Print WWW.SBEIY.COM
 قامچی‌ و قانون
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
06/10/2013
نه ‌قانون به‌ ته‌نها پەرله‌مانتارو وه‌زیرو سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌كان دایده‌نێن، نه‌ قامچیش به‌ ته‌نێ‌ بۆ لێدانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌مده‌ست و ده‌سه‌ڵاته‌.

ئه‌گه‌ر قانون بۆ رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵ و بۆ نه‌هێشتنی‌ تاوان و بۆ باشكردنی‌ ژیان و به‌ڕێوه‌بردن بێت، ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ تاوانباره‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات، مه‌به‌ست تاوانباره‌ گه‌وره‌كان بەرپرسانی کەمتەرخەمە بەرامبەر بەدیهێنانی مافەکانی هاوڵاتیان، مەبەست پەرله‌مانتارو وه‌زیرو سه‌ركرده‌ کەمتەرخەمەکانە لەئاست ئەم وڵاتەدا‌، ئاخر نادادی‌ و سته‌مكاری‌ و گرانی‌ و به‌دبه‌ختی‌ گه‌وره‌ ئه‌وان ده‌یهێنن، كێ‌ ئه‌و مافه‌ی‌ به‌مانه‌ داوه‌ باشترین پارچه‌ زه‌وی‌، باشترین ئۆتۆمبێل، باشترین موچه‌و ده‌یان جۆر ئیمتیازاتی‌ تر بۆ خۆیان دابنێن و خه‌ڵكیش چاوی‌ ده‌رئه‌هات، یان كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ كه‌م پاره‌ی‌ ده‌ستكه‌وێ‌ په‌نا ئه‌باته‌ به‌ر كارێكی‌ نه‌شیاو، كامیان هی‌ ئه‌وه‌ن بخرێنه‌ زیندانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ هه‌مو ساڵێك ئۆتۆمبێلێكی‌ نوێ‌ و كیلۆمه‌تر سفر وه‌رده‌گرێت له‌سه‌ر حسابی‌ میله‌ت و ماڵ و مناڵیشی‌ موچه‌ خۆری‌ حكومه‌تن یان ئه‌و بابایه‌ی‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ شڕه‌ ئۆتۆمبیلێك په‌نا بۆ رێگه‌ی‌ هه‌ڵه‌ ده‌بات، كام لەوانە شایانی‌ قامچی‌ نین .

ئه‌وه‌ خێره‌ هه‌رگیز قامچی‌ حكومه‌ت به‌ر پشتی‌ وه‌زیرێكی‌ گه‌نده‌ڵ و لاده‌رو دز ناكه‌وێت و زیندانه‌كانیش پڕن له‌ خه‌ڵكانێك كه‌ تیایاندایه‌ له‌سه‌ر دزینی‌ دوكۆتر، ته‌نها دو كۆتر ماوه‌یه‌كی‌ دورو درێژه‌ دادگایی‌ نه‌كراوه‌ .

له‌ عێراق و كوردستان تا ئێستا سیاسه‌ته‌كه‌ به‌و جۆره‌یه‌ قامچی‌ بۆ سه‌ر پشتی‌ میله‌ت و قانون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتداران، میله‌تی‌ خاوه‌ن غیره‌ت و ئازا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سته‌مكاریه‌ قه‌بوڵ نه‌كات و ئاوه‌كه‌ بخاته‌وه‌ سه‌ر راسته‌ رێی‌ خۆی‌ .

ده‌سه‌ڵاتی‌ قامچی‌ به‌ده‌ست سته‌مكاری‌ و هه‌تره‌ش بردن و تۆقاندن و دزی‌ به‌رهه‌م دێنێ‌ و قانون به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نوسێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌ره‌ زله‌كان بێت، میله‌تی‌ شه‌رمنۆكیش تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ ده‌داته‌ ده‌ست خوداوه‌ند، ئیدی‌ پێویست به‌ بۆڵه‌ بۆڵ و خوته‌ خوت ناكات قانون بۆ پاراستن و پارێزگاری‌ كردن نیه‌ له‌ ناقانونی‌، ئه‌وه‌ خێره‌ مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ گێل بێت هێشتا به‌وه‌ بڵێت گه‌وره‌م كه‌ به‌ قانون هه‌مو شتێكی‌ لێسه‌ندوه‌ و هیچی‌ نه‌داوه‌تێ‌ .

نه‌فره‌ت له‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌زانێ‌ سته‌می‌ لێده‌كرێت و ده‌نگیش ناكات، له‌وه‌ش كه‌ ده‌زانێ‌ سته‌مكاری‌ ده‌كات و هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ری‌.