Print WWW.SBEIY.COM
 بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٣-

د.گۆران عه‌بدوڵا‌
03/10/2011

به‌شی سێیه‌م:
سەندیکایەکی پاسیڤ یا ئاکتیڤ:
لە بەشەکانی رابوردودا بینیمان کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان چی یاریکەرێکی گرنگی سیاسی بوە، بەلای کەمەوە وەکو ئامرازێک بەدەست پارتە سیاسیەکانی (بەتایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان) و وەکو ئامرازێکیش بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت (بە تایبەتی وەزارەتی تەندروستی)، بۆ سوکردنی باری سەرشانی وەزارەت و لەهەمانکاتیشدا هەڵاتنی وەزارەتی تەندروستی لە بەرپرسیارێتی ئەگەر هاتو ئەو سیاسەتەی کە لەڕێی سەندیکاوە جێبەجێدەکات مایەی ناڕەزایەتی خەڵک بێت.

ئەوەی لەو شیکردنەوەدا دەردەکەوێت سەندیکایەکە کە رۆڵێکی پاسیڤ دەبینێت لە هاوکێشە سیاسیەکاندا. لە هەردو نمونەکەدا سەندیکا یاریکەرێکە کە بە ئەمر و نەهیەکانی حیزب و حکومەت نەبێت کار ناکات و خۆی کەسایەتیەکی سەربەخۆی ئەوتۆی نیە، بەڵام لە راستیدا ئەوە تەنها دیوێکی دراوەکەیە و وێنەکە لەوە ئاڵۆزترە. سەندیکای پزیشکان لە بەرامبەر ئەو بەکارهێنانەدا لە لایەن حیزب و حکومەتەوە، ئەویش رۆڵی هەبوە لەوەی کە قسەی لای ئەو دو یاریەکەرە سیاسیە گەورەیە بڕوات و حیساب وکتابی بۆ بکرێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە سیستمی تەندروستی و سیاسەتیش لە مەودا فراوانەکەیدا. پێش ئەوەی باسی پێگە و هێز و دەستڕۆیشتنی سەندیکای پزیشکان لای حکومەت و حیزب بکەین، دەبێت ئەوە یەکلابکەینەوە کە مەبەستمان چیە لە سەندیکا خۆی؟ ئایە کە باسی رۆڵی سەندیکا دەکەین و باسی کاریگەری ئەم رێکخراوە لە ناو حکومەت و حیزبدا دەکەین، باسی کێ دەکەین لەناو سەندیکادا؟ ئایە ئەوەی کە باسی دەکەین هەمو ئەندامانی سەندیکای پزیشکانی کوردستانە، کە بەشێویەکی پراکتیکی هەمو پزیشکانی کوردستان دەگرێتەوە؟ یا بە تەنها باسی پێشڕەو ودەسەڵاتدارەکانی سەندیکا دەکەین لە نەقیب وجێگری نەقیب و ئەنجومەنی سەندیکا و سەرۆک لقەکان؟

ستراکتۆری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەڕوی ئەندامەکانیەوە دەکرێت بەشێویەکی گشتی بۆ دو بەش پۆلێنبکرێت. بەشێکی ئەندامانی سەندیکا ئەو پزیشکانەن کە هیچ دەسەڵاتێکیان لە سەندیکادا نیە و ئەندامی ئاسایین. ئەم ئەندامانە لەو پزیشکانە پێکدێت کە ساڵانە لەدوای دەرچونیان لە کۆلیژەکانی پزیشکی، راستەوخۆ، بەهۆی ئەو بڕیارە نادەستوریەی کە سەندیکا داویەتی، کە هەمو پزیشکێک دەبێت ئەندام بێت لە سەندیکادا، دەبنە ئەندام لە سەندیکای پزیشکانی کوردستاندا. هەروەها بەشێکی زۆریش لە پزیشکە "کۆنەکان" پێکدێت کە ساڵانێکە ئەندامی سەندیکان بێ ئەوەی چانسێکێان بۆ رەخسابێت بۆئەوەی رۆڵێکی سەرەکی لە سەندیکادا ببینن، چی لەبەرئەوەی کە خۆیان ئارەزویان نەبوە، یا لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکی ئەوتۆیان بە پارتە فەرمانڕەواو و سەرەکیەکانی کوردستانەوە نەبوە. بەشی دوەمی ستراکتۆری ئەندامانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، لەو پزیشکانە پێکدێت کە رۆڵی پێشڕەوایەتی و سەرکردایەتی لە سەندیکادا دەبینن. ئەم پزیشکانە، ئەو ئەندامانەن کە نەقیب و جێگری نەقیب و ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکا و سەرۆکی لقەکان ...هتد، پێکدەهێنن. ئەگەر ورد تەماشای پێکهاتەی ئەم بەشەی ئەندامانی سەندیکای پزیشکان بکەین، دەبینین دو رەگەز و خەسڵەتی سەرەکی هەیە کە کۆییان دەکاتەوە؛ خەسەڵەتی یەکەم ئەوەیە کە ئەو پزیشکانە بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکەن لە پارتێک لە پارتەکانی دەسەڵاتی کوردستان (لە هەولێر و دهۆک پارتی و لە سلێمانیش یەکێتی) و خەسڵەتی دوەم ئەوەیە کە زۆربەیان لە ناو خەڵک و توێژی پزیشکاندا، پزیشکی ناسراون. لەمەوە راستیەکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو پزیشکەی دەیەوێت رۆڵی سەرەکردایەتی لە سەندیکای پزیشکاندا ببینێت، پێویستی بەوە نیە کە ئەندامێکی چالاکی سەندیکای پزیشکان بێت و رۆڵی گەورەی بینیبێت لە داکۆکی کردن لە مافەکانی پزیشکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە، بەڵکو تەنها پێویستی بە دو شت هەیە؛ یەکەمیان پزیشکێکی ناسراو بێت و دوەمیان سەر بە یەکێک لە پارتە سیاسیەکان بێت.

پرسیارێکی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی پزیشکی ناسراو دەبێتە پیشڕەو لە ناو سەندیکای پزیشکاندا؟ ئایە لۆژیکی تر نیە کە پزیشکە تازە پێگەیشتوەکان کە گەنجترن و داواکاریی و پەیداویستیەکانیان بە بەراورد بە پزیشکە ناسراو و بەتەمەنەکان زۆرترە و لە روی ئینێرژی و توانا و کاتەوە ئامادەترن، رۆڵی سەرکردایەتی و پێشڕەوایەتی لە سەندیکای پزیشکاندا ببینن؟ بۆچی هەمو نەقیبێکی سەندیکا و جێگرەکەی و سەرۆکی لقەکان هەمو پزیشکی پسپۆر و ناسراو و بەتەمەنن؟ ئایە تەنانەت حیزبیش نەیتوانیەوە ئەندامێکی گەنج لە ئەندامە پزیشکەکانی خۆی پەروەردە بکات، بۆ ئەوەی رۆڵی پیشڕەوایەتی لە سەندیکای پزیشکاندا ببینێت؟

دو فاکتەری گرنگ هەن کە دەبێت لێیان تێبگەین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە، فاکتەری یەکەم ئەو راستیەیە کە توێژی پزیشکان، توێژێکە پرنسیب و بوارێکی زانستی گەورە کۆیدەکاتەوە. زانستی پزیشکی زانستێکی ئاڵۆز و قورسە. ئەو پزیشکەی کە بەشێک لەم زانستەی بە باشی هەرس کردبێت و پزیشکێکی باشی لێدەرچوبێت، لە لایەن پزیشکەکانی ترەوە، بە چاوی رێز و حورمەتەوە تەماشا دەکرێت و حیسابێکی گەورەی بۆ دەکرێت. هەمو پزیشکان ئەو راستیە باش دەزانن کە ئەو پزیشکەی دەبێت بە پسپۆر لە بوارێک لە بوارەکانی زانستی پزیشکییدا بە ئاسانی نەگەیشتوەتە ئەو پلەیە و دەبێت پاشخانێکی زانستی و هزریی گەورەی کەڵەکە کردبێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەو پلەیە. بۆیە لە ناو پزیشکاندا ئامادەباشیەکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی پزیشکی پسپۆر ببێت بە پێشڕەو و سەرکردە لە ناو سەندیکای پزیشکاندا، بەڵام ئایە ئەو ئامادەباشیە بەسە بۆ ئەوەی پزیشکە پسپۆڕەکان ببن بە سەرکردە؟ بێگومان نەخێر، چونکە لە بەرامبەر ئەوە فاکتەرەی سەرەوەدا، جیهانێک بەربەست هەیە لە بەردەم پزیشکە پسپۆرەکان بۆ ئەوەی رۆڵێکی گەورە لە ناو سەندیکای پزیشکاندا ببینن، بۆ نمونە، نەبونی کات لایان، یا سەرقاڵییان بە کاری گرنگتر بەلایانەوە کە کاری پزیشکیی و زانستی و وانە وتنەوەیە. ئەوەی کە زۆر بە باشی سود لە ئامادەیی پزیشکان بۆ گوێگرتن لە پزیشکێکی پسپۆر و ئاسانیی رەزامەندیبونی پزیشکان لەسەر ئەوەی کە پزیشكێکی پسپۆر و بەتەمەن لەناو سەندیکادا، پێشڕەوایەتیان بکات، وەردەگرێت، پارتە سیاسیەکانن. واتە پارتە سیاسیەکان باش لەو راستیە تێدەگەن کە پزیشکە پسپۆرەکان نەک تەنها لەناو خەڵکدا جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزیان هەیە، بەڵکو لەناو توێژی پزیشکان خۆشیاندا جێگەی و پێگەیەکی قورسیان هەیە. بۆیە پارتە سیاسیەکان هەردەم بە دوای ئەو پزیشکە پسپۆرانەدا گەڕاون کە توزێک مەیلیان بۆ لای خۆیان هەیە و یارمەتیانداون بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی لە سەندیکادا ببینن. لە راستیدا، هەندێک جار سەندیکا بوە بە شێوینی تاقیکردنەوە و مەشقکردن بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵاتر لە لایەن پزیشكێکەوە لە حکومەت یا لە حیزبدا. نمونەی ئەو حاڵەتەی پێشو، وەزیری تەندروستی ئێستایە کە پێشتر نەقیبی سەندیکای پزیشکان بوە.

هەبونی پزیشكێکی پسپۆڕ لە ترۆپکی دەسەڵاتەکانی سەندیکای پزیشكاندا بە تەنها کاری پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان (کە ئەو پزیشکە پسپۆڕانە ئەندام یا لایەنگریانن) ئاسانتر ناکات لە کۆنترۆڵکردنی توێژێکی گرنگی وەکو پزیشكان، بەڵکو کارلێکەوتەیەکی تریشی هەیە کە گرنگە بۆ سەر هەمو سیستمی تەندروستی کورستان. وەکو لە سەرەوە رونمانکردەوە، سەندیکای پزیشكانی کوردستان رۆڵێکی گەورەی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی وەزارەتی تەندروستی کوردستان هەیە. نەک تەنها هەندێک لە ئەندامە پێشڕەوەکانی سەندیکا ئێستا وەزیر یا بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی یا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەن (بە کورتی کارکتەری کاریگەرن لە سیستمی تەندروستیدا)، بەڵکو سەندیکای پزیشکانی کوردستان وەکو دەزگایەکی نیمچە فەرمی حکومەت، بەشێک لە ئەرکەکانی حکومەت دەگرێتە ئەستۆ. ئەم رۆڵ و پێگەیە کاریگەری گەورەی لەسەر ناوەڕۆك و چۆنێتی جێبەجێکردن و کاریگەری سیاسەتە تەندروستیەکانی وەزارەتی تەندروستی وحکومەت بە گشتی هەبوە، بەڵام ئایە ئەو کاریگەرییە هی هەمو پزیشکان بوە وەکو ئەندامی سەندیکای پزیشکانی کوردستان یا بەتەنها لەسود و لەژێر کاریگەری پێشڕەو و دەسەڵاتدارەکانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بوە؟ بە مانایەکی تر، ئایە کاریگەری و رۆڵی سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە ناو حکومەت و وەزارەتی تەندروستیدا، سودی بۆ هەمو پزیشکانی کوردستان هەبوە (کە هەمو ئەندامن لە سەندیکادا) یا بەتەنها بۆ ئەو ئەندامە پسپۆرانە بوە کە هەم لە حیزب و هەم لە حکومەتدا، لەڕێێ سەندیکاوە کاریگەری و رۆڵیان بینیوە. لە کارێکی ئاکادیمی ئایدیاڵدا، توێژەر دێت هەمو کار و بڕیارەکانی سەندیکا کۆدەکاتەوە و کارتێکردن و سودی ئەو بڕیارانە دەردەخات و شییاندەکاتەوە. بەڵام لێرەدا نە زانیاری تەواومان لە بەردەستدایە و نەش جێگای ئەوەیە کە هەمو بڕیارەکانی سەندیکا شیکەینەوە، بۆیە چەند بڕیار و سیاسەتێکی سەرەکی وەزارەتی تەندروستی دەخەینە رو و بەکاریاندەهێنن وەکو نمونەی کارتێکردنی سەندیکا لەسەر بڕیارەکانی حکومەت و سودوەرگرتنی پزیشکە پسپۆڕەکان کە لە هەمانکاتدا پیشڕەوایەتی دەکەن لە سەندیکادا، دەردەخەیەن؛

نمونەی یەکەم و زەقتر لەهەمو نمونەکان، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی عیادەکانی کەرتی تایبەتە لە لایەن وەزارەتی تەندروستەوە، کە ئاشکرایە ئەوەی سودی لەم بڕیارە وەرگرت پزیشکە پسپۆڕەکانن. ئەو بڕیارە لە کاتێکدا بو کە بە پێی یاسا، وەزارەتی تەندروستی بۆی نیە دەستکاری نرخی عیادە بکات و خودی سەندیکا خۆی بەرپرسە لەو کارە، لە کاتێکیشدایە کە پزیشکە پسپۆڕەکان بە قەد پزیشکە تازەپێگەیشتوەکان پێویستیان بە پاڵپشتی ئابوری نیە و ژیان و گوزەرانیان لە پزیشکە گەنج و تازەپێگەیشتوەکان (کە ئەوانیش ئەندامی سەندیکان) مسۆگەرترە. ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی بەهەماهەنگی لە گەڵ سەندیکای پزیشکانی کوردساندا دەرکرا، وەزارەت (کە لە بنەڕەتدا دەبێت هی خەڵک بێت و هەوڵی باشترکردنی تەندروستی خەڵک بدات) بەلایەوە ئاسایی بو کە بەئاشکرا پشتگیری لەو بڕیارە بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە سەندیکا بۆ خۆی ئەو کارەی نەکرد و پزیشکە پسپۆڕەکان فشاریان بۆ سەر وەزراەتی تەندروستی هێنا بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات؟ ئەوەی ئێستا وەکو یاسا لە سیاسەتی تەندروستیدا تەماشا دەکرێت ئەوەیە کە پزیشکی پسپۆڕ رقی لە کێبڕکێی ئابوریە لە بازاڕی پزیشکیدا. پزیشکی پسپۆڕ باش لەو راستیە تێدەگات کە ئەگەر هاوپیشەییەکی بەنرخێکی کەمتر لەو نەخۆش ببینێت ئەوا ئەویش دەبێت نرخەکەی کەمبکاتەوە ئەگینا کەس سەردانی ناکات. بۆیە ئەوەی پزیشکە پسپۆڕەکان لە رێی سەندیکاوە دەیکەن، یا ئەگەر سەرکەوتو نەبون لە رێی وەزارەتەوە دەیکەن، هاوشێوەکردنی نرخی عیادەکانیانە، بۆئەوەی بوار بۆ کێبڕكێ و لە ئەنجامدا نزمبونی نرخ نەمنێنێتەوە.

نمونەی دومی کارتێکردنی پزیشکە پسپۆڕەکان لەسەر کارەکانی حکومەت، کە ناڕاستەوخۆ دەیکەن، دەستنیشانکردنی ئەولەویاتەکانی بودجەی تەندروستی کوردستانە. ئەوەی لەسەر بودجەی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەلای کەمەوە لەچەند ساڵی رابوردودا، زانراوە ئەوەیە کە بەشی شێری ئەو بودجەیە بۆ پرۆژەی پزیشکیی بە تایبەتی دروستکردنی نەخۆشخانە و پرۆژەی ژێرخانی هاوشێوە سەرفدەکرێت. هەڵبەتە سودمەندی سەرەکەی لەو پرۆژانە (ئەگەر لە کاتی خۆیاندا تەواوبکرێن و گەندەڵیان تیا نەکرێت) هاوڵاتیان و کەسانی نەخۆشە، بەڵام ئەگەر وردتر تەماشابکەین و پێشنیار و راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پێش چاوبگرین دەبینین پرۆژەی تەندروستی تری گرنگتر لە تەنها دروستکردنی نەخۆشخانە هەیە کە گرنگی پێبدرێت لە بودجەی تەندروستیدا، بەڵام ئایە بۆچی نەخۆشخانە بەشی شێر دەبات؟ یەکێک لە شیکردنەوەکان دەڵێت، لەبەرئەوەی کە پزیشکە پسپۆڕەکان دەستێکی باڵایان هەیە لە دیاریکردنی ئەو بودجەیەدا، بۆیە بەشێکی گەورەی بودجەکە بۆ ئەو نەخۆشانە تەرخاندەکەن کە سەردانی خۆیان دەکەن کە بریتین لەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە پزیشکی پسپۆڕ و لە دەرئەنجامدا پێویستیان بە داخڵکردنی نەخۆشخانە هەیە. بۆیە، بۆ ئەوەی عیادەکانیان باشتر ئیشبکات و شوێنێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان، ئەوا دەبێت گرنگی بە نەخۆشخانەی پسپۆڕی بدرێت. دیارە ئەم شیکردنەوەیە رەنگە بەدحاڵیبونی تیابێت، بەڵام بەشێکیش لە راستیەکان دەپێکێت.

لە بەشەکانی داهاتودا، قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە چۆن ئەم هەمو پرۆسەیە دەبێتە یاسا و رێسا و لەشێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی سەندیکای پزیشکانی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت.