Print WWW.SBEIY.COM
 وه‌زاره‌تی‌ دارای‌ و كۆمپانیاكانی‌ حیزب
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
15/01/2015

ئه‌وه‌خێره‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، شه‌ش مانگ پاشه‌كه‌وتی‌ نیه‌ و ناچاره‌ له‌ ده‌رگای‌ ئه‌م و ئه‌و بدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، له‌ كاتێكا كۆمپانیاكانی‌ حیزب غه‌رقی‌ سه‌روه‌ت و سامانن، كاتێ‌ مه‌لا به‌ختیار راستیه ‌تاڵه‌كه‌ی‌ وت له‌باره‌ی‌ ژێر زه‌مینه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ بو كه‌ شێخ بایز رون و ره‌وان وتی؛‌ من ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ نیم حكومه‌ت چی‌ هه‌یه‌ و چی‌ نیه‌، ئاخر له‌ كوێی‌ دنیادا بوه‌ له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵدا زیاتر له‌ 70 ملیاردۆلار ئه‌وه‌ی‌ دیاره‌ بێته‌ سه‌ر حسابی‌ حكومه‌تێكی‌ 5تا6 ملیۆن كه‌سی‌ و ئێستا بانكه‌كانی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ "خشه‌ی‌ دێ‌ و مشه‌ی‌ دێ‌" بڵێن، ئه‌وه‌ خێره‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ دادوبێدادی‌ ئه‌وه‌یه‌تی‌ پاره‌ی‌ نیه‌و كۆمپانیاكانی‌ حیزب رۆژنامه ‌و گۆڤار و ترومبێل و ریكلام و پاسه‌وان و هه‌مو شتێكیان هه‌یه‌ و رۆژانه‌ داهاتیان زیاد ده‌كات.

بیست ساڵه‌ پاره‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ كه‌س نازانێ‌ ده‌چێته‌ گیرفانی‌ كێوه‌و باسی‌ ده‌وڵه‌تمه‌داری‌ ده‌كرێت، هه‌ندێك كه‌س به‌ر له‌ بیست ساڵ نان نه‌بو بیخۆن ئێستا له‌ فیرعه‌ونه‌كان پڕ سامانترن، موچه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ له‌نگازو هه‌ژاریش نادرێ‌، ده‌گمه‌نن پیاوه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ ناو حیزبه‌ قۆرخكاره‌كانی‌ كوردستان له‌ پشت كۆمپانیاو مانیفاكتۆرو ماركێت و به‌نزینخانه‌و ناوه‌ندێكی‌ گه‌وره‌وه‌ نه‌بن، خه‌ڵكیش ده‌بێ‌ سكی‌ خۆی‌ هه‌ڵگوشێ‌، ئه‌مجۆره‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و حكومه‌تایه‌تی‌ له‌كوێی‌ دنیا هه‌یه‌، حیزبه‌كان مه‌كته‌بی‌ دارایی‌ و ئیداره‌ی‌ گشتی‌ و كارگه‌ و كارخانه‌یان هه‌بێت و حكومه‌تیش كۆی‌ كارگه‌و كارخانه‌كانی‌ له‌كار كه‌وتبێتن و هه‌ندێكیان دوای‌ 25 ساڵ هێشتا ئاسه‌واری‌ تاڵانی‌ 1991 یان پێوه‌ بێت، ئایه‌ ده‌توانین تاچه‌ندی‌ تر به‌م شێوه‌یه‌ خۆڕاگربین و هیچ نه‌ڵێین، له‌ كاتێكدا ده‌گوترا ئه‌گه‌ر خه‌ڵك شه‌ش مانگ توانای‌ خۆگرتنی‌ هه‌بێت، ئێمه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ راده‌گه‌یه‌نین، ساڵی‌ 2014 هه‌رهه‌موی‌ ساڵی‌ خۆڕاگری‌ خه‌ڵك بو هیچیش رانه‌گه‌یه‌نرا، ئه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ساڵی‌ 2015 شداین هێشتا هه‌نگاوه‌كانی‌ خۆخاوه‌نی‌ نه‌ك هیچیان دیار نین ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش پاشه‌كشه‌مان كردوه‌ كه‌ له‌مه‌وبه‌ر ده‌مانگوت.

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا له‌ هیچه‌وه‌ بونه‌ خاوه‌نی‌ هه‌مو شتێك بیانه‌وێ‌ یان نا ئه‌وه‌ی‌ هه‌یانه‌ هی‌ خۆڕاگری‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌یه‌ بۆیه‌ به‌رپرسیارن له‌وه‌ی‌، كه‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌ راستكردنه‌وه‌ی‌ شكست و قه‌یرانی‌ دارایی‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بێ‌ بونی‌ ئه‌م خه‌ڵكه ‌و ئه‌م خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریه‌ هیچ نین، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت رون و ره‌وان پێیان بڵێت ناكرێ‌ ئێوه‌ پۆشته‌و په‌رداخ و ده‌وڵمه‌ند بن و میلله‌ت نانی‌ شه‌وی‌ نه‌بێت، بۆئه‌مه‌ ده‌بێت هه‌نگاوی‌ تربنرێت لانی‌ كه‌م وه‌ڵامی‌ قسه‌كه‌ی‌ مه‌لابه‌ختیار بدرێته‌وه‌، كه‌ باسی‌ پاره‌ی‌ زۆرو زه‌وه‌ندی‌ ژێرزه‌مینه‌كانی‌ ده‌كرد.