|
ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شۆڕیجه و میدیای كوردی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج |
05/12/2014 |
راستی من له‌وه بومه‌ته‌وه دیسان بكه‌ومه گلەیی و گازنده و سه‌رزه‌نشتی ئه‌وانه‌ی كه وه‌ك پێویست ئاوڕ له خوێنی كه‌ركوكیه‌كان ناده‌نه‌وه و ژماره‌كان ده‌بنه هه‌واڵ و ته‌واو، ئێمه چه‌ند ساڵێك مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ شه‌هیده‌كان گێڕانه‌وه‌ی ئازاره‌كه بو، ئازاره‌كه‌یان، نه‌ك ژماره‌كان، به‌ڵام له كه‌ركوك گۆڤار و رۆژنامه‌كان یه‌ك یه‌ك هه‌ڵوه‌رین و دڵ و قودسیش هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه، میدیای كوردی هێشتا نه‌یتوانیوه، نه‌یویستوه، یان باشتره بڵێین نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی له قه‌باره‌ی ئه‌م هه‌مو قوربانیه تێبگات، بۆ ئه‌و ژماره گرنگتره، بۆیه پرسیاری یه‌كه‌می میدیاكاران له ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش پرسیاری ژماره‌ی شه‌هید و برینداره‌كانه، ئه‌گه‌ر چی له‌وه‌شدا زۆرجار ناهه‌قی ده‌كرێت و ناوترێ شه‌هید، له كاتێكا لانی كه‌م ئه‌م ئاماژه‌یه دڵی كه‌س و كاریان و كه‌ركوكیه‌كانیش ئاسوده تر ده‌كات.
پێشتر ئێمه چیرۆكه‌كانمان ده‌گێڕایه‌وه به‌و هیوایه‌ی ده‌سه‌ڵات موچوڕكێك به گیانیا بێت، لێ نه‌موچوڕك و نه‌هیچ ژماره‌كان گرنگ تربون، له شه‌ڕی ناوخۆدا هه‌ندێك جار هه‌ستت ده‌كرد جۆرێك له په‌له‌كردنی حیزبیانه هه‌یه بۆ زیاتر به كوشتدانی خه‌ڵك، ئه‌مه‌ش یه‌كێ بو له رێگه‌كانی په‌یوه‌سته‌گی و گرێدانی حیزبی، نیگه‌رانی ئه‌وه‌م له‌م دۆخه‌شدا هه‌مان چیرۆك دوباره بێته‌وه، ژماره‌كان تادێن هه‌ڵده‌كشێن و ته‌قینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامن، گه‌رچی هه‌ندێجار بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌م ده‌بنه‌وه، ته‌قینه‌وه‌كان ژماره‌كان ده‌خه‌نه سه‌ر یه‌كتر و له خاڵه‌كانی پشكنینی هه‌رێمی كوردستانیش به تایبه‌ت له خاڵی پشكنینی هه‌ولێر ئازاری كه‌ركوكیه‌كان ئه‌درێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی خه‌ونه‌كه‌ی بارزانیه، له 1-1-2004وه تا 31-3-2014 كه‌ركوك 2507 شه‌هیدی داوه، برینداره‌كان چوار هێندی ئه‌و ژماره‌یه‌ن بۆ هه‌مان ماوه 10369 بریندار و كه‌م ئه‌ندام بونه‌ته خاوه‌نی چیرۆكه تراژیدیاكانی ژیان، ئایه ئه‌وه‌نده به‌س نیه، ئایه بۆ میدیاكاره‌كان هه‌ر ئه‌وه گرنگه ئه‌م ژماره‌یه به‌رده‌وام هه‌ڵكشێ یان گه‌ڕان به‌دوای چیرۆكه‌كاندا له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 16-7-2007، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی مسته‌فا گه‌رمیانی تیا شه‌هید بو، چیرۆكی ده‌ستی په‌ڕیوی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه بۆ من زۆر كاریگه‌ر بو، كاتێ بینیم له په‌نا كۆڵه‌كه‌یه‌كا دانیشتبو هه‌مو جه‌سته‌ی خوێنی لێده‌چۆڕا كه‌چی ته‌ماشای ده‌سته‌په‌ڕیوه‌كه‌ی ده‌كرد كه كه‌مێ له‌ولاتره‌وه كه‌وتبو، ئه‌و كوڕه ئێستا له‌گه‌ڵ ژیاندا به‌رده‌وامه و دڵنیام چیرۆكی خۆی هه‌یه، به‌ڵام بۆ میدیایی كوردی بریندارێكه و هیچی تر ژماره‌یه‌كه له‌و ده هه‌زار كه‌سه.
میدیای كوردی به‌رانبه‌ر خوێنی كه‌ركوكیه‌كان زۆر خه‌م ساردانه مامه‌ڵه ده‌كات، بالانی كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كان بۆ 11ی سیپته‌مبه‌ر كردیان یه‌ك له سه‌دی ئه‌وه بكه‌ن، ئه‌و هه‌مو شه‌هید و برینداره نه‌دیواربه‌ندێكی شایسته، نه‌پارك و باخچه‌یه‌كی شیاو نه سومبولێكیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت په‌یكه‌ره‌كانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 28-7-2008 تائێستا بێ‌ناز كه‌وتون و نیوه‌یان شكاون و له‌ت و په‌ت بونه نه‌مبینی رۆژێ له رۆژان كه‌ناڵێك راپۆرتێكیان له‌سه‌ر بكات.
ئێمه هێشتا ماوین و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شۆڕیجه و هه‌ڵوێستی میدیای كوردیشمان جارێكی دیكه دیته‌وه، رۆژه‌كان ده‌ڕۆن و هه‌مو ئه‌مانه بیر ده‌چنه‌وه وه‌ك چۆن ئه‌نفال و كیمیاباران زۆركات ته‌نیا یه‌ك دو رۆژ بیرده‌كه‌ونه‌وه و ته‌واو. |
|
|