Print WWW.SBEIY.COM
 داود ئۆغڵو له‌ كه‌ركوك
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
05/08/2012

دواجار ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو به‌ به‌رچاوی‌ چل ملوێن كورده‌وه‌ چوه‌ سه‌ر قه‌ڵای‌ كه‌ركوك و زیاره‌تی‌ به‌ قه‌ولی‌ خۆیان گۆڕی‌ سه‌ربازه‌ عوسمانیه‌كانی‌ كرد، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ حسابێك بۆ كورد بكات، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئۆغلو له‌ پایته‌ختی‌ كوردستانه‌وه‌ هاته‌ كه‌ركوك، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌غداوه‌ هاتبا ئێستا هه‌رێم داوای‌ خۆنیشاندانی‌ لێ‌ كردباین، ئۆغڵو هاته‌ كه‌ركوك و سوكایه‌تی‌ به‌خوێنی‌ هه‌زاران كورد كرد، كه‌بونه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌و شاره‌، ئۆغڵو له‌و سه‌ردانه‌ بێ‌ مۆڵه‌ته‌ ئیستفزازیه‌دا نه‌چوه‌ سه‌ردانی‌ كۆنترین گۆڕستانی‌ ئه‌و شاره‌، لێ‌ چوه‌ سه‌رگۆڕی‌ شه‌هیده‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌، له‌و سه‌ردانه‌دا ئۆغڵو به‌ مه‌به‌ست:
   
1- حسابی‌ بۆ حكومه‌تی‌ عیراق نه‌كرد و برینه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ شیعه‌ و سونه‌ی‌ كولانده‌وه‌، ئه‌و وه‌زیره‌ وه‌ك سوڵتانه‌ عوسمانیه‌كان جوڵایه‌وه‌، كه‌چی‌ هه‌ندێك خه‌ڵكیش بیانوی‌ بۆ دێننه‌وه‌.  
2- له‌و هاتنه‌دا ئیستفزازی‌ به‌ یه‌كێتی‌ و خودی‌ مام جه‌لال كرد وه‌ك سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، به‌حوكمی‌ پۆستی‌ پارێزگار بونیشی‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ناچاركرا پێشوازی‌ لێ‌ بكات، له‌وه‌ش به‌ ئازار تر ئه‌وه‌یه‌ بۆ هاتنه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ كه‌ركوك هێنده‌ی‌ نه‌مابو پارێزگار وه‌ك خائین نیشان بدرێت له‌كاتێكا مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عێراق و ئه‌و وه‌زیره‌ش، وه‌زیری‌ وڵاتێكی‌ تره‌.  
3- چیرۆكی‌ یه‌ك ده‌ده‌ین سێ‌ وه‌رده‌گرینی‌ بیر خستینه‌وه،‌ هیوادارم سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد ئه‌و چیرۆكه‌ بزانن.   
4- مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ كۆچ كرد و به‌ كه‌ركوكی‌ ده‌وت: "دڵی‌ كوردستان" ئه‌و وه‌زیره‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای‌ ئه‌و دڵه‌وه‌ په‌یامی‌ ده‌ست به‌رنه‌دان له‌ كه‌ركوكی‌ به‌ كورد و عێراقیه‌كان گه‌یاند.  

داود ئۆغڵو شه‌هامه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بو بچێته‌ سه‌ر گۆڕی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ فڕۆكه‌كانی‌ توركیا شه‌هیدیان كردن، سه‌ر گۆڕی‌ ئۆسكار و ئه‌وانی‌ دیكه‌، كه‌سیش نه ‌له‌ هه‌ولێر نه ‌له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ی‌ پێ‌ نه‌وت، هاته‌ كه‌ركوك، سێ‌ رۆژ پێش هاتنه‌كه‌شی‌ توركه‌كان له‌ ئامه‌دی‌ كوردان نوسراوی‌ كوردی‌ "هون بخیرهاتن بۆ ئامه‌د" یان لێ‌ كرده‌وه‌، ئه‌م وه‌زیره‌ له‌نێو ماڵی‌ كورده‌وه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ هه‌مو كورد كرد كه‌چی‌ نه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، نه ‌سه‌ركرده‌ ئیسلامیه‌كان، نه ‌سه‌ركرده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، نه ‌سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ قسه‌یه‌كیان نه‌كرد. بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ ئامه‌د بیه‌وێت بچێته‌ سه‌ر گۆڕی‌ شه‌هیده‌ گومناوه‌كانی‌ كورد، تورك نه‌ك ناهێڵن بگره‌ دنیاشی‌ لێ‌ پڕده‌كه‌ن.

ئه‌و وه‌زیره‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاته‌ كه‌ركوك، به‌ڵام نه‌هاتنه‌كه‌ی‌ كورد و توركمان له‌یه‌كتر نزیك ده‌كاته‌وه‌ نه‌ ده‌توانێت كورد وه‌ك كورد به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت، بێ‌ هاتنی‌ ئه‌و وه‌زیره‌ش كورد و توركمانی‌ كه‌ركوك خاڵی‌ هاوبه‌ش زۆره‌ له‌نێوانیاندا ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ هۆی‌ تێكدانی‌.
  
توركه‌كان له‌ئێستادا ده‌یانه‌وێت نێوانی‌ كورد و شیعه‌ی‌ عێراق تێك بده‌ن زۆر گرنگه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ئاگایان له‌وه‌ بێت و نه‌كه‌ونه‌ داوه‌كه‌وه‌. توركه‌كان بۆ ئه‌م كاره‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و نێوان ساردیه‌ی‌ بارزانی‌ و مالیكی‌ ده‌كه‌ن.
  
تورك بۆ كورد جێی‌ متمانه‌ نین هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت له‌گه‌ڵ مالیكی‌ ده‌ست تێكه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وان تائێستا نه‌ك بڕوایان به‌ یه‌ك پارچه‌یی‌ خاكی‌ عێراق هه‌یه،‌ بگره‌ دژی‌ هه‌مو بیرۆكه‌یه‌كی‌ ئازادی‌ كورد و دروست بونی‌ دوڵه‌تی‌ كوردین.

هه‌ڵپه‌ی‌ ئێستای‌ تورك و ئه‌و وه‌زیره‌ به‌ گژاچونه‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی‌ كورد به‌كورد بكه‌ن، بڕوام وایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ناچنه‌ ژێرباری‌ ئه‌و داوایه‌وه‌، به‌ڵام تورك له‌ دروست كردنی‌ كێشه‌دا زۆر شاره‌زا و پسپۆڕن، بۆیه‌ ره‌نگه‌ بیانویه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ و له‌ په‌نایه‌كه‌وه‌ شه‌ڕ بۆ هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌، وه‌ك چۆن زۆرجار له‌كاتی‌ ئاگر به‌ست و دانوستاندا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
 
كورد ده‌بێت زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی‌ ئێستا بكات، ئێستا له‌ هه‌مو لایه‌كه‌وه‌ كار بۆ تێكدانی‌ ماڵی‌ كوردی‌ له‌ لایه‌ك و كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كورد بگلێنرێته‌ شه‌ڕی‌ لابه‌لاوه‌ كه‌شه‌ڕی‌ ئه‌و نیه‌.