Print WWW.SBEIY.COM
  پرۆسەی گۆڕان لە بواری پەروەردە، چۆن دەست پێ بكرێت!
(1)

مه‌لا فه‌رمان
07/12/2008


به‌شی‌ یه‌كه‌م:
یەكێ لە ئامانجە سەرەكیەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە وڵاتێكی فرە نەتەوە و فرە ئایین و مەزهەب، برتییە لە ئاشناكردنی نەوەكانی ئەو وڵاتە بە چۆنیەتی پێكەوە ژیانی كەلتورە جیاجیاكان، قبوڵكردنی رای یەكتر و داننان بە بونی یەكتر. كوردستانی عێراق نمونەی ئەو وڵاتەیە ئەو فرەییەی لی بەدێ دەكرێت، گرنگترینیان بریتین لە:
 
- پێكهاتەی نەتەوەیی: لە كوردستان كورد، توركمان، عەرەب، كلد و ئاشوری بونیان هەیە و دانشتوی لە مێژینەی كوردستانن؛

- پێكهاتەی ئایینی و مەزهەب: ئیسلام ( شیعە و سونە)، مەسیحی (كاتۆلیك و پرۆتستانت)، یەهودی، یەزیدی .. تاد تێدا بەدی دەكرێت؛

- زمان و شێوەكانی: كوردی (كرمانجی سەرو، كرمانجی خوارو، هەورامی، لوڕ)، عەرەبی و توركمانی و كلدانی.

بونی ئەم رەنگە جیاوازانە جوانی دەبەخشن كاتێ بزاندرێت چۆن لە تەنیشت یەك دادەنرێن. ئەوەی ئەم ئەركە دەگرێتە ئەستۆ داودەزگاكانی پەروەردەیە.

بەر لەوەی باس لە چۆنیەتی گۆڕان بكەم لەم بوارە، بە پێویستمزانی بە كورتی باس لە رابردو و ئێستا بكەم لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی سیستەمی پەوردە لەگەڵ ئایینە جیاجیاكان.

وانەی ئایین لە سیستەمی  ئێستای خوێندن
تا ئێستا لە قوتابخانەكان وانەی ئایین زیاتر تایبەتە بە ئاشنابونی خوێندكاران بە ئایینی ئیسلام، بۆیە لەم وانەیەدا تەنها مامۆستا و خوێندكارە موسڵمانەكان بونیان هەیە لە پۆلدا، هەمو مامۆستا و خوێندكارانی سەر بە ئایینەكانی تر لە پۆلدا بونیان نیە و دور و نزیك بەشداری ناكەن، ئەمەش بۆتە هۆیەكی گرنگی نەبونی پەیوەندی لە نێوان ئایین و مەزهەبە جیاجیاكان و نەبونی بوێری دیالۆگكردن لە سەر ئەم ئایینە جیاجیانە، لە ژیانی كۆمەڵایەتیش رەنگدانەوەی خراپی هەیە، زۆر جاریش نەبونی ئەم پردە بۆتە هۆی بە هەڵە باسكردنی ئاینێك یان مەزهەبێك، لایەنی دوەمیش بە سوكایەتی پیكردنی داناوە و كاردانەوەی خراپی لێ كەوتۆتەوە.

وانەی ئایین بۆ خوێندكارە موسڵمانەكانیش بە شێوەیەك داڕێژراوە زۆر لە سەروی ئاستی تێگەیشتنەوەیە، بە تایبەتی بۆ قۆناغی سەرەتایی، ئەمەش بۆتە هۆی بیزاربونی خوێندكاران لەم وانەیەدا، لە گەڵ بونی ئەم بێزارییە و هەستكردن پێی بە داخەوە لەبەر هەر هۆیەك بێت، بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردو هیچ گۆڕانیكی بەرچاوی بەسەردا نەهاتوە.

بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنە پێویستە لە سیستەمی پەروەردەدا بە مەبەستی ئاشنابونی سەرجەم پێكهاتەكان بە كەلتور و ئایین و مەزهەبی یەكتر، بیر لە دانانی رێگاچارەیەك بكرێتەوە بێ ئەوەی باس لە ئایینی زۆرینە و كەمینە بكرێت، ئێستاش كاتی ئەوە هاتوە هەنگاو بنرێت.

چۆن هەنگاوی یەكەم بنرێت؟
1- دانانی لیژنەیەكی پەروەردەیی لە هەمو ئایین و مەزهەبە جیاجیاكان بۆ دانانی پرۆگرامی خوێندنی ئەم بابەتە؛
2- بڵاوكردنەوەی ئەم بیرۆكەیە لە ناو كۆمەڵانی خەڵك؛
3-  گۆڕینی ناوی "وانەی ئایین" بە "ئایین ناسی"، "ئایینەكان" یان "زانستی ئایینەكان"، "ئادابی ئایینەكان" ، "ئایینەكان و كۆمەڵ" ؛
4- پێ گەیاندنی مامۆستا لە هەمو ئایین و مەزهەبە جیاجیاكان بۆ وتنەوەی ئەم وانەیە؛
5- خوێندنی مێژوی ئایینەكان، باسكردنی ئەو بابەتانەی باس لە پێكەوە ژیان و گیانی لێبوردەیی دەكات؛
6- لە قۆناغی ئامادەیی و بە سەرەوە دەكرێت خوێندكار ئاشنا بكرێت بە زۆربەی ئەو ئایینانەی لە دونیا بونیان هەیە؛
7-خوێندكاران سەردانی شوێنی پەرستگاكان: مزگەوت، حوسێنیە، كەنیسە ... تاد بكەن، تا بتوانن لە نزیكەوە شارەزایی لە بۆنە ئایینێكان پەیدا بكەن.