Print WWW.SBEIY.COM
 نوسینگه‌ی‌ كه‌ركوكی‌ پارله‌مان و ئازاری‌ كه‌ركوكیه‌كان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
23/10/2014

ئه‌م دو سێ‌ رۆژه‌ گوێم له‌ چیرۆك و ئازاری‌ ئه‌وتۆی‌ كه‌ركوكیه‌كان بوه‌ له‌ مه‌ودای‌ 10 ساڵی‌ خشتی‌ ناو كه‌ركوك و كاری‌ رۆژنامه‌نوسیدا ئه‌و چیرۆك و ئازارانه‌م نه‌بیستوه‌، پیاوێك به‌ كۆڵێ‌ كاغه‌زو فایله‌وه‌ دێت ده‌ڵێت "من ساڵی‌ 1991 به‌ هاوه‌نێكی‌ به‌عس پێنج سه‌ر خێزانم كه‌له‌ پاچه‌ ده‌بن، دوای‌ ده‌یان ساڵ 40 تا 50 هه‌زارێكم ده‌ده‌نێ‌، به‌ڵام دواترو له‌ ساڵی‌ 2010 به‌هۆی‌ كه‌ركوكی‌ بونمه‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بڕن "مامۆستایه‌ك كه‌ ماسته‌ری‌ هه‌یه‌ و ئه‌و شوێنه‌ی‌ ده‌یه‌وێ‌ ده‌وامی‌ لێبكات زۆریان پێویست پێیه‌تی‌، كه‌چی‌ كاره‌كه‌ی‌ بۆ ناكرێ‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوكیه‌، كچێك به‌ فایلێكه‌وه‌ دێت و ده‌یه‌وێ‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ زانكۆ دابمه‌زرێ‌ باس له‌وه‌ ده‌كات سێ‌ مامی‌ شه‌هیده‌، له‌ خێزانێكا سێ‌ كه‌س زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن و كارێكیان ده‌ستناكه‌وێ‌ چاكه‌ی‌ دایك و باوكیان بده‌نه‌وه‌، من ناڵه‌ی‌ بێكاری‌ گۆرانی‌ شاعیرم بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌، خه‌ڵك دێت و باسی‌ خه‌مه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كات، ده‌ڵێم بیخه‌نه‌ سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵكو خوا بكه‌م ئه‌م كه‌ركوكی‌ قودس و دڵه‌ خاوه‌نێكی‌ بۆ په‌یدا بێت، من گوێ‌ له‌ ئازاری‌ خه‌ڵك ده‌گرم و هه‌یه‌ لای‌وایه‌ قفڵی‌ كابه‌ی‌ داوه‌ته‌ ده‌ستمه‌وه‌ و منه‌تی‌ ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا ده‌كات كه‌ هه‌مولایه‌ك ئه‌و ئیشه‌مان داوه‌ به‌تۆ، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆم خه‌مم كه‌م بوبێ‌، هه‌شه‌ پێیوایه‌ ده‌بێ‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ بدرێ‌ شكست به‌ كاره‌كه‌ بێنن، به‌ڵام له‌ خۆی‌ ناپرسێ‌ ئاكار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یاری‌ یه‌كیش بین پێویسته‌ بۆ كه‌ركوك پێكه‌وه‌بین.

له‌م چه‌ند رۆژه‌دا بۆم ده‌ركه‌وت برینی‌ زۆر ورد و ساده ‌و ساكاری‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ زۆر به‌ئاسانی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام مه‌به‌ست نه‌بوه‌ بكرێ‌، یان هه‌ر نه‌ویستراوه‌، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ درا زانكۆ یان په‌یمانگایه‌كی‌ راگه‌یاندن له‌ كه‌ركوك یان قه‌ره‌هه‌نجیر بكرێته‌وه‌ نه‌كرا، 43 مامۆستای‌ ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ یاداشتێكا خۆیان داوا ده‌كه‌ن خزمه‌ت بكه‌ن، كورد بون و كه‌ركوكی‌ بون له‌مپه‌ره‌ له‌به‌رده‌م گوێگرتن له‌ خواسته‌كه‌یان، لێره‌ ئه‌م ئازارانه‌ ده‌چنینه‌وه ‌و گوێمان له‌و ته‌قه‌ ساردو سڕانه‌شه‌ كه‌ ده‌كرێ‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن چیرۆكی‌ ئه‌و دۆزه‌خه‌م بیرده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ خودا ده‌فه‌رمێ‌ "هه‌رتێیده‌كه‌ین و هه‌ر ده‌ڵێ‌ هی‌ تر" ئه‌وان بۆخۆیان هه‌مو شت داوا ده‌كه‌ن و حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ گوێ‌ گرتنیان نیه‌ له‌و چیرۆكانه‌، ئاخر مرۆڤ چۆن ئازار نه‌یكوژێ‌ كوڕێك كه‌ باوكی‌ نه‌ماوه‌ و خوێنكاری‌ دوی‌ كۆلێژه‌ هاتوه‌ و نوسراوێكی‌ هێناوه‌ داوا ده‌كات به‌ پاسه‌وانیش بێت با كارێ‌ بكات.

هه‌یه‌ له‌ سایه‌ی‌ نه‌وت و نه‌فتاو مه‌كره‌مه‌ی‌ حیزبا له‌ كه‌ركوك بوبه‌ ملیاردێری‌ دۆلار و هه‌شه‌ رۆژه‌ غه‌مگینیه‌كانی‌ بێكاری‌ ده‌ژمێرێ‌، من ده‌زانم لێره‌بم و لێره‌بمێنم سه‌دان چیرۆك و ئازاری‌ دیكه‌ ده‌بیسم، بۆیه‌ هیوادارم سه‌رۆكایه‌تی‌ پارله‌مان و پارله‌مانتاران له‌ هه‌مو نوسینگه‌كان سندوقی‌ سكاڵا دابنێن و هه‌فتانه‌ به‌دواداچونی‌ بۆ بكه‌ن، تا بزانن گه‌ل له‌ چ نه‌هامه‌تیه‌كدا ده‌ژێت.

ئه‌و سندوقه‌ دابنێنو له‌گه‌ڵ مندا له‌ كه‌ركوك چیرۆكه‌ ئازاراویه‌كان به‌ش كه‌ن، گه‌ر نا ره‌نگه‌ مرۆڤ نه‌توانێ‌ به‌ته‌نێ‌ به‌رگه‌ی‌ ئه‌و هه‌مو ئازاره‌ بگرێت، به‌ چونیشمان هه‌ندێك دڵخۆش ده‌بن، چه‌ند گرنگه‌ مرۆڤ له‌م سه‌رزه‌مینه‌ بتوانێ‌ خه‌ڵكانێ‌ دڵخۆش بكات با نه‌یاریشی‌ بن.