Print WWW.SBEIY.COM
 کۆمەڵگای کوردستان لەنێو گێژاوی ئیقلیمیدا!
ئاسۆ حامدی
11/03/2013


ئێستا کۆمەڵگای کوردستان جگە لە کێشە ناوخۆییەکانی کە هەروا کەڵەکە دەبێت و ١٧ی شوباتی ٢٠١١ سەرەتای تەقینەوەی ئەو مێژوە بو کە هەمومان چاوەڕوانی بەرەنجامێکی باشترمان لێدەکرد، چاکسازی لە کوردستان و گەشەکردنی کۆمەڵگاو بەرزبونەوەی ئاستی ژیان و گوزەران بۆ تەواوی کۆمەڵگا، وا دەبنە وەهمێکی ئەبەدی و دەبێ بە ماراسۆن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. کەم کەس هەیە بەبێ فشاری شەقامی ناڕازی قەناعەت بکات چاکسازی بەم شێوەکارەی ئۆپۆزیسیۆن دەسکەوتی دەبێت. بەس ئەمە گرفتی ناوخۆیەو دەکرێ لەهەر کاتێک بەشێوەی جیاجیا چارەسەر بکرێت. ئەگەرچی بەهێزبونی بەرەی ناوخۆی گەلی کورد لە گرەوی جاکسازی و باوەڕبون بە سەرکردایەتیە، ئەگەرچی ئەم سەرکردایەتیەی کە هەیە زۆر لە مێژە گەل تواناکانی تاقیکردۆتەوەو لە ئاستی پێویست و داواکاریەکانی مەسەلە چارەنوسسازەکانی گەل نەبون. پراکتیک ئەم وانەیەی بە تاکەکانی گەل بەخشیوە باشترین نمونە یەکلابونەوەی مەسەلە نەتەوەییەکان لەعێراق و مەسەلەی گەندەڵیە، ئەم دو مەلەفە کافیە بۆ ناسینی ئەم سەرکردایەتیە و تواناکانی.

بەڵام لەم وتارە ئەمە باسی سەرەکی ئێمە نیە، بەڵکو باس لە هەڕەشە دەرەکییەکان دەکەین، کە چەندین جۆرن لە لایەن چەندین لایەنەوە فشارەکان بە شێوەی جیاجیا و بەبەرنامەڕیزی بەرەی ناوخۆی میللەتی کورد پەرش و بڵاو دەکەن و لەدوایشدا قوربانی هەرە سەرەکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگایەکەیەتی.

ئێستا یان لەم دەورانە ئەم هەڕەشە دەرەکیەکانە سەرئێشەی سەرەکی کۆمەڵگای کوردستانن؛

١. ئۆپەراسیۆنی دیجلەو نەینەواو بادیەو جەزیرە، کە هێزی سەربازی دەوڵەتی فیدرالی عێراق یان باشتر بڵێین دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سنوری هەمو ئیدارەی کوردستانی تەنیوەو بە هێزو تانک و تۆپ و هەمو ئەرسنالی سەربازی ناوچەیەکی عازلی دروستکردوە و فەسلی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی هەرێم و دەرەوەی ئیدارەی کردوە.

٢. کێشمەکێشی نێوان شیعەو سوننەو راپەڕینەکانی سوننەکان دژی مالیکی و راپەڕینە چەکداریەکەی سوریا و دابەشبونی کورد و حیزبە کوردیەکان لە نێوان دژایەتی و لایەنگری و رۆڵی ئێران و تورکیا بە شێوەی سیاسی و سەربازی و ئیداری و ئابوری لەم کێشمە کێشەو هەروەها رۆڵی رۆژئاواو ئەمەریکا لە ناوچەکە و رۆڵی ئیسرائیل و قەتەر و سعودیە و ئوردن لەم نێوەدا.

٣. هەژمونی ئابوری تورکیا و ئێران لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بەتایبەتی لەبارەی کاڵا جیاجیاکان کە شادەماری ژیانی کۆمەڵگان.

٤. مەسەلەی نەوت و گازو کاریگەرییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا و رۆژئاوا لەگەڵ دژایەتیەکانی حکومەتی عێراقی و رۆڵی هەمو وڵاتانی ئیقلیمی لە بارەوە.

٥. وتوێژەکان لە ئیمرالی و چارەنوسی سیاسی گەلی کورد لە تورکیا و چارەنوسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان. رزگاربونی ناوچەیەکی بەرین لە رۆژئاوای کوردستان و دابەشبونی حیزبەکانی کوردستان بە کێشمەکێشەکانی ئەم مەلەفانە. (ئەم خاڵە دو لایەنە لەلایەک وەکو نەتەوەی کورد مەسەلەیەکی ناوخۆیە، بەڵام تەرەفەکەی تر کە تورکیایە کاراکتەری دەرەکیەو ئەزمون و پێداویستیە سیاسیەکانی لەبەردەستە و خەڵکی کوردستانی تورکیا بەخۆشحاڵیەوە هۆشیارن بە فرت و فێڵەکانی نەوەکانی ئەتاتورک لە تورکیا دەزانن و ئەزمونی ١٩٢٤ یان لە بیرە).

ئاوێزان بونەوەی هەمو ئەمانە لە سیاسەتی مامەڵەکردنی گەلی کورد لە نێو دەوڵەتی بەناو عێراقی فیدراڵدا هێندەی تر گێژاوەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان توند کردۆتەوە.

دەرچون لەم هەمو گێژاوە گەڕانەوەیە بۆ گەل و سیاسەتی حەکیمانە و ئەزمونێکی قوڵ و بەرگریەکی دروستی دەوێ کە خۆی لە ستراتیژیەکی دروست بۆ هەمو مەسەلەکانی بەڕێوەبردن و سیاسەتی ئابوری و سیاسەتی نەوت و گاز و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەوێت. لە هەمانکاتدا هاوسەنگێکی سیاسی و سەقامگیری دەوێ لە ناوخۆدا.

باشترین نمونە لە ناڕێکی بەڕێوەبردن وجودی دو ئاسایش لە کەرکوک و ئەم هەمو بۆشاییە ئەمنیە لەم شارە، ئایا ناکرێ مۆدێلی شاری سلێمانی یان هەولێر لە باری ئەمنی لە کەرکوک جێبەجێ بکەن؟ چ رێگریەک هەیە. یان مەجالدان بە عەرەبەکان بۆ خۆپیشاندان دژی مالیکی ماهیەتی ئیدارەی هەرێم و بێ موبالاتی بۆ ستراتیژی نەتەوەیی بەیان دەکات. یان دەست ئاواڵابونی کەمایەتیەک بە هەمو سەرمایەی نیشتیمانی و بەبێ چاودێری و کۆنتڕۆڵ تەخشان و پەخشانی دەکەن. خانەنشینانیش لەداڵغەی سەری مانگن کە موچەیەکی کەمیان هەیە لە چاو توانای کڕینی دراو لە بازاڕەکاندا.

کارکردن وەکو مۆدێلی ئاسایش و دیسپلینی دروست و سیاسەتی توند و سیاسەتی هێرشکردن لەجیاتی بەرگری و یەکدەنگی نەتەوەیی و چاککردنی ژیان و گوزەران لە کۆمەڵگای کوردستان، یارمەتیەکی دروستن بۆ دژایەتی ئەم گێژاوانە ئەگەر کار وابڕوات لەجیاتی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانی ئایندە ئەوا دوبارە دەگەڕێنەوە نێو بازنەی شەڕ و مفاوەزات و شەڕ...هتد. لەم حاڵەتانەدا نەتەوەی کورد پێویستی بە سەرکردایەتیەکی بەهێز و بەتوانایە کە سنترالیزەی هەمو مەسەلەکان بکات و کار بۆ قازانجی بەرزی نەتەوەیی بکات و لە خزمەتی تەواوی کۆمەڵگا بێت نەک یەک حیزب یان بزوتنەوەیەک یان کۆمەڵە کەسانێک.

هەربۆیە دەبێ کۆمەڵانی خەڵک بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی بۆ چاکسازی کۆمەڵگا و فشار هێنان بۆ دەسەڵات تا وەڵامی دروستی بۆ هەمو مەسەلە چارەنوسسازەکان هەبێ و دوبارە بۆ گەل بگەڕێنەوە. ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک بێ دەنگی بنوێنن بەرامبەر ئەم هەمو لەشکرکێشیە و ئەم هەمو مۆنۆپۆڵیکردنە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیانە، ئەوا لە دوا هەنگاودا هەر خۆیان قوربانیەکەی دەدەن.