Print WWW.SBEIY.COM
 شێره‌ژنێك له‌ناو دادگا
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
10/04/2014

رۆژانی‌  9 و10ی‌ مانگی‌ 10ی‌ 2006 ئێمه‌ له‌ به‌غدا ئاماده‌ی‌ دادگایی‌ كردنی‌ سه‌دام و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی‌ بوین، كه‌ كورت كرابونه‌وه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێك و ته‌واو، شوێنی‌ ئێمه‌ وا رێكه‌وتبو به‌سه‌ر سه‌ری‌ سه‌دام و هاوڕێكانیه‌وه‌ بو، ئه‌م چیرۆكه ‌و چۆنێتی‌ چونمان و بابه‌ته‌كانی‌ تایبه‌ت به‌و چونه‌، هاوڕێیانی‌ دیكه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌، منیش ده‌مێكه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌یه‌كم له‌به‌رده‌سته‌ به‌ناوی‌ "ئه‌نفال و لێبورده‌یی‌" له‌وێ‌ به‌ دورو درێژی‌ ئه‌وه‌ باس ده‌كه‌م، ئێستا لێره‌ چیرۆكی‌ ئه‌و شێره‌ژنه‌ی‌ كورد ده‌گێڕمه‌وه‌ كه‌ چۆن روبه‌ڕوی‌ سه‌دام و هاوڕێكانی‌ و به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌و سته‌مكارییه‌ی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ جه‌لاده‌كانی‌ به‌عس ده‌رهه‌قی‌ كردبویان، ئه‌و سته‌مكاریه‌ی‌ كه‌ ره‌نگه‌ زۆری‌ تر توشیان بوبێت و  له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یبه‌نه‌ گڵه‌وه‌، ئه‌و خاتونه‌ كه‌ من نامه‌وێ‌ لێره‌دا ناوی‌ بێنم، به‌ سه‌دام و ئه‌وانی‌ تری‌ وت؛ پیاوه‌كانی‌ ئێوه‌ ئێمه‌یان روبه‌ڕوی‌ هه‌مو سته‌مێك كرده‌وه‌ تاڕاده‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ نامرۆڤانه‌، به‌ ئه‌وكی‌ پڕ گریانه‌وه‌ چیرۆكی‌ پڕ ئازاری‌ خۆی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ و ئێمه‌ش هیچمان خۆمان بۆ نه‌ده‌گیرا، به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌دا عه‌بدوڵا كه‌ریم مه‌حمودی‌ نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ده‌نگ بگری‌، هه‌روه‌ك چۆن خاتونه‌ پارێزه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ش به‌ خوڕ فرمێسك به‌ چاوه‌كانیدا ده‌هاته‌ خوارێ‌، هه‌مو ده‌گریان دادوه‌ر و كۆی‌ ئه‌وانی‌ له‌ دادگا ئاماده‌بون، جگه‌ له‌ سه‌دام و سوڵتان هاشم و فه‌رحان موتڵه‌گ و حوسێن ره‌شید و سابیر دوری‌ و تاهیر تۆفیق و عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید، ئه‌مه‌ ئه‌وانه‌ بون كه‌ ئه‌و ده‌م له‌به‌ر پێی‌ ئێمه‌دا بون، به‌و پێیه‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ وه‌ك وتم به‌سه‌ر سه‌ری‌ ئه‌وانه‌وه‌ بو.

شێره‌ژن به‌ عه‌ره‌بیه‌كی‌ ره‌وان چیرۆكی‌ ئه‌و سته‌مكارییه‌ی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ و سته‌مكاره‌كان نقه‌یان له‌ خۆیان بڕیبو، دادوه‌ر كه‌ ئه‌و كات محه‌مه‌د عرێبی‌ بو، داواكاری‌ گشتیش مونقیز ئالفیرعه‌ون بو، هه‌ردوكیان گوێیان بۆ ئه‌و ئازاره‌ راگرتبو، شێره‌ژن وه‌ك روسور ترین ژنی‌ ئه‌م جیهانه‌ پان و به‌رینه‌ له‌ رێگه‌ی‌ چیرۆكی‌ سته‌ملێكردنه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌مو دیكتاتۆر و سته‌مكاره‌كانی‌ سوك و رسوا ده‌كرد و ئه‌وه‌ ئه‌و بو به‌رله‌وه‌ی‌ دادگا سته‌مكاران دادگای‌ بكات ئه‌و دادگایی‌ ده‌كردن و روبه‌ڕویان ده‌بوه‌وه‌، هه‌ركات دادوه‌ر قسه‌یه‌كی‌ ده‌كرد، یان پرسیارێكی‌ له‌و شێره‌ژنه‌ ده‌كرد ئه‌و به‌ وردی‌ و زۆر ژیرانه‌ وه‌ڵامی‌ ده‌دایه‌وه‌ و كۆی‌ قسه‌كانی‌ له‌ به‌ڵگه‌ی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گر ده‌چون بۆ دادگا، ئیدی‌ ئه‌و باسی‌ خۆی‌ ده‌كرد و ناوی‌ ئه‌و جه‌لادانه‌ی‌ ده‌برد، كه‌ ئه‌ویان وه‌ك نێچیر، نێچیرێكی‌ بێپه‌ڕ و باڵ له‌بن ده‌هێنا، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان چیرۆكی‌ دادگایی‌ كردنه‌كه‌ ئاوه‌ژو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وان له‌ رۆژی‌ خۆیدا ئه‌م خاتونه ‌و زۆر خاتونی‌ دیكه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵوێست، یان كوردبون، یان هه‌ر بیانویه‌ك كه‌ خۆیان دروستیان ده‌كرد به‌شێوه‌یه‌كی‌ دڕندانه‌ سزا داوه‌، لێ‌ ئێستا ئه‌وان دادگای‌ ده‌كرێن له‌سه‌ر ئه‌و سته‌مه ‌و مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ داكۆكی‌ له‌ تاوانه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن و ته‌نانه‌ت چه‌ندین پارێزه‌ریشیان هه‌یه‌، له‌و دانیشتنه‌دا پارێزه‌ری‌ سته‌مكاران زۆر هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌یدا، له‌ رێگه‌ی‌ پرسیاری‌ جۆراوجۆر و بێبنه‌ماوه‌ خاتونه‌كه‌مان توشی‌ هه‌ڵه ‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ بكات، لێ‌ به‌ڵا خاتون یه‌ك یه‌ك ناوی‌ تاوانباره‌كان، زانیاری‌ ورد له‌سه‌ر سه‌ر و سیمایان ره‌وتار و ئاكاریانی‌ ده‌گێڕاوه‌ و پارێزه‌ری‌ سته‌مكارانی‌ ته‌نگه‌تاو ده‌كرد، ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ سه‌ره‌ڕای‌ خه‌م و ئازاری‌ زۆر، به‌ڵام خۆزگه‌م ده‌خواست چه‌ندین شێره‌ژنی‌ ئازا و بوێری‌ وامان هه‌با و به‌ گه‌واهی‌ دانه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ی‌ دیكه‌ سته‌مكاریان رسواكردبا، ئه‌مه‌ش هه‌رنا بۆئه‌وه‌ی‌ ئیدی‌ سته‌مكاری‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.