیه‌ش نه‌گرێت، كه ‌شه‌هید و بێكه‌س كوژراوه‌كانی‌ بله‌و بارزان ته‌نیا به‌ قوربانی‌ بارزانی‌ ده‌زانێت نه‌ك هه‌مو كورد، پێشیوایه‌ مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ هه‌ر سه‌رۆكی‌ پارتی‌ بوه‌.