Print WWW.SBEIY.COM
 ئاشبه‌تاڵی‌ پێمه‌كه‌ن
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
02/03/2014

ئه‌گه‌ر ئه‌سپه‌كان عاره‌بانه‌كه‌یان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌برد، وه‌ستان باشتره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌، نه‌ك ریسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌خوری‌، خوریه‌كه‌ با ده‌یبات، تائێره‌ كوردستان به‌ هه‌مو تێبینیی‌ و ره‌خنه‌یه‌كمانه‌وه‌، كوردستانی‌ به‌ر له‌ راپه‌ڕین و كوردستانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆو كوردستانی‌ سه‌رده‌می‌ 31ی‌ ئاب و كوردستانی‌ 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نیه‌، نادادی‌ و سته‌مكاری‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و ره‌شه‌كوژی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام...

وشه‌ی‌ ئاشبه‌تاڵ كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك پێی‌ قه‌ڵس بن و له‌ بریدا وشه‌ی‌ هه‌ره‌س، نسكۆ، شكست وزاراوه‌ گه‌لی‌ دیكه‌ دابنه‌ن، كاتی‌ خۆی‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 1975 بۆ هه‌ره‌سی‌ ئه‌یلول به‌كارهات، ئه‌و ناونانه‌ ناونانێكی‌ نه‌یارانه‌ نیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زۆرجار پارتی‌ پێیان ناخۆشه‌ وا بوترێ‌، ئه‌و ناونانه‌ ناونانێكی‌ میللیه‌ له‌ ده‌سبه‌ردان له‌ پرسێك كه‌ ره‌نگه‌ كاتی‌ ئه‌و ده‌ستلێبه‌ردانه‌ نه‌بێت.

كورد تائێستا هیچ پڕۆژه‌یه‌كی‌ رونی‌ نیه‌ بۆ چۆنێتی‌ ژیانكردن له‌گه‌ڵ عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌و فیدراڵیه‌ش كه ‌باس ده‌كرێت به‌ پێی‌ قانون روننه‌كراوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت چۆن بێت، نه‌بۆ فیدراڵی‌، نه‌بۆ كۆنفیدراڵی‌ كه‌ جارجار وه‌ك نوزه‌یه‌ك ده‌یبیسین، نه‌بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كه‌ زۆرجار موزایه‌ده‌ی‌ پێوه‌ ده‌كرێت كورد نه ‌له‌گه‌ڵ به‌غدا نه ‌له‌گه‌ڵ ده‌رو دراوسێ‌ نه‌له‌گه‌ڵ رۆژئاوا هیچ پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی‌ باس نه‌كردوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ بێچه‌ك بچیته‌ گۆڕه‌پانی‌ جه‌نگه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیارێك له‌ چاره‌نوسی‌ خۆمان بده‌ین پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ كۆده‌نگی‌ هه‌بێت، ده‌ركه‌وت هه‌ر گروپ و ده‌سته‌و تاقم و حزبێك به‌ته‌نێ‌ هه‌وڵی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كۆی‌ كوردی‌ باشور بده‌ن سه‌ركه‌وتو نابن و ناتوانن له‌ بری‌ هه‌مو قسه‌ بكه‌ن، كه‌واته‌ بۆ ئێستا ئه‌نجومه‌نێكی‌ بڕیار له‌ هه‌مو كات پێویست تره‌، ئێ‌ خۆ ئه‌م ئه‌نجومه‌نی‌ بڕیاره‌ ده‌كرێت له‌ پارله‌مانیش به‌ یاسای‌ بكرێت.

ئێستا كه‌ به‌راستی‌ له‌ناو گێژاوه‌كه‌داین، توركیا خۆی‌ گه‌لێ‌ وه‌زعی‌ باش نیه‌ به‌تایبه‌ت ئاكه‌په‌ و ئه‌ردۆغان، ئه‌گه‌رچی‌ ئاكه‌په‌ له‌ڕوی‌ جوگرافیه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ر 81 پارێزگاكه‌ی‌ توركیادا باشتر له‌وانی‌ تر دابه‌ش بوه‌، ئه‌مه‌ریكا وه‌ك جاران نازمان ناكێشێ‌، له‌ رۆژئاواش هێنده‌ ته‌واو نین ئه‌گه‌رچی‌ به‌و راده‌یه‌ش خراپ نین، له‌ناوخۆ و له‌گه‌ڵ به‌غداش ئه‌وه‌ حاڵه‌كه‌یه.

بۆیه‌ پێویسته‌ ورد تر بیر له‌م دۆخه‌ بكرێته‌وه ‌و له‌وه‌ خه‌راپتر نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌كی‌ باشمان پێنه‌بێت و پێكه‌وه‌ نه‌بین ره‌نگه‌ دیسان ئاشه‌كه‌ به‌تاڵ بێت، خوا نه‌كات.