Print WWW.SBEIY.COM
 هەرگیز كوردستان ناگەڕێتەوە پێش 17ی شوبات
سیروان ره‌شید
10/03/2011

ئیدی لێرە بەدواوە سەرەتای مێژویەكی نوێ دەستپێدەكات، كە هەرگیز دۆخی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش (17)ی شوبات. كە تێیدا كەمینەیەك بە ویستی خۆیان دەستبگرن بەسەر هەمو جومگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی و ئیداریی و ئابوریی هەرێمدا.

ماوەی سێ هەفتەیە، چەندین هەزار كەس بەشێوەی خۆڕسك و بە جیاوازی تەمەن و بیروبۆچونی سیاسییان، لە دژی دەسەڵاتێكی سیاسی نیمچە ستەمكار و گەندەڵ، راپەڕیون.

هەمو ئاماژەكانی خرۆشانی جەماوەر لە كوردستان كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە گۆڕانكارییە ریشەییەی رویكردوەتە ناوچەكە (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا)، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە باهۆزی گۆڕانكارییەكە هەرێمیشی گرتوەتەوە، بەوپێیەی لەماوەی بیست ساڵی رابردودا دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە سیستمێكی حوكمڕانیی تەندروست پیادە بكەن.

پارتی و یەكێتی، بۆ دەربازبون لەو قەیرانە سیاسییەی چەند ساڵێكە خولقاندویانە، دو رێگایان لەبەردەمدایە، یان ملدان بۆ داخوازییەكانی شەقام كە ئەویش خۆی لە  چاكسازییەكی ریشەییدا دەبینێتەوە، یاخود سەركێشی و هەڵبژاردنی رێگەی توندوتیژی، كە ئەمەیان بە زیانی خۆیان دەشكێتەوە.

بارودۆخەكە چارەسەرێكی ریشەیی پێویستە، نەك چارەسەری روكەش، كە لەئێستادا هەڵوەشاندنەوەی كابینەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتێكی ئینتیقالییە، كە جومگە گرنگەكانی لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ پێكبێت.

چەند رۆژێكە، دەسەڵات باس لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و واش دەخوێنرێتەوە كە لە رۆژانی داهاتوشدا، وەك مەسەلەیەكی جدیی هەڵبژاردنی پێشوەخت تەرحبكات، كە دیارە نییەتەكە بۆ ئەوەیە شەقام و ئۆپۆزسیۆن ئیكتیفا بكات بەو ناڕەزاییانەی سەریانهەڵدا و دەیانەوێت بەو هەڵبژاردنەش زۆرینەیەك و شەرعییەتێكی تازە بە دەسەڵاتەكەی خۆیان بدەنەوە لەكوردستاندا، لەكاتێكدا بەبێ ئەوەی هەلومەرجی هەڵبژاردنێكی تەندروست بهێننه ئاراوه.

هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەبێ زەمینەسازكردنێكی دیموكراسییانە، هەولێكە بۆ لەباربردنی ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییەی كە دژ بەو گەندەڵی و نادادییە دەستیپێكردوە، لە قازانجی یەكێتی و پارتی دەشكێتەوە، بەهۆی ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان توندتر بكەنەوە كە ئێستا لەق بوە، ئاشكراشە ئەو رێككەوتنە ژیانی سیاسی لەكوردستان لەقاڵب داوە.

تائێستا لە هەرێمی كوردستان نمونەی هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی بێغەشو نەزیهمان نەبوه بەهۆی ساختەكردنی پارتی و یەكێتییەوە لەپرۆسەكانی هەڵبژاردندا، ئیتر چۆن باوەڕ بەوە بهێنین كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئه‌مجاره بەو میكانیزمەی پێشو، هەمان سیناریۆ و خراپتر لە بەرژەوەندیی دەسەڵات ناشكێتەوە، لەكاتێكدا ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بە تەنگ داخوازییەكانی خەڵكەوەیە، فەرمون با دەستبەرداری ئەوە ببن كە بۆ سێ مانگ حكومەتێكی ئینتیقالی دروستبكرێت و وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، ناوخۆ، دارایی، سامانی سروشتی و داد)، بدرێنە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، كە هەمو لایەك باش دەزانن وەزیر و بڕیاربەدەستانی یەكەمی ئەم وەزارەتانە، كاریگەریی گەورەو راستەوخۆیان لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن و رەوتی دیموكراسییانەی كۆمەڵگە هەیە.

خۆپیشاندانەكانی سێ هەفتەی رابردوی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، وەرچەرخانێكی مێژویین، كە حەتمەن دۆخی كوردستان ناگه‌ڕێنێتەوە بۆ پێش (17)ی شوبات.