|
نوكته‌ی كوردی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج |
01/12/2012 |
هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه له مالیكی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئۆپەراسیۆنی دیجله هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه، به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرنه‌وه، به‌بڕوای من ئه‌مه خۆشترین نوكته‌ی كوردیه و باوكی ئه‌حۆلیش ناتوانێ نوكته‌ی وابكات، ئاخر له‌ڕێی خوا كێ ئه‌م نوكته‌یه‌ی كرده عه‌ره‌بی ئاگادار بن نه‌كرێته زمانگه‌لی تر با نه‌بینه گاڵته‌جاڕی خه‌ڵكی.
مالیكی ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازی دروست ده‌كات و ماده‌ی 140 جێبه‌جێ ناكات كه‌چی تۆ دێی هه‌ڕه‌شه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ماسته‌ر نامه‌كه‌ی ده‌كه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌كرا كورسی ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست ده‌چێت، بابه ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی حه‌یاچونی كوردیه بۆ ناوه‌ندێكی زانستی و ئه‌كادیمی ئه‌گه‌ر ئاوا بیر بكاته‌وه، زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین زانكۆی سه‌ربازی و بڕیاری سیاسی نیه تا رۆژێ له‌ناویا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له خوێندكار بكرێت و رۆژێ فێرخواز له‌به‌ر ده‌رگاكه‌ی بڕفێندرێت و رۆژێ بڕوانامه له‌خه‌ڵك بسه‌نێته‌وه، ئه‌م زانكۆیه له‌بری هه‌ڕه‌شه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ماسته‌رنامه له مالیكی با سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر مالیكی فشار بخاته‌سه‌ر لایه‌نی كوردی بۆچی ماده‌ی 140ی جێبه‌جێ نه‌كرد له دادگای فیدراڵ شكاتتان نه‌كرد، بۆچی له هه‌ولێر متمانه‌تان پێدایه‌وه، بۆچی تا ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو نه‌هاته كه‌ركوك ئه‌م به‌زمه روینه‌دا، بۆچی شه‌ڕ له شوێنێ تره‌وه گوازرایه‌وه بۆ سه‌ر دڵی خورماتو كه‌ركوك، بۆچی ئێمه ئه‌ردۆغانمان پێ باشتره له مالیكی له‌كاتێكدا ئه‌ردۆغان سه‌ركرده‌ی كورد له زیندانی تاكه كه‌سی ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كات، مالیكیش موچه و نه‌سریه ئه‌داته پاسه‌وانی سه‌ركرده‌كانی كورد له عێراق.
ئاخر ساڵی 2007 كاتێ ئێمه نوسیمان مالیكی تاکرەوە ئەوسا، چونكه هێشتا پاروه‌كه‌ی چه‌ورو ئامێزی گه‌رم بو كه‌س گوێی لێنه‌گرتین، ئه‌وكات ئێمه فیتنه‌مان گڕده‌داو ئه‌وانه‌ی ئێستا به مالیكی ده‌ڵێن دیكتاتۆر گۆرانی‌یان به‌سه‌ردا ده‌وت، بۆئه‌مه من به به‌ڵگه قسه ده‌كه‌م ئه‌و ده‌م ده‌یانوت "رێزدار دكتۆر نوری مالیكی" بۆ مێژو ده‌ڵێم: ماوه‌یه‌ك دواتر ته‌نانه‌ت له گۆڤاری گوڵانیشدا كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر و ئه‌كادیمی بیانی ترسی خۆیان له رێده‌رچونی مالیكی نه‌شارده‌وه، من لاموایه عێراقیه و سه‌دریه‌كانیش تائێستا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و كاری تریان به مالیكیه و شه‌ڕه‌كه‌یان به هاوكاری خۆمان خسته نێو ماڵی خۆمانه‌وه.
تازه ناردنی وه‌فد پوڵێكی قه‌ڵب ناهێنێ ئه‌وه‌ی باسی شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕیش ده‌كات دڵنیام هه‌ر گوێی له‌ته‌قه‌بو خه‌ڵكی خورماتو و كه‌ركوك به‌ته‌نیا به‌جێدێڵێت، بۆ ئه‌مه‌یان مێژو واده‌ڵێت، خوابكه‌م ئه‌مه‌ریكا تاسه‌ر راستگۆبێت له گه‌ڵمان، هه‌رچه‌ند ئه‌ویش دوڕوانە مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كات به شه‌ش ملیۆن ده‌ڵێت باش و به بیست ملیۆن ده‌ڵێت خراپ. من بۆ مێژو ده‌ڵێم تاڵه‌بانی باشی كرد ئه‌وسا پرسی متمانه لێسه‌ندنه‌وه‌ی مالیكی نه‌خسته به‌رده‌م پارله‌مان و كوردی ئیحراج نه‌كرد به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی هه‌رێم، وه‌ك چۆن ئێستا ئه‌وه ئێمه خه‌ریكه ئیحراج ده‌بین و موقته‌دا و عه‌لاویش پرسی متمانه لێسه‌ندنه‌وه‌یان هێناوه‌ته سه‌رئه‌وه‌ی له زیندانه‌كاندا مافی ژن پێشێلكراوه و شتی دیكه‌ی لابه‌لا. پیاو هه‌ق بڵێت لاڵ نابێت مالیكی به ئێستاشیه‌وه له عه‌لاوی و موقته‌دا باشتره یاخوا مێژو قه‌ت ده‌ستی ئه‌وانه نه‌كاته‌وه .
ئه‌گه‌ر جیاده‌بینه‌وه باجیا بینه‌وه و له ئێستاوه به‌رپرسه گه‌وره‌كانی كورد چاو له جوله‌كه بكه‌ن، ته‌واوی پاره‌و سامانیان بخه‌نه بانكی كوردستانه‌وه بۆ میلله‌ت و مێژو بۆ خۆیان تۆمار بكه‌ن، جیاشبینه‌وه پێویسته له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب دراوسێی چاك بین .
ئه‌گه‌ر جیاشنابینه‌وه توخوا با منداڵی خه‌ڵك له خۆڕا به‌كوشت نه‌ده‌ین، ژماره‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌پێناوی درێژه‌دان به مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتا زیاتر نه‌كه‌ین و پێكیشه‌وه‌بین، پێویستە به ئاشتیانه پێكه‌وه‌بین. |
|
|