Print WWW.SBEIY.COM
 كۆنگرەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و عێراقیبون
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
26/04/2011

لە كۆنگرەی سێی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا، كە رۆژانی (17بۆ19)ی مانگی نیسان لە هەولێر بەسترا، پرسیاری گرنگ ئەوەبو لەمەودوا جۆری ژیانكردنی ئێمە لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا چۆن بێت... هەڵبەتە ئەوەی جێگەی نیگەرانیو خەمی من بو، ئەوە بو، نەك وەڵامی ئەم پرسیارە نەدرایەوە، بگرە تاڕادەیەكی زۆر خۆدزینەوە و خۆ لادان بەدی دەكرا، لەوەی ئایا قسە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە بكرێت، یان نا، نیگەرانی بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆنگرە، لەوەدابو كە لەلایەنی بایەخەوە، چ سەرۆكی هەرێم چ سەرۆكی حكومەت، لە سێ رۆژی كۆنگرەدا سەریان لە كۆنگرە نەدا، لە كاتێكدا میوانی بیانی زۆر هاتبون. بەهەر شێوەیەكە، ئێستا قسە لەسەر پرسێكی ترە، پرسی چۆنێتی مانەوەی كورد لە چوارچێوەی عیراقدا و شێوازی ئەو مانەوەیە...

ئایا بەبێ متمانەبون بەكۆتاییهێنان بە ستەمكارییو بەبێ متمانەبون بە هاوئاستییو وەك یەكی لەگەڵ عەرەبدا، دەتوانین پێكەوە بژین؟ بێگومان ئەستەمە. كەواتە رێگاچارە چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارە بو كە كۆنگرە نەیتوانی وەڵامی بداتەوە، چونكە لە عێراقدا تائێستا ئەو رابردوە وەك ئەوەی كورد گەرەكێتی دادگایی نەكراوە، ئەمە جگە لەوەی  دەسەڵاتی ئێستای عیراق، ناچێتە ژێر باری داوای لێبوردن لەكورد، كە ئەمە سەرەتاییترین رێگایە بۆ ساڕێژكردنی برینەكە، بۆیە عێراقیبونەوەی بێ مەرجی كورد، شێوەیەكە لەشێوەكانی خۆبەدەستەوەدان. ئاشتبونەوەی بێ مەرجی جەللادو قوربانیی، لە هیچ شوێنكی دنیادا روینەداوە، مەگەر لە عێراقو ئەویش لە سەردەستی كورددا. كۆنگرە، تەنانەت لە راسپاردەكانیشیدا، ئاوڕێكی وردی لەم خاڵە نەدایەوە، ئەمەش مانەوەی كورد لە عێراقدا، بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی دوبارەبونەوەی ئەنفال و جینۆسایددا رادەگرێت، لەكاتێكدا هەمو ئەو نەتەوانەی لەناو ستەمكارییەوە هەستاونەتەوە، بونەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، كورد نەبێت.

لە كۆنگرەدا، لەسەر زۆر بابەت وتوێژ كراو چەندین راسپاردەش ئاراستەی دەسەڵاتداران كرانەوە، بەڵام نادیدەكردنی خواستی كورد؛ كە ئەگەر نەیویست لەچوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بمێنێتەوە، منی توشی نیگەرانی كرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تائێستا ئێسك و پروسكی ئازیزانمان لەبیابانەكاندا، لەبەردەم هەڕەشەی ونبوندان، لە كاتێكدا وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی بەردەوام لەمپەر لەبەردەم هێنانەوەی روفاتەكاندا دروست دەكات، ئەم رێگرییەشی یاساییكردوە.

بەبڕوای من، ئێستا كاتی ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقیو خودی نوری مالیكیدا، قسە لەسەر تەواوی ئەو پرسانە بكەینو نەك داواو تكا، بگرە بیكەینە بڕیارو بەحكومەتی عێراقیشی بسەلمێنین؛ كە ئەو میراتگری دەسەڵاتی پێشوە، وەك چۆن ئەمە لە ئەڵمانیاش وایە، یان داوای لێبوردنەكەی ژاپۆن لەچین.

نابێت لە مەدا بەهیچ شێوەیەك شەرم بكەینو خۆمان بەخاوەن مافو قوربانیی نەزانین، بەپێی دانپیانانی بەرپرسانی باڵای عیراق، ئەم وڵاتە تائێستا (80) ملیار دۆلار قەرزو زیانی بژاردوە، كە یەك سەنتی قەرەبوی كوردی پێنەكراوەتەوە، لەكاتێكدا بەراورد لەنێوان ئەو ستەمكارییەدا ناكرێت كە دەرهەق بەكوردو كوەیت كراوە. پێویستە كورد لە ئەمڕۆوە كار بۆ ئەوە بكات لەپرسی گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا، یۆنامیو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بێنێتە سەر هێڵ. بۆیە، دەشێ عێراقیبون لە قۆناغێكدا، بەسودی كەسێك، یان گروپێك، یاخود حزبێك تەواو بێت، بەڵام لە مەودای دوردا، عێراقیبون بۆ كورد، جگە لە مەینەتی، هیچی تر نییە.