Print WWW.SBEIY.COM
  ئێزدیه‌ خۆپارێزه‌كان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
12/10/2014

          1
مێژو سته‌می‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ گروپه‌ ئاینیه ‌جیاجیاكانی‌ وڵاتی‌ كورده‌واری‌ كردوه‌، ئه‌و گروپه‌ ئاینیانه‌ی‌ ویستویانه‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌ كۆنینه‌كه‌ی‌ خۆیان بمێننه‌وه‌، ئه‌وان له‌نێو ئه‌و سته‌مكاریه‌دا سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پرش و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ویستویانه‌ بمێنن، مان له‌سایه‌ی‌ سته‌مێكی‌ هه‌میشه‌یدا یه‌كێك له‌ گروپه‌ هه‌ره‌ دێرینه‌كان ئێزدیه‌كانن، ئێزدی‌ پاكترین و ره‌سه‌نترین ئاینی‌ ناوچه‌كه‌ن، ئه‌وان جگه‌ له‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ هیچی‌ تریان نه‌ویستوه‌، بۆئه‌وه‌ش قوربانی‌ زۆریان داوه‌ ته‌نانه‌ت بۆئه‌وه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و گیروگرفت نه‌بنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیان، یان ئاینه‌كانی‌ دیكه‌ ئاینه‌كه‌یان نه‌كردوه‌ته‌ ئاینی‌ بانگه‌وازیی‌ و وه‌ك ئاینێكی‌ داخراو هێشتویانه‌ته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی‌ وه‌ك ئاینه‌كانی‌ ئیسلام یان مه‌سیحی‌ ئاینی‌ بانگكردنی‌ خه‌ڵك نیه‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ كردن پێوه‌ی‌ و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌یان راگرتوه‌، ئه‌شێ‌ ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بوبێ‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی‌ ترا توشی‌ كێشه‌و گیرو گرفت نه‌بنه‌وه ‌له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ خۆیان بێت له‌وانه‌ی‌ كه‌له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ویستویانه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناویان و بارو دۆخه‌كه‌یان بشێوێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ رێگر نه‌بوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ نا ئێزدی‌ سه‌ردانیان بكات و بچێته‌ لالش و شوێنی‌ ئاینی‌ ئه‌وان به‌سه‌ر بكاته‌وه‌، من له‌ سه‌ردانی‌ خۆما بۆ لالش  سه‌رم له‌ هه‌مو شوێنه‌كانی‌ ئه‌و پیرۆزگایه‌ی‌ ئێزدیه‌كان دا و چومه‌ هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی‌ ئه‌وان سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن جگه‌ له‌چونه‌ سه‌ر ئه‌و ئاوه‌ی‌ كه‌ منداڵی‌ تێهه‌ڵده‌كێشن، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ش رێگرێ‌ نه‌بو، كه‌ سه‌ردانی‌ ماڵی‌ بابه‌شێخیشم كرد هه‌ر له‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ له‌وێ‌ بوین باوكێك كچێكی‌ نه‌خۆشی‌ هێنا بۆلای‌ و ئه‌ویش دوعای‌ بۆ كرد، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ی‌ داوا له‌ ئێمه‌ بكرێت  شوێنه‌كه‌مان بگۆڕن یان خۆیان بچنه‌ شوێنێكی‌ تر له‌ كاتێكا حه‌وشه‌و بانه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ بو.واته‌ ئه‌وان ته‌نیا ده‌رگای‌ ئاینه‌كه‌یان به‌ روی‌ هاتنه‌ ناوی‌ ئه‌وانی‌ تردا داخستوه‌ ده‌نا هیچ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ نا ئێزدی‌ سه‌ردانیان بكات، هه‌ڵبه‌ت ژن و پیاویش پێكه‌وه‌ به‌ جل و به‌رگی‌ ئاڵ و واڵاوه‌ سه‌ردانی‌ لالش ده‌كه‌ن.

         2
ئه‌وان مافی‌ خۆیانه‌ خۆبپارێزن، چونكه‌ مێژوپڕه‌ له‌و سته‌مه‌ی‌ كه‌ له‌وان كراوه‌ جگه‌ له‌وه‌ش ده‌یان ناووناتۆره‌و درۆیان بۆ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و هه‌ر توێژه‌رو نوسه‌رو رۆژنامه‌وان و رۆژهه‌ڵات ناسێك كاتێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وانی‌ نوسیوه‌، كه‌متر پشتی‌ به‌ راستیه‌كانی‌ لای‌ خۆیان به‌ستوه‌و زیاتر گوێی‌ له‌وانه‌ گرتوه‌ كه‌ چۆنیان ویستوه‌، ئاوایان باس كردوه‌، بۆ نمونه‌ مێژو نوسێكی‌ وه‌ك عه‌بدولره‌زاق حه‌سه‌نی‌ له‌ كاتی‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئێزدیه‌كان كه‌وتوه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی‌ زه‌قه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌ی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ پشتی‌ به‌ دیدو سه‌رنجی‌ نه‌یاره‌كانی‌ ئێزدی‌ به‌ستوه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ بوه‌ ئێزدیه‌كان سروت و نوێژو كارو باره‌ ئاینیه‌كانی‌ خۆیان به‌ نهێنی‌ كردوه‌و له‌وه‌ پاراستویانه‌ كه‌ كه‌سانی‌ تر ئاگاداری‌ بن، من وتم ئاسای‌ بوه‌ خه‌ڵك بچێته‌ لالش یان پیرۆزگاكانی‌ دیكه‌، یان سه‌ریان لێبدا، به‌ڵام ئاسای‌ نیه‌و نه‌بوه‌ بزانرێ‌ سروته‌ ئاینیه‌كانیان چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌ش وای‌ كردوه‌، هه‌ندێك به‌ ئاره‌زوی‌ خۆیان شتیان بۆ هه‌ڵبه‌ستن گه‌رچی‌ له‌ دوای‌ راپه‌ڕینی‌ 1991ه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سنوری‌ شێخان ئه‌و ئازادیه‌ هه‌لی‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌خسان ئه‌وانیش زیاتر داكۆكی‌ له‌ خۆیان و ئاینه‌كه‌یان بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی‌ گۆڤاری‌ لالشه‌وه‌ كه‌ ده‌یان ژماره‌ی‌ لێده‌رچو.ئه‌م گۆڤاره‌ گۆڤاری‌ سه‌نته‌ری‌ رۆشنبیری‌ لالشه‌.ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ندێك نوسه‌ری‌ شاره‌زاش زۆر به‌ وردی‌ كه‌وتنه‌ شرۆڤه‌و په‌یدۆزی‌ دور له‌ تانه‌وته‌شه‌ر له‌وانه‌ زوهێر كازم عه‌بود، دكتۆر خه‌لیل جوندی‌ و ئی‌ تر، زوهێر كازم عه‌بود وه‌ك خه‌مخۆرێكی‌ ئه‌وان كاری‌ كردوه‌و هه‌وڵی‌ داوه‌ روی‌ راست و روناكی‌ ئاین و بیرو باوه‌ڕه‌كه‌یان ده‌ربخات.

              3
ئێزدیه‌كان زۆر رێزی‌ خودا په‌رستانی‌ راستی‌ ده‌گرن و هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌سروشتا هه‌یه‌ لایان پیرۆزه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن " هه‌كه‌ تو موئمینه‌كی‌ بینی‌ عه‌باده‌ت كه‌ – هه‌كه‌ توداره‌كی‌ بینی‌ زیاره‌ت كه‌ " لێره‌دا عه‌باده‌ت واته‌ رێز لێگرتن، ئه‌و ناڵێ‌ موئمنه‌كی‌ ئێزدی‌ ده‌ڵێ‌ موئمنه‌كی‌ واته‌ هه‌ر ئاین و بیرو باوه‌ڕێ‌ بێت، ئه‌م بڕوا دارانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر په‌لامارو نه‌فره‌تی‌ ئه‌وانی‌ تر نه‌كه‌ون، زۆر كه‌م مێژو دیرۆك و سروته‌ ئاینیه‌كانی‌ خۆیان نوسیوه‌ته‌وه‌، لێره‌و له‌وێ‌ هه‌ندێك به‌یته‌ شیعرو ده‌ق ده‌دۆزرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌مو شت ساغ ناكه‌نه‌وه‌، هۆیه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و خۆپارێزی‌ و خۆبه‌دورگرتنه‌یه‌ له‌ شه‌ڕو په‌لاماری‌ نه‌یاران، ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌وان هه‌رگیز له‌و شه‌ڕو په‌لامارانه‌ سه‌لامه‌ت نه‌بونه‌ و هه‌ركێ‌ قوت بوه‌ته‌وه‌ په‌لاماری‌ داون، به‌و په‌لاماره‌ی‌ داعشیشه‌وه‌ كه‌ هه‌مان درێژكراوه‌ی‌ په‌لاماره‌كانی‌ عوسمانیه‌،ئه‌وان خۆیان دورگرتوه‌، به‌ڵام شه‌ڕ ده‌رگای‌ پێگرتون، ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون كه‌ هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ریان بگره‌ هه‌ستاون به‌ شێواندنی‌ ئاین و بیرو باوه‌ڕه‌كه‌یان و له‌كه‌داركردنیان، وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ كاكه‌ی‌ و ئه‌وانی‌ دیكه‌ش كراوه‌، كاكه‌ی‌ و ئێزدی‌ و شه‌به‌ك و سابیئی‌ هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌م بونه‌ هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بڕوایان به‌ شه‌ڕو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ نه‌بوه‌،ناچار بونه‌ خۆپارێزی‌ بكه‌ن.

ئه‌وه‌ش مایه‌ی‌ نیگه‌رانیه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌یت و شیعره‌ فۆلكلۆری‌ و ده‌ماوده‌مه‌كانیان نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌وزۆرێكی‌ فه‌وتاوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بزانین له‌و شیعرو ده‌ققانه‌دا باسی‌ خۆیان، بیرو باوه‌ڕیان، نه‌یاره‌كانیان و زۆر شتی‌ دیكه‌یان كردوه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌ مه‌سحه‌فی‌ ره‌ش و جیلوه‌شدا هاتون زۆر كه‌مترن له‌ ته‌واوی‌ بیرو باوه‌ڕو ئاینی‌ ئێزدی‌، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ وه‌ك وتمان زۆركۆنه‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌ یه‌زیدی‌ كوڕی‌ معاویه‌وه‌ نیه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك ده‌یانه‌وێ‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ته‌عریبیان كه‌ن، هه‌ندێك خه‌ڵك بیرو بۆچونێكی‌ دروستیان هه‌یه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئێزدیه‌كان عه‌ره‌بن، ئه‌دی‌ بۆ نوێژو سروته‌ ئاینیه‌كانیان كوردیه‌.

هه‌ڵبه‌ت نوێژی‌ ئێزدی‌ به‌ زمانی‌ ره‌سه‌نی‌ كوردی‌ ده‌خوێنرێ‌ و ئه‌وه‌ هه‌زاران ساڵه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌، ده‌كرێ‌ ئه‌مه‌ش به‌ كۆنترین ده‌ق و سه‌رچاوه‌ی‌ كوردی‌ بهێنرێته‌ نوسین، بۆ من جێی‌ داخه‌ كه‌ هیچ یه‌ك له‌وانه‌ی‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات و مێژوی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ و داب و نه‌ریتی‌ كورده‌واری‌ كردوه‌ ئاوڕیان له‌م لایه‌نه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، ئیدی‌ هۆیه‌كه‌ی‌ هه‌رچیه‌ك بێت ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كێماسیه‌كی‌ ئاشكرا هیچی‌ تر نیه‌.

راستی‌ من بڕواناكه‌م ئه‌گه‌ر كه‌سێتیه‌كی‌ وه‌ك عه‌لادینی‌ سه‌جادی‌ داوای‌ له‌ بابه‌شێخ یان هه‌ركه‌سێكی‌ ئێزدی‌ كردبا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌قه‌كانی‌ ئه‌وان كۆبكرێته‌وه‌و له‌ مێژوی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردیدا جێیبكرێته‌وه‌، ئه‌وان ناڕازی‌ بوایه‌ن، نه‌ك ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت دكتۆر مارف خه‌زنه‌داریش ده‌ستی‌ نه‌بردوه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، ئایه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندی‌ به‌و خۆپارێزیه‌ی‌ ئێزدیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، یان كه‌م و كوڕی‌ ئێمه‌وه‌، ئه‌وه‌یان پێویستی‌ به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، ئه‌وان خۆپارێزیان كردوه‌،به‌ڵام ئێمه‌ش كه‌مته‌رخه‌می‌ زۆرمان به‌رانبه‌ریان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار له‌ دیرۆك و مێژوی‌ خۆمان ئه‌وانمان كردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و ناچاری‌ ئه‌وه‌مان كردون كه‌ له‌ پێناوی‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆیاندا په‌نا به‌رنه‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان جا به‌ خوایشت بێت یان له‌ ژێر فشاردا نه‌ته‌وه‌ی‌ خۆیان بگۆڕن، من خۆم له‌ ئێزدی‌ خوێنه‌وارم بیستوه‌ كه‌ وتویه‌تی‌ كه‌ كورد بۆ ئێمه‌ نه‌بن و پشتمان تێبكه‌ن، ئێمه‌ چارمان چیه‌.

هه‌ندێكیان راشكاوانه‌تر باسی‌ ئه‌و زوڵم و زۆره‌یان كردوه‌ كه‌ كه‌ كوردیش هاوده‌ست له‌گه‌ڵ عوسمانی‌ و عه‌ره‌ب لێیكردون، یه‌كێك له‌ دۆسته‌ ئێزدیه‌كانم كه‌ دكتۆرای‌ هه‌یه‌و مامۆستای‌ زانكۆیه‌،له‌ گفت و گۆیه‌كی‌ دورو درێژدا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و سته‌می‌ " عه‌ره‌ب و توركی‌ به‌قه‌د سته‌می‌ كورد پێناخۆش نیه‌، تورك و عه‌ره‌ب دوژمنن و هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كورد خۆ دوژمن نیه‌، ئه‌دی‌ ئه‌و بۆ ".

       4
په‌دشایه‌
 هه‌زارو یه‌ك ناڤ له‌ خۆ نایه‌
ناڤێ‌ مه‌زن خودایه‌
ئێزدیه‌كان خوداپه‌رستن، پرسی‌ تاوس مه‌له‌كیش په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌وه‌، كه‌ تاوس مه‌له‌ك له‌ تیشك و روناكی‌ دروستكراوه‌، هه‌ربۆیه‌ خۆریش لای‌ ئێزدیه‌كان پیرۆزه‌، مرۆڤ ناتوانێ‌ له‌سه‌ر بیرو باوه‌ڕی‌ ئه‌وان بێزانیاریه‌كی‌ دروست ره‌مڵ لێدا، ئه‌وان ئاینه‌كه‌یان به‌ په‌نهانی‌ هێشتوه‌ته‌وه‌، لێ‌ به‌ڵام ده‌ق و ئامۆژگاری‌ و شێوازی‌ دروستكردنی‌ زه‌وی‌ و ئاسمان و تادوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ قورئاندا هه‌یه‌ یان له‌ هه‌ر ئاینێكی‌ دیكه‌دا لای‌ ئه‌وانیش هه‌یه‌و جیاوازیه‌كی‌ ئه‌و تۆ نیه‌، خۆدورگرتن و به‌ په‌نهانی‌ هێشتنه‌وه‌ هۆیه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و هه‌ممو سته‌مه‌یه‌ كه‌ لێیان ده‌كرێت، ئه‌وان ئه‌وه‌یان زانیوه‌ ته‌نیا گرفتێ‌ كه‌ ئه‌وانی‌ تر له‌گه‌ڵیان هه‌یانبێت، گۆڕینی‌ ئاینه‌كه‌یانه‌، به‌وه‌ش له‌ده‌ست ئه‌و سته‌مه‌ رزگاریان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌ ناكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌قه‌د ئاینداره‌كانی‌ دیكه‌ بڕوایان به‌ ئاینه‌كه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌و ئاینه‌كه‌ی‌ خۆیان به‌ راستترین ده‌زانن، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ی‌ هیچ سوكایه‌تیه‌ك به‌ ئاینه‌كانی‌ تر بكه‌ن، لای‌ ئێزدیه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كه‌م سه‌ یری‌ ئاین و بیرو باوه‌ڕه‌كانی‌ تر ناكرێ‌، ناشیانه‌وێ‌ كه‌س به‌ كه‌م سه‌یری‌ ئاینی‌ ئه‌وان بكات، بۆ داكۆكی‌ له‌ ئاینه‌كه‌ی‌ خۆیشیان قوربانی‌ زۆریان داوه‌، به‌ڵام تا بڵێی‌ ئاشتیخوازن ته‌نانه‌ت ساڵی‌ 1934 كاتێ‌ حكومه‌تی‌ ئێراقی‌ ویستویه‌تی‌ به‌سه‌ربازگرتنی‌ فه‌ڕمی‌ جێبه‌جێ‌ بكات ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بنه‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی‌ سوپاو ئه‌ندامه‌كانیان شه‌ڕی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌و كوردستانی‌ پێنه‌كرێ‌ ئاماده‌ نه‌بون ببنه‌ به‌شێك له‌و سوپایه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا روبه‌ڕوی‌ په‌لاماری‌ سوپای‌ ئێراق بونه‌وه‌و قوربانیه‌كی‌ زۆریان دا، دیاره‌ خۆ دورگرتنیان له‌وه‌ی‌ ببنه‌ چه‌كداری‌ سوپا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌یانویستوه‌ به‌ ده‌ستی‌ ئه‌وان خوێنی‌ كه‌س بڕژێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی‌ ئاشتیخوازیه‌.