Print WWW.SBEIY.COM
 چیرۆكه‌كانی‌ به‌هه‌ده‌ردان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
17/05/2015
رۆژ نیه‌ پارله‌مانتارێك یان ده‌زگایه‌كی‌ میدیایی‌، باسی‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ گه‌وره‌ گه‌وره‌ نه‌كه‌ن، به‌هه‌ده‌ردانی‌ هه‌زاران دۆنم زه‌وی‌، به‌ هه‌ده‌ر دانی‌ هه‌زاران بۆشكه‌ نه‌وت و گاز، به‌ هه‌ده‌ردانی‌ كاره‌با، به‌ هه‌ده‌ردانی‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار و تا دوای‌، بۆ هاوڵاتی‌ ساده‌ به‌ هه‌ده‌ر دان ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نیه‌ چیرۆكه‌كه‌ی‌ تا ئه‌وه‌ی‌ باشه‌ ئه‌وه‌ زانیمان، به‌ هه‌ده‌ر دانه‌كان ده‌ركه‌وتن، بەڵام ئه‌ی‌ ئه‌نجام، كێ‌ سزا درا، چی‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، چی‌ چاره‌سه‌ر كرا، ئه‌مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی‌ ده‌یه‌وێ‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ بزانێ‌.

خه‌ڵك ده‌زانێ‌ گه‌نده‌ڵی‌ كراوه‌و دزی‌ و راوه‌ڕوت كراوه‌، هه‌مو خه‌ڵك ئه‌وه‌ ده‌زانێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ رابردودا له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ مام جه‌لال توانای‌ وتاردانی‌ هه‌بو، باسی‌ كردبو، مه‌سعود بارزانی‌ له‌ گه‌رمه‌و سه‌رده‌می‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2011 باسی‌ كردو لیژنه‌ی‌ بۆ داناو راپۆرتی‌ لیژنه‌كه‌ش كاره‌سات بو، ئۆپۆزسیۆن له‌ كاتی‌ خۆیدا باسیان كرد، ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانیشمان نمونه‌ی‌ مالیكی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا باسی‌ كرد، كه‌واته‌ هه‌مو ده‌زانن، گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ و گه‌نه‌كاری‌ و ناپاكی‌ له‌ نیشتمان هه‌یه‌و به‌رده‌وامه‌، بەڵام چی‌ كراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌؟

ئه‌گه‌ر پاره‌ی‌ جوتیاران خوراوه‌، كێ‌ خواردی‌، بۆ خورا، چۆن نه‌دۆزرایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاره‌ی‌ خه‌یاڵی‌ پایته‌ختی‌ گه‌شتو گوزار خواره‌وه‌، به‌چی‌ خوراوه‌و چۆن، كێی‌ له‌سه‌ر سزا درا، ئه‌گه‌ر پاره‌ی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ و پاره‌ی‌ به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگێڕانی‌ یاساو پاره‌ی‌ گومرگ و پاره‌ی‌ پڕۆژه‌ گه‌لی‌ وه‌همی‌ خواره‌وه‌، له‌ڕێی‌ خوا، ئه‌وه‌ چۆنه‌ خۆمان ماوین و نه‌خوراوین، باشه‌ نه‌وترا ده‌یان ملیار دۆلار له‌ 2003وه‌ هێنراوه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌، ئه‌ی‌ كوا؟ ئه‌ی‌ بۆ ده‌بێ‌ به‌ناوی‌ شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌وه‌ سواڵ له‌ خه‌ڵكانێك بكرێ‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سامانه‌كه‌یان كامه‌ران موكری‌ وته‌نی‌ "خودا نه‌بێ‌ كه‌س نازانێ‌" چه‌ند كه‌س له‌ پای‌ ئه‌و هه‌مو دزی‌ و فزیه‌ سزادرا.

ئه‌رێ‌ گه‌لۆ ئه‌وه‌ خێره‌ دزه‌ بچوكه‌كان به‌ ده‌ست و چاو به‌ستراوی‌ له‌كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ نمایش ده‌كرێن و دزه‌ گه‌وره‌كان كه‌س ناتوانێ‌ نه‌بیاندۆزێته‌وه‌ نه‌بیانگرێ‌، ئاخر حكومه‌تێك كۆی‌ كاره‌كته‌ره‌كانی‌ باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ دزی‌ و نادادی‌ هه‌یه‌و هیچیان بۆ نه‌كرێ‌ بۆ هه‌یه‌، دزی‌ و خیانه‌ت و تاڵان و گه‌نده‌ڵی‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ باس بكرێت و به‌س، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بكەره‌كانی‌ بدۆزرێنه‌وه‌ و سزا بدرێن، ئه‌گه‌ر پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن توانای‌ ئه‌وه‌یان نیه‌ گه‌نده‌ڵێك بده‌نه‌دادگا، باشتره‌ بێده‌نگ بن تا ئه‌و كاته‌ی‌ "ته‌یره‌ ئه‌بابیله‌كان" دێن، ته‌یره‌ ئه‌بابیله‌كان دێنه‌وه‌ نێو شه‌قام و جاده‌كان و "بڕوخێ‌" ده‌ڵێنه‌وه‌، ئێ‌ خۆناكرێ‌ داوا له‌ خه‌ڵك بكرێ‌ له‌ بری‌ بڕوخێ‌ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌ و سته‌م بڵێ‌ " پایه‌دار بێت".

هه‌مومان چیرۆكه‌كان ده‌زانین، عه‌لی‌ باباكان له‌ كوێن.