Print WWW.SBEIY.COM
 داعش له‌ پارله‌ماندا
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
25/03/2015

ره‌وتاری داعشیانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ ئیدی جگه‌ له‌ خۆت كه‌سی دیكه‌ت قه‌بوڵ نه‌بێ‌، له‌ بری زمانی گفتوگۆ، بۆكس و شه‌ق به‌كاربێنی، چما كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ره‌وتاری داعشیانه‌ و پۆستداعشیانه‌ نه‌بو، هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ هه‌ر كه‌س تۆ گه‌ره‌كت بێت ره‌وتاری داعشیانه‌ نیه‌، دزینی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك ره‌وتاری داعشیانه‌ نیه‌، له‌ بری گفتوگۆ په‌لامار ده‌ده‌یت و له‌ شه‌ڕی راستیشدا هه‌ڵدێی، ئه‌دی ره‌وتاری داعشیانه‌ چیه‌، سه‌ره‌تایی ترین وێنه‌ی پارله‌مان جیاوازیه‌، چما جیاوازی وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆكس و شه‌قه.

پارله‌مان ئه‌گه‌ر گریمان بۆكس و شه‌قیشی تیا بێت ده‌بێ‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ رویدا من نازانم بارزانی ئه‌و جۆره‌ ره‌وتار داعشانه‌ی بۆچیه‌، چما ئه‌و كوڕی مه‌لا مسته‌فا نیه‌، مه‌لا مسته‌فاش كوڕی میلله‌ت نه‌بو، ئیدی چ پێویستی به‌و ره‌وتار داعشانه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدیدایه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ پارله‌مانتارێك ده‌درێ‌، نا له‌به‌رئه‌وه‌ی سیماكانی پێكه‌وه‌یی له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه‌، راستی گریمان دو پارله‌مانتاری گۆڕان یان یه‌كێتی له‌ پارله‌مانتارێكی پارتیان ده‌دا داخوا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هه‌روه‌ك روداوێكی ئاسایی سه‌یری ده‌كرد، روداوه‌كه‌ ئاسایی نیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر شه‌ق له‌ پارله‌مان بێت گوله‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، كاتێك گوله‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ بو ئیدی مافیا ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، تۆ وه‌ره‌ ئه‌و هه‌مو شته‌ روبدات و هێشتا بڵێن نابێ‌ قسه‌ بكرێ‌.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیداره‌ و حكومه‌ت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێ‌ دڵنیام عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح حه‌سانه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی فریای كه‌وتوه‌، ده‌نا ئه‌و چی له‌ كاوه‌ و سه‌رده‌شت و سۆران و ره‌وف ئاكره‌یی و رێناس و حاكم ته‌حسین و ئه‌وانی دیكه‌ زیاتره‌، مه‌سه‌له‌كه‌ شه‌ق و بۆكس نیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بیركردنه‌وه‌ی داعشیانه‌یه‌، كوشتنی جیاوازیه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ عه‌لی حه‌مه‌ ساڵحیان دا بیركردنه‌وه‌كه‌یان بڤه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان نیه‌ به‌ كاك ئه‌دهه‌م بارزانی بڵێن به‌ری چاوت به‌ كله‌، خۆ كاك ئه‌دهه‌میش به‌قه‌د عه‌لی زیاتری گوت.