Print WWW.SBEIY.COM
 بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٤-

د.گۆران عه‌بدوڵا‌
10/10/2011

بەشی چوارەم:
سەندیکا لە زەمەنی مانگرتندا:

لە بەشەکانی رابردودا بەشێوەیەکی تیۆری تیشکمان خستەسەر رەگەزە سەرەکیەکانی سەندیکای پزیشكانی کوردستان. لەو بەشانەدا باسی ئەوەمان کرد کە چۆن سەندیکای پزیشكانی کوردستان (وەکو زۆربەی سەندیکاکانی تر) چەقی ململانێیەکی حیزبی و هەوڵدانێکی سیاسی بوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو توێژەی کە سەندیکاکە نوێنەرایەتی دەکات لەڕێی دەستبەسەراگرتنی سەندیکاکە خۆیەوە. هەروەها ئەوەمان دەرخست کە چۆن لەو پرۆسەیەدا، سەندیکا لە لایەن بەشێکی کاریگەری توێژی پزیشكان، کە پزیشکە پسپۆڕەکانن، کۆنترۆڵ دەکرێت و ئەو بەشەی توێژەکە دەبێتە دەمڕاستی سەندیکا و دواجاریش سەندیکاکە بۆ ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی بەکاردەهێنێت.

نامانەوێت لەوە زیاتر شیکردنەوەی تیۆری بکەین، بەڵکو لێرەدا جێگای خۆیەتی کە روداوێکی گەورەی لە قەبارەی مانگرتنی پزیشکانی شاری هەولێر وەکو نمونەیەک بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی شیکردنەوەکانی سەرەوە بهێنینەوە.
 
مانگرتنەکەی ئەم دواییەی هەولێر، پزیشکە خولاو و پلەبەند و دێرێن و مومارسەکانی گرتەوە، کە رێژەیەکی زۆر و کاریگەری پزیشكان پێکدەهێنن. مانگرتنەکە، لەو قەبارە و گەورەییەدا بو، کە دەزگا تەندروستیەکانی شاری هەولێری، بە تایبەتی نەخۆشخانەکان، بۆ ماوەی ١٠ رۆژ توشی ئیفلیجیەکی تەواو کرد. زیادەڕۆیی نابێت گەر بڵێین ئەو مانگرتنە لە ئاستێکدا بو، کە ئەگەر هاتبا لە وڵاتێکی تردا رویدابا، وەزارەتی تەندروستی لەسەری هەڵدەوەشایەوە و وەزیری تەندروستی توشی دەستلەکارکێشانەوە و رەنگیش بو حکومەتی توشی تەنگەتاو و مەترسی روخان کردبایە، بەڵام دەشێت تەنها لە هەرێمی کوردستان رویدابێت کە توێژێکی کاریگەری وەکو پزیشکان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ مانبگرن و حکومەت و وەزارەتی تەندروستی وەکو خۆیان بمێننەوە و دوای ئەو ١٠ رۆژە، حکومەت مل بۆ داواکاریەکان دابنوێنێ و ناچاربێت داواکاریەکان جێبەجێبکات. لەم میانەدا، بەدەر لە دەنگی بڵندی پزیشکە گەنج و خوێنگەرمەکان و بەدواداچونێکی فراوانی میدیایی و چەند نوزەیەکی نزمی پەرلەمان و بەدەنگهاتنەوەیەکی درەنگ و  ناجێگیری حکومەت و وەزارەتی تەندروستی، ئەوەی نەبیسترا و نەبینرا و نەزانرا، رۆڵ و بیروڕا و دەنگ و رەنگی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بو. سەندیکا لە تەواوی ماوەی مانگرتنەکە، وەکو ئەوەی کێشەی ئەو نەبێت، بە تەواوەتی بزربوبو و دەنگی لێوە نەدەهات.
 
خۆگێلکردنی سەندیکا لە مانگرتنی پزیشکانی هەولێر و نەزانینی ئەو مانگرتنە گەورە و فراوانە بە کێشەی خۆی، بەڵگەیەکی زەقە لەسەر ئەو دەستنیشانانەی ئێمە بۆ سەندیکاکە. سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە مامەڵەیدا لەگەڵ مانگرتنەکە، نەک تەنها رۆڵی رێکخراوێکی سەربەخۆی پیشەیی خاوەن فشار و قورسایی لە بەرامبەر حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانی پزیشکاندا نەبینی، بەڵکو لەوەش خراپتر، لە هەندێک حاڵەتدا بو بە ئامرازی هەڕەشە و گوڕەشە و میکانیزمێک بۆ ساردکردنەوەی پزیشکان لە داواکردنی مافە رەواکانیان. ئەوەی لێرەدا خۆی نمایش دەکات رێکخراوێکی پیشەیی نیە کە داکۆکی لە پزیشکان دەکات، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی دەستی حیزبە بۆ کۆنترۆڵکردنی توێژی پزیشکان، رێکخراوێک نیە کە نوێنەرایەتی هەمو پزیشکان بکات بە بێ جیاوازی پسپۆڕی و ئاستی زانستی و شوێنی کارکردن و تەمەن و رەگەز و ئایین و نەتەوەیان، بەڵکو دەزگایەکی نیمچە فەرمییە کە هەوڵی جێبەجێکردنی بەرژەوەندیەکانی کەمینەیەکی دیاریکراوی توێژی پزیشکان دەدات. سەندیکای پزیشکانی کوردستان رێکخراوی هەمو پزیشکە خولاو و پلەبەند و دێرین و موماریسەکان نیە، بەڵکو رێکخراوی تەنها نەقیب و جێگری نەقیب و سەرۆک لقەکانە، کە زۆربەیان لە پزیشکە پسپۆڕەکانن. بۆیەشە کە پزیشکە خولاو و پلەبەند و دێرین و موماریسەکان ماندەگرن، سەندیکا نەک پشتگیری ئاوەها کارێکی مەدەنی و دیموکراسی ناکات، بەڵکو دژیشی رادەوەستێت، لەبەرئەوەی ئەو کارە بەرژەوەندی پزیشکە پسپۆڕەکان، کە لە هەمان کاتتدا کۆنترۆڵی سەندیکایان کردوە، دەخاتە ژێر مەترسیەوە و پزیشکی خولاو و دێرین نامێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی نەخۆشەکانی پزیشکە پسپۆڕەکان بکەن کە لە عیادەکانیانەوە نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان رەوانە دەکەن.

هەڵپەی پارتە سیاسیەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و پەنابردنەبەر پزیشکی پسپۆڕ و ناسراو به‌ تەنها، بۆ بەڕێوەبردن و پێشڕەوایەتی کردنی سەندیکای پزیشکان، دەشێت لە مەودای نزیکدا قازانجی سیاسی بۆ ئەو پارتانە هەبێت. یا وردتر بڵێم دەشێت لە ئان و ساتی هەڵکشانی حەماسەتی شوڕشگێڕیدا، ئاوەها کۆنترۆڵکردنێک ئاسان بێت و قازانجی خێرای بۆ پارتە سیاسیەکان هەبێت، بەڵام لە مەودا ستراتیژیەکەیدا دو ماکی خراپ و نەگەتیڤی بۆیان دەبێت. وەکو ئەوەی لە کاتی مانگرتنی پزیشکە گەنجەکاندا بینیمان، پارتە سیاسیە فرمانڕەواکان حکومەتەکەیان توشی سەرئێشەیەکی گەورەکرد، بەهۆی ئەوەی کە دورتر تەماشای بەرپێی خۆیان نەکرد. ئەو پارتانە لە رێی بە تەنها پشتگیریکرنیان و بە تەنها گوێگرتنیان لە پزیشکە پسپۆڕ و پلە بەرز و بە تەمەنەکان، بەشێکی فراوانتر و گەنجتر و خاوەن داواکاریی زیاتر، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەنی داهاتویان، پشتگوێخست. لەم کارەدا، ئەو پارتە فەرمانڕەوایانە نەک تەنها زەرەری مەعنەوی دەکەن، بەڵکو زەرەری سیاسی گەورەش دەکەن و کارتی فشاری بەهێز دەدەن بە دەستی هێزە ئۆپۆزسێونەکانەوە بۆ کێبڕکێی سیاسی (هەرچەندە هێزەکانی ئۆپۆزسێون شکستیان لە بەکارهێنانی مانگرتنی پزیشکانی هەولێر وەکو کارتێکی سیاسی هێنا). ئەگەر پارتە فەرمانڕەواکان و پارتەکانی ئۆپۆزسێونیش ئەم دابەشبونە زەقە لە نێوان بەشێکی بچوکی تەواوی توێژی پزیشکان کە هەمو دەسەڵاتەکانی بە دەستەوەیە و کێشەی ئەوتۆ بۆ دەسەڵات دروست ناکات و بەشێکی تری گەورەتر کە هیچ دەسەڵاتێکی نیە و بەردەوام ناڕازییە و سەرچاوەی فشار و سەرئێشەی سیاسیە ببینن، دەبێت، ئەگەر بیانەوێت لەناو توێژی پزیشکاندا دەنگیان هەبێت، بە حیساباتەکانیاندا بچنەوە. مۆنۆپۆلکردنی هەمو دەسەڵاتەکانی سەندیکای پزیشکان و بێبەشکردنی پزیشکە گەنج و تازەپێگەیشتوەکان لە زۆربەی دەسەڵاتەکانی سەندیکای پزیشکان، سەرچاوەیەکی بەهێزی پشێوی و نائارامییە لە ناو توێژی پزیشکاندا. ئەگەر سەندیکایەکی بەهێز هەبێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی زۆربەی پزیشکان بە یەکسانی بکات و بتوانێت بە بەردەوامی دەنگ و داواکاریەکانیان بگەیەنێتە شوێنی خۆی، ئەو داواکاریانە کەڵەکە نابن و ناگەنە ئاستی تەقینەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان و... هتد. بەڵام، وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە، داواکاریی و ناڕەزاییەکانی بەشێکی فراوانی پزیشکانی کوردستان، کە لە پزیشکە گەنج و تازەپێگەیشتوەکان پێکهاتوە، لە خوارەوە دەکوڵێت و کەس نیە دەری ببڕێت یا بیگەیەنێتە دەسەڵات، تا ئەو کاتەی لە فۆرمی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی توندا خۆی نمایش دەکات.

کۆنترۆڵکردنی سەندیکای پزیشکان لە لایەن پزیشكە پسپۆڕەکانەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی کە لە پارتە فەرمانڕەواکانەوە نزیکن بە رونی لە چۆنێتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی سەندیکای پزیشکاندا دیارە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکای پزیشکان (سلێمانی) هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کۆنگرەی سەندیکا بەم شێوازەی خوارەوەیە:
1.       یەک پاڵێوراو بۆ هەر ٥ ئەندام بۆ پسپۆڕەکان.
2.       یەک پاڵێوراو بۆ هەر ٢٥ ئەندام بۆ موماریسەکان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا.
3.       یەک پاڵێوراو بۆ هەر ٤٠ ئەندام بۆ پزیشکانی پلەبەند.

هەرچەندە ژمارەی پزیشكانی موماریس و خوێندکارانی خوێندنی باڵا و پلەبەند زۆر لە ژمارەی پزیشکە پسپۆڕەکان زیاترە، بەڵام دەبینین ٦٥ ئەندامی سەندیکا لەو پزیشکە بەڕێزانە بۆیان هەیە تەنها دو نوێنەریان لە کۆنگرەی سەندیکای پزیشکاندا هەبێت، لە کاتێکدا کە تەنها ١٠ ئەندامی پسپۆڕی سەندیکا دو نوێنەر دەتوانێت رەوانەی کۆنگرەی سەندیکا بکات. ئەم نایەکسانیە زەقە لە نوێنەرایەتی کردنی پزیشکاندا، دەکرا لە رێکخراوێکی پرۆفیشناڵ کە ئەندامێتی لەسەر جۆری ئەندامەکانی دیاریدەکات قابیلی قبوڵ بوایە، بەڵام لە رێکخراوێکی "پیشەیی  و دیموکراتی"دا هیچ پاساوێکی نیە و دژە بە سەرەتاییترین بنەماکانی نوێنەرایەتی یەکسان و دادپەروەرانە. ئەوەی ئەم دابەشبونە پێمان دەڵێت ئەوەیە کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان پزیشکە پسپۆڕەکانی شەش جار و نیو لە پزیشکەکانی تر پێ گرنگترە.

ئەوەی هەتاوەکو ئێستا لەم زنجیرە نوسینەدا کردمان تەنها خوێندنەوەیەک بو بۆ ئەوەی کە هەیە. ئەوەی کە لە ناو سەندیکا و دەرەوەی سەندیکادا دەگوزەرێت. ئەم زنجیرە وتارە هەتاوەکو ئێستا دەربارەی ئەوە نەبوە کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەبێت چی بکات، یا دەبێت چۆن کۆنگرەیەک ببەستێت، بەڵکو دەربارەی ئەوە بوە کە داخۆ سەندیکا خۆی چۆنە. وتارەکان هەوڵی تێگەیشتنیان دەدا لە بارودۆخ و دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکانی سەندیکا نەک پێشنیارکردنی چارەسەر و دەرمان بۆ ئەو نەخۆشیانە. رەنگە کەسێک یا زیاتر لەگەڵ ئەم دەستنیشانانە کۆک نەبێت. ئەوەش بە نەنگی بۆ ئەم نوسینانە نازانین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، وەکو ئەوەی کارڵ پۆپەر جەختی لەسەر دەکاتەوە، زانستیبونی هەر کارێک بەوە ناپێورێت کە کەسێک نەتوانێت هەڵەی ئەو کارە بسه‌لمێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، زانستیبونی هەر کارێک بەوە دەناسرێتەوە کە خودی کارەکە قابیلی پۆچەڵکردنەوە و بەهەڵچوندا بێت. بۆیە هەمو ئەو قسانەی کە هەتاوەکو ئێستا لەسەر سەندیکا کردمان قابیلی بەهەڵەچوندان، بەڵام ئەوەی لەمەودا دەیڵێین ئاسان نابێت کە هەڵەبونیان بسەلمێنرێت چونکە کۆمەڵە قسەیەک دەبن لەسەر ئەوەی کە "دەبێت" سەندیکا چی بکات؟ چۆن سەندیکایەک باشە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی پزیشکانی کوردستان بکات؟ ئایا ئەو ئەرکانە چین کە "دەبێت" سەندیکا بیانگرێتە ئەستۆ و ئەوانە چین کە "نابێت" بیانکات. لەبەرئەوەی هەڵە و راستی "دەبێت" و "نابێت" زۆر زەحمەتە کە بسەڵمێنرێت، ئەوەی کە هەتاوەکو ئێستا شیکردنەوەکانی بە هەڵە زانیبێت، با بەدوای هەڵەی تردا نەگەڕێت لەو قسانەی کە لە زنجیرەکانی داهاتودا لەسەر سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەیکەین.