Print WWW.SBEIY.COM
 قه‌ندی‌ تاڵ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
15/06/2014

بارودۆخێكی‌ تازه‌ هاتوه‌ته‌ پێش، ئه‌وانه‌ی‌ زۆرجار له‌مێژودا بونه‌ته‌ گۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت جارێك زۆرباش گۆ نا گۆ لێده‌ر بن، لێ‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بزانن چۆن ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئازادی‌ و دادگه‌ری‌ و یه‌كسانی‌ نانێرێ‌، بۆ ئه‌وه‌ چیرۆكه‌ ناوازه‌كه‌ی‌ موسته‌فا لوتفی‌ مه‌نفه‌لوتی‌، نمونه‌یه‌كی‌ جوانه‌، نمونه‌كه‌ وا لێبكه‌نه‌وه‌ كه‌ برسیه‌كه‌ هه‌ستێ‌ و شۆڕش بكات و نان بسه‌نێ‌ نه‌ك داوای‌ كات، برسیه‌كه‌ هێشتا داوا ئه‌كات، ئه‌مه‌ ئه‌و چیرۆكه‌یه‌ كه‌ كورد په‌ندی‌ لێوه‌رنه‌گرتوه‌، له‌ گه‌مه‌كه‌داین، بەڵام زیاتر بۆ ئه‌وه‌ به‌دوی‌ تۆپه‌كه‌دا راده‌كه‌ین تا فێر بین چۆن گۆڵ له‌خۆمان بكه‌ین، بارودۆخێكی‌ نوێ‌ له‌گۆڕێیه‌، بەڵام ئێمه‌ هێشتا گیانێك نین له‌دو جه‌سته‌دا، هێشتا پێكه‌وه‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ناكه‌ین چه‌ند پێكه‌وه‌ بین، ئه‌گه‌ره‌كو له‌ولاشه‌وه‌ ده‌نگی‌ پشتگیری‌ له‌هه‌مو كورد به‌رز بوه‌ته‌وه‌، خۆ پێكه‌وه‌ بون هه‌رئه‌وه‌ نیه‌ وه‌ك یه‌كتر رێبكه‌ین، پێكه‌وه‌بونی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌، ژورێكمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان بزانن چی‌ ده‌كه‌ن و چۆن، بۆ نمونه‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ و قه‌یران، گریمان له‌ 10 كه‌س زیاتر نین، بەڵام ئه‌و ده ‌كه‌سه‌ی‌ ده‌توانن بڕیاری‌ گرنگ بده‌ن، بڕیار گه‌لێك كه‌ به‌رەو دوا تاخواری‌ خواره‌وه‌ ده‌بێ‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت.

له‌ سیاسه‌تا یان هه‌مو یان هیچ نیه‌، له‌سیاسه‌تا هونه‌ری‌ دابه‌شكردن و به‌ ده‌سته‌وه‌ هاتن و دانوستان رۆڵی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، له‌وێدا كه‌ شه‌ڕ له ‌دۆڵێكی‌ تره‌، ئه‌وه‌ سیاسه‌ت نیه‌ كه‌ رایكێشی‌ بۆ كۆڵی‌ خۆت، له‌م رۆژانه‌دا قسه‌وباسی‌ زۆر ده‌كرێت، ره‌نگه‌ تێگه‌یشتن له‌هه‌مویان هه‌ندێك ئه‌سته‌م بێت، من هاوڕابوم له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ رۆژنامه‌وانه‌كه‌م، به‌وه‌ی‌ مه‌رج نیه‌ هه‌مو كاربه‌ده‌سته ‌گه‌وره‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ نمونه‌ یه‌ك قسه‌ بكه‌ن، لێ‌ تێنه‌گه‌یشتن و نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ دیوی‌ پشته‌وه‌ی‌ قسه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ قه‌نده‌كه‌ تاڵ بێت .

ئۆباما وه‌ك كێشه‌ی‌ عێراقیه‌كان سه‌یری‌ دۆخه‌كه‌ی‌ كرد كه‌چی‌ له‌ولاوه‌ كه‌شتیه‌كی‌ زل و زه‌به‌لاحی‌ پڕ فڕۆكه‌ی‌ خستوه‌ته‌ڕێ‌، خۆ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بۆ كاری‌ دیكه‌ بێت، هه‌ر ده‌بێت حسابیشی‌ بۆ بكه‌یت، ناكرێ‌ دوایه‌ بڵێیت حلێب نه‌بو، لاموایه‌ نزیكه‌ی‌ 100 ساڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وتی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ دیسان ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ته‌گه‌ری‌ به‌ یاسایی‌ بكرێت بێئه‌وه‌ی‌ بیرمان لای‌ ئێستا و نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌ بێت.

ئه‌وه‌ی‌ ده‌ڵێت فرسه‌ته‌ ناڵێت پێویسته‌ توركمان و عه‌ره‌بی‌ نێو ماڵه‌كه‌ و ته‌نیشتمان به‌ر له‌هه‌ر شت بێنینه‌ سه‌ر ئه‌و رایه‌ی‌ ئیدی‌ نه‌خشه‌كه‌ گۆڕاو زه‌مانی‌ پێكه‌وه‌بون و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنێكی‌ نوێیه‌، فرسه‌ت و هه‌ل و هه‌ڵپه‌ بیری‌ وردی‌ ده‌وێت، ئێستا تۆ له‌كام لای‌ گه‌مه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت ژماره‌ی‌ گۆڵه‌كان زیادكات یان ئه‌وه‌ی‌ نایه‌وێ‌ گۆڵی‌ زیاتر بخوات، هه‌رچه‌ند بڕوام وایه‌ تۆ له‌سه‌ر سنوره‌كه‌ی‌ خۆته‌وه‌ گۆڵه‌كان بژمێری‌ كه‌ له‌یه‌كتری‌ ده‌كه‌ن باشتره‌. لاموانیه‌ ئێستا له‌ 2003 باشتر بێت، بەڵام خراپتریش نیه‌.

ئه‌رێ‌ گه‌لۆ پێمناڵێن مادام ئه‌و هه‌مو زه‌ویه‌مان هه‌یه‌ له ‌سنوری‌ كه‌ركوك و قه‌ره‌هه‌نجیر و چیمه‌ن و پردێ‌ و شوان و شوێنه‌كانی‌ تر ئه‌وه‌ خێره‌ به‌لێشاو ئه‌و عه‌ره‌به‌ زۆره‌ دێنه‌ ناوشاره‌ گه‌وره‌كانه‌وه، ئا بیرم چو ئه‌وه‌ش بگێڕمه‌وه‌  براده‌رێك وتی‌ هه‌ندێك عه‌ره‌ب له‌یه‌كێ‌ له‌ پاركه‌كانی‌ چه‌مچه‌ماڵ وتویانه‌ "چه‌مچه‌ماڵ خۆشه‌ به‌س ئه‌م كورده‌ تێكیان داوه".