|
ساڵێكی تریش! له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج |
01/01/2015 |
ساڵی 2014ش رۆی، ئه‌و ساڵه‌ش بارگه‌و بنه‌ی پێچایه‌وه و ته‌واوی لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵوه‌رین، به‌ڵام نه كوردستان سه‌ربه‌خۆ بو، نه كه‌ركوك گه‌ڕایه‌وه "گه‌ڕێنرایه‌وه" سه‌ر هه‌رێم، نه داعش له سنوره‌كانمان دوركه‌وتنه‌وه، نه شه‌نگال و كۆبانی به‌ته‌واوی رزگاركران، نه‌تارمای مالیكی به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ئاسمانی عێراق نه‌ما، ئه‌و ساڵه‌ش رۆیشت و هێشتا عه‌بدوڵا ئۆجالان له زیدندانی ئیمرالیه، هێشتا كیسه‌ڵی كۆڵه‌پشتی ئاشتی له كۆڵی توركیا نوزه‌كانی ناگه‌نه گوێی سه‌رانی ئه‌نكه‌ره، هێشتا سه‌رانی ئاكپارتی له‌بری ئاشتی كردن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی پرسه‌كه بۆ هه‌مان پرس ئاشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر ده‌كه‌ن، ئه‌و ساڵه‌ش رۆی قه‌یران به‌رده‌وامه، هێشتا زۆرن ئه‌وانه‌ی سرودی "ئه‌گه‌ر خه‌می نان لێمگه‌ڕێ" ده‌چڕن، هێشتا رۆژانه له كۆی سنوره‌كانه‌وه خواردن و دا‌و ده‌رمان و بیروبۆچونی ئێكسپایه‌رمان بۆ دێ، ئه‌وان بسكیت و جبسی ئێكسپایه‌ریش بۆ مناڵه‌كانمان ده‌نێرن و ده‌یانه‌وێ هه‌میشه ئێمه له‌به‌رده‌م شێوازه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌نفالدا ببینن.
ساڵی 2014ش تێپه‌ڕی و هێشتا نیشتمان دیلی گه‌نده‌ڵی و نادادی و سته‌مه، هه‌ندێك له ساڵدا ده‌بنه ملیاردێر و هه‌ندێكیش به ناخی زه‌ویدا رۆده‌چن، ساڵێكی تر رۆی هێشتا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كوردستانی باشور به‌پێوه‌ری سیاسه‌تی كاتی كارده‌كات و نایه‌وێ سبه‌ینێ روتر ببینێ، هێشتا به‌لای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه، مرۆڤ له ژماره زیاتر هیچی تر نیه، بۆ ئه‌وان مرۆڤ سه‌نته‌ر و بنچینه نیه، ژماره‌ی ئه‌و داره‌وه‌یه كه ده‌یده‌نێ ئه‌و دراوه‌ی بیست و سێ ساڵه وه‌ك منه‌ت ده‌یده‌ن به خه‌ڵك و سیاسه‌تی نه‌رماندن و به كه‌روێشك كردنی خه‌ڵك پیاده ده‌كه‌ن.
ساڵێكی تریش تێپه‌ڕی و نه‌ك كوردی چوار پارچه‌ی نیشتمان ته‌نانه‌ت كوردی چه‌ند شارێكی باشوریش نه‌یانتوانی زمانی هاوبه‌ش بۆ ژیان كردن و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه، هێشتا مرۆڤه‌كان به‌پێی خواستی ده‌سته‌و لایه‌ن و گروپه‌كان به‌سه‌ر ره‌نگه‌كاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن و ره‌هه‌ندی نێوان چینه‌كان تا دێ گه‌وره و گه‌وره تر ده‌بن، ساڵێكی تریش رۆیی و نه‌مانتوانی پێكه‌وه كورتترین گۆرانی بۆ نیشتمان بڵێین، نه‌مانتوانی گیانی مرۆیی بون و لێبورده‌یی بخه‌ینه سه‌رو ئه‌ندێشه‌ی حیزبی و ده‌رباریه‌وه، ساڵێكی تر هات و ئێمه‌ش هێشتا له‌و شوێنه‌ین كه 1-1-2014 لێی بوین، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێ نه‌ڕۆیشتبینه دواوه، هێشتا ناتوانین یه‌كتر به باشی ببینین، هێشتا ده‌رده‌كورد به‌رده‌وامه، ساڵێكی تر هات و ئێمه ئومێدی دنیامان هه‌یه، تۆ بڵێی ساڵی ئاینده ساڵی خۆخاوه‌نی و له‌سه‌ر پێی خۆوه‌ستان بێت وه‌ك ئێمه خه‌ونی پێوه ده‌بینین.
ساڵێكی تریش تێپه‌ڕی و ئێمه‌ش هیوا و ئومێده‌كانمان گرێ داوه به‌ساڵی ئاینده‌وه. |
|
|