Print WWW.SBEIY.COM
 رەنگدانەوەی خراپی تەوافقی حیزبی بۆ سەر حكومەت و پەرلەمان
مه‌لا فه‌رمان
20/07/2008

دیاردەی فرە حیزبی و زۆری رێكخراوی مەدەنی یەكێكە لە نیشانەكانی بوونی سیستەمی دیموكراتی لە هەر وڵاتێك. ئەم دیاردەیە دەبێت بە دیاردەیەكی تەندروست ئەگەر هاتوو زەمینەی كاركردنی ئازادانە بە كردەوە لە سەر زەوی جێبەجێ بكرێت، هاوڵاتیان هەست یا دركی پێ بكەین. خەڵك، سەرجەم رێكخراوە مەدەنی و حیزبییەكانیش وابزانن گۆڕانێك یان هەنگاوێك بەرەو گۆڕان لە سەر پێشنیار یان فشاری ئەوان رویداوە، یاخود یەكێ لە كارەكانی حكومەت و  پەرلەمان رەنگدانەوەی بەرنامەی ئەوانە.

لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان ئەم رەنگدانەوەیە بەباشی بەدی ناكرێت. ئەوەی بەزەقی هەموو تاكێكی كورد دەیبینێ تاكەكانی ناو ئەم دوو دەزگایەیە، ئەو تاكانەی دەتوانرێت بە ئاسانی بوترێت تاكی كام حیزبە. كاتێ ئەم تاكە حیزبیانەش دەدوێنی و باس لە شێوە و سیستەمی كاركردنەكەی دەكات، یەكسەر باس لە موعاناتی خۆی و  بونی كۆسپەكان لە رێی ئەنجامدانی كارەكاندا دەكات. هۆكارەكەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی:
1-  ئەو عەقلییەتە حیزبییە لە كاری رۆژانەدا، ئەو عەقلییەتەی لە سیاسەتی حیزبەوە سەرچاوەی گرتووە و فەرمانی پێ دەكرێت؛
2- پەیڕەوكردنی تەوافقی حیزبی لە پرۆسەی هەڵبژاردن؛
3- دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا؛
4 – نەبوونی رونی لە لە كارەكان و دانانی نەخشەی پلاندانان

ئەم جۆرە كاركردنە بەكردەوە لە ماوەی 17 ساڵی رابردودا دەركەوت:
1- زیانی گەورەی بە خودی حیزبەكان گەیاندووە: خەڵك وا راهێندراوە لە جیاتی رووی دەمی ناڕەزاییان له‌ حكومەت و پەرلەمان بكەن، كردویانەتە دامودەزگا حیزبیەكان؛
2-  كارەكانی حكومەتی توشی نیمچە شەلەلێ كرووە. دابین‌نەكردنی پرۆژە خزمەگوزارییە سەرەتاییەكان یەكێكە لە نیشانەكانی. ئەمەش وایكردووە كۆمەڵانی خەڵك هیلاكی حكومەت و كارە باشەكانی نە بینێت؛
3- لەم رۆژانە سەرۆكی زانكۆی كۆیێ باسی لە بوونی شهادەی تەزویر كرد لە زانكۆكەدا، رونی كردوەوە زۆربەی ئەم تەزویرانە بە رێگای تایبەت وەرگیراون. ئەم رێگا تایبەتەش نیشانەی دەستێوەردانی حیزبە لە كاروباری زانكۆ. دیارە ئەم دیاردەیە لە زانكۆكانی تریش بوونی هەیە؛

ئەم بارودۆخەی ئیستای كوردستان پێویستی بە چارەسەری بە پەلە هەیە، بە تایبەتی دوای ساڵێ لە گفتوگۆ و كۆبونەوەی بەردەوام،  ی.ن.ك و پ.د.ك نەیانتوانی لە سەر پێكهینانی حكومەت رێك بكەون و ئەو چەند وەزارەتە گرنگە بە كردەوە یەك بخرێنەوە. چارەسەری گونجاو بە رای من:
1- ئەو رێكەوتنە ستراتیجییەی نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك كارێكی باشە بۆ تەحریمكردنی شەڕی ناوخۆ ، گرنگی        ئاسایشی  نەتەوەی و نیشمانی، خوێندنەوە و قبولكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ... تاد؛  
2-  لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە ئاستی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان هەر حیزبە بە لیستی خۆی               بەشداری بكات؛ ئەگەر ئەمەش نەكرا، رێكبكەون لە سەر هەڵبژاردنی كراوەی سنوردار، لەم حالەتە              دەنگدەر دەتوانێ دەنگ بە نوێنەری خۆی بدا لە نێو لستە حیزبییەكان.
3- بوونی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان؛
4- خوێندنەوە و تێگەیشتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەركەوتنی پرۆسەكە نەك لە بەدەستهێنانی د‌ەنگی كەم یا     زۆر لێرە و لەوێ. چێ دەبێت ئەگەر حزبێك لە شوێنێ كەمینەی بەدەست هێنا و لە شوێنێ تر زۆرینە.

پەیڕەوكردنی ئەم جۆرە بەرنامەیە دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ زیاتر بە جەماوەریكردنی حیزب و پێكەوە رەخنە گرتن، چاودێریكردن و ئامۆژگاری حكومەت و پەرلەمان. لێرەوەش لە پەتای تەوافقی حیزبی و بڕیاردانی 50 بە 50 دەرباز دەبین.