Print WWW.SBEIY.COM
 پەتای کولێرا و گرفتەکانی ئینفراستەکچەرلە کۆمەڵگا
ئاسۆ حامدی
12/10/2012
هەواڵەکان وا دەگەیەنن کەوا لە شاری هەولێر کەسێ بە هۆی پەتای کولێرا گیانی لەدەستدا، لە شاری سلێمانی یش ١٥٠ کەس گەیندرانە نەخۆشخانە. ئەمە هەواڵێکی رۆژنامەییە و کەسانێکی زۆریش یەخەی حکومەت و وەزارەتەکانی دەگرن بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی. بەڵام کەس وەزارەتی شارەوانی و پارێزگا و دامودەزگاکانی تر بە نمونە وەزارەتی پلاندانان و تا دەگاتە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و ...هتد ناگرێت. لەگەڵ ئەوەش هەموان مەسولن لە تەندروستی کۆمەڵگا و تەنانەت خودی هاوڵاتیانیش مەسولن لە ژیانی خۆیان و دەروبەریان.

بەکورتی؛ شارێکی چەند ملیۆنی یان چەندین سەد هەزار کەس سیستەمی داخراوی ئاوەڕۆی نەبێ و سیستەمی پاککردنەوەی ئاوی بەکارهاتوی نەبێ، کە پێی دەڵێن ئاوی بۆری دەبێ تەندروستی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان چۆن بێت؟

سوڕی ئاو لەم شارانە بەم جۆرەیە؛
 ئاو لە روبار و دەریاچەکان دەگوازرێنەوە بۆ وێستەگەکانی پاککردنەوەی ئاو، دوای پاککردنەوەیەکی سادە دواتر پڕ کلۆر دەکرێن و لەگەڵ ئاوی پڕ کلۆر لە بیرەکانی ناو شاردا لە تۆڕی ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بەیەک دەکرێن، کەس نازانێ تۆڕی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ تێکەڵاون یان نا لە کاتی شکانی هەریەک لەم بۆڕیانە ئەوانی تر کاریگەری نێگەتیڤیان دەبێت. دواتر خەڵکی ئاوەکان بەکاردێنن و دوبارە بە جۆرەها ماددەی بەرهەڵستکراو و سابون دەگرێنەوە نێو ئاوەڕۆ کراوەکان و بە پلەی گەرمای جۆربەجۆرەوە دەرژێنە نێو هەندێ کێڵگەی قەراخ شارەکان و هەندێ لە جوتیارەکان سەوزە و شینایی لەبەر دەکەن و پێی ئاودەدەن دوبارە سەوزە و ماددە بەرهەم هاتوەکان دەفرۆشێنەوە خەڵکی شارەکان و هەندێ جاریش ئاوەکان زیاد دەکەن و دوبارە دەچنەوە روبارەکان و دەریاچەکان بەبێ چارەسەر و پاڵاوتن. ئەمە سوڕی ئاوە لەم شارانەدا.

دەبێ خەڵکی چاوەڕوانی چیان هەبێت لەم نێوەدا، نەبونی نەخشەسازی دروست بۆ شارەکان، نەبونی ئینفراستەکچەری پێویست بۆ سافکردن و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان بە سیستەم و نۆرمی جیهانی نەبونی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی ئەندازیاری و دیگیتاڵ لە سیستەمی دروستی ئەندازیاریدا بۆ ئەوەی بەئاسانی دەزگا پەیوەنددارەکان بتوانن بە گرفتەکان رابگەن و بتوانن بەڕیوەی بەرن.

لە وڵاتێ باس لەوە دەکرێت باشترین مەڕمەڕ لە لێواری دیوارەکانی حەوشەکانیان بێت، خاوەنی وەزیراوە و فیرعەوناوە و هۆتێلی پێنج ئەستێرە و ئینفراستەکچەری نەوت بێت، ئیدعای دەوڵەتی سەربەخۆ و موژدەی بەردەوام دەکەن و هەولێر دەکەن بە دوبەی و مۆدێلی بورجی خەلیفە هەمو ئەمانە لەلای کەسوکاری لەدەست چو بە کولێرا یەک فلسی قەڵپ ناهێنێ. هەمو سیاسیەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگا و وەزارەت و ئەندازیارە محتەرەمەکان بە دیپلۆمی بەرز و مەعاشی بەرزەوە کە لە ئاستی مەسولیەتدان دەبێ شەرم بکەن لە ئاست پەتایەک کە لەسەدەی ئێستادا لە کوردستاندا بڵاوبوەتەوە. بەس کەی شەرم دەکەن!

هەمومان دەزانین نەبونی ئینفراستەکچەری دروست کۆمەڵگا بێ چارەنوس دەهێڵێتەوە، جا ئینفراستەکچەرەکان چ رێگاوبان و پرد و هۆیەکانی هاتوچۆبن یان تٶڕەکانی ئاو و غاز و نەوت و هتد بن یان مەسەلەکانی کارگە و کارخانەسازی پیشەسازی و بنەماکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی کشتوکاڵ بن.

خۆ هەر مرۆڤێکی ژینگە دۆستیش نا یان هەر مرۆڤێکی تەندروست سەیری ئەم شێوەیە لە خزمەتگوزاریە بکا دەزانێ کەوا گرفت و لەکەیەک هەیە بۆچی شارێکی چەند ملیۆنی سیستەمی پاڵاوتنی ئاوی بۆری نیە، یان سیستەمی ریسایکلی پاشەڕۆکانی شاری نیە و هەموی لە دەرەوەی شار بە شێوەی جیاجیا دەشاردرێنەوە یان دەسوتێنرێن و دوبارە بە هۆی باوە بۆ ناوچەکان دەگوازرێنەوە.

هەر گەندەڵی و ناشەفافیەت نیە، هەر وەزارەتی تەندروستی مەسول نیە هەمو سیستەمی وڵات لە سەرەوە تا خوارەوە مەسولە لەبەرهەمهێنانی بەکتریا و ڤایرۆس و نەخۆشی جیاجیا و پیس بونی ژینگە، تەنانەت هاوڵاتیانیش ئەرکیان دەکەوێتە سەر تا بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئاو و ئاوەڕۆ و پاشەڕۆکەکانیان بکەن و هەمو پرۆسەکان بە هاوسەنگی بڕۆن و هەنگاو هەڵبگرن. بەداخەوە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لەم بارەوە زۆر نزمە و لە گشتدا ئینتمای نەتەوەیی لەم نیوەدا لاوازە و هەموان لەم نێوەدا ئەرکیان دەکەوێتە سەر شان. بەڵام دەوڵەت و دەسەڵاتداران مەسولی سەرەکین و دەبێ بەهای ئەمانە بدەن. بەنمونە تەنانەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دوبارە دەگرێنەوە بۆ دەنگی هاوڵاتیان لەم نێوەدا خەڵکی دەبێ ئەوانە باش بزانن و لە بیریان بێت کە دام و دەزگایەکی گەندەڵ هەر ئەوەنیە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەدزێ، بەڵکو سەرچاوەی ڤایرۆس و بەکتریا و نەخۆشی بەردەوامە.

بۆ ئەوەی کولێرا و پەتایەکەی کەم بکرێتەوە یان چارەسەری بنەڕەتی بکرێن دەبێ ئینفراستەکچەری پێویست لەم بارەوە دروست بکرێن و تۆڕی داخراوی ئاوەڕۆ دروست بکرێت و تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە دیگیتاڵ بکرێن و بەشێوەیەکی دروست بەڕیوەببرێن. هەروەها سیستەمی پاڵاوتەی دروست بۆ شارو گوندەکان دروست بکرێت و ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان بە یاسای دروستی ئاوی دروست بپارێزرین. ئەمەش بودجەی دروست و بەرنامەی دروست و نەخشەسازی دروست و داتای کۆمەڵگای دەوێ. هەروەها هاوڵاتیان دەبێ بە مەسولیەتەوە سەیری ژینگەی دەوروبەر و ئاو و ئاوەڕۆ و هەمو مەسەلەکانی دەوروبەریان بکەن و خۆیان بەشێکی سەرەکی بزانن لە پرۆسێسەکان و ژیان و گوزەرانیان لە کۆمەڵگا. ئەگەر هەر بەتەمای حکومەت بن ئەوا خۆ حکومەتەکەمان ساوایە و باوەڕ ناکەم توانای ئەم هەمو بودجەیەی هەبێ یان هەر داتاش نیە و پیوەرێ چیە لەم نێوەدا نیە. ئەمە چ شارێکە و پایتەختێکە خەڵکی لە ساڵی ٢٠١٢ بە کولێرا دەمرێ و کەسیش خۆی بە مەسول نازانێ و هەروا رەت دەبێت و تەواو ئەوەی مردیش خوا هەرئەوەندەی تەمەن بۆ نوسی بو ئەجەلی بە کولێرا هاتبو...