Print WWW.SBEIY.COM
 سته‌مكردن له‌ شه‌هید
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
05/02/2013

له‌كوردستاندا به‌چه‌ندین شێوه‌ سته‌م له ‌شه‌هید ده‌كرێت, بێئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵدا ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، شه‌هیده‌كان لە هەیبەتیان کەم دەکرێتەوە به‌م جۆره‌ی‌ خواره‌وه‌.

1-    جارێك ناوی‌ شه‌هید له‌گه‌ڵ ناوی‌ جاش و پیاوكوژدا له‌یه‌ك لیستا ریزبه‌ند ده‌كرێن، له‌وێشدا هه‌ندێ‌جار موچه‌ی‌ شه‌هیده‌كه‌ زۆر كه‌متر له‌ موچه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ تر.

2-    جارێك شه‌هیده‌كان پله‌به‌ند ده‌كرێن و دوای‌ شه‌هید بونیش به‌سه‌ر پله‌ و پۆستی‌ جیاجیادا دابه‌ش ده‌كرێن.

3-    جارێكیش خانمێك كه‌ ئه‌ندامی‌ پارله‌مانه‌ و ده‌شێ‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانیش ده‌نگیان پێدابێت، به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ شه‌هیدان له‌ شه‌هیدی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌كات به‌ شه‌هیدی‌ حیزب و به‌ شانازیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێت.

4-    شه‌هیده‌كان له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌ی‌ ده‌نگداندا ده‌كرێنه‌ وه‌ره‌قه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ و به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ست و نه‌ستی‌ خه‌ڵك په‌لكێش ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ده‌یان رێگای‌ تر بۆ بێبایه‌خ كردن و سوكایه‌تی‌ كردن به‌ شه‌هید، من كه‌ ده‌بینم موچه‌ی‌ شه‌هیدێك زۆر كه‌متره‌ له‌ موچه‌ی‌ پارله‌مانتارێك كه‌ هێنده‌ی‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر حیزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات شه‌ڕ له‌سه‌ر كوردستان ناكات، زۆر نا ئومێد ده‌بم له‌وه‌ی‌ كه‌ بتوانین كه‌سوكاری‌ شه‌هیده‌كان ئاسوده‌كه‌ین، ئاخر له‌ كوردستان سوكایه‌تی‌ به‌ مردو زندوه‌وه‌ ده‌كرێت و كه‌ قسه‌ش بكه‌یت له‌ بری‌ چاره‌سه‌ر و وه‌ڵامی‌ ماقوڵ دێنه‌ گژتا، وه‌ك ئه‌و براده‌ره‌ی‌ پێیان وت: نادادی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌، له‌وه‌ڵامدا ده‌یوت: ئه‌ی‌ تۆ بۆ پاره‌ وه‌رده‌گریت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ باوكی‌ بێت نه‌ك بودجه‌ی‌ عێراق و به‌ناوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌، له‌كاتێكا ئه‌وان خۆیان دان ده‌نێن به‌وه‌دا، كه‌ تێچوی‌ یه‌ك ژه‌می‌ سه‌گێك بیست و حه‌وت دۆلاره‌ و بۆ هاوڵاتیه‌كی‌ زرپ و زندوش وه‌ك خێر مانگانه‌ سی‌ و حه‌وت هه‌زار دینار ده‌ده‌ن.

ماڵ هه‌یه‌ بۆخۆم سه‌ردانم كردون به‌و بڕه‌ كه‌مه‌ش رازین و چه‌ندجار داوایان كردوه‌ كه‌چی‌ بۆیان نه‌كراوه‌، له‌ كوردستاندا مردو زیندو به‌ پاره‌ سوكایه‌تیان پێده‌كرێت و كه‌سیش هیچ چاره‌سه‌رێكی‌ پێنیه‌، له‌كاتێكا ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت و تا ئه‌وه‌ نه‌بو زۆربه‌ی‌ هه‌ژارو نه‌داری‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ گوڵه‌چنه‌ی‌ گه‌نم و جۆ و به‌ كوله‌مه‌رگی‌ ده‌ژیان، ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی‌ بێئه‌ندازه‌ سوكایه‌تی‌ به‌ شه‌هیده‌كان ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت له‌ ناونانی‌ شوێن و پارك و قوتابخانه‌ و ناوه‌ندگه‌لی‌ رۆشنبیری‌ و ...هتد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ شه‌هیدێك له‌ شه‌هیدێك شیاوتر و شایان تر بێت.

ئه‌م سته‌م و سوکایەتیکردنە بە‌ شه‌هید،‌ هه‌ررۆژێك بێت ته‌واوی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌و شه‌هیده‌ پیرۆزانه‌ دێنێته‌ ده‌نگ، ئاخر چۆن له‌ رابردودا سوكایه‌تیه‌كی‌ زۆر به‌ ناوی‌ پیرۆزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ كراو هه‌ر حیزب و لایه‌نه ‌و به‌ئاره‌زوی‌ خۆی‌ كێی‌ ویست كردی‌ به‌ پێشمه‌رگه،‌ ئه‌وه‌ به‌ شه‌هیدیش ده‌كرێت و خه‌ریكه‌ هیچ شتێك له‌ شوێنی خۆی‌ نامێنێ‌.