Print WWW.SBEIY.COM
 چۆن سەندیکایەک بۆ پزیشکان؟
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
04/08/2011

بۆ دەیەیەک دەچێت سەندیکای پزیشکانی کوردستان ساڵ دوای ساڵ شکستی هێناوە لەوەی کۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت. دەبوایە لەوماوە درێژەدا، بەلای کەمەوە، سەندیکا سێ جار کۆنگرەی ببەستایە و خۆی نوێ بکردبایەتەوە. تازەنەبونەوەی سەندیکا لەڕوی ئەو پزیشکانەی پێشەڕەوایەتی سەندیکاکە دەکەن، دابەڕانێکی گەورەی لەنێوان بەرپرسانی سەندیکاکە و ئەندامە ئاساییەکانیدا دروست کردوە. وای لێهاتوە کە چیتر ئەو دەستەیەی سەرکردایەتی سەندیکا دەکات هەرگیز نوێنەرایەتی زۆربەی پزیشکان ناکات و لەهەمو روەکانەوە شەرعیەتی سەرکردایەتی لەدەستداوە. دابڕان و جیاوازی نێوان سەرکردایەتی و بنکردایەتی سەندیکا، تەنها لەڕوی تەمەن و پسپۆری و شوێنی دانیشتنی جوگرافیەوە نیە، بەڵکو تەنانەت لەڕوی دنیابینین و فەلسەفە و تێگەیشتنیشە لە کاری پیشەیی و پزیشکی.

لەو دە ساڵەی پێشودا چەندین نەوە لە پزیشکی گەنج بەرهەمهاتوە کە لە چاوەڕوانی و هیوا و ئارەزوکانی، جیاوازە لەگەڵ ئەو گروپە کۆنەی ئێستا سەرکردایەتی سەندیکا دەکات. نەوەی تازەی پزیشکان چاویبڕیوەتە شوێنکی کۆمەڵایەتی سەنگینتر لەوەی کە ئێستا لە خەیاڵادانی کۆمەڵگادا هەیە بەرامبەر بە پزیشک. نەوەیەکە نایەوێت تەنها وەکو بازرگانێک تەماشابکرێت، دەیەوێت رێزی لێبگیرێت و کەس بۆی نەبێت توندوتیژی بەرامبەر بکات، دەیەوێت لە ئامرازە پێشکەوتوەکانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بەهەرەمەند بێت و بواری بۆ بڕەخسێنرێت بەهرەکانی پەرەپێبدات و ئەو زانستەی هەڵیگرتوە بیخاتە خزمەتی خەڵکەوە. نەوەی تازەی پزیشکان گرنگیەکی ئەوتۆ بە حیزبایەتی نادا بەو مانا کلاسیکیەیی پێشڕەوانی ئێستای سەندیکا لە کاری پیشەییدا بەرجەستەیان کردوە. نەوەی نوێ خاوەنی بڕوا بەخۆبونێکی قایمە کە پاڵنەرێتی بۆئەوەی بە دەنگی بەرز بڵێت کە ئەوە پارتە سیاسیەکان و دەسەڵاتی سیاسیە کە دەبێت گوێ لە ئێمە بگرێت نەک بە پێچەوانەوە.

لەم ململانێ نەریتیەی نێوان کۆن و نوێدا، نێوان محافزکاری و نوێبونەوەدا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆن بردویەتیەوە. هێشتا تازە خۆی رێکنەخستوە و نەیتوانیە لە ژێر هەژمونی کۆندا بێتە دەرێ. ئەوەی یەکەم لەڕێی سی میکانیزمەوە گرەوەکەی بردوەتەوە؛

میکانیزمی یەکەم پێدانی دەسەڵاتێکی کارگێری گەورەیە بە سەندیکا و بەتاڵکردنەوەیەتی لە ناوەڕۆکە پیشەیەکەی. واتە سەندیکای پزیشکان ئەوەندەی وەکو دەزگایەکی دەوڵەتی و جێبەجێکار دەردەکەوێت نیو ئەوەندە وەکو رێکخراوێکی پیشەیی و سەربەخۆ دەرناکەوێت. سەندیکای پزیشکان دەتوانێت ئەرزە وەرگرێت و ئەرزە دابەشکات، دەتوانێت مۆڵەت ببەخشێت و مۆڵەت بسەنێتەوە، دەتوانێت پزیشک دابمەزرێنێت و پزیشک دەربکات...هتد. ئەمانە هیچیان بەشێک نین لە ئەرکەکانی رێکخراوێکی پیشەیی کۆمەڵی مەدەنی، کە کاری سەرەکی داکۆکیکردن بێت لە بەرژەوەندی و مافەکانی پزیشکان. ئەم دەسەڵاتە گەورانەی سەندیکا موگناتیسی راکێشانی خەڵکانێک بوە کە هەمیشە لە هەڵپەی وەرگرتنی دەسەڵات و پۆست بون لەم سەندیکایەدا. هەڵپەیەک کە بۆ ئەوە نیە کەسانی لە خۆبوردون و دەیانەوێت خزمەتی هاوپیشەکانیان بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەیە دەسەڵاتیان زیاتر بێت و ئامر و ناهیی بن.

میکانیزمی دوەم بە سیاسیکردنی سەندیکایە. بەسیاسیکردن بەو مانایەی کە تەنها ئەوە ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزبە کە لە سەرکردایەتی ئەو سەندیکایەدا جێیاندەبێتەوە. حیزبایەتی ئەو بێژنەیە کە ئەندامە بچوک و گەنج و لاوازەکان فڕێدەدات و ئەندامە گەورە و پیر و قەڵەوەکان دەهێڵێتەوە. ئەم میکانیزمە فاکتەری سەرەکی دواکەوتنی سەندیکا بوە لە بەستنی کۆنگرەی خۆیدا. لە پاڵ سەرقاڵی پزیشکە پسپۆرەکان بە کاری رۆژانەی خۆیانەوە و بوارنەدان بە پزیشکە گەنجەکان بۆ بینینی رۆڵێکی چالاکتر لە کاروبارەکانی سەندیکادا، چاوەڕێی گڵۆپە زەرد و سور و سەوزەکان گەورەترین فاکتەرێک بون بۆ نەبەستنی کۆنگرە.

میکانیزمی سێیەم تێکەڵکردنی ئەرکەکانی "داکۆکی" لە مافی پزیشکان و دیسپلینکردنی ئەوانە لە کاتی هەڵە و کەموکورتیدا. هەڵبەت سەندیکا نە ئەوەی یەکەمی بە باشی ئەنجامداوە و نە ئەوەی دومیشی جێبەجێکردوە. کۆکردنەوەی ئەو دو ئەرکە لە یەک رێکخراو یا دەزگادا، دژە بەهەرە بنەڕەتیترین یاساکانی "ناکۆکی بەرژەوەندیەکان"=Conflict of Interests.. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مەحاڵە رێکخراوێکی سەرکەوتو هەبێت، لە یەک کاتتدا دو دروشمی دژ بەیەکی داکۆکی و دیسپلینکردنی هەڵگرتبێت. کۆکردنەوەی ئەو هەمو دەسەڵاتە لە دەستی گروپێک کە بۆخۆی شەرعیەتی دیموکراتی نیە، ئیفلیجی و نەخۆشیەکانی سەندیکا قورستر دەکات و چارەسەرەکان درەنگتر.

لەم بارودۆخە قەیراناوییەی سەندیکای تێکەوتوە، نەوەی نوێ پێویستە خۆی رێکخات و داوای بەپلە بەستنی کۆنگرە بکات. دوەم داواکارییەک کە دەبێت بیکات، روتاندنەوەی سەندیکایە لەو هەمو ئەرک و بەرپرسیارێتیە کارگێڕیانەی کە خۆی پێوە سەرقاڵکردوە. دەبێت سەندیکا ببێت بەو رێکخراوەی یەک ئامانج و یەک مەبەستی لە رێکخراوبونی خۆی هەیە کە ئەویش داکۆکیکردنە لە ماف و بەرژەوەندیەکانی پزیشکان. ئەگەر ئەوەمان کرد، بەئاسانی دەردەکەوێت کێ بەڕاستی دەیەوێت داکۆکی لە پزیشکان بکات و کێش بۆ پۆست و دەسەڵات خۆی لەخەڵک دەکات بە دڵسۆز و لەخۆبوردو. سێیەم هەنگاو رەتکردنەوەی لیست و لیستکاریە لە هەڵبژاردنی نوێنەری پزیشکان بۆ کۆنگرە. بەلای کەمەوە دەبێت پزیشکە نزیکەکان لە ئۆپۆزۆسێون، بەتوندی ئاوەها میکانزمێک رەتکەنەوە. هەنگاوێکی گرنگی تر بریتی دەبێت لە دروستکردنی دەزگایەکی دەوڵەتی کە ئەرکی تۆمارکردن و دیسپلینکردن و رێکخستنی کاری زانستی پزیشکانە، بۆئەوەی سەندیکا بە تەنها بە کارە پیشەیەکانیەوە سەرقاڵ بێت. ئەگەر هەمو ئەمانەمان کرد، ئەو کات دەتوانین بڵێین ئەوە سەندیکای ئێمەیە.