Print WWW.SBEIY.COM
 ئه‌مه‌ش بگێڕنه‌وه‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
01/10/2014

به‌ دیاری‌ ناردنی‌ كچانی‌ پاكیزه‌ بۆ یه‌كتر له‌لایه‌ن ئه‌میره‌كانی‌ داعشه‌وه‌، ئیدی‌ هیچ قسه‌یەك بۆ وتن ناهێڵێته‌وه‌ و مرۆڤیش ناتوانێ‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ بكات ئه‌مانه‌ هی‌ چ سه‌رده‌م و رۆژگارێكن، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆی‌ ئه‌و داعشیانه‌ تورك بن یان عه‌ره‌ب چیچانی‌ بن یان ئه‌فغانی‌ بۆ كار و كرده‌وه‌كانیان ده‌قی‌ قورئان و وته‌و گوفته‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر ده‌كه‌نه‌ پاڵپشت، بێئه‌وه‌ی‌ هیچ موفتی‌ و زانا و مه‌لایه‌كی‌ ئاینی‌ ئازایه‌تی‌ ئه‌وه‌یان تیا بێت، هه‌ڵوێستی‌ رونی‌ خۆیان رابگه‌یه‌نن، كه‌ ئه‌وه‌ راست و دروسته‌ یان نا، ته‌نانه‌ت له‌و نامه‌یه‌شدا كه‌ كۆمه‌ڵێكی‌ زۆر پیاوی‌ ئاینی‌ بۆ ئه‌بوبه‌كری‌ به‌غدادیان ناردبو زۆر به‌شه‌رمه‌وه‌ باسی‌ هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ كرابو.

ئه‌وان ئازایه‌تی‌ ئه‌وه‌یان تیا نه‌بو به‌ ئه‌بوبه‌كر و هاوڕێكانی‌ بڵێن ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن له‌ناردنی‌ پاكیزه‌ی‌ بێتاوان به‌ دیاری‌ بۆ یه‌كتر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌مو مۆراڵ و ئاكارێكی‌ مرۆیدایه، ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ بێڕێزیه‌ به‌ ئاین و مرۆڤ و ئازادی‌ ئینسانه‌كان.

ئه‌و مه‌لایانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بپاڕێنه‌وه‌ روی‌ ده‌میان كردبوه‌ ئه‌بوبه‌كری‌ به‌غدادی‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئازایه‌تی‌ ئه‌وه‌یان تیا بێت پێی‌ بڵێن؛ ئه‌وه‌ی‌ تۆ ده‌یكه‌یت سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ هه‌رچیه‌ك بێت دیرۆك یان ئه‌و ده‌قانه‌ی‌ به‌نمونه‌ ده‌یهێننه‌وه‌، كاركردنه‌ بۆ ناشرین كردنی‌ خودا و ئاین له‌دیدی‌ مرۆڤه‌كاندا، ئه‌وان ئازایه‌تیان تیا نه‌بو بنوسن ئایه‌ له‌ڕوی‌ ده‌رونیه‌وه‌ ئیدی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ونه‌ چ دۆخێكه‌وه‌ و چۆن ده‌توانن ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ وتاره‌ ئاینیه‌كاندا نه‌رم كه‌ن.

ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و نامه‌یه‌یان ناردبو وتاربێژی‌ سه‌دان مزگه‌وتی‌ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری‌ دنیا بون، هه‌مو هه‌ینیه‌ك خه‌ڵك گوێدێریان ده‌كات، بەڵام كه‌ ئه‌بوبه‌كرێكی‌ به‌غدادی‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌و هه‌موه‌ نه‌كات چاوه‌ڕێی‌ چی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ تر ده‌كه‌ن، ئه‌و نامه‌ نه‌رمه‌ ناتوانێ‌ چڵێسی‌ و حه‌زی‌ دڕندانه‌ی‌ ئه‌و داعشیانه‌ دامركێنێته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و سته‌مه‌ی‌ له ‌پاكیزه‌كان ده‌یكه‌ن، چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌شن له ‌به‌هه‌شته‌كه‌ی‌ خوداش 72 په‌ریان وه‌ك دیاری‌ بدرێتێ‌، بۆ ئه‌مه‌ش نمونه‌ دێننه‌وه‌ و هه‌ندێك بۆره‌ موفتیش پشتگیری‌ له‌و جۆره‌ له ‌هه‌وه‌سبازی‌ نێو به‌هه‌شت ده‌كات و نێرینه‌ له ‌هه‌مو مۆراڵ و قیه‌مێك داده‌شۆرێ‌ و ده‌یكاته‌ دڕنده‌یه‌كی‌ چڵێس، كه‌ ئیشی‌ هه‌ر ئه‌وه‌بێت خۆی‌ هه‌ڵداته‌ سه‌ر جه‌سته‌ی‌ روتی‌ په‌ریه‌كان.

مرۆڤ له‌به‌رده‌م وه‌ها چیرۆكێكدا هیچی‌ بۆ وتن پێنیه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌مرۆیی‌ بونی‌ خۆی‌ بكه‌وێته‌ گومانه‌وه‌.