|
بارزانی شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌كه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج |
27/05/2013 |
من چاوه‌ڕوانی وتارێكی نه‌رم بوم له بارزانی، هیچ نا له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ر له پۆسته حیزبیه‌كه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌یه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی دوای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی له عێراقدا ئه‌ركی ئه‌و زۆر قورس بوه، چاوه‌ڕێ بوم بارزانی بۆ سوككردنی ئه‌ركی سه‌رشانی له‌م قۆناغه هه‌ستیار و ترسناكه‌دا به جۆرێ قسه بكات كه ئیتر ئۆپۆزسیۆن و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و نزیكه‌ی 70% خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه دابڕاوه‌كانیش، ئه‌مجاره ببنه هاوكار و پاڵپشتی بارزانی، من لاموابو ئه‌و وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم دو شت ده‌كات.
یه‌كه‌م: بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستور ده‌دات بۆ پارله‌مان و به‌و هه‌نگاوه‌ش كۆی خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان ئاشتده‌كاته‌وه و په‌یمانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی خه‌ڵك كه ده‌ستوره ده‌نێرێته‌وه بۆ هه‌مواركردن و ته‌نانه‌ت دڵی ئه‌و زۆره پارتیه‌ش خۆش ده‌كات، كه له مێژه به هیوای ئه‌وه‌ن بارزانی ئه‌وه بكات و دڵیان نه‌شكێنێ، لێ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌كی ناو پارتی هە‌ڵبژارد و ئه‌وه‌ی وت كه ئه‌و كه‌مینه‌یه ده‌یڵێن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بیروبۆچون و هه‌نگاوه‌كانی پێشویه‌تی، كه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌یوت من سوێندم خواردوه و بۆ من هه‌موان وه‌ك یه‌كن، ئه‌م وتاره ده‌ریخست وانیه و سه‌رۆكی پارتی زۆر به‌توندی قسه‌ی كرد و ته‌نانه‌ت ده‌رگای به‌ڕوی ته‌قه‌لاو هه‌وڵی چاكه خوازانیشدا داخست.
دوه‌م: لام وابو له‌م وتاره‌دا سه‌رۆكی پارتی وه‌ك هه‌رجاری تر ده‌ڵێت من پێشمه‌رگه‌ی میله‌ته‌كه‌ی خۆمم و مادام میلله‌ت به‌شێكی "بازۆرینه‌ش نه‌بێت" داوای ئه‌وه‌م لێده‌كه‌ن ئیتر خۆم كاندید نه‌كه‌مه‌وه ئه‌وه نایكه‌م، خۆ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌مو هاوڵاتی ئه‌م هه‌رێمه یه‌كن ئه‌وه بۆ جارێك به قسه‌ی لایه‌كه‌ی دیكه ناكات راسته سه‌رۆكی هه‌رێم وتی؛ من پێشمه‌رگه‌ی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمم، لێ نه‌یوت ئیدی خۆم هه‌ڵنابژێرمه‌وه، له‌كاتێكا له‌م وتاره‌دا هێرشی توندی كرده سه‌ر هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌كه‌ی و زۆر به توڕه‌ی وه‌ڵامی دانه‌وه، هه‌رچه‌ند كۆی لایه‌نگرانی هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا به هه‌وڵی تاڵه‌بانی ده‌نگیان به‌و دا.
بارزانی له‌م وتاره‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به توندی ده‌ستی پێكرد و بێمنه‌تیه‌كی زۆریشی بۆ یه‌كێتی راگه‌یاند، له‌كاتێكدا چه‌ند جارێك باسی 36 حیزبی كرد كه له‌ناو ئه‌واندا یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوش هه‌ن، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی حیزبی تیابو ئه‌و 36 حیزبه ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانیان له په‌نجه‌ی چه‌ند ده‌ستێ تێناپه‌ڕێ، له كاتێكدا گۆڕان زیاتر له 500 هه‌زار ده‌نگی هێناوه.
بارزانی له‌كاتی نه‌خۆش كه‌وتنی تاڵه‌بانیدا زۆر به په‌رۆشه‌وه سه‌ردانی یه‌كێتی كرد و پشتگیری كردن و پێی وتن من له گه‌ڵتانم، له‌م وتاره‌دا كۆتای به‌هه‌مو ئه‌و قسه‌وباسانه هێناو قسه‌ی راستی دڵی كرد، چونكه زۆربه‌ی قسه‌كانی ئاراسته‌ی یه‌كێتی بو، من لاموابو بارزانی به زمانێکی تر قسه ده‌كات، به‌ڵام توشی شۆكی كردم.
ئه‌و قسانه‌ی بارزانی له قسه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمێك ناچون، كه جگه له كه‌مینه‌یه‌كی ناو پارتی هه‌مو حیزبه سه‌ره‌كیه‌كانی ناو پارله‌مان داوای گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستور ده‌كه‌ن بۆ به‌رده‌م پارله‌مان، ده‌ستورێك كه هه‌م سه‌ره‌تاكه‌ی پڕه له كه‌موكوڕی دیرۆكی و زمانه‌وانی و رێزمانی، هه‌م له 50% خاك و خه‌ڵكی كوردستانی له ناوچه دابڕاوه‌كان له بیركردوه، له كاتێكا ئه‌م جاره نوێنه‌رێكی پارتی له كوت به زیاتر له دو هه‌زار ده‌نگ بوه به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كه‌چی ده‌ستوره‌كه باسی به‌دره‌و جه‌سان هه‌ر ناكات. |
|
|