Print WWW.SBEIY.COM
 ئاواییه‌ بێنازه‌كان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
22/11/2014
چون بۆ نێو ئاواییه‌كانی‌ كاكه‌ی‌ و تاڵه‌بانی‌ و داوێ‌ له‌سنوری‌ داقوق "ده‌قوقا" به‌ گوفته‌ی‌ "مامۆستا مه‌لاجه‌میلی‌ رۆژبه‌یانی‌" چونه‌ بۆ نێو دنیایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ كورده‌واری‌، دنیایه‌ك كه‌ له‌نێویدا مه‌قام و ئای‌ ئای‌ و سمێڵ نرخ و بایه‌خی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و له‌هه‌ندێ‌ شوێنیش گیانه‌ كورده‌واریه‌كه‌ هێنده‌ باڵایە كه‌مرۆڤ ناچاری‌ رێزلێنان ده‌كات، له‌وێ‌ سمێڵ به‌تایبه‌ت له‌ناو گونده‌كانی‌ كاكه‌ی‌ نیشانه‌ی‌ بون و دیرۆكه‌، ده‌مێ‌ بو نه‌چوبوم لانیكه‌م ده‌ساڵ بو به‌وشێوه‌یه‌ به‌ گونده‌كاندا نه‌گه‌ڕابوم، ساڵی‌ 2003 زۆربه‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌ چوبوم و له‌وێ‌ باسی‌ ئازادی‌ و دیموكراتی‌ و مافی‌ مرۆڤ و مافی‌ ژن و زۆربابه‌تی‌ دیكه‌مان كردبو، ئه‌گه‌رچی‌ به‌ باوه‌ڕی‌ من ژنان له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ كورده‌واری‌ ئاستێكی‌ به‌رزی‌ به‌شداری‌ كاروباری‌ ئابوری‌ و ژیان و یه‌كسانیان هه‌یه‌و له‌چاو دراوسێ‌ عه‌ره‌به‌كانیانه‌وه‌ ئاسمان و رێسمانه‌.

له‌م چونه‌دا گونده‌كانی‌ لاشین، هاوار ، شالیار، سنور، زه‌نقڕ، عه‌بدوڵا غانم، عه‌لی‌ سه‌رای‌ و عه‌ره‌ب كۆی‌ كه‌ ئێستا ناونراوه‌ "كۆبانی‌" یمان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ ،ئه‌و ئاوایی‌ و گوندانه‌ له‌م ماوانه‌دا له‌به‌رده‌م دۆخێكی‌ خه‌راپی‌ ئاسایشدان به‌هۆی‌ بونی‌ داعش له‌سنوره‌كه‌و ده‌سگرتنی‌ داعش به‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیان به‌رده‌وامه‌و مناڵانی‌ عه‌ره‌ب كۆی‌ "كۆبانی‌" و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ر به‌ جل و به‌رگی‌ قوتابخانه‌وه‌  بیر له‌ئاوه‌دانی‌ نیشتمان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و مناڵانه‌ كوردو عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ به‌ تێكه‌ڵی‌ ده‌چنه‌ پۆله‌وه‌و پێكه‌وه‌ ده‌خوێنن و یاری‌ ده‌كه‌ن و گۆرانی‌ ده‌ڵێن، ئه‌وان هیچ گوێیان له‌هه‌راو زه‌نای‌ سیاسیه‌كان نیه‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتر چی‌ ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌ق و تۆقیش هه‌یه‌، بەڵام مناڵه‌كان بۆ وێنه‌گرتن له‌ده‌ورمان كۆده‌بنه‌وه‌ .

ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ ئازایه‌تی‌ نیه‌ ئه‌ركه‌، ئه‌ركێك كه‌ تا ئێستا حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ وه‌ك پێویست پێی‌ هه‌ڵنه‌ساون، له‌كاتێكا سه‌ره‌تاتكێی‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ هه‌راسان كردوه‌و كه‌سیش نقه‌ی‌ لێوه‌ نایه‌ت، حكومه‌تی‌ عێراقیش له‌بری‌ چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌ په‌یتا په‌یتا بیر له‌ پڕچه‌ككردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ به‌ بڕوای‌ من خه‌راپترین مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچه‌ گه‌رمانه‌، یه‌كێ‌ له‌ گرفته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌یه‌ حیزبایه‌تی‌ تیاده‌كرێ‌ حیزبایه‌تیه‌كی‌ به‌رباد ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ زۆر جار خه‌مه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌، كه‌ خه‌می‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌و پاراستن و گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیان و ئاوه‌دانیه‌ بۆیان له‌بیر بكرێت .

له‌عه‌لی‌ سه‌رای‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و كتێبخانه‌یه‌مان كرد كه‌ ره‌جه‌ب كاكه‌ی‌ "چالاكێكی‌ كاكه‌ییه‌كانه‌" كردویه‌تیه‌وه‌ و كتێبی‌ بۆ په‌یدا كردوه‌، راستی‌ ئه‌و كاره‌ بۆ مێژو كارێكی‌ تابڵێی‌ جوانه‌ هه‌ق بو وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و پارێزگاری‌ كه‌ركوك بایه‌خ به‌و كتێبخانه‌یه‌ بده‌ن و ئاوه‌دانی‌ بكه‌نه‌وه‌، له‌وێ‌ كتێبه‌كان به‌ بێنازی‌ كه‌وتون و خانوه‌كه‌ش له‌ئان و ساتی‌ هه‌ره‌سدایه‌، عه‌لی‌ سه‌رای‌ گوندێكی‌ كاكه‌یی‌ نشینه‌، كاكه‌ییه‌كان یه‌كێ‌ له‌ره‌سه‌نترین ریشه‌كانی‌ كورده‌وارین، كه‌ به‌ درێژایی‌ مێژو له‌به‌رده‌م كوشت و بڕو سڕینه‌وه‌دا بونه‌، بەڵام ئه‌وان هه‌ر به‌ پێوه‌ن و به‌رده‌وامی‌ به‌ ژیان ئه‌ده‌ن، ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه‌ی‌ ئه‌وان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌دایه‌و پێشتریش له‌ساڵانی‌ رابردودا هه‌وڵێكی‌ زۆر هه‌بوه‌ بۆ قڕكردنیان، تا ئێستا حكومه‌تی‌ كوردستان هیچ رێگه‌ چارێكی‌ نیه‌ بۆ ئه‌وان لانیكه‌م له‌و ناوچانه‌ كارێ‌ بكات كه‌ به‌ خۆیان ناوچه‌كانیان بپارێزێ‌، ئه‌وان راشكاوانه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكی‌ ئه‌رێنیان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌وه‌ش وای‌ كردوه‌، كه‌ هه‌ندێ‌ شوێنی‌ گرنگ له‌ده‌ست بده‌ن له‌رابردودا بۆ نمونه‌ "ته‌له‌ی‌ دووسه‌ر" یان گردی‌ دو سه‌ر كه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌و ئێستا له‌ژێر چنگی‌ داعشدایه‌، راستی‌ لانیكه‌م وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ ده‌توانن هه‌ر كاكه‌ییه‌كانی‌ ئه‌و سنوره‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان دابنێن و پارێزگاری‌ ئه‌و ناوچانه‌یان پێبكه‌ن ئه‌مه‌ بۆ ناوچه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ تریش راسته‌ .

ئه‌م ئاواییانه‌ دیواری‌ به‌ربه‌ست و گیانفیدای‌ پاراستنی‌ كوردستانن، ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانێ‌ دیواره‌كان بپارێزێ‌ هه‌رگیز ناتوانێ‌ چه‌ق بپارێزێ‌، له‌دیرۆكی‌ كۆندا هه‌ركات دیواره‌كانی‌ قه‌ڵا ده‌كه‌وتن ئیدی‌ ناوه‌ندی‌ قه‌ڵاش ده‌كه‌وت.