Print WWW.SBEIY.COM
 كونسڵگه‌ری‌ فه‌ره‌نسا و درۆ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
08/04/2013

 پێش ئه‌وه‌ی‌ كونسڵگه‌ری‌ فه‌ره‌نسا له‌ كوردستان بكرێته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان من فه‌ره‌نسا و پاریسم بینیبێ‌، له‌رێگه‌ی‌ شیعره‌كانی‌ ئارسۆر رامبۆوه‌ كه‌ شربل داغر هه‌ندێكیانی‌ كردبوه‌ عه‌ره‌بی‌ من فه‌ره‌نسا و پاریسم خۆشویست، ته‌نانه‌ت كاتی‌ خۆی‌ هه‌مو ژیانی‌ رامبۆم كرد به‌ كوردی‌ و له‌  گۆڤاری‌ ئاران بڵاوم كرده‌وه‌.

ئێمه‌ فه‌ره‌نسامان له‌ رێگای‌ "سیمۆن دۆبۆڤوار و ژان پۆڵسارته‌ر و فه‌رانسوا میتروان و دانیاڵ میتروان و دیگۆڵ و ژان ژاك رۆسۆ و ناوگه‌لی‌ دیكه‌وه‌ خۆشویست و ناسی‌.

من شارلفیل و لۆڤه‌ر و ئیڤڵم نه‌دیوه‌ لێ زۆرم له‌باره‌یانه‌وه‌ خوێندوه‌ته‌وه‌، سه‌رسامی‌ بریتۆن و ئه‌وانی‌ ترم.

وه‌ك كوردێك خۆم به‌ قه‌رزاری‌ بێرنارد كۆشنه‌ر ده‌زانم، كه‌ له‌ بڕیاری‌ 688دا رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ بینی‌.

بۆ ئێمه‌ له‌ دوره‌وه‌ فه‌ره‌نسا شتێ‌ تر بو.

كه‌چی‌ كونسوڵگه‌ری‌ فه‌ر ه‌نسا له‌ هه‌ولێر له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا، له‌ چه‌ند رۆژێكدا نه‌ك نیگه‌ران بگره‌ په‌ست و توڕه‌ی‌ كردین، ئاخر ئه‌م كوسوڵگه‌ریه‌ ئاوێنه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌، بۆیه‌ نابێ‌ ته‌ڵخ و تاریك و پڕ گرێ‌ و گۆڵ بێت، كه‌چی‌ ئه‌و كونسوڵگه‌ریه‌ بێهۆ و بێپاساو درۆی‌ له‌گه‌ڵ كردین،  بڕوانن پاش ئه‌وه‌ی‌ چوین بۆ وه‌رگرتنی‌ ڤیزه‌ و ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رمان بو كردمان، وتیان بڕۆن 4-4 وه‌رنه‌وه‌، له‌واده‌ی‌ خۆیدا چوینه‌وه‌، وتیان بڕۆن 7 -4 وه‌رنه‌وه‌، له‌كاتێكا واده‌كه‌ خۆی‌ 4-4  بو، 7-4 رۆیشتین ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ده‌رگا به‌ڕوماندا داخرابو دیسان وتیان به‌یانی‌، هاوزمانێكی‌ خۆشمان له‌وێ‌ بو جێی‌ داخه‌ ده‌تگوت له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕدایه‌، توندوتیژ و بێحه‌وسه‌ڵه‌، له‌و ماوه‌ درێژه‌دا بۆ یه‌ك چركه‌ نه‌كونسڵ نه‌ كارمه‌ندێكی‌ فه‌ره‌نسیمان نه‌دی‌ تا لانی‌ كه‌م داوای‌ لێبوردنمان لێبكات، فه‌ره‌نسا زۆر شانازی‌ به‌ نه‌رمی‌ و لێبورده‌یی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ هه‌مو دنیادا مرۆڤ كه‌ رو ده‌كاته‌ وڵاتێك بۆ كۆنگره‌ و كۆنفراس یان بۆ گه‌شت و گه‌ڕان رێز و حورمه‌تی‌ زۆری‌ لێده‌گیرێت و پێشوازی‌ گه‌رمی‌ لێده‌كرێت، له‌ نیوه‌ی‌ رێ‌ به‌ ئێمه‌یان وت ره‌نگه‌ ئه‌و وڵاته‌ وانه‌بێت، هه‌رچه‌ند من بۆ خۆم دڵنیام زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئێره‌وه‌یه‌، ناكرێ‌ ئێره‌ ئاگایان له‌وه‌نه‌بێت هاوڵاتیه‌كانیان له‌لایه‌ن كونسوڵگه‌ریه‌كانه‌وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

بۆ منێكی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كه‌ پێموایه ‌و وا تێگه‌یه‌نراوین، كه‌ رۆژ ئاواییه‌كان له‌ واده‌و به‌ڵێندا بێوێنه‌ن ئه‌و ره‌فتاره‌ توشی‌ شۆكی‌ كردم.

ئه‌و ره‌فتاره‌ له‌شپڕوكێن و ماندوكه‌ره‌ی‌ كونسوڵگه‌ری‌ فه‌رەنسا كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 10 رۆژ كه‌متردا سێ‌ جار ئێمه‌ له‌ سلێمانی‌ و چه‌مچه‌ماڵ و شوێنه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ به‌رێته‌ هه‌ولێر، ته‌نانه‌ت شوێنێكیشی‌ نه‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و میوانه‌ی‌ روی‌ تێده‌كات دابنیشێ‌ نیشانی‌ بێڕێزی‌ نواندنه‌ به‌رانبه‌ر مرۆڤ ئه‌ بونه‌وه‌ره‌ی‌ به‌لای‌ فه‌یله‌سوفه‌ فه‌ره‌نسیه‌كانه‌وه‌ پیرۆزترین كائینی‌ سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌یه‌.