Print WWW.SBEIY.COM
 نه‌وت و نه‌گبه‌تی‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
08/02/2014

له‌وه‌ده‌چێت كێشه‌ی‌ نه‌وتی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌ژار و نه‌دار و موچه‌ خۆری‌ كه‌مده‌رامه‌تی‌ ئه‌م وڵاته‌ ببێته‌ نه‌گبه‌تی‌ و ماڵوێرانی‌، خۆ ره‌نگه‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ قاچاخ كه‌ تائێستاش نیوه‌ی‌ مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئاگایان لێنیه‌ له‌ كوێیه ‌و چی‌ به‌سه‌ر هاتوه‌ بچێته‌ باخه‌ڵ و سه‌ر پاره‌ی‌ چه‌ند كه‌سێك، به‌ڵام گشته‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1991وه‌ هه‌رچی‌ نه‌شیاوه‌ پێیده‌كرێت زه‌ره‌ر مه‌ندی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م دزی‌ و وازیه‌ن، هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌یڵێن له‌ داهاتی‌ گومرگ، داهاتی‌ گه‌شتوگوزار و هاتنی‌ گه‌شتیار، داهاتی‌ كۆمپانیاكان، رۆیشتنی‌ به‌رده‌وامی‌ ته‌نكه‌ره‌كانی‌ نه‌وت تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌فغانستان، ئه‌و پارانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت له‌ ده‌رو دراوسێ‌ وه‌رده‌گیرێن، ئه‌وه‌ی‌ بریمه‌ر له‌ یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت داومه‌ پێیان، هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ ئه‌مانه‌و بێئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت، ده‌بوایه‌ ئێستا ژیانی‌ هاوڵاتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ژیانی‌ هاوڵاتی‌ دا‌نیمارك و سوید باشتر بوایه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر مانگێ‌ پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ نه‌یه‌ت، ئیتر لێره‌ بانكه‌كان سه‌وزه‌ڵێ‌ خانم ده‌ڵێن، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ 2003وه‌ نه‌ك له‌ 1991وه‌ حوكمی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌كه‌ن كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نادادیان دروستكردوه‌، كه‌ ره‌نگه‌ دواجار سه‌ری‌ زۆر كه‌س بخوات ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.

دكتۆر كه‌مال مه‌جید كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌كه‌ی‌ "نه‌وت و كورد" مرۆڤ توڕه‌ ده‌كات زۆر زو پێیوتین مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه‌ به‌نێوی‌ وڵات و نه‌ته‌وه‌ دروستكردن، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌ تاڵانكردن، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌زمونی‌ تاڵانكردن و روتاندنه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 1991 هه‌م له‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆدا درێژه‌ی‌ هه‌بو، هه‌م له‌ كاتی‌ كه‌وتنی‌ بته‌كانی‌ سه‌دامدا له‌ 2003، هه‌م له‌ به‌تاڵانبردن و هه‌رزانفرۆشكردنی‌ نه‌وتی‌ كوردستاندا به‌رده‌وامه‌، به‌م جۆره‌ بێت ئیدی‌ ئێمه‌ كه‌لتوره‌ سیاسیه‌كه‌مان ئه‌زمونێكی‌ ناوازه‌ی‌ له‌ تاڵانكردنا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی‌ زۆر باش گه‌شه‌ی‌ كردوه‌ له‌و هه‌مو ساڵانه‌دا دیموكراتی‌ و مافی‌ مرۆڤ و ئازادی ‌و ئازادی‌ راده‌ربڕین نیه‌، چۆنێتی‌ تاڵانكردن و شاردنه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵاته‌ به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ به‌ دانپیانانی‌ خۆیان ژێر زه‌مینه‌كان پڕن له‌ دۆلار و بانكه‌كانیش توانای‌ خۆڕاگرتنی‌ دو مانگیان نیه‌، جگه‌له‌وه‌ی‌ هه‌ر خۆیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زیاتر له‌ 5000 ملیۆنێری‌ دۆلار و هه‌ندێك ملیار دێریشمان هه‌یه‌، گوایه‌ ئه‌مانه‌ هی‌ دوای‌ راپه‌ڕینن، ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌دی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ خه‌یاڵیه‌ له‌ كوێیه‌، بۆ سه‌ت كه‌س له‌ و پێنجهه‌زار كه‌سه‌ ئاماده‌ نین دۆلاره‌كانیان بخه‌نه‌ بانكه‌وه‌، بۆ هێشتا ئه‌م وڵاته‌ پڕه‌ له‌ كرێچی‌، هه‌ژارو نه‌دار، سواڵكه‌ر، به‌له‌نگاز، خه‌ڵكانێك داو ده‌رمانیان بۆ ناكڕرێ‌، خه‌ڵكانێك گورچیله‌كانیان ده‌فرۆشن، خه‌ڵكانێك مناڵه‌كانیان فڕێ‌ ئه‌ده‌ن، هه‌رچی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ نیشتمانه‌كه‌مانه‌، له‌ نیوه‌ی‌ مانگه‌وه‌ له‌سه‌ر رینگ ده‌ڕۆن و قه‌رزاری‌ سه‌یده‌لی‌ و نانه‌واو قه‌ساب و میوه‌فرۆش و دوكاندارن، ئاخر چ شانازیه‌ك هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌ له‌ چركه‌ ساتێكا ده‌یان ملیار دۆلار كه‌ خۆیان وه‌ك داهات به‌ منه‌ته‌وه‌ پێمان ده‌فرۆشن دیار نامێنێ‌ و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانیشمان به‌رده‌وام له‌ رێگه‌ی‌ به‌رنامه‌ مرۆڤهه‌ژێنه‌كانه‌وه،‌ ناچاری‌ ئه‌وه‌مان ده‌كه‌ن فرمێسك بۆ ئه‌وانه‌ بڕێژین كه‌ وه‌ك مرۆڤی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناژین.

نه‌وت ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ندێكیش مایه‌ی‌ به‌خته‌وه‌ری‌ و ده‌سكه‌وت و داهات بو خه‌ریكه‌ بۆ هه‌ره‌ زۆرینه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌بێته‌ نه‌گبه‌تی‌ و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سه‌ره‌تا، له‌ كاتێكا ده‌بوایه‌ ئێستا له‌ دۆخێكی‌ تردا باین.

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بازرگانی‌ به ‌نه‌وتی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چیرۆكی‌ "ته‌میم" كردنه‌كه‌ی‌ سه‌دام حوسێنمان بیر ده‌خه‌نه‌وه‌، سه‌دامیش به‌ حساب نه‌وتی‌ له‌ ده‌ستی‌ كۆمپانیا بیانیه‌كان و به‌ریتانیا ده‌رهێنابو، كه‌چی‌ دای‌ به‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌ و عێراقی‌ بۆ ده‌یان ساڵ برده‌ دواوه‌، جگه‌ له‌ كوشت و بڕو له‌ناودانی‌ ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی‌ سڤیل، له‌ كاتێكا له‌ روی‌ شارستانیه‌ت و ژیاره‌وه‌ هاوڵاتی‌ عێراقی‌ به‌ كورد و عه‌ره‌بیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر عێراق وه‌ك ئه‌م فۆڕمه‌ی‌ ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین زۆر له‌ پێش هاوڵاتی‌ قه‌ته‌رو ئیماراته‌وه‌ بو، ئه‌وه‌ ژیانی‌ ئه‌وان و ئه‌وه‌ش ژیانی‌ عێراقیه‌كان له‌ سایه‌ی‌ نه‌وتا.

ئێمه‌ كام رێگا ده‌گرینه‌به‌ر...