Print WWW.SBEIY.COM
 نهێنی‌ نه‌فره‌ته‌كه‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
11/12/2012
ده‌مێكه‌ بیر له ‌نه‌فره‌تی‌ كه‌ركوك ده‌كه‌مه‌وه‌، ئایه‌ ئه‌وه‌ نه‌فره‌تی‌ نه‌وته‌ كه ‌له‌گه‌ڵ ده‌رچونی‌ نه‌وت له‌یه‌كه‌م بیره‌ نه‌وته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندازیار و كرێكار بونه‌ قوربانی‌ و له‌و رۆژه‌شه‌وه‌ نه‌فره‌ته‌كه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، یان نه‌فره‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ركه‌س هاتوه‌ته‌ ئه‌م شاره‌ ناسنامه‌كه‌ی‌ ونكردوه‌ و بێناسنامه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و شاره‌كه‌ بوه‌ به ‌گۆڕستانی‌ چه‌ندین ناسنامه‌ی‌ جیاجیا له‌سه‌ر ئه‌م گۆی‌ زه‌ویه‌.

ئایا نه‌فره‌تی‌ ئه‌و هه‌مو پاكیزانه‌یه‌ كه ‌له‌ شه‌ڕ و په‌لاماره‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌تاڵان براون، ئه‌مه‌ نه‌فره‌تی‌ چیه‌ من بۆ خۆم زۆر بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌چی‌ له‌وه‌ تێناگه‌م سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و نه‌فره‌ته‌ سیاسیه‌كان چ جادویه‌كیان لێكراوه‌ سه‌باره‌ت كه‌ركوك كه‌ هه‌ر كاكه ‌و ناوێكی‌ بۆ داده‌نێت، ره‌نگه‌ نه‌فره‌تی‌ جیهانی‌ بونه‌كه‌شی‌ هه‌ر ئه‌وه‌بێت، كه‌هه‌مو كه‌س خۆی‌ به‌ خاوه‌نی‌ ده‌زانێت و كه‌سیش به‌راستی‌ خۆشی‌ ناوێت، گه‌ر وانیه‌ نهێنی‌ چیه‌ له‌وه‌دا زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ هاتون له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا له‌سه‌ری‌ له‌وه‌ڕاون و دواتر پشتیان تێكردوه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌میشه‌ شاعیر و نوسه‌ر و بیركه‌ره‌وه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ شوێنانی‌ دیكه‌ به‌ر نه‌فره‌ت كه‌وتون، بۆ ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ جان ده‌مۆ و عه‌لی‌ مه‌ردان دو نمونه‌ی‌ زۆر زندوبن، جان به‌و جۆره‌ هات و تێپه‌ڕی‌ ئه‌و ته‌نیا له‌ باڕه‌كان ئیمزای‌ خۆی‌ جێهێشت، ئه‌و ناوی‌ هه‌مو باڕه‌كانی‌ دنیای‌ ده‌زانی‌، لێ‌ هه‌رگیز نه‌یزانی‌ بۆ مرۆڤ كه‌ ده‌چێته‌ باڕێكه‌وه‌ دواتر ده‌بێ‌ ده‌رچێت، عه‌لی‌ مه‌ردانی‌ هونه‌رمه‌ندیش له ‌دوادوای‌ ته‌مه‌نیدا كه‌س نه‌بو چایه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ بۆ تێكبدات، كه‌چی‌ ئه‌وڕۆ زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان به‌ جان ده‌مۆ و عه‌لی‌ مه‌ردانه‌وه‌ باده‌ده‌ن، كه‌ركوك و جان ده‌مۆ و عه‌لی‌ مه‌ردان و قه‌ڵا و بابه‌گوڕگوڕ و زۆرشوێن و كه‌س و ناوی‌ تر له‌هه‌ر كوێی‌ ئه‌م دونیایه‌ ناسنامه‌ی‌ شار و شوێنێكن هه‌میشه‌ به‌دوی‌ ئاسوده‌یدا ده‌گه‌ڕێت، نه‌فره‌تی‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی‌ "ره‌سه‌ن لێره‌دا به‌مانای‌ ئه‌وه‌ی‌ ریشه‌و بونیان هه‌یه‌ لێره‌، نه‌ك به‌مانای‌ تر" توشی‌ ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ كردوه‌، ئازاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه ‌بۆ ده‌بێت به‌ته‌نێ‌ ئه‌م شاره‌ له‌و سه‌رزه‌مینه‌ پان و پۆڕه‌ی‌ دنیا ناسنامه‌ی‌ به‌رمیله‌ بارود وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش ناوێكی‌ تره‌ له‌كۆی‌ ئه‌و ناوانه‌ی‌ كه‌ له‌م شاره‌ نراوه‌، كه‌ركوكیه‌كان ئه‌گه‌ر وازیان لێبهێنرێت ده‌توانن پێكه‌وه‌ بژین، به‌ڵام هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌یارو دژ به‌پێكه‌وه‌ژیان له‌به‌رده‌م ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌دا قوتبونه‌ته‌وه ‌و نایه‌ڵن كه‌ركوكیه‌كان هه‌ناسه‌ بده‌ن، ئه‌و هێزه‌ ده‌ستی‌ له‌گه‌ڵ شه‌یتان و ئه‌و نه‌فره‌ته‌دا تێكه‌ڵ كردوه‌ كه‌ وه‌ك ماره‌كه‌ی‌ شێخ هۆمه‌ر له‌ گه‌ردن و ملی‌ كه‌ركوك ئاڵاوه‌ و لێی‌ نابێته‌وه‌.

ئه‌و نه‌فره‌ته‌ی‌ له ‌كه‌ركوك و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كراوه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌وه ‌كه‌ هه‌مو خاوه‌ن لوته‌كانی‌ ئه‌م دنیا به‌رینه‌ به‌بۆنی‌ نه‌وتی‌ ئه‌م شاره‌ كه‌وتون و دیرۆكی‌ ئه‌م شاره‌ چاوی‌ ده‌رپه‌ڕاندون، ئه‌وه‌ی‌ به‌وردی‌ دیرۆك بخوێنێته‌وه‌ تێده‌گات كێ‌ روی‌ كردوه‌ته‌ ئه‌م شاره‌ بۆ ئه‌وه‌ روی‌ تێكردوه‌ به‌ كیسه‌ی‌ پڕه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، دیاره‌ كیسه‌ی‌ پڕ له‌سه‌ر حسابی‌ خوێنی‌ خه‌ڵكی‌ له‌ مێژینه‌ و هه‌تاهه‌تای‌ ئه‌م شاره‌. ئه‌وه‌ی‌ كه‌بۆ من جێگای‌ سه‌رسوڕمانه‌ نه‌فره‌تی‌ فیرعه‌ونه‌كان بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه ‌ده‌یانه‌وێ‌ ده‌ستی‌ بۆ به‌رن كه‌چی‌ نه‌فره‌تی‌ كه‌ركوك بۆ ئه‌وانه‌ نیه‌ كه‌ده‌ستی‌ بۆ ده‌به‌ن و بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌تێیدا ئازار ده‌چێژن.

ئه‌مه‌ چیرۆكێكی‌ درێژی‌ ئه‌م شاره‌یه‌ كه‌ ساڵه‌های‌ ساڵه‌ خاسه‌ له‌ هه‌ناویدا هه‌ڵیده‌گرێت. خاسه‌ نابێته‌ حیكایه‌تخوانی‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌تی‌ دنیا هه‌یه‌ خاسه‌ به‌بێده‌نگی‌ سه‌یری‌ قه‌ڵا ده‌كات و قه‌ڵاش له‌ ده‌فته‌ره‌كه‌ی‌ سنگیا نه‌فره‌تی‌ ئه‌م بونه‌ تۆمار ده‌كات. ئه‌ز بڕوام وایه‌ تا بۆنی‌ نه‌وت له‌م شاره‌ بێت بۆنی‌ ئاسوده‌ی‌ لێنایه‌ت ئێوه‌ بڵێن یاخوا وا نه‌بێت، مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر نه‌وتیش نیه‌ به‌ ته‌نیا.