Print WWW.SBEIY.COM
 هەدەپەو هه‌ڵبژاردن‌ لەتوركیا
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
23/05/2015
رۆژی‌ (7)ی حوزەیرانی داهاتو له‌توركیا 26ه‌مین خولی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پەرله‌مان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دیارترین ئه‌و پارتانه‌ی‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن "ئاكپارتی‌، مه‌هه‌په‌، جه‌هه‌په‌، هه‌ده‌پە" ن. ئێستا له‌كۆی‌ 550 كورسی‌ پەرله‌مانی‌ توركیا 317 كورسی‌ به‌ده‌ست ئاكه‌په‌و 231 كورسی‌ دیكه‌ به‌ده‌ست ئۆپۆزسیۆن و ئه‌وانی‌ دیكه‌وه‌یه‌، كورد به‌ سه‌ربه‌خۆ 35 كورسیان له‌و ژماره‌یه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كورد به‌و شێوازه‌و وه‌ك حیزبێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات، كۆی‌ دانیشتوانی‌ توركیا زیاتر له‌ 76ملیۆن كه‌س ده‌بن له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی‌ 20 ملیۆنی‌ كورده‌و زۆربه‌یان دابه‌شبون به‌سه‌ر 21 پارێزگای‌ توركیادا له‌كۆی‌ 81 پارێزگا، ئه‌و 20 ملیۆنه‌ ده‌كاته‌ زیاتر  20% دانیشتوانی‌ توركیا، له‌هه‌ڵبژاردندا توركیا ده‌كرێته‌ 85 بازنه‌، بازنه‌ زیاده‌كان هی‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵن.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر له‌ 55 ملیۆن كه‌س مافی‌ ده‌نگدانی‌ هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ (53.765.331) كه‌سی‌ له‌ناو توركیاو نزیكه‌ی‌ سێ‌ ملیۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، هه‌ده‌پە بۆ بڕینی‌ رێژه‌ی‌ 10% پێویستی‌ به‌ نزیكه‌ی‌ (5) ملیۆن ده‌نگ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ به‌پێی‌ به‌شداری‌ خه‌ڵك كه‌م و زیاد ده‌كات، به‌لای‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ده‌پە باڵی‌ سیاسی‌ په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ناو توركیا، ئه‌گه‌رچی‌ خودی‌ هه‌ده‌پە وه‌ك حیزبێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ده‌یه‌وێ‌ وه‌ك پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان به‌شداری‌ بكات و سود له‌ده‌نگی‌ ئازادیخوازانی‌ تورك و عه‌له‌ویه‌كان و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب و ئه‌وانی‌ تریش وه‌ربگرێ‌، ئه‌م تێزه‌ش به‌ كۆنفیدراڵی‌ دیموكراسی‌ دێته‌ ناسین و عه‌بدوڵا ئۆجەلان له‌نوسینه‌كانی‌ دوای‌ ساڵانی‌ 2000 به‌ دواوه‌ زۆر مكوڕه‌ له‌سه‌ری‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ خوازیارانی‌ ئاشتی‌ له‌ناو توركه‌كاندا به‌ راده‌یه‌كی‌ زۆر زیاد بكه‌ن، له‌كاتێكدا پێشتر زۆر دژایه‌تی‌  كورد هه‌بو.

به‌ربه‌ستی‌ 10% له‌دوای‌ كوده‌تای‌ ساڵی‌ 1980 هێنرایه‌ نێو ده‌ستوری‌ توركیاوه‌ و به‌ به‌ربه‌ستی‌ كه‌نعان ئیڤرین ناسراوه،‌ چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌ودا بو، ئه‌وه‌ش له‌ریفراندۆمێكدا كه‌ ساڵی‌ 1983 به‌ڕێوه‌چو، راسته‌ ئه‌م به‌ربه‌سته‌ زه‌مینه‌ی‌ دیموكراتیه‌تی‌ به‌رته‌سك كردوه‌ته‌وه‌، بەڵام پاڵنه‌رێكی‌ باشیش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ده‌پە خه‌باتی‌ زیاتر بكه‌ن له‌پێناوی‌ شكاندنیدا، هه‌رچه‌ندە لام وایه‌ ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌دا ئه‌م رێژه‌یه‌ هه‌ڵبگیرێ‌، ئێستاش هه‌ندێ‌ زه‌حمه‌ته‌ هه‌ده‌پە بتوانێ‌ بیشكێنێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌كوردی‌ باكور هێشتا له‌ژێر كاریگه‌ری‌ پانتوركیزم و سیاسه‌تی‌ ئاكپارتیدان  كه‌ وه‌ك حیزبێكی‌ ئیسلامگه‌را لێیده‌ڕوانن، هه‌رچه‌ندە ئاكپارتی‌ تائێستا به‌رانبه‌ر ئه‌وانی‌ تر ئاینی‌ ئیسلامی‌ وه‌ك چه‌كێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌ كار هێناوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ده‌پە تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ ناوی‌ كوردو كوردستان ناهێنێ‌، سته‌مێكی‌ گه‌وره‌ له‌ ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كات، هه‌ر ئه‌وان پێشتر ده‌یانوت په‌كه‌كه‌ توندڕه‌وه‌و ده‌یه‌وێ‌ توركیا دابه‌شبكات، وه‌ك چۆن ئاكپارتیش هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێن، هه‌مو توركیاش ده‌زانن كه‌ هه‌ده‌پە باڵی‌ سیاسی‌ په‌كه‌كه‌یه‌و ده‌یه‌وێ‌ كۆنفیدراڵی‌ دیموكراتی‌ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ شاره‌كان و ناوچه‌كان په‌ره‌ پێبدات، له‌ساڵی‌ 2006یشه‌وه‌ تا ئێستا ژماره‌ی‌ ئه‌و شارو شارۆچكانه‌ی‌ هه‌ده‌پە به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، پێشتر ناوی‌ به‌م جۆره‌ نه‌بو گه‌ یشتوه‌ته‌ 115 شاره‌وانی‌ ئه‌و ده‌م ته‌نیا 58 شاره‌وانیان به‌ ده‌سته‌وه‌بو.

زوڵمێكی‌ گه‌وره‌ ده‌كرێ‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ده‌میرتاش یان هه‌ركه‌سێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ده‌پە كوردی‌ نازانێ‌، ئاخر سه‌ت ساڵه‌ له‌وێ‌ زمانی‌ كوردی‌ وردو خاش ده‌كرێت و خۆیان وته‌نی‌ جینۆساید كراوه‌، ئێستا زوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و سته‌مه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ كۆتایی‌ پێبێت، هێشتا له‌توركیا زمان و گۆرانی‌ و سیاسه‌ت به‌ كوردی‌ ئازادی‌ ته‌واوی‌ به‌ ده‌ست نه‌هێناوه.

ئه‌گه‌ر هه‌ده‌پە به‌ربه‌ستی‌ 10% ببڕێ‌ له‌ناو ئه‌و هه‌مو سته‌مكاریه‌دا، ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد ئه‌گه‌رچی‌ ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ نه‌گاته‌ 60 كورسیش كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ناو 550 كورسیدا هێنده‌ كاریگه‌ر نابێ‌، بەڵام ئه‌وه‌ بۆ كورد گرنگه‌، به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ش توركیا له‌شه‌ڕو پشێوی‌ دور ده‌خاته‌وه‌، كه‌ له‌ئێستاوه‌ ئاكپارتی‌ و سوپا ئاماده‌ سازی‌ بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر چی‌ ئاسان نابێ‌، چونكه‌ ئیتر 2015 یه‌، ئه‌گه‌رچی‌ مه‌رجیش نیه‌ شتێكی‌ ئه‌و تۆ روبدات.