Print WWW.SBEIY.COM
 ئینساندۆستی گێلانه‌
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
16/02/2015

ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات له‌ مێژو دابڕانی مرۆڤایه‌تیه ‌و هیچی تر، داعش كێن و كوڕی كێن و كێ‌ له‌ پشتیانه‌وه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌مو پرسیارگه‌لی بێمانان، له‌ كاتێكا ئیدی داعش به‌ كورد سه‌ری كورد ده‌په‌ڕێنێ‌ و به‌ عه‌ره‌ب عه‌ره‌ب ده‌سوتێنێ‌ به‌ ئه‌وروپی ئه‌وروپی، راستی ئه‌وه‌یه‌ داعش له‌ هه‌مو به‌هایه‌كی ئینسانی داشۆراون، ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ دروست ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ ناسنامه‌ی ئینسانی بون بده‌نه‌وه‌ به‌و گروپه‌، ئێستا داعش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ شه‌ڕی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی تر وێنا بكات، ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ بیانوی تر بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌یكات، بیانو بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایی به‌ شه‌ڕه‌كه‌ی بدات، داعش پێشتر به‌ بیانوی بونی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خاكی موسڵمانان شه‌ڕی ده‌كرد، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستچو، پرسی شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتی وروژاند، ئێستا ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ بكاته‌ شه‌ڕی كوردو عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌ كورد و عه‌ره‌ب زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ ئه‌جندای دیكه‌ش له‌ گه‌ڕدایه‌، ئێستا هه‌وڵێكی چڕ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی شیعه‌ و سونه‌ش تێكبه‌ردرێنه‌وه‌، له‌ دۆخی ئاواداو له‌ دۆخێكدا كه‌ هیچ تروسكه‌یه‌ك نیه‌ بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ داعش بكرێ‌، یان له‌ بنه‌ڕه‌تا داعش هیچ بوارێكی بۆ گفتوگۆ نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌، شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ نێوی ئینساندۆستی.

داعش زۆرباش ده‌زانێ‌ كاتێ‌ هوجام به‌ كوردێك ده‌كوژێ‌، بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، زۆر باش ده‌زانێ‌ سوتاندنی كه‌ساسیبه‌ مانای چیه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كات، داعش ده‌زانێ‌ چی ده‌كات، نیشاندانی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان له‌نێو قه‌فه‌سدا و به‌ جلی سوره‌وه‌ هه‌وڵێكی دڕندانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توڕه‌یی كورد زیاد بكات به‌رانبه‌ر عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ كاتێك كه‌ ده‌شبینین عه‌ره‌به‌كانی حه‌ویجه‌ له‌بری به‌ گژا چونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ هوتافی نه‌ته‌وه‌ گه‌ریانه‌ی كوێرانه‌ ده‌كێشن، هوتافگه‌لێكی ترسناك رێك له‌و كاته‌دا كه‌ پێویسته‌ عه‌ره‌به‌ ژیره‌كانی حه‌ویجه‌ به‌ داعش بڵێن ئێمه‌ ئه‌وه‌تان لێقبوڵ ناكه‌ین، راستی ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌و كرده‌وانه‌ی داعش بێنه‌ ده‌نگ، پێویسته‌ كورد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وامدا بێت، ئایه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌بكه‌ین، ئه‌وه‌ی بۆ من مایه‌ی سه‌رسامیه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك بڕوبیانوی سه‌یر ده‌هێننه‌وه‌ بۆ كرده‌وه‌كانی داعش و گوایه‌ ئه‌وه‌ش گرێ‌ ئه‌ده‌ن به‌ ئینساندۆستیه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت ئینساندۆستی له‌ گه‌ڵ ئینسان ده‌كرێت، نه‌ك له‌ گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ ئه‌و په‌ڕی توندڕه‌وی ده‌نوێنن، ئه‌و توندڕه‌ویه‌ هیچی بۆ گفتوگۆ و دانیشتن نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ ناچاری ئه‌وه‌ ده‌كات بیر له‌ رێگه‌ی تر بكه‌ینه‌وه.

ره‌نگه‌ هه‌ندێ‌ جار له‌ روی سۆزو ئه‌و ئازاره‌وه‌ كه‌ ده‌یبینین، بیركردنه‌وه‌كه‌مان ئاوێته‌ی ئاوه‌ز نه‌بوبێت، راسته‌ ئه‌مه‌ش ئازارێكی تره‌، به‌ڵام كێ‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ناو ئاگره‌كه‌ له‌مانای سوتان ده‌گات، ئێستا كه‌سوكاری ئه‌و دیلانه‌ و زۆری تریش توڕه‌ن، به‌ راده‌یه‌ك توڕه‌ن، كه‌ مرۆڤ ناتوانێ‌ هه‌قیان نه‌داتێ‌، به‌ڵام ده‌سبه‌رداری ئینساندۆستی خۆیان نه‌بونه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وان ئێستا تیایاندا هه‌بێت كه‌فیلی ماڵه‌ عه‌ره‌بێ‌ بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی ئینساندۆستیه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ‌ ئه‌م هه‌قیقه‌تانه‌ نه‌وترێ‌، كورد له‌وه‌شدا هه‌قی خۆیه‌تی پرسیاری ئه‌وه‌ بكات باشه‌ بۆ ده‌بێت عه‌ره‌ب ده‌رهه‌ق به‌و سته‌مكاریه‌ هه‌ڵوێستی نه‌بێت، ئێستا ئه‌گه‌ر ناتوانین پێكه‌وه‌بژین بۆ ده‌بێت فریوی خۆمان بده‌ین، ئینساندۆستی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكانێك ده‌كرێت كه‌ بواری ئه‌وه‌یان تیا بێت قسه‌ وه‌ربگرن، ئه‌م بزتنه‌وه‌ توندڕه‌وه‌ ترسناكه‌ نه‌ك عه‌ره‌بی له‌ شوێنێكا چه‌قاندوه‌، بگره‌ زۆر گه‌ڕاندویه‌تیه‌ دواوه‌ ئه‌وه‌ قسه‌ی من نیه‌ ئه‌وه‌ قسه‌ی بیر مه‌ندێكی وه‌ك محه‌مه‌د عابد جابریه‌، جابری پێیوایه‌ له‌ دنیای عه‌ره‌بدا ئێستا توندڕه‌وی كه‌وتوه‌ته‌ سه‌نته‌رو میانه‌ڕه‌وی له‌ په‌راوێزدایه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌ڕی ترسه‌كه‌یه‌، تۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌م توندڕه‌ویه‌دا كه‌ خۆی ده‌كات به‌ سه‌نتراڵ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت، من لاموانیه‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وان توندڕه‌وی دیكه‌ به‌رهه‌مبێنێ‌، وه‌ك چۆن ئینساندۆستیش له‌گه‌ڵیان گێلێتیه‌، ئاخر ئینساندۆستی له‌گه‌ڵ كێ‌، ئه‌وانه‌ی سه‌ری هوجامیان په‌ڕاند، ئه‌وانه‌ی كه‌ساسیبه‌یان سوتاند، یان ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نوسه‌ یابانیه‌كه‌یان كوشت، ئه‌وانه‌ هیچ بوارێكیان بۆ قسه‌ نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ق نیه‌ له‌سه‌ر توڕه‌ بونی كه‌سوكاری دیله‌كان یان وتارێك كه‌ ئازاری تیا به‌دی ده‌كرێت، لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بكرێت.