Print WWW.SBEIY.COM
 پەتای ئێرانی و...
چیا عه‌باس
31/07/2011

ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەکە لە مێژەوە بەخەستی دەستی لە کاروباری سیاسی و سەربازی و ئەمنی بزافی کوردایەتی و بزوتنەوە و شۆڕش و حیزبەکان لە باشور تێوەرداوە. سەرکردەکانی کورد بەهۆی چەندین فاکتەری مەوزوعی و ناوخۆیی نەک تەنها لە ناچاریشدا بوبێت گوێیان لە ئێران گرتوە و رەچاوی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانیان کردون، بگرە هەندێک لێیان زۆر ئارەزومەندانە خۆیان و حاشیە و تواناکانیان بۆ خزمەتکردنی ئێران و سیاسەتەکانی بەگەڕخستوە و نە شەرمیان کردوە و نە سڵیان کردۆتەوە، بۆ خاتری ئێران کاری قێزەوەن و دژ بەکوردەواری و کوردایەتی بکەن. مێژوی نزیکمان دەمامک لەسەر روخساری چەندین لەو جۆرە سەکردانەمان بۆ رادەماڵێت و ماهیەتیان دەردەخات. هەندێک لە رابەر و سەرکردەکانی ئێران ئەو جۆرە سەرکردە کوردانەیان بە زمانی خۆیان بە "فاحشی سیاسی" وەسفکردوە. ئەم هاوکێشەیەی نێوان ئێران و سەرکردەکانی کورد لە قۆناغە جیاکاندا فاکتەرێکی سەرەکی نەهەماتی و شکست و کێشەکانی ناوخۆیی بزافی کوردایەتی بوە لە باشور.

پێش راپەرین بەهۆی دڕندەیی سەدام و گەمارۆدانی کورد و نەبونی دەروازەیەک بۆ دەرەوە، سەرکردەکانی حیزبەکان باشور دیدوبۆچونی ئەو سەردەمەیان بۆ پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران لە روانگای دەرفەتەکانی خۆ رزگارکردن و دەربازبون و پەنابردن بۆ دەرەوە داڕشتوە، بە کورتی و کوردی بۆ مانەوە بوە.

لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەئارەزوی خۆیان پەتپەتێنیان بەم حیزب و سەرکردانە کردوە و بەکاریان هێناون. ئەمانیش خۆ مەگەر لەژێر زمانەوە و لە ژورێکی داخراوی تاریکدا وێرابن گلەییەک یا گازندەیەک لە ئێرانیەکان بکەن یا ناڕەزایی بەرامبەر بە مامەڵەی ئێرانیەکان دەربڕن.

لەدوای راپەڕینەوە و کردنەوەی دەروازەی تر و باڵادەستی ئەمه‌ریکا و خۆرئاوا لە کوردستان، کورد بەئومێد بو کە ئەم ئاغایەتی و کەڵەگایەتیەی ئێران کۆتایی بێت و بەروکردنە دنیای پێشکەوتن و مەدەنیەت پشویەک بدەن.

ئیرسی مێژو و دۆخی نالەباری سیاسی و ئابوری و پاشکۆیەتی سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ ئێران نەک ئەو هیوایەی دامرکاندەوە، بەڵکو بەهۆی گێژاوی ئاژاوەیی دۆخەکە و سەرپشکی گەمەکەران تێدا تا دەهات دەسەڵاتی سیاسی و هەواڵگری و ئابوری ئێران لە هەڵکشاندندا بو. رۆڵی ئێران لە خۆشکردنی ئاگری شەڕەکانی ناوخۆدا باشترین نمونەیە.

سێ گۆشه‌ی خۆشه‌ویستی
وێرای ئەوەی ئەمه‌ریکا ناحەزێکی بەهێزی ئێرانە، وەلێ لەو ساڵانەی دواییدا پراکتیک جەخت لەوە ناکاتەوە، ئێران لە بەشێکی زۆری عێراقی ئەمرۆدا حاکم و بڕیاردەرە. لەدوای دوا هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سێ گۆشەی خۆشەویستی لەنێوان ئێران و شیعە و کورد بەرجەستە بوە وبریار لە مەسەلە چارەنوسسازەکان دەدات کە بەرادەی یەکەم بەبەرژەوەندی ئێران بشکێنەوە. ئێران بەرێگەی دەزگا و هێز و پیاوەکانی خۆی وەک سوپای قودس، شیعە لەرێگەی باڵادەستەکانی سەر بەئێران وەک مالیکی و سەدر و کوردیش لە رێگەی تاڵەبانیەوە ئەم سێ گۆشەیەیان دروستکردوە. ئەم گرێبەستە شاردراوە پێش روخاندنی سەدامیش و بەتایبەت لە دوا ساڵەکانی شەری ئێران-عێراق لە ئارادا بو و دوای سەدام هۆکارێکی سەرەکی زۆربەی ئاڵۆزی دۆخی ئەمرۆی عێراق و رەوشە نادیارەکەیەتی. ئەم ئاڵۆزی و نەهامەتیانەش رەنگدانەوەی خەستیان لەسەر دۆخی کوردستان هەیە.

دابەشکردنی باشور
لە واقیعدا هەرێمی کوردستان بۆتە سێ بەشی پاشکۆی دەسەڵاتە جیاکان.

ئێران و تاڵەبانی
بەشێکی ناوچە کلاسیکیەکەی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی بۆتە پاشکۆیەک بۆ دەسەڵاتگیری ئێران. لەم ناوچەیەدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی باشور لەلایەک و پژاک لەلایەکی ترەوە درزێکی بەرچاویان لە تۆکمەیی و هۆمۆجینی ئەو دەسەڵاتەدا دروستکردوە و ئەمەش نەک تەنها نیگەرانی هاوبەشی ئێران و تاڵەبانی لێکەوتۆتەوە، بەڵکو کار و کاردانەوەی توندیشی بەدوادا هاتوە. نیشانەیەک کە ئێران تا ئەم ساتەش متمانەیەکی زۆری بەدۆستە باوەڕپێکراوە کلاسیکیەکانی هەیە و بەرچاوی تەم و لێڵە بۆ ئایندە.

لە دەوروبەری راپەڕینەوە و تا ئەم ساتە لەم ناوچانە دەیان بارەگای ئاشکراو و چەندینی تری نهێنی ئیتلاعات و سوپاکانی پاسدەران و قودس و قەرارگاکانی رەمەزان و هەمزە و چەند بیرۆی پەیوەندیەکانی ئێران دەسەڵات و پێگەی خۆیان سەپاندوە. لەو ماوەیەدا وتا ئەم ساتەش لەو ناوچانە زیاتر لە 160 تێکۆشەری ئێرانی و کوردی خۆرهەڵات کوژراون وبە دەگمەن بکوژ و بەرپرسانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران دەستگیرکراون. لەم ناوچانەدا بەناوی بازرگانی و چەند چەتری ترەوە و بە ئاگایی و رەزامەندی دەسەڵاتەکانی سەر بە تاڵەبانی سەدان سیخور و کارمەندی سوپا و دەزگا هەواڵگریەکانی ئێران ئازادانە بە کاملی ئیستراحەت کاروباری خۆیان جێبەجێ دەکەن. بەردەوام و بە پەسندکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆپبارانی ناوچەکانی سنور دەکەن و گوندنشین و کاروانچیەکان دەکوژن و حاڵ و ماڵیان وێران دەکەن.

ئاستی بازرگانی ئێران لەگەڵ ئەم ناوچانەدا پشکی شێری کوردستانی بەرکەوتوە و خۆی لە قەرەی 2 ملیارد دۆلار لە ساڵیکدا دەدات، بە دەیان رێگەی قاچاخ و نافەرمی سەروەت و سامانی کوردستان بە نرخی هەرزان بەئێران دەفرۆشرێت و ئێران بۆ خۆی بازرگانیەکی زۆر سودبەخشیان پێوە دەکات.

کۆنسۆڵگەری ئێران لە هەولێر و ستافی دیبلۆماسی لە بەغدا شەو ورۆژ لەگەڵ هێزە نەبینراو و نافەرمیەکانی تری ئێران، کە بەرپرسە باڵاکانی عێراق کارئاسانیان بۆ دەکەن، سەرقاڵی جێبەجێ کردنی کاروبارەکانی ئێرانن لە عێراق و لە هەرێمدا.

تورکیا و بارزانی
ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی زۆر کەمتر دەسەڵات و کاریگەری ئێرانی لەسەرە و خودی بارزانی ئەوەندە رێگەی نەداوە بە ئێران وەک لە ناوچەکانی تاڵەبانی پێگەی خۆی دابکوتێت. ئەمە مانای ئەوە نیە بارزانی مەبەستی بێت رێگەی تەحەدا و بەرەنگاربونەوەی ئێران بگرێتەبەر، بەڵکو جۆرێک تۆڵەکردنەوەی مێژوییه‌ و ختوکەدانی سیاسیە بۆ تورکیا و ئەمه‌ریکا. لە بەرامبەردا تورکیا هێزێکی باڵادەستە لەو ناوچانە و وەک ناوچەی دەسەڵاتی ئێران لێرەش دەزگا تایبەتیەکانی تورکیا و تەنانەت سوپاکەشی بونێکی بەهێزیان هەیە. پێده‌چێت تێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش لایان گه‌ڵاڵه‌بوبێت له‌مه‌ڕ شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی په‌که‌که‌ له‌و ناوچانه‌. لەروی ئابوریشەوە قەوارەی بازرگانی تورکیا لەگەڵ هەرێمدا گەورەترە لەوەی ئێران وپشکی شێر لە بازرگانیکردن بەنەوتی هەرێمەوە لەگەڵ تورکیا و بەرێگەی تورکیادایە. لە دو تا سێ ساڵی دواییدا تورکیاش کراوانەتر و بەفەرمی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمدا و زۆر تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بارزانیدا گەشەپێداوە. ئەم داخستنە بەروی ئێراندا وکردنەوە بەروی تورکیادا لەو ناوچانە هۆکارێکی سەرەکی ئەو گرژی و وروژاندنانەیە کە ناوبەناو نێوان ئێران و بارزانی سەرهەڵدەدەن. تاڵەبانی بەمەبەستی شکاندنی تەوقی ئەم ئیحتیکارەی بارزانی لەگەڵ تورکیادا هەوڵی بێسودی لەگەڵ تورکیادا وسەرکەوتو نەبو لە گۆڕانی ئەو هاوکێشەیەدا. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لە دنیادا وا چاوەڕوان دەکەن ئەگەر یەکێتی خاکی عێراق بەتەواوی تێکچێت ئەم ناوچەیە دەبێتە پرۆتێکتۆراتێکی تورکی و بەشێکی ناوچەکەی تریش بە پرۆتێکتۆراتێکی ئێرانی.

شیانی تێڕامانە کە دو دەسەڵاتی ئیسلامی لە دو وڵاتی دراوسێی هەرێم کوردستان یان کردۆتە بەشێکی لکێنراو بە بەرژەوەندیەکانیانەوە و لە هەمانکاتیشدا کردویانەتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و ناکۆکیەکانیان و سەرکردەکانی کوردیش ئارەزومەندانە مۆڵەتی ئەوەیان پێدوان کە کورد نرخی رەهای بێ بەرامبەر بدات و ئەوەی سودمەندی سەرەکیە ئەو سەرکردانەن کە رازیبون بە درێژایی تەمەنیان خزمەتی ئێران و تورکیا بکەن.

لەم هاوکێشە سیاسیەدا بێگومان یەکێکیان لەوی تر باشترە. تورکیا ئەندامی ناتۆ و زۆر نزیک لە ئەوروپا و دەسەڵاتێکی ئاینیی میانڕەو و هێزێکی ئابوری لە گەشەکردندایە و بەردەوام رۆژئاوا و ئەمه‌ریکا چاودێری دەکەن بۆ کورد ئەهوەنترە لە هاوکێشەکەی تر کە سەرجەم ئەم خەسڵەتانەی تورکیای نیە، ئەم راستیانە لە گرنگی ئێران کەمناکانەوە بەقەدەر ئەوەی بەرچاومان بۆ ئەگەرە سیاسیەکانی ئایندە رونتر دەکەن.

ناوچەی سێیەم هەریسە وچێشتە مجەورەکەی کوردستانە و هەمو گەمەکەران دەسەڵاتیان تێدایە، ئەویش ناوچە دابرێنراوەکانە و لە سەرویانەوە کەرکوک. ئەم دۆخە بەرادەی سەرەکی ئاکامی چۆکدادان و لەرزۆکی و بێدەسەڵاتی ئەو سەرکردانەیە کە لەدوای روخاندنی سەدامەوە بۆ یەک ساتیش بێت بوێری ئەوەیان تێدانەبوە بەدەنگێکی بەرز بلێن:
" نەخێر، نەخێر و چیتر بە لەتکردنی کوردستان رازی نابین".

سەرکردەکان و ئایندەی نەتەوەیی
ئەمەی ئەمڕۆ لە کوردستان رودەدات هەمان دەردەکەی مێژوە و دەیان بارە دەکرێتەوە. ئەو جۆرە سەرکردانە حاشیە و لایەنگرانیان وا تێگەیانوە کە بە موجامەلەکردن ورازیکردنی ئێران وتورکیا خۆیان لە شەریان لادەدەن و تابکرێت سود لەو بێدەنگیە کاتیەی ئەو وڵاتانە بکەن، خەون و خەیاڵێکی نەزۆک لە پێخەفی نەرمی خۆشگوزەرانیدا.

ئەو جۆرە سەرکردانە رۆژێک لە رۆژان بە بیر وهزریاندا نەهاتوە کە قوڵایی ستراتیژی نەتەوەیی کورد لە باشور لە رۆحی سەرجەم بزافی کودایەتی لە گوردستانی گەورەدا رەگ وریشەی داکوتیوە، بۆیە لە کۆتایی مەتافدا بزافی کوردایەتی لە باشور و کوردستانی گەورە لەم پاشکۆیەتیە بۆ ئێران و تورکیا زەرەرمەندە. ئەو حکومەت ودەسەڵاتدارانە دۆستی کورد نین و نمونەی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کوردەکانی وڵاتەکانیان پێویست بە یەک و دوی بیزەنتی وبێ مانا ناکات.

لەلایەکی ترەوە ئەو هزرە ستراتیژیەی دەڵێت هەر بەشێکی کوردستان بۆخۆی کاربکات و کونجی قەناعەت بگرێت، جورعەیەکی داگیرکەران و دوژمانی کوردە و خزێنراوەتە مێشکی ئەو جۆرە سەرکردانەوه‌.
 
پان کوردیزم بەتێگەیشتنی ئەم سەردەمە رێگەیه‌کی سەرەکیە تا کورد بتوانێت خۆی لە داو و چنگی داگیرکەران رزگاربکات وبەرژەوەندیە باڵا نەتەوەییەکانی بپارێزێت. بەواتایەکی تر کارکردنی هاوبەش لە رێگەی دەزگا و ئۆرگانە نەتەوەییەکانەوە و خۆبەستنەوە بە ئاکارێکی نەتەوەیی کە تێدا کاری سیاسی و دیموکراسی و دیبلۆماسی بەئاراستەی دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوەییەکان ئامانجە سەرەکیەکانی بێت و لە سەرویانەوە مافی خۆچارەنوس. ئەو پلاتفۆرمە نەتەوەییە بەتوندی خۆی بە رێکخراو و دەزگا نێودەولەتیە فەرمی و یاساییەکانەوە گرێبدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. بەهەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای کوردستان باشوری گونجاوترین بنکەی نەتەوەییە بۆئەو مەبەستە و بەشێکی زۆری دنیای دیموکراسیەت و پێشکەوتو لە کۆتاییدا ئەمری واقیعەکە پەسند دەکات. باوەڕ ناکرێت ئەم سەرکردە دەسەڵاتدارانەی ئێستای باشور لەو هاوکێشەیەدا شوێنیان ببێتەوە، چونکە خۆیان هەنوکە ئارەزومەندانە رێگەی لادانیان هەڵبژاردوە و پێیان وایە بە تەرزیە و موجامەلەکردن و بەخشیش بەشینەوە مافەکانی کورد لە چنگی داگیرکەران دەردەهێنن.