Print WWW.SBEIY.COM
 نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ ئامه‌د
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
14/03/2015

زۆربه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مساڵ له‌ نه‌ورۆزدا ئاپۆ راسته‌وخۆ به‌ ڤیدیۆ قسه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و ئاماد بكات، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هیچ له‌مپه‌رێكی یاسایی دروستنه‌كرێت و نه‌یارانی گفتوگۆی ئاشتی له‌ ئێستاوه‌ نه‌كه‌ونه‌ ته‌ققه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر كوردیش له‌و گه‌مه‌ی رێگریه‌دا به‌شداری نه‌كات، چونكه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ له‌ هه‌مو گه‌مه‌یه‌كی دژ به‌خۆیدا كورد كاره‌كته‌ره‌، وه‌ك مامره‌كه‌ی خۆڵ ده‌كات به‌سه‌ر خۆیدا، ئاخر گه‌لۆ یه‌شار كه‌مال كاندیدی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ده‌بێ‌ مه‌حمود باكسی چی ده‌ستده‌كه‌وێ‌ رێگری ده‌كات، غێر ده‌رده‌كورده‌كه‌ی مه‌حمود زامداری ره‌وانشاد، ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ كورد نه‌بێ‌ مامۆستا هه‌ژارێكی كوردیزان بۆچی چێشتی مجێور به‌و جۆره‌ ده‌نوسێ‌، بۆچی له‌ "بۆ كوردستان"دا ئاگری دوبه‌ره‌كی خۆش ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ كورد نه‌بێ‌ ئه‌وانه‌ كێن له‌ شێخ ره‌زا ده‌خوێنن، تا ده‌ریكه‌ن له‌ كه‌ركوك، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ كورد نه‌بێ‌ ساڵح قه‌لابێكی فیتنه‌چی كۆنه‌ به‌عسی له‌ هه‌زار ئاو داو، چی داوه‌ له‌وه‌ی درۆی قه‌به‌ قه‌به‌ بكات، له‌ كاتێكا زانیاریه‌ ناڕاسته‌كان له‌ ماڵی كورده‌وه‌ چونه. هه‌رچه‌ند قسه‌كه‌ بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ و ئاخاوتنی ئۆچئالانه‌، لێ‌ كاتی خۆیه‌تی بپرسین، خودایه‌ سبه‌ینێ‌ ئه‌گه‌ر دۆسیه‌كان هه‌ڵدرێنه‌وه‌، داخۆ چه‌ند ساڵح قه‌لاب و میسال ئالوسی و موشعان جبوری و ئه‌حمه‌د مالیكی و كێ‌ و كێ‌ له‌ كوردستان زه‌وی و ڤێلاو ته‌لاریان كراوه‌ته‌ دیاری.

من یه‌ك دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باسی ئه‌وه‌م كرد كه‌ په‌كه‌كه‌ چه‌ك دانه‌نێنن، ئێستاش له‌ سه‌ر هه‌مان باوه‌ڕم، چه‌ك دانان په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێ‌ كردنی ئاشتیه‌وه‌، ناكرێ‌ ده‌بابه‌و تانك له‌ باكوری كوردستان ته‌راتێنیان بێت و باسی چه‌ك دانان بكرێت، ئه‌و ده‌مه‌ ده‌نگی ئاشتی به‌سه‌ر زرمه‌ی تۆپه‌كاندا زاڵ ده‌بێت، كه‌ لوله‌ی تۆپه‌كان به‌رانبه‌ر باكوری كوردستان و په‌كه‌كه‌ چه‌مابنه‌وه‌، هێشتا لوله‌ی تۆپه‌كان به‌ ته‌واوی لول نه‌كراون، هه‌ندێك لوله‌ له‌نێو حیزبه‌ توندڕه‌وه‌كان و له‌نێو پارله‌ماندان، ئه‌وه‌ش ده‌رده‌ توركه‌، دیاره‌ خودا بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه ‌و گه‌لێك ده‌ردێكی بۆ ناردون، لێ‌ ده‌ردی عه‌ره‌ب هه‌زار ده‌رده‌ تۆ سه‌یركه‌ له‌ ساڵی پازده‌ی هه‌زاره‌ی دوه‌می زایندا بیت و سه‌رگه‌رمی جێبه‌جێ‌ كردنی خه‌ونه‌كانی ئیبن ته‌یمیه‌ بیت، ئیبن ته‌یمیه‌یه‌ك كه‌ به‌بڕوای من جگه‌ له‌ سه‌ربازێكی شه‌ڕكار هیچی دی نه‌بوه‌، له‌وه‌ی گه‌ڕێن، دێینه‌وه‌ سه‌ر نه‌ورۆزه‌كه‌ی ئامه‌د ئه‌گه‌ر ئاپۆ راسته‌وخۆ قسه‌ بكات جۆش و خرۆشێكی تر ده‌درێ‌ به‌ ئاشتی و ئاپۆ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌و پرسی باشور و رۆژئاواو زۆر مه‌سه‌له‌ی دیكه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت باسی ئاشتی له‌ توركیا له‌ سه‌رو هه‌مو پرسه‌كانه‌وه‌یه‌، راستی من هه‌ستده‌كه‌م كاریگه‌ری ئه‌و سیاسه‌تی ئاشتی سه‌پاندنه‌ و به‌ ئاشتی چونه‌پێشه‌وه‌یه‌ خه‌ریكه‌ له‌ باشوریش ره‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌ی بارزانی له‌و یه‌ك دو رۆژه‌ باسی كرد له‌ په‌یوه‌ند به‌ باشوری كوردستان و عێراقه‌وه‌ شتێكه‌ له‌و جۆره‌، مرۆڤ هه‌قه‌ ئه‌مانه‌ به‌ باشی ببینێ‌.

شتێك نیه‌ ناوی چه‌كدانان بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێده‌نگكردنی چه‌كه‌كانه‌، كه‌ی تۆپه‌كان بێده‌نگ بون كڵاشینكۆفه‌كانیش بێده‌نگ ده‌بن، توركیا ده‌بێ‌ ئه‌و راستیه‌ بزانێ‌ جگه‌ له‌ ئاشتی هیچی تر دادی نادات، ئه‌وه‌تا رۆژانه‌ كچان و كوڕانی كورد ته‌ڤلی په‌كه‌كه‌ ده‌بن و كۆبانیش خه‌ونی ئاردۆغانی زڕكرد، توركیا له‌ كۆی گه‌مه‌ی ناوچه‌كه‌دا هێشتا كاره‌كته‌رێكی دۆڕاوه‌، بۆیه‌ پرسی ئاشتی به‌رله‌وه‌ی بۆ كورد بێت بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ئاكه‌په‌، ئه‌مه‌ش هه‌م لای ئه‌وان رونه‌ هه‌م لای نه‌یاره‌كانی ئاشتی، بۆیه‌ له‌ مپه‌ریش هه‌ن، ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت، كه‌ پرۆسه‌كه‌ی توركیا له‌ ئێراق و سوریاش شكستی هێنا و لای رۆژئاواش توركیا توركیای جاران نیه‌، ئه‌گه‌ر ئێستا كتێب بنوسرێ‌ ده‌نوسرێ‌ "ئێران له‌ ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكادا دوای شكستی ئاكه‌په‌" ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی تره.

نه‌ورزۆزی ئه‌مساڵ، نه‌ورۆزێكی جیاواز ده‌بێت، جیاواز به‌و مانایه‌ی ده‌شێ‌ ئیدی منداڵانی كورد به‌ فه‌ڕمی دوای ئه‌و نه‌ورۆزه‌ به‌ كوردی بخوێنن، ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ ده‌بێت له‌ مێژوی توركیاو باكوری كوردستاندا.