Print WWW.SBEIY.COM
 گرێبەستی سیاسەت و مۆراڵ لە باشوری کوردستان
چیا عه‌باس
29/05/2012

پێشەکی
بۆچون و لێکدانەوەی جیاواز لەمەڕ چەمکی مۆراڵ وسیاسەت لە بابەتە گەرمەکانی ئەم سەردەمەن. ئەگەرچی مۆراڵی سیاسی لە خۆرئاوا لە نیوەی دوەمی سەدەی رابوردو بە چەمکەکانی دیموکراسیەت وئازادی ودادپەروەری کۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا موتوربەکرا وتوانی ببێتە مۆدێلێکی زیندو لە دنیادا، بەڵام لەم سەردەمەدا ئەو مۆراڵە وچەمکەکانی لەبەردەم مەترسیەکانی قەیرانی ئابوری وپیسپونی ژینگە وکێشەکانی کۆچ ورەگەزپەرستی وشۆڤێنیزم وسەرهەڵدانی فاشیزمی نوێ وتێرۆریزم (بەتایبەت دوای تاوانەکانی 11 سێپتەمبەر لە ئەمه‌ریکا) لە پاشەکشەدان. بێجگە لەم پاشەکشەکردنە، لە دوای دارمانی دیوانی بەرڵینەوە سیاسەتی نێودەوڵەتی خۆرئاوا بە ئایدیای ئامادە وفابرەکەکراو قەتماغەیەکی تەنکی مۆراڵی بەبەردا کراوە. پەلاماردان ودەستتێوەردانی ئەمه‌ریکا وخۆرئاوا لە کۆسۆڤۆ وئەفغانستان وعێراق بەناوی فریاکەوتنی مرۆیی وراگرتنی پاکتاوی رەگەزی ولەناوبردنی چەکی بەکۆمەڵ کوژ وروخاندنی دکتاتۆر وبنیاتنانی دیموکراسیەت ئەنجامی ئەو توێکڵە تەنکەی موراڵی خۆرئاوان، ئەمەش وەرچەرخاندنێکی بەرچاوە لە سیاسەتی واقیعیەوە (real politic) بۆ سیاسەتی بەمۆراڵ (moral politic). دارێژەر وهەڵسورێنەرانی ئەم سیاسەتە وایان راگەیاندوە کە ئەو شەر وپەلاماردانە بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکانی خۆیان ئەنجام نەدراون ولە بەرخاتری مرۆڤایەتی بوە، دیدێک پێویستی بەلێدوان ولێکۆڵینەوەی زۆر و ورد هەیە.

زۆربەی سەرکردە وسەرۆک ورابەرەکان لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا وئەفریکا وئەمه‌ریکای لاتینی، بەوانەی باشوری کوردستانیشەوە، جا چ بە هەڵبژاردن یا بە وراسەت یا بەزەبری هێز دەسەڵاتیان گرتبێتە دەست، گیرۆدە وئەسیری عەقیدە وئاین وهزر وکەلەپوری بەسەرچو وداخراو ورەق وتەقن، لەو چوارچێوەیەدا مۆراڵی سیسایان بە رەچەتە ئامادە وسازکراوەکانی عەقیدە وئایین وهزر دارێژراوە ونمایش دەکرێت. ئەو سیستەمانە هەمو تواناو وکەرەسە وهێز ودەسەڵاتیان خستۆتە گەر بۆ بەدیهێنانی ئەو وێناکێشەی ئایندە کە لە مۆراڵی سیاسیاندا چەسپاوە، ئەم هاوسەریەتەی نێوان هزر وعەقیدە جیاکان لەگەڵ یۆتۆپیای دەسەڵاتداران زەمینە خۆشکەرە بۆ سەرگەردانی وسەرهەڵدانی تاکرەوی ودکتاتۆریەت وسیستەمی تۆتالیرازم.

کاتێک سیاسەت بە گروتین وتەوژمی مۆراڵێکی بەهادار هەڵدەسوڕێت، ئەوا کار بۆ خەڵقاندنی رەفتار ومامەڵەکردنی دروست وخوازیار دەکات وپێرەویشیان دەکات. دەسەڵات وسیستەمی حوکمرانی پابەند بەو جۆرە مۆراڵە یاسا ورێساکان بەشێوەیەک دادەرێژن تا رەفتارکردنی خوازیار هان بدەن ورەفتاری ناخوازیار فەرامۆش وتەنانەت قەدەغەش بکرێن.
 
هەنوکە لەم هەرێمەی خۆمان حیزبەکانی دەسەڵات وهەوادارانی وتەنانەت بەشێکی زۆری ئۆپزسیۆنیش جەخت دەکەنەوە لە سەر دەرکردنی ئەو یاسا ورێسایانەی کە دەتوانن پێکهاتەکانی ئێتیک ومۆراڵێک کە ئاوێنەی دیموکراسیەت ودادپەروەری وئازادی وسەروەری یاسان بچەسپێنن وداشکاندن وپوچەڵبونەوەی مۆراڵ وبەها بەرزەکان رابگرن. هه‌ڵمه‌تێک له‌ دوریانێکی نادیاردا چه‌قی به‌ستوه‌.

کۆمەڵناسی ناوداری ئەڵمانی Harald Welzer لە کتێبەکەی بەناوی "بکەرەکان - Offenders" باس لەوە دەکات چۆن گەنجە ئاساییە بێگوناهە ئەڵمانیەکان لە توێژە مامناوەندەیەکان وێرای ئەوەی لە سەرەتادا نەیان ویستوە وەلێ هێدی هێدی گۆشەکراون وراهێنراون تا ببن بە بکوژی بە کۆمەڵ لە خزمەتی سیستەمی نازیدا. نوسەر باس لەوە دەکات کە چۆن حکومەتی ئەڵمانی بۆ ئەو گەنجانە باسی جوەکانی وەک حەشەرات وجن وجانەوەر کردوە تا زەمینەسازی لە دەرون وهەستیاندا بکات بۆ ئەنجامدانی تاوانە وەحشیەکانیان. دکتاتۆرەکانی دنیا، وەکو مۆسۆلینی وپۆل پۆت و ئەتاتورک وپینۆشیت وسەدام وئەسەد، هەمان مێژوی نازیان لە روانگای جیاوازەوە دوبارەکردۆتەوە وسوپایەکی بکوژ وستەمکاریان بۆکۆمەڵکوژی بنیات ناوە وبەکاریان هێناوە.

ئەم نمونەیەی وێلزەر باسکردنە لە دۆخێکی ئێکسترێم، لە هەمان کاتیشدا پێمان دەڵێت، کە دەسەڵات تا چ رادەیەک بەرپرسیاریەتی هەیە لە داشکاندن وشێواندن ونزمکردنەوەی مۆراڵی کۆمەڵایەتی وتاکی کەسەکان وتا چ ئاستێکیش دەسەڵات مۆراڵی خۆی بە حوکمی عەقیدە وهێز دەسەپێنێت وسوپای هەوادار وبەرگریکەری لێ خەڵق دەکات.

فەیلەسوفی ناوداری هۆڵەندی Spinoza سێ سەدە ونیو لەمەوپێش وتویەتی، کە جوانی مۆراڵ رەگ وریشەی لە عەقڵانیەت وفێربوندا دادەکوتێت وئەمەش مرۆڤ لە کاریگەری هەڵچونی حەزەکانی رزگار دەکات. کەسێک بتوانێت خۆی کۆنترۆڵ بکات وبەرێگەی مەعریفەوە خۆی لە کاریگەری هەڵچونی حەزەکانی رزگار بکات دەتوانێت مۆراڵ وبەها بەرزەکان بخەڵقێنێت وکاریان پێبکات.

بابزانین دەسەڵات ودەسەڵاتدارانی کوردستان چۆن مامەڵە ورەفتاریان لەگەڵ هاوکێشەی مۆراڵ وسیاسەت کردوە.

دادپەروەری
کەش وهەوای سیاسەت تەنراوە بە روداو وگۆرانکاری بەردەوام وداواکاری وکەموکوڕی وچاودێری وململانێ، دەبێت لەم کەش وهەوایەدا جۆرێک لە هاوسەنگی ودادپەروەری بەرجەستە بکرێن ئەگەر دەسەڵات نەیەوێت وەک "باندێکی زەوتکەر" نەبینرێت ولە قەڵەم نەدرێت.

ئەم چەمکی دادپەروەریە مانا وناوەرۆکێکی نسبی هەیە وپابەندە بەچەند پرەنسیپێکی بنەرەتی ورێساکانی گەمەی سیاسیەوە. لە تێگەیشتنی دروست بۆ ئەم دادپەروەریە شوێنی خەیاڵ ویوتۆپیا نابێتەوە.

دەسەڵاتدارانی کوردستان رێگەیان لەو پرەنسیپ وگەمە سیاسیانە گرتوە ولە سەرەتاوە رێکەوتون کە دادپەروەری لە حوکمرانیاندا پابەند نیە بە یاسا ورێساکانەوە ئەوەندی ئاکامێکی ئاسایی رەحمەت وشەفەعەتی حیزب وسەرۆک ورابەرەکانە. لە نێو رستەکانی ئەم گرێبەستەی نێوان هزر وباوەر لە گەڵ یوتۆپیای دەسەڵاتداراندا دادپەروەری بەرادەی سەرەکی بۆتە رەچەتەیەکی حیزبی و وەلا وئینتیما بۆ بنەماڵە وسەرکردە وبازنە داخراوەکانى وبۆخەڵکیش بۆتە خەون وسەرابێک. سەدان نمونە لەم جۆرە "دادپەروەریە" ی دەسەڵات ئاشکران وباسکراون.

لە ناوچەی خۆرهەڵاتی خۆمان ولەم سەردەمەدا سەلمێندراوە دەسەڵات وسیاسەتمەدارەکان دەستەکانیان بەپاکی نامێنێتەوە. بەلای دەسەڵاتی کوردی وهەواداراکانیانەو ولە سەکۆیەکی شەکەتەوە رایدەگەیەنێن ئەم دەست پیسیە ئاکامێکی نەخوازیاری دۆخی تایبەتی باشوری کوردستان وعێراق وحوکمرانیە (بیست ساڵە دەڵێن ئەزمونەکەمان ساوایە) وجەخت دەکەنەوە ئەو دیاردەیە نە زێدی مۆراڵێکی دارماوی دەسەڵاتە ونە پابەندیشە بە نیەتی دەسەڵاتدارانەوە، چونکە ئەگەر هەندێک لەوان دەستیان پیس بێت بەڵام دەرون وهەستیان پاک وبێگەردە.

زۆربەی راستیەکان لە ئەرزی واقیعدا، تایبەت لە زەوتکردنی داهات وبازرگانی ونەوت وزەوی زاری کوردستان، ئاوێنەی مۆراڵێکی برسی وبە هەڵپەن وبە کانیاوی کەلەپوری حیزب وسەرۆک وبنەماڵە وعەقیدە ئاودەدرێن.

دەسەڵات هەوڵی داوە لەم هاوکێشەیەدا هاوسەنگی نێوان ئامانج وئامراز رابگرێت، ئەویش بەرێگەی پەرڵەمانێکی دەستەمۆی رۆبۆت ئاسا کە خودی دەزگاکە بۆتە بکەرێکی قێزەوەن بۆ رەوادان بە کار وره‌فتاری مۆراڵی تەپیو ولەکەداری دەسەڵات.

دیموکراسیەت
وەک لە پێشەکیدا ئاماژەم پێداوە هەنوکە لە خۆرئاوا، رەحمی دیموکراسیەت لە سەدەی بیستەمەدا، خۆشەویستی نێوان دیموکراسیەت ودەسەڵات لەرزۆک بوە، دیموکراسیەت تادێت توانای بۆ دابینکردنی پیکەوەژیانی ئاسودەیی لە وڵاتەکانی ئەوروپای خۆرئاوا کەم دەبێتەوە.

لە خۆرهه‌ڵات وهاوتەریب لەگەڵ گۆرانکاریەکاندا دیموکراسیەت لە ئامرازێکەوە بۆ سیستەمی حوکمرانی بۆتە ئامرازێک بۆ خۆسەپاندن وبەدەسهێنانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان وباڵادەستی رەهای ئاین ومەزهەب ورابەر وسەرکردەکان. وێرای ئەو شێواندنەی ناوەرۆکی رەسەنی دیموکراسیەت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی دیموکراسیەت تازە سەرهەڵدێنێت، بە کوردستانەکەی خۆمانیشەوە، چەمکەکە بەشێوەیەکی چەوتیش نمایش دەکرێت وگوایە چارەی هەمو کێشەکان دەکات ومانای هەمو شتێک دەگەیەنێت. کاتێک هەر چەمکێک بە دیموکراسیەتیشەوە مانا بەهەمو شتێک بدات وتوانای هەمو چارەکردنێکی هەبێت ئەوا دەبێتە زەبەلاحێکی مەترسیدار.

بێجگە لەم شێواندن وچەمانەوەی دیموکراسیەت دەبینین لە باشورەکەی خۆمان چەندین فاکتەر دژ بە دیموکراسی بەهێز وبوێرانە بەکارن، لەوانە پێکهاتەی هۆز وبنەماڵە، باڵ وهێزە سەربازیەکان، رێسا ورێنماییە ئاینییەکان، ئۆلیگارشی ئابوری، باڵادەستی حیزبی وسەرکردەکانیان، رێکەوتنی ستراتیژی وکەلەپورە مێژوییەکان وچەندین فاکتەری تریش، لەگەڵ ئەمانەشدا دەسەڵات وا عەرزی خۆی دەکات کە بەبێ ئەو دموکراسیەتەی ئەوان مەحاڵه‌ کەس بتوانێت لەو هەرێمەدا گوزەران بکات. ئەوانەی شیوەن وگریانیانە بۆ دیموکراسیەت لەریزی پێشەوەی دژایەتیکردنی ئازادی ومافەکانی ژن وگروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگان، نمونە زیندوەکانی درندەیی بەشێک لە دەسەڵاتداران لەو بوارانەدا سەلماندویانە، کە مۆراڵی سیاسیان لە کێڵگەی دژ بە دیموکراسیەت ونادادپەروەریدا ئاودراوە.

حوکمڕانی بەرەوکوێ
لەو چرکەوەی دەسەڵاتی کوردستان کەوتە دەستی دو حیزبەکە، زۆر دیاریکراو دوای رێکەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان، وتا ئەم ساتە بەزەقی بەدی دەکرێت کە ئەو دەسەڵاتە چ رۆڵ وکاریگەری هەبوە لە دابەزاندن وتێکدانی مۆراڵی سیاسی وکۆمەڵایەتی ونەتەوەیی وئاینی. ئەم دەسەڵاتە بنەما سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی وفکریەکانی بۆ جۆرێک لە هێزێکی دەستەمۆکراوی بێ بیر ومۆراڵی بەرز دارشتوە ولە هەمو سات وئانێکدا (وەک لە روداوەکانی 17 شوبات ودواتر) بەکاریان دەهێنن.

بەگشتی هەڵگری حیزبەکانی باشور وتایبەت ئەوانەی دەسەڵات بۆ مۆراڵێکی بێگەرد ودید وبۆچونی کۆمەڵگا کاڵبۆتەوە، دەسەڵاتدارەکان لە سەر کورسی حوکمڕانی ماونەتەوە وسیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسی وحوکم توانای خۆ پاکردنەوەی نیە. دەسەڵاتێک رێگا بدات خائین وجاش وئەنفالچی وفایلدار ودز وجەردە لە پێشەنگی مۆراڵی سیاسیاندا گوزەر بکەن وبیرازێننەوە ئەوا گومانی جدی لە مۆراڵی ئەو دەسەڵاتە زۆر رەوایە. شیانی تێرامانە کە ئەو مۆراڵە سیاسیە وەک یاسایەکی چەسپاوی نەگۆری لێهاتوە ودەبێت بە هەمو رێگەیەک کار بۆ گۆرانی بکرێت.

وەک میکافیلی باسیکردوە: دەسەڵات بۆ راگرتن وپاراستن وبەکارهێنانی هێزی خۆی بەپێویستی نازانێت پابەندی دادوەری ونەریتە بەهادارەکان وتەنانەت یاسا ورێساکانی خۆی بێت وبەردەوام پاراستنی پایە وپێگەی خۆیان تێهەڵکێشی دەسەڵات دەکەنەوە.

دەبینین سیاسەتمەدەرا دەسەڵاتدارەکانی خۆمان وپاش زیاتر لە دو دەیە لە حوکمڕانی خۆماڵی کەم یا زۆر ئەو پرەنسیپەی میکافیلیان پێڕەو کردوە. لە لایەکی ترەوە زیاتر بەئاگابونەوە وچاوکراوەیی خەڵک لە گەشەکردندایە، پشکی سەرەکی ئێتیکی ئەم لایەنە بە "نەخێر" دەردەبڕێت. ئەم نەخێرەش وەڵامێکە بۆ بێ بەهاکردن وپۆچەڵی مۆراڵی سیاسی لە باشوری کوردستان. کێشەی گەورە وبەرچاو ئەوەیە کە لایەنی خراپی ونادادپەروەری راشکاوانەتر وبوێرانەتر لە لایەنەکەی تر خۆی سەپاندوە وکاردەکات. ئەم "نەخێرە" ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە و "بەلێ" کەی دەسەڵات وهەوادارانی ئاسۆیەکی بەتەواوی بۆ کراوەتەوە کە له‌ سایه‌یدا وەک پاشا وحاشیە گوزەران دەکەن.

لەم سەردەمەدا وبەتایبەت لە گەڵ روداوەکانی دنیای عەرەبدا سەلمێنرا کە سەرجەم دەسەڵاتداران ودکتاتۆرەکان بۆیان رونبۆتەوەکە هێز ودەسەڵاتیان سنوردارن. روداوەکانی 17 شوبات وناڕەزایی جەماوەر وشەقامی کوردی بۆ دەسەڵاتدارانی رونکردەوە کە بەزینی سنورەکان کاردانەوەی جدی لێدەکەوێتەوە.

وێرای ئەوەی دەسەڵات لە کارنامەیدا خاڵی نەتەوەیی هەڵگرتوە، وەلێ ئەم خاڵانە بونەتە مایەی بەهێزبونی ئەو دەسەڵاتە ودەبێت پشتیوانی لە ناوەڕۆکی نەتەوەیی ئەو خاڵانە بێ مەرج بێت وبۆ دەسەڵاتیش مەرجدار بێت. نابێت ئەم خاڵانە وئەو پشتیوانیکردنە ببنە مۆڵەتدانی بێ سنور، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەییە بۆ داڕشتنەوەیەکی مۆراڵێکی نەتەوەیی بەهادار.