Print WWW.SBEIY.COM
 سوتاندنی رۆما و سلێمانی
چیا عه‌باس
28/04/2011

1947 ساڵ لەمەوبەر، ساڵی 64 میلادی، رۆمای پایتەختی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی ئەو سەردەمە سوتا. بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژویەکان ئیمپراتۆری ئەو سەردەمە نیرۆ لەپشت سوتاندنی پایتەختی ئیمپراتۆرەکەوەی بو.

نیرۆ کە دایکی شوی بە قەیسەر کلاودیۆس کردبوەوە لە ساڵی 53 کچەکەی قەیسەری هێنا و دایکی نیرۆ لە ساڵی 54 قەیسەری مێردی ژەهرخوارد کرد و کوڕەکەی قەیسەریشی دەستگیرکرد، لە ساڵی دواییدا لەلایەن نیرۆەوە ئەویش ژەهرخوارد کرا. دایکی نیرۆ لەپشت هەمو پلان و کارەکانەوە بو تا کوڕەکەی بێ رکابەر ببێت بە قەیسەر. نیرۆ لە تەمەنی 18 ساڵیدا تەواوی دەسەڵاتی گرتەدەست و دایکی دورخستەوە و دو راوێژکاری زۆر بەتوانا و نزیک لەخۆی بەناوەکانی سینیکا و بوروس هەبو. یەکەم 5 ساڵی حوکمڕانی نیرۆ سەردەمی زێرین بو و پڕبو لە دەسکەوتی گەورە بۆ رۆما و ئیمپراتۆرەکەی، ئاشتی بەرقەرار بو و باری گوزەرانی خەڵک رو لەباشبون بو. لەمەودواوە ئەم حاکمە تاکڕەوە توندڕەوە گەنجە سەرقاڵی ژیانی پر کەیف و سەفای خۆی بو و بەڕێوەبردنی مەملەکەتەکەی بۆ دو راوێژکارەکەی بەجێهێشتبو، تا دەهات دۆخەکە خوێناویتر و ئاڵۆزتر دەبو. دایکی لەکار و رەفتاری کۆڕەکەی نیگەران بو و لە ساڵی 59 میلادی بەفیتی نیرۆی کوڕی کوشتیان. نیرۆ بەمە رانەوەستا و لە ساڵی 62 بەفیتی خۆی بوروسی پەروەردەکەر و راوێژکاریشی کوشت. نیرۆ بەردەوام خەریکی کەیف و سەفای خۆی بو وتەنانەت ژنەکەشی لەناوبرد. هەرکەس و گروپێک نوزەیەکی ناڕەزایی لێدەرهاتایە راستەوخۆ لەناودەبرا و باشتریش رێگە ژەهرخوارد کردنیان بو.

لە ساڵی 64 ئاگرێکی زۆر گەورە 10 گەڕەکی گەورەی لەکۆی 14 گەڕەکی رۆما سوتاند و تەختکرد و هەزاران کەس سوتان و سەرگەردان بون. نیرۆ لەو ساتەدا لەشار نەبو و سەرقاڵی کەیف و گۆرانی و هەڵبەستەکانی هۆمیرۆس بو. دوای دامرکاندنەوەی ئاگرەکە نیرۆ کۆشکێکی زۆر گەورەی لە گۆڕه‌پانه‌ سوتاوەکە بۆ خۆی دروستکرد بەناوی (ماڵە ئاڵتونیەکە) و پەیکەرێکی گەورەی خۆی بە بەرزی 40 مەتر تێدا قوتکردەوە و دواتر بە کۆڵۆسەس ناسرا.

بۆ پاککردنەوەی خۆی لە سوتاندنی رۆما نیرۆ دو رێگەی لەبەردەمدا بو: تاوانەکە بخاتە ئەستۆی جولەکەکان یا تازە مەسیحیەکان، دوەمی هەڵبژار، چونکە یەکێک لە ئافرەتە عەشیقەکانی جولەکە بو. لەکامپینی سزادانی مەسیحیەکان هەزاران کەس لەناوبران و ماڵ و موڵکیان داگیرکرا.

ستەمکاری و خوێنڕشتنی نیرۆ بونە هۆی بەرپابونی ناڕەزایی و راپەرین لە مه‌ملەکەتەکەی، له‌ ئاکامدا ئەنجومەنی پیرانی ئیمپراتۆرەکەی نیرۆی لە دەسەڵات دورخستەوە و کاتێک چونە سەری بۆ دەستگیرکردنی بە خەنجەرێک خۆی بریندارکرد، دەگێڕنەوە کە دواتر دۆستێکی زۆر نزیکی خۆی کۆتایی بە ژیانی دڕه‌ندەترین حاکمی ئیمپراتۆریەت هێناوە.

جوتە دەسەڵاتداری کوردستان
تاڵەبانی و بارزانی بەجوتە و بە تەنیاش هۆکارێکی حاشاهەڵنەگری سەرەکی ناوخۆیی ئەو شەر و ماڵوێرانی و سەرگەردانی و نەهامەتیانەن لە دەیان ساڵی رابوردودا بەسەر بزافی کوردایەتی لە باشور و لە کوردستانی گەورەدا هاتون. باسکردن لە راستیەکانی ئەو مێژوە نە گوناهە و نە تاوان، بگرە بۆتە پێویستیەکی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا.

نیرۆ بەو هەمو دڕندەیی و دەسەڵات و خاوەن سوپایەکی بەهێزی شەڕکەری ئامادەباش لە هەمو سوچ و قوژبنێکی ئیمپراتۆرەکەیدا پەرلەمانی مەملەکەتەی پێش نزیکەی 2000 ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی لێسەندەوە و لایبرد و فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد. کەچی ئەم بەناو حوجرەی پەرلەمانەی دەسەڵات و فەرمانڕەوا بتەکانی و لەم سەردەمەدا جوڵەی مێرولەیەکی بێباڵیشیان لێناوەشێتەوە و بەردەوام لە سوجدەبردن و رەکاعەتدان بۆ دو دەسەڵاتدارەکەی مەملەکەت، نەک تەنها قڕوقپی دەستە جەمعیان لەبەرامبەر ستەمکاری و تاوان و ناعەدالەتدا کردوە، بگرە شەرعیەتێکی سەپێنراو بەو کار و رەفتارانەش دەبەخشن. تەنانەت لەو دەوروبەرەیان یەکێک هەڵنەکەوتوە لەئاستی یەکێک لە راوێژکارەکانی نیرۆی نزیکەی 2000 ساڵ لەمەوپێش بوێر و راستگۆ بێت کە لە کۆتاییدا هەر دوکیان بە فیتی نیرۆ لەناوبران.

ئەو کار و رەفتارانەی لەم ماوەی دواییەدا بە فەرمان و سەرپەرشتی راستەوخۆی تاڵەبانی و لەسەر داوا و پێداگری بارزانی لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تر ئەنجام دەدرێن، وەک تەقەکردن لە خەڵک بێئەوەی توانای بەرگریکردنی هەبێت و سوتاندنی مینبەری ئازادی و رفاندنی گەنج و ژن و رەشبگیری خوێندکار و مامۆستا و پیاوە ئاینیەکان و ئەشکەنجەدانی رۆشنبیران و دەرکردنی کارمەندان و بڵاوکردنەوەی چەک و تفاقی قورسی شەڕ و هەزاران چەکداری شەڕەنگخواز و ستەمکار لەپشت دەمامکەکانیانەوە، جگە لەوەی لەو جۆرە تاوانە قورسانەی دژ بە مرۆڤایەتین، خۆشیان لەقەرەی تاوانەکانی نیرۆی پێش 2000 ساڵ دەدەن، بەتایبەت کاتێک گوناهی تاوانەکانی سوتاندنی رۆمای خستە ئەستۆی مەسیحیەکان و لەناوی بردن، ئەمانیش مەبەستیانە ناڕەزایی و خۆپیشاندان و راپەڕینی خەڵک بە قسە و تۆمەت بەخشینەوەکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی ئیسلامیەکان و گروپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەستکردی دەرەکی پیشانی بدەن.

نیرۆ تاوانی کوشتنی مەسیحیەکانی بە پاساوی یاساوە ئەنجامدا و بە فەرمانی تاکڕەوانەی خۆی ناحەز و نەیارەکانی ناچار دەکرد خۆیان بکوژن، ئەمڕۆش لە کوردستان بەبیانوی یاسا و هێمنیەوە سەرقاڵی کۆیلەکردن و دەمکوتکردنی سوپایەکی گەورەی یاخیبوە بەئەمەک و دڵسۆزەکانن. نیرۆ لە ناخیدا توندڕەو و خوێنڕێژ بو وهیچ بایەخ و گرنگیەکی بە گەمەی سیاسی لە ئەنجامدانی تاوانەکانیدا نەدەدا و راستەوخۆ و بێ پێچوپەنا له‌ ئامانجی خۆی دەدا، ستەمکارانی ئەمڕۆی کوردستان وەک پیشەی هەمیشەییان بەدرێژایی مێژو ئولفەتێکی خەستیان لەگەڵ عیللەتی گەمە سیاسیەکانی پشت پەردە و چاڵهەڵکەندن و داونانەوە و پاشقولگرتن و تەخوینکردن و لە پشتەوە خەنجەر وەشاندندا گرتوە. نیرۆ لەکەش وهەوایەکی پڕ پلان و ساختەکاری و کوشتن گۆش و پەروەردە کرابو و دایکی سەرقافڵەکەی گرتبوە ئەستۆ و بەو شێوازە بوە حاکمی ئیمپراتۆرەکەی، ستەمکارانی ئەمڕۆی لای خۆمان لەلایەکەوە گۆش و پەروەردەی خەبات و دەردەسەری ناو میللەتەکەیان بون و لەلایەکی ترەوە میللەت بەچاوپۆشین لە هەڵە و تاوانەکانیان بۆ حوکمڕانی متمانەی پێبەخشین، دەبوا ئەمەکیان بۆ ئازادی و خەڵک لەئاستی متمانەپێدانەکەدا بوایە. نیرۆی رۆما بۆ له‌ناوبردنی نه‌یاره‌کانی و مەلەزات و کەیف و سەفای خۆی مەملکەتەی دوچاری ستەم و نابوتبون و هەڵوەشاندنەوە کرد، ئەوانەی لای خۆمان تەنها لەبەر خواستی بێ سنوریان بۆ دەسەڵات و هێز و دەسکەوتی تایبەت میللەت و خۆیان بەرەو نابوتبون دەبەن. باوەڕناکەم نیرۆ بە مانگیش هەواڵی سوچ و قوژبنی مەملکەتەکە گه‌وره‌که‌ی و سوپا و جەنەڕاڵەکانی پێگەیشتبێت، وێڕای ئەوەی ئەوانەی لای خۆمان بە کلیکێکی کۆمپیوتەر هەواڵەکانی کون و قوژبنی دنیا وەردەگرن، وەلێ بیستوچوار سەعات لە رۆژێکدا لە دڵەرواکێ و نائارامیدا گوزەران دەکەن و هەمێکی سەرەکیان کام ئەندامێکی گروپەکانیان و کام سەربازێکی سوپاکانیان و کام مەلایەکی مزگەوتی ئیماراتەکەنیان و کام مامۆستایەکی خوێندنگایەکی سەر بە مەعالی وەزیرەکانیان ئەوانی بەدڵ نیە و قسە لەسەریان دەکەن تا بە ئەمرێکی ژێربەژێر روبەڕوی سزایان بکەنەوە.

تاوانەکانی نیرۆ لەنێو ژورە داخراوەکانی کۆشکەکاندا ئەنجام دەدران و دور لەچاوی خەڵک، تاوانەکانی کوردستان بەرۆژی نیوەڕۆ و لەسەر شەقام و کۆڵان و لەناو خوێندنگا و بەبەرچاوی زومی کامێرا خۆماڵی و دەرەکیەکانەوە بێباکانە و عەنتەر ئاسا ئەنجام دەدرێن و دوپاتیش دەکرێنەوە. 2000 ساڵ لەمەوبەر تەنانەت راوێژکار و فەرمانڕەوا نزیکەکانی نیرۆ نەیاندەتوانی ویژدان و دەنگیان لەبەرامبەر ئەو تاوانە شاردراوانەدا بەلاوەدەن، کەچی لە کوردستانەکەی ئێمە مشەخۆرە پلە بەرز و نزمەکان و رۆشنبیرە رەش ویژدانەکان و نوسەرە تفەنگ بەدەستەکان تاوانەکان بەسەروەری و دەسکەوت بە خەڵک دەفرۆشنەوە.

ئەم تاوان و رەفتارانە لە سلێمانی و هەڵەبجە وچەمچەماڵ و کەلار و شوێنە یاخیبوەکانی تری کوردستان سوتاندنی رۆح و دەرونی ئەو دەڤەرانەیە، سوتاندنی بەها رەهاکانی ئازادی و مرۆڤایەتیە، سوتاندنی ئەو رۆحە یاخیبوانەیە کە ئەو دو زاتەیان خستەسەر عەرشی قەیسەر.

ئەم ستەمکارانە و بوقەکانیان شەو و رۆژیان خستۆتەسەر یەکتر و پاساو بۆ تاوان و ستەم دەهێننەوە، پاساوی سەپاندنی یاسا و سەروەری یاسا، ئەوان زۆر راستگۆیانە قسەکانی خۆیان دەکەن، چونکە ئەوان لەسایەی شەرعیەتی زۆرینەیەکی ستەمکار و بێ ئیرادە و بێ توانای سەربەخۆ و خۆشەکراو لە دەهالیزی کۆشکەکانی دەسەڵاتدا چاویان بەو یاسا و رێناسانە کردۆتەوە و لە سایەشیدا گۆش و پەروەردەکراون و سودمەندیش بون لێی. ئەوان راستدەکەن ئەو یاسایانە بۆئەوان زۆر گونجاو و دروست و پڕ بەپێستیانە، هەر کەسێک خاوەنی ئەو جۆرە ئەقڵیەتە بێت تامردن بەرگریان لێدەکات. بەڵام باشترە ئەو یاسا و ئاکار و پەیمانانە تەنها بۆ خۆیان هەڵگرن، خۆئەگەر لە مێژودا خەڵک بەردەوام پێرەوی یاساکانی ستەمکارانی بکردایە ئەوا بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاری دروست نەدەبو. هەر یاسایەک رێز لە کەرامەت و ماف و بونی تاکەکانی کۆمەڵ بەیەکسانی نەگرێت و دابینیان نەکات ئەوە یاسای جەنگەڵە و خەڵکی پێویستی بەو جۆرەم یاسایە نیە و بگرە دەبێت پێڕەویشی نەکات و دژیشی بوەستێتەوە تەنانەت گەر لای یەزدانیشەوە دانرابێت. پاساو و درۆی سەپاندنی یاسا بە زۆرەملێی و زەبروزەنگ چەکێکی ژەهراوی چەواشەکاری دەسەڵاتە دکتاتۆر و ستەمکارەکانە.

لە غیابی سیناتێکی وەک ئەوەی رۆمای پێش 2000 ساڵ و لە غیابی بوێری راوێژکارێکی وەک سینیکا و لە غیابی یاسا و دەستورێکی رەوا و دادپەروەرانە و لە غیابی نیەتی راستگۆیانەی دەسەڵاتداران بۆ چاکسازی و حوکمی یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، هیچ رێگەچارەیەک لەبەردەم خەڵکدا نەماوە تەنها رێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و ناچارکردن بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی حوکمڕانی وکۆتایی هێنان بەم ستەمکاریە لە کوردستانی ئەم سەردەمەدا.