Print WWW.SBEIY.COM
 ئازاره‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ بون
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
28/03/2014

هاوڕێ‌ شانۆكاره‌كه‌م، له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ پارێزگاری‌ شاره‌كه‌ نوسیبوی‌ "له‌م شاره‌دا هۆڵێك نیه‌  بۆ كار كردن، شوێنێك نیه‌ بۆ شانۆ "ئه‌و گله‌یی‌ و گازنده‌ی‌ زۆری‌ كردبو،  وا بۆ سه‌ت ساڵ ده‌چێت، نه‌وت له‌م شاره‌ ده‌رده‌هێنرێت، كه‌چی‌ ئێستێ‌ نه‌ك شوێنێكی‌ شیاو نیه‌ بۆ شانۆ، سینه‌ماكان بونه‌ پارك و ماركێت و شتی‌ تر، هه‌ناسه‌كانی‌ هونه‌رو رۆشنبیری‌ تاڕاده‌ی‌ تاسان تاساون، لانی‌ كه‌م  ده‌ساڵه‌ ئێمه‌ هاوار ده‌كه‌ین، كه‌ركوك نه‌ك له‌شاری‌ كه‌وتوه‌ بوه‌ به‌ كوێره‌ دێیه‌كی‌ گه‌وره‌، كوێره‌ دێیه‌ك زۆر كه‌س دێن له‌ ئاوی‌ كانیه‌كه‌ی‌ ده‌خۆنه‌وه‌و دواتر به‌ جێی‌ دێڵن، زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ هاتن نه‌ك هه‌ر له‌ كانیه‌كه‌ ئاویان خوارده‌وه‌و پشتیان تێكرد، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ ئاوی‌ كانیه‌كه‌شیان بۆ خۆیان دابڕی‌ و بردیان، ئاوه‌كه‌یان بردو له‌ شوێنی‌ تر ئاوه‌دانیان پێدروست كرد، منه‌تی‌ كه‌ركوكی‌ بونیش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌دا، كه‌ركوكی‌ بێهۆڵی‌ شانۆ و سینه‌ماو كۆفی‌ نێت و ناوه‌ندی‌ رۆشنبیری‌ به‌ پرد ئه‌و بۆشاییه‌ پڕده‌كرێته‌وه‌، پرد گه‌لێك كه‌ ئه‌گه‌ر پێویستیش بن، هێشتا بۆشاییه‌ هونه‌ری‌ و رۆشنبیریه‌كان پڕناكه‌نه‌وه‌، من بڕوای‌ ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ركوكی‌ بون ئازارێكی‌ قورسه‌، ئازارێكه‌ بۆ هه‌مو ئه‌و كه‌ركوكیانه‌ی‌ به‌ راستی‌ خه‌می‌ ده‌خۆن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ به‌ بۆنی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ كه‌وتون و ده‌ستیان له‌ گیرفانی‌ كه‌ركوكدایه‌ نه‌ك له‌ بنیاد نانه‌وه‌ی.

بۆ كه‌ركوكیه‌كان كورد بن یان توركمان، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بن كه‌ نزیكه‌ی‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ لێره‌ن، یان ئه‌وانه‌ی‌ به‌عس بۆ عه‌ره‌باندن هێناونی‌، كه‌ركوكی‌ بون له‌ ئازارێك زیاتر نیه‌، ئه‌وه‌ش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌توانن یه‌كیان خۆش بوێت و  پێكه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كی‌ ترین هۆیه‌كانی‌  یه‌كخۆشویستن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن  هونه‌رو شانۆو ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریه‌، ئه‌و پرسانه‌ی‌ كه‌ بێهیچ مه‌به‌ستێك له‌ ده‌وری‌ خۆیان كۆمانده‌كه‌نه‌وه‌.

چ كاره‌ساتێكه‌ له‌ رۆژی‌ جیهانی‌ شانۆدا، كه‌س نه‌بێت سڵاو له‌ شانۆكاره‌ كه‌ركوكیه‌كان بكات، ئه‌و شانۆكارانه‌ی‌، ده‌یان ساڵه‌ له‌ناو ئاگرو سته‌مكاری‌ و كوشت و بڕدا به‌ دوی‌ ئه‌وه‌وه‌ن جوانیمان نیشان بده‌ن، لێ‌ له‌ شوێنگه‌لێك كه‌ ئازاره‌كانی‌ ده‌مانكرۆژێ‌.

ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ شانۆ وانیه‌ بۆ رۆژنامه ‌و گۆڤار و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریش وایه‌، ئه‌گه‌ر به‌پێوه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه‌ و كتێبخانه ‌له‌ ده‌ ساڵی‌ رابردودا سه‌یری‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ركوك هه‌میشه‌ به‌ره‌و دوا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و پڕۆژانه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ ئازاو ئازاد بن، پڕۆژه‌ی‌ حیزب بونه‌.