Print WWW.SBEIY.COM
 بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان (٧)
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
04/03/2012

پزیشکان و کۆمەڵگا؛ پیشە و دیموکراسی

پێ دەچێت هەردو پارتی دەسەڵاتداری کوردستان، ململانێیەکی دیموکراسیانەی پزیشکان، لە چوارچێوەی خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنگرەی سەندیکاکەیان، بە مەترسی بزانن لەسەر تەندروستی رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان. دواجار ئەو دو پارتە، بۆ سنوردارکردنی ململانێ پەرەسەندوەکانی نێوانیان و بەنزین نەکردن بە ئاگری ململانێ سیاسی و وێنەیەکانیاندا، بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی کۆنگرەی داهاتوی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بکەن. ئەم بڕیارە دوای جەولەیەکی کورتی لێدوان و دژە لێدوانی نێوان لیستێکی سەوز و یەکێکی زەردی پزیشکانی کوردستان هات.

هەڵبەتە ئەم پەرەسەندنانە لە پەراوێزی کەمپین و ئیمزاکۆکردنەوە و نوسین و چاوپێکەوتنی میدیایی و جۆرەها چالاکی مەدەنی تری بەشێکی زۆری پزیشکان دێت بەو هیوایەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی کۆنگرەی سەندیکاکەیان، جیاواز لە کۆنگرەی سەندیکا و کۆمەڵەکانی تر، بە لیستی داخراوی حیزبی نەبێت. لیستگەلێک نەبێت کە دەنگ و رەنگ و پێناسی پزیشک، لە ژێر رەنگ و بۆیەی زەقی پارتە سیاسیەکان بزربکات و هەرچی مۆرکی پیشەیی هەیە بیسڕێتەوە. پێ دەچێت، ئەو هەمو هاوار و تکا و نزایە سودی نەبوبێت و پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان بۆ تەنها جارێکیش و بۆ تەنها رێکخراوێکیشی رەوا نەبینن، کە هەناسەیەکی قوڵی سەرەبەخۆیی هەڵمژێت و دور لە هەر رەهەندێکی سیاسی و حیزبی، کاری رێکخراوەیی و پیشەیی خۆیان رێکبخات.
 
مرۆڤ دەتوانێت زیاد لە ئەرگۆمێنتێتک پێشنیار بکات و دەستی زیاد لە بەڵگەیەک بگرێت بۆ ئەوەی پشتی ئەو باوەڕەی پێ قایم بکات کە دەڵێت: باش نیە لیستی حیزبی لە هەڵبژاردنێکی پیشەیی وەکو هی سەندیکای پزیشکاندا بەکاربهێنرێت. ئەو باوەڕەی کە دەڵێت؛ باشتر وایە لێگەڕێن پزیشکان، بە بێ هیچ پێناسێک و مۆرکێک و رەهەندێکی سیاسی و حیزبیی، کاری پیشەیی و رێکخراوەیی خۆیان رێکبخەن و چۆنیان دەوێت ئاوەهای لێکەن.

لە بەشەکانی رابوردودا زۆرێک لەو بەڵگە و ئارگۆمێنتانەمان باس کرد کە پشتی ئەو بڕوایە ئەستور دەکات؛ بەڵام لێرەدا دەبێت قسە لەسەر دو بەڵگە بکەین کە خۆیان لەم چەند رۆژەی دواییدا پێناس کرد.

لە دیوێکدا، چەند هەفتەیەکە  مشتومڕێکی گەورە لە نێوان پزیشکاندا دروستبوە لەسەر ئەوەی ئاخۆ لیستی داخراوی حیزبیی هەبێت یاخود لیستی کراوە؟ لیست هەبێت باشە، یا هەر پزیشکێک لە خۆی را دەبینێت کە نوێنەرایەتی هاوپیشەکانی بکات، وەکو کاندید کامپین بۆ خۆی بکات؟ ئەو مشتومڕ و گفتگۆ تەندروستە، ژور و لاپەڕە و پەنجەرەکانی فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تری داگیرکردوە و دەشێت بەهەمان ئەندازە لەو فەزا ڤێرسوالەوە گوازرابێتەوە ناو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستی و دەزگا تەندروستیەکان و خانەکانی حەوانەوەی پزیشکانیش. لە کاتێکدا، وەکو لەسەرەوە گوتمان، ئەم گفتگۆیە چالاکییەکی تەندروستە و دەبێت بەردەوام بێت و دەبێتیش بگات بە دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، لە هەمانکاتدا، خودی بابەتی گفتوگۆکە دنیایەک راستیمان بۆ نمایش دەکات لەسەر ئەو کارتێکردنە نەرێنی و کارەساتبارەی سیاسەت دەیخاتە سەر کاری پیشەیی و سەندیکایی. ئەم گفتوگۆیە لە ساتەوەختێکدا زەق دەبێت و تەشەنە دەکات و تەواوی مۆنۆلۆگی پزیشکان لە گەڵ خۆیاندا داگیردەکات، کە تەنها مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان و کۆنگرەی سەندیکا. مانگێک ماوە بۆ هاتنەپێشەوەی جومگەیەکی مێژویی لە ژیانی سەندیکایی و پیشەیی پزیشکاندا، کە بۆ ١٣ ساڵ دەچێت دوادەخرێت. لەو ١٣ ساڵەدا، کێشەگەلێک و چەندان گۆڕانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گەورە لە کوردستاندا هاتوەنەتە پێشەوە کە دید و بۆچۆن و دنیابینینێکی تازەی پزیشکانی دەوێت. هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردن و خوێندنەوەی تازەیان دەوێت بۆ رۆڵ و پێگەو و شوێنی پزیشکان لە نەخشەی هەرێمی کوردستاندا. ئا لەم کاتە ناسک و چارەنوسسازەدا، ململانێ سیاسی و حیزبیەکان دێن و هەمو ئەو ئەرکە کەڵەکەبو و دواخراوانە لە بیری پزیشکان دەبەنەوە و چاو و تەرکیزیان لە شتە گرنگەکانەوە دەگوازنەوە بۆ شتە لابەلاو و شەڕی لاکۆڵانەکان. شەڕگەلێکی بچوک کە دەرئەنجام جەنگێک بە پزیشکان دەدۆڕێنن و بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی و داواکارییەکانیان بۆ داهاتویەکی نەبینراو دوادەخەن. تەپوتۆزی ئەم گەردەلولە سیاسییە، چاو و بینینی پزیشکانی ڵێڵکردوە و بیریبردونەتەوە کە پەیڕەو و بەرنامەیەکی تازە لە پێشیانە بۆ ئەوەی بینوسنەوە و کۆمەڵێک پێدراوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆز هەن بیخوێننەوە و لەبەری کەن و کاری لەسەر بکەن و بنەماگەلێکی تۆراوی مۆڕاڵیی هەن کە دەبێت ئاشتبکرێنەوە و دەستیان بگیرێت و بانگهێشتی نێو جیهانی پراکسیسی پزیشکیی بکرێنەوە. ئەگەر سیاسەت بەو شکڵ و فۆرم و شێوازەی لە ئێستادا و لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی سەندیکادا بەرجەستە بوە، ئەو کارتێکردن و دەرئەنجامە شێرپەنجەیی و کارەساتاوییەی لەسەر توانای پزیشکان بۆ خۆ تازەکردنەوە و کارکردن لەسەر کێشە پیشەییەکانیان هەبێت، داخۆ هەمان سیاسەت چی قوربەسەریەکی پێ بێت بۆ دوای کۆنگرە و بتوانێت چی قەیرانێک بۆ پزیشکان بە میرات بە جێ بهێڵێت؟

لە دیوەکەی تردا، دەبێت ئەوە لە یادی خۆمان نەبەینەوە کە حیزبە سیاسیەکان و پارتەکانی دەسەڵات بەبێ هەبونی ئامادەباشیەکی کاریگەر لە ناو سەندیکای پزیشکاندا بۆ بە حیزبیبون و بۆ بەسیاسەتکردن، دەستیان ناگاتە هەمو قوژبنێکی سەندیکاکە و بۆاریان پێ نادات کە لە گەورە و بچوکیدا را دەڕببڕن و وەکو مەرجەع تەماشا بکرێن. لە راستیدا ئەوە ئەو ژمارە کەمەی پزیشکانن کە باوەشی بەخێرهاتن بۆ پارتە سیاسیەکان دەکەنەوە و بە هەڵە داوان بەرەوپیرییان دەچەن و فەرشی سوریان بۆ رادەخەن و هەمو دەرگا و پەنجەرەکانی کاری پیشەییان بۆ واڵا دەکەن. ئەو بەڕێزانە، بۆ هەرچی مەبەستێک و بەرژەوەندیەکی تایبەتی تەسکی خۆیان بێت، بزانن یا نەزانن، سەرقاڵی دروستکردنی کارەسات و قەیرانی گەورەن نەک تەنها بۆ خۆیان و بۆ تەواوی پزیشکان، بگرە بۆ کۆی کۆمەڵگا و چین و توێژەکانی تریش. پەرەپێدان و هاندان و گەورەکردنی ململانێ سیاسیەکان لە ناو توێژێکی خاوەن پێگەو و قورسایی و پرستیژی کۆمەڵایەتی وەکو پزیشكاندا، دەرهاویشتەی گەورەتر و فراوانتری هەیە و ئەستەمە پریشکی ئەو دەرهاویشتانە تەنها لە سنوری سەندیکا و دەزگا تەندروستیەکاندا بمێنێتەوە. وەکو چۆن مامۆستایان کە قسە دەفەرمن، ئەوانی دیکە هەمو گوێدەگرن، بە هەمان ئەندازە، کە پزیشکان هەنگاوێک دەهاون یا جوڵەیەک دەکەن، هەموان هەڵوەستە دەکەن و تەماشا دەکەن و دەخوێننەوە. کۆپیکردنی ململانێ نادیموکراسیەکانی کایەی سیاسی کوردستان لە ناو سەندیکای پزیشکاندا، هیچ نیە جگە لە بەنزینکردن بە ئاگرێکدا، خەریکە لە نێوان براکاندا دادەگیرسێت. لەم قۆناغە گوازراوە و راگوزەرەی کوردستاندا، کە لێوانلێوە لە ئەگەری سیاسی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو، دوا شتێک پزیشکان بیکەن ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسیارێتی خۆشکردن و پەرەپێدانی ناکۆکییەکی سیاسی نەخوازراویان بەربکەوێت. دوا کارێک پزیشكان بیکەن و بوار بە خەڵکی تر بدەن هەمان کار کۆپیبکات ئەوەیە کە ململانێیەکی سیاسی ناتەندروست لە ناو سەندیکاکەیاندا بەرجەستە بکەن. لە راستیدا، پزیشکان لە بەردەم چانسێکی مێژویی کەموێنەدان، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە پێیان وەکو توێژێکی نیشتمانپەروەری خۆنەویست کە بەرژەوەندی نیشتیمان و میللەتەکەی دەخاتە پێش هەر حیساب وکتابێکی سیاسی یا تایبەتی تەسک.

ئەگەر هەردو پارتی دەسەڵاتدار، پلانەکانیان بۆ کۆنگرەی داهاتوی سەندیکای پزیشکانی کوردستان جێبەجێبکەن، ئەوا لە بەردەم کۆپیکردنەوەی ئەزمونێکی شکستخواردوی تری کاری سەندیکایین لە کوردستاندا. ئەمە ئەگەرهاتو هەوڵەکانی پزیشکان بۆ شکستپێهێنانی پرۆژە نادیموکراسیەکانی دەسەڵات نەگاتە ئەنجام. شکستێک کە هیوا و ئاوات و خواستەکانی پزیشکان بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات و ئەو ململانێ سیاسییە مەترسیدارەی لە کوردستاندا هەیە چاوقایمتر و ئاڵۆزتر دەکات.