Print WWW.SBEIY.COM
  دەرمان خەڵک کوێر ناکات خەڵکی گەندەڵ کوێری کردوین!
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
13/04/2013

دوای بەکارهێنانی دەرزی ئاڤاستین بۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتیان دانیشتوی شار و پارێزگای هەولێر، بەشێک لەو هاوڵاتیانە توشی کۆمەڵێک نیشانەی ترسناک لە چاوەکانیاندا بون. ئەم روداوەی کە لە کارەسات زیاتر ناکرێت ناوی هیچ شتێکی تری لێ بنرێت شایانی لەسەر وەستانە و هەڵکۆڵین و تاوتوێکردنی هەمو لایەنە زانستی و سیاسیەکانیەتی. ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیشکێکی زانستی بخاتە سەر جۆر و پێکهاتە بەکارهێنانەکانی دەرمانەکە و روداوی هاوشێەوە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەرزییەکە لە چەند شوێنێکی تری جیهاندا رویانداوە و هۆکارەکانی ئەو روداوانە. مەبەست لەم وتارە ئەوەیە کە لەم کارەساتەوە کۆمەڵێک وانە فێربین کە بوار بۆ دوبارەبونەوەیان نەهێڵێت.

ئاڤاستین چیە(BNF, 2013):
ئاڤاستین ناوی بازرگانی دەرمانێکە بە ناوی: ''بیڤاسیزوماب". ئەم دەرمانە لە بنەڕەتدا دژە تەنێکە کە رێگری لە فاکتەرێکی گەشەکردن دەگرێت کە لەلایەن خانەکانی ناوەوەی مولولەکانی خوێنەوە دروستدەبن. ئەم دەرمانە لە لایەن دەزگا تایبەتەکانی بەکارهێنانی دەرمانەوە رێگەیپێدراوە بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوە:
•         شێرپەنجەی قۆڵۆن بە هاوبەشی لە گەڵ چەند دەرمانێکی تردا.
•         ئاڤاستین بژاردەی یەکەمە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک، ئەگەر هاتو ئەو شێرپەنجەیە تەشنەیکردبێت و بە لەشدا بڵاوبوبێتەوە. لەم نەخۆشیەدا (شیرپەنجەی مەمک)، "ئاڤاستین" بە هاوبەشیی لەگەڵ دەرمانێکی تر بە ناوی "پاکلیتاکسیل" یا "کاپیسیتابین" بەکاردەهێنرێت ئەگەر هاتو دەرمانە کیمیاویەکانی تری وەکو "تاکسینز" یا "ئەنثراسایکلینز" سودیان نەبو.
•         ئاڤاستین رێگەیپێدراوە بۆ بەکارهێنانی دژی شێرپەنجەی گورچیلە ئەگەر هاتو ئەو شێرپەنجەیە لە قۆناغێكی پێشکەوتو بێت یا بە لەشدا بڵاوبوبێتەوە. لەم نەخۆشیەدا، "ئاڤاستین" بە هاوبەشی لەگەڵ "انتیرفیرۆن ئەلفا دو ئەی" بەکاردەهێنرێت.
•         ئاڤاستین  بژاردەی یەکەمە لە چارەسەرکردنی جۆرێکی دیاریکراوی شێرپەنجەی سیەکان ئەگەر هاتو ئەو شێرپەنجەیە لە قۆناغێکی پێشکەوتو بێت یا بە لەشدا بڵاوبوبێتەوە. لەم بەکارهێنانەدا، "ئاڤاستین" لەگەڵ دەرمانیی کیمیاویی تردا بەکاردەهێنرێت.
•         ئاڤاستین لەگەڵ کۆمەڵێک دەرمانی تردا بۆ چەند جۆرێکی شێرپەنجەی وەکو هێلکەدان و بۆڕیەکان زاوزێی و شێرپەنجەی پەردەی سک بەکاردەهێنرێت.

لەگەڵ ئەوەی کە دەرمانەکە لە چەند وڵاتێکدا بۆ ئەو نەخۆشی و جۆرانەی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت کە لە سەرەوە باسمان کرد، بەڵام لە وڵاتی بەریتانیا لەم دواییانەدا بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ ئەو نەخۆشییانە کەمکرایەوە و بۆ تەنها جۆرێکی شێرپەنجەی کەم نەبێت لە حاڵێ حازرددا "ئاڤاستین" بەکارناهێنرێت (NICE, 2007, 2010, 2012).
یەکێک لەو هۆکارانەی کە بوە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی "ئاڤاستین" ئەوەیە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستبونی برینی گەورە لەناو دەمی ئەو کەسانەی کە بەکاریدەهێن کە چارەسەریان قورسە.

ئاڤاستین و نەخۆشیەکانی چاو

بەکارهێنانی ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو بەتایبەتی ئەو نەخۆشیانەی کە لە دەرئەنجامی شەکرەوە دروستدەبن لە رێی چەند توێژینەوەیەکەوە سەلمێنراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ئەو توێژێنەوانە سودی ئاڤاستینیان دەرخستوە، هاوکات هیچ دەزگایەکی فەرمی جیهانی تایبەت بە بەکارهێنانی دەرمان دانی، بە بەکارهێنانی ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو نەناوە. بە واتایەکی تر، بەکارهێنانی ئاڤاستین بەو شێوازەیە کە لە زانستی دەرمانسازیدا پێی دەگوترێت Off-Label واتە بەبێ هەبونی رێگەپێدان لە لایەن دەزگا تایبەتەکانی دەرمانەوە، پزیشکان بەشێوەیەکی فراوان بەکاریدەهێنن، چونکە ئەو توێژینەوانەی لە خوارەوە باسیان دەکەین سودەکانی دەرمانەکەیان نیشانداوە.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا، توێژینەوەیەک ئەنجامدرا کە سودەکانی ئاڤاستینی دەرخست بۆ ئەو نەخۆشانەی کە کێشەی چاویان هەیە لە ئەنجامی گەورەبونی تەمەنەوە (Rosenfeld, Moshfeghi, & Puliafito, 2005). ئەو توێژینەوەیە دەریخست کە بەکارهێنانی ئاڤاستین بۆ ئەو نەخۆشانەی کە توشێ کزی چاو بون لە ئەنجامی پیربوندا، رەنگە سودی هەبێت و ئەکرێت لەڕێی دەرزییەوە بۆ چاوی ئەو نەخۆشانە بەکاربهێنرێت. بۆ یەکەمین جار ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو وەکو دەرزی لەمانگی پێنجی ساڵی ٢٠٠٥دا دەستیپێکرد(Fung, Rosenfeld, & Reichel, 2006).

یەکێک لەو توێژینەوانەی کە لە ناوەندە زانستیەکاندا زۆرترین ئاماژەی بۆ دەکرێت لەسەر سودەکانی ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو لە ئەنجامی شەکرەدا، توێژینەوەیەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری (Ophthalmology) دا بڵاوبوتەوە (Avery, Pearlman, et al., 2006). مەبەست لەم توێژێنەوە ئەوە بو کە کاریگەریەر بایۆلۆژیەکانی ئاڤاستین دەربخات لەسەر دروستبونی مولولەی خوێنی زیادە لە چاوی ئەو نەخۆشانەی کە توشی شەکرە بون. ئاڤاستین بەشێوەی دەرزی لە ٤٥ چاوی ٣٢ نەخۆش درا و دوای پێدانی دەرزییەکە لەڕێی کۆمەڵێک پشکنینەوە چاودێری کاریگەریەکانی دەرمانەکە لەسەر چاوی نەخۆشەکان کرا. دوای ماوەیەک لە چاودێری، توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت کە چاوی نەخۆشەکان سودێکی باشی لە دەرمانەکە وەرگرتوە. هەمان ئەو توێژەرانەی کە لێکۆڵینەوەکەی سەرەوەیان ئەنجامدا دوای ماوەیەکی کەم هەمان کاریگەری ئەو دەرمانەیان لە ژمارەیەکی زۆرتری نەخۆش دۆزیەوە کە گەیشتە ٧٩ کەس و ژمارەی ئەو چاوانەی کە تاقیکردنەوەکەیان لەسەر کرا ٨١ چاو بو (Avery, Pieramici, et al., 2006).

دوابەدوای ئەم توێژینەوانە و ئەو گرنگیەی کە لە ناوەندە زانستیەکاندا بەدوای خۆیاندا هێنایان، کۆمەڵێک توێژەر هەوڵیاندا کە ئاڤاستین بە لۆکاڵ (بەبێ دەرزی) بەکاربهێنن، لە باتی ئەوەی وەکو دەرزی لە چاوی نەخۆشەکە بدرێت (Manzano et al., 2007). ئەوە بو لە ساڵی ٢٠٠٧دا، کۆمەڵێک توێژەر لەسەر مشک ئەو تاقیکردنەوەیان کرد و بۆیان دەرکەوت کە کاریگەری هەیە و ئاڤاستین دەتوانێت هەمان کاریگەری ئەوەی هەبێت کە لە رێی دەرزییەوە بخرێتە چاوی نەخۆشەکە. هەرچەندە هەمان تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کرا و توێژەروەکان بۆیان دەرکەوت کە لە ماوەیەکی کورتی دوای پێدانی ئاڤاستین کاریگەریەکانی دەرکەوت، بەڵام دوای چەند مانگێک دواتر، ئاڤاستین بوە هۆی دروستبونی کۆمەڵێک کارتێکردنی نەخوازراو لەسەر چاوی ژمارەیەک لە نەخۆشەکان کە لەڕێی لۆکاڵەوە دەرمانەکەیان پێدرابو (Kim, Ha, Tchah, & Kim, 2008).

روداوی هاوشێوەی ئەوەی کوردستان لە جیهان و هۆکارەکان:
کێشەکانی بەکارهێنانی ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو چی لەڕێی دەرزیەوە و چی وەکو قەترەش، هەر زو دوای دەستپێکردنی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە سەریانهەڵدا.

ساڵی ٢٠٠٥ یەکێک لە توێژینەوە گرنگەکان لەسەر ئاڤاستین بۆ نەخۆشیەکانی چاو ئەنجامدرا. ئەم توێژینەوەیە بەدواداچونی بۆ ١٢٦٢ نەخۆشکردبو دوای یەک ساڵ لەوەی کە دەرزی ئاڤاستین بۆ چاوەکانی ئەو نەخۆشانە بەکارهاتبو (Wu et al., 2008). دوای تێپەڕبونی ساڵەکە، توێژەرەکان کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان لە چاوی نەخۆشەکان نەبینیبو و بۆیە بۆیان دەرکەوتبو یا بەو دەرئەنجامە دەرچوبون کە ئاڤاستین سەلامەتە و کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ چاوی نەخۆشەکان دروستناکات.
 
یەکێک لەو توێژینەوە دەگەمانەی کە لێکۆلێنەوەی لەسەر بەکارهێنانی ئاڤاستین کردوە بۆ چاوی نەخۆش، توێژینەوەیەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا کراوە لەسەر ژمارەیەکی زۆری نەخۆش(Fung et al., 2006). توێژەرەکان لەم لێکۆڵینەوەدا، لە رێی ئیمەیلەوە پەیوەندیان کرد بە ٧٠ سەنتەر لە ١٢ وڵاتی سەرانسەری جیهاندا کە ئاڤاستینیان بەکاردەهێنا بۆ نەخۆشیەکانی چاو . ئەو سەنتەرانە ٧١١٣ دەرزی ئاڤاستینیان بەکارهێنابو بۆ ٥٢٢٨ نەخۆش. ژمارەیەک زۆر لە کاردانەوەی خراپ لەسەر چاوی ئەو نەخۆشانەی دەرزییەکەیان بۆ بەکارهێنرابو، لە لایەن ئەو پزیشکانەی کە دەرزییەکەیان بەکارهێنابو خرابوە رو. بەڵام هیچێک لەو کاردانەوە خراپانە لەڕێژەی ٠.٢١%ی تێنەپەڕاندبو. بۆیە ئەو توێژینەوە بەو دەرئەنجامەوە دەرچو کە بەکارهێنانی ئاڤاستین وەکو دەرزی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چاو کێشەیەکی ئەوتۆی نیە و دەکرێت بەکاربهێنرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دواوە، هەوکردنی چاو دوای بەکارهێنانی دەرزی ئەڤاستین لە جیهاندا بڵاوبوەوە (Gonzalez, Rosenfeld, Stewart, Brown, & Murphy, 2012). بۆ نمونە لە هەردو ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨دا، لە کەنەدا ١٠٥ نەخۆش توشی هەوکردنی چاوەکانیان بون لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەرزییەکە. هەرچەندە هیچ بەکتیریایەک یا ڤایرۆسێک وەکو هۆکاری هەوکردنەکە نەدۆزرایەوە، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخست کە بە هۆی پیسبونی دەرزییەکە بە سیلیکۆن و هەندێک مەوادی تری زەرەربەخشەوە بو. هاوکات دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی (FDA ) ئاگاهی لەوەدا کە رەنگە هەبونی مادەی زیانبەخش و ژەهراوی لەسەر سرنج و دەرزی ئاڤاستین یەکێک بێت لەسەرچاوە گەورەکانی سەرهەڵدانی مەترسی بۆ سەر چاوی ئەو نەخۆشانەی کە بەکاریدەهێنن وەکو ئەوەی لە کەنەدا رویدا. هەروەها لە یابانیش هەمان کێشە سەریهەڵدا و ژمارەیەک نەخۆش کە لە دو سەنتەری جیا چارەسەریان بە ئاڤاستین وەرگرتبو توشی هەوکردنی چاویان هاتن و هیچ بەکتیریایەک یا ڤایرۆسێک نەدۆزرایەوە. هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەڵمانیا پێنج نەخۆش کە ئاڤاستینیان بە دەرزی وەرگرتبو توشی هەوکردنێکی توندی چاوەکانیان هاتن و بینینیان لە دەستدا دوای ئەوەی کە پزیشکێک دەرمانەکەی لە کلینیکەکەی خۆی گرتبوەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩یش لە وڵاتی پورتوگال، شەش نەخۆش هەستی بینینیان لە دەستدا دوای ئەوەی دەرزی ئاڤاستین درا لە چاوەکانیان.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا، کۆمەڵێک پزیشکی نەمساوی لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان بە سەرهەڵدانی هەوکردنێکی توند کرد لە چاوی ئەو نەخۆشانەی کە لەڕێی دەرزیەوە دەرمانەکەیان پێدرابو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چاویان (Georgopoulos, Polak, Prager, Prünte, & Schmidt-Erfurth, 2009). ئەو پزیشکانە لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی ٢٥٠٠ نەخۆش کە دەرزییەکەیان بۆ بەکارهێنرابو، ٨ نەخۆشیان توشی هەوکردنێکی توندی چاویان بون. بەپێی ئەو گێڕانەوەی ئەو پزیشکانە بێت، هەوکردنی چاوی ئەو نەخۆشانەی کە دەرزییەکەیان وەرگرتبو هاوشێوەی هەوکردنی چاوی ئەو نەخۆشانە بو کە لە کوردستان دەرزییەکەیان وەرگرتوە. لە ئەنجامی ئەو پشکنیانەی بۆ نەخۆشەکان کرابون، پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتبو کە تیژی و توانای بینینی ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانی هەوکردنیان تێدا دەرکەوت بەڕێژەیەکی دیار بۆ دو رۆژ دوای پێدانی دەرزییەکە رویدا. لە دەرئەنجامدا، ئەو پزیشکانە دەڵێن، کە ئاڤاستین لە هەندیک نەخۆشدا هەوکردن دروستدەکات کە کەمبونەوەیەکی بێ ئازاری بینینی لەگەڵدا دەبێت. هەروەها ئەو کەمبونەوە کەمەی بینین و ئەو هەوکردنەی لە ئەنجامی دەرزیلێدانەکە دروستدەبێت، کاردانەوەی خێرای هەیە بۆ کۆرتیزۆن کە دەکرێت بە دەمار یا بە شێویەکی لۆکاڵ پێی بدرێت.

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی چڕ راپۆرت لەسەر هەوکردنی توندی چاوی لەو نەخۆشانەی کە ئاڤاستینیان بەکارهێناوە بە دەرزی بڵاوبوەوە لە گۆڤار و ناوەندە زانستیە جیهانیەکاندا.  گەورەترین روداوی هەوکردنی چاوی ئەو نەخۆشانەی کە دەرزی ئاڤاستینیان بۆ کراوە لە شانغهای چین رویدا لە مانگی نۆی ٢٠١٠دا(Sun, Xu, & Zhang, 2011). لەو ساڵەدا ١١٦ نەخۆش دەرزی ئاڤاستینیان بۆ کرا. لەو ژمارە نەخۆشەی کە دەرزییەکەیان وەرگرت، ٨٠ کەسیان توشی هەوکردنێکی توندی چاوەکانیان بون. هەوکردنەکە لە لایەن نەخۆشخانەکە و دەزگاکانی تەندروستی گشتی بەدواداچونی بۆ کرا و دەرکەوت کە هیچ بڕێکی ئاڤاستین لەو دەرزییانەدا بونیان نەبوە کە دراونەتە نەخۆشەکە و بەمەش دەرکەوتوە کە ئەو دەرزییانە ساختەن و بە قاچاغ هێنراون. دوای ئەنجامدانی پشکنینی بەکتیرۆلۆژی، دەرکەوت کە هیچ کەسێک لەوانەی کە توشی هەوکردنەکە بون، هیچ بەکتیریایەک لە چاویاندا نەدۆزراوەتەوە و و بۆیە هۆکاری هەوکردنەکە هەبونی مەواد و ژەهری پیسبوە لە دەرزییەکاندا.

لە ساڵی ٢٠١١دا لە ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆری نەخۆش توشی هەوکردنێکی توندی چاوەکانیان بون دوای ئەوەی کە دەرزی ئاڤاستینیان بەکارهێنابو(Goldberg, Flynn, Isom, Miller, & Gonzalez, 2011). لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوە، پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت کە هۆکاری هەوکردنی چاوی نەخۆشەکان بەکتیریایەکە بە ناوی Streptococcus mitis/oralis. هەورەها ئەو توێژەرانە، هەبونی بەکتیریاکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەگەری پیسبونی دەرزییەکە لە کاتی ئامادەکردنیدا لە لایەن ئەو کۆمپانیایەی کە دەرزییەکەی دروستکردوە.

وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بڵاوبونەوەی ئەو هەوکردنانە، دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA ) لە ساڵی ٢٠١١دا، پزیشکانی ئەو وڵاتەی لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەوکردنی چاو لە ئەنجامی پیسبونی دەرزییەکە بە بەکتیریا ئاگادارکردەوە و ئامۆژگاری پزیشکانی کرد کە وریابن لە بەکارهێنانی ئەو دەرزییە(FDA, 2011). دەبێت ئەوەش بوترێت کە تاوەکو ئێستا FDA بەشێویەکی فەرمی رێگەی بە ئاڤاستین نەداوە کە بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چاو.

لە مانگی رابوردودا، FDA دیسان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە بە وەستاندنی بەکارهێنانی ئاڤاستین کە لە لایەن کۆمپانیایەکی دیاریکراوەوە دروستدەکرێت بە ناوی کۆمپانیای CSCP و ئەو رێکخراوە پێی وابو کە بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە بە جۆرێکی دیاریکراو لە بەکتیریا پیسبون و پێویستە بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە بەکارنەهێنرێت(FDA, 2013). بەهۆی رودانی ئەم هەوکردنە بەکتیریانەوە، بەشێک لە کۆمپانیاکان بڕیاریان دا کە دەرزییەکە بەشێویەک دروستبکەن کە  تەنها بۆ یەک چاو بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی یەک دەرزی بۆ هەردو چاو بەکارنەهێنرێت(Gonzalez et al., 2012).

دەرئەنجام:

لە دەرئەنجامی ئەم بەشەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێت کە بە گشتی هەوکردنی چاو دوای لێدانی دەرزی ئاڤاستین دەگەڕێتەوە بۆ دو هۆکاری سەرەکی: هۆکاری یەکەم پەیوەندی بە پیسبونی سرنج و دەرزی و ئەو کەرستانەی ترەوە هەیە کە دەرزییەکەی پێ بەکاردەهێنرێت بە بەکتیریا. هۆکاری دوەمیش بۆ بەکارهێنانی دەرمانی ساختە یا نەبونی دەرمانەکە لە دەرزییەکەدا دەگەڕێتەوە، ئەو هەوکردنەی لە دەرئەنجامی هۆکارەکەی دوایی دروستدەبێت پێی دەگوترێت هەوکردنی نا بەکتیریی، چونکە بە هۆی بەکتیریاوە نیە.
 
ئەوەی لەم خوێندنەوە خێراییەی زۆربەی ئەو تۆێژینەوانەی کە لەسەر روداوە هاوشێویەکی کوردستان لە جیهاندا رویانداوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دو هۆکارەی سەرەوە دو ئەگەری سەرەکین لە رودانی کارەساتەکەی کوردستان. لە هەردو حاڵەتەکەشدا، وەکو لە شوێنی تریش ئاماژەمان پێکردوە، نیشانەیەکی زەقەن لەسەر شکستی سیستمی تەندروستی.

ئەگەر دەرزییەکە بە بەکتیریا پیسبوبێت ئەوا بۆ خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دەزگا تەندروستیەکان لە سەر ئاستی نەخۆشخانەکان و ئەو خزمەتەی لەو نەخۆشخانانەدا پێشکەشدەکرێت بەشێوازێکی پاک و زانستی فەراهەم ناکرێن و بوارێکی گەورە  واڵا کراوەتەوە بۆ توشبون بە هەوکردن و بەکتیریا. ئەگەریش درەمانەکە بە قاچا‌غ هاتبێت و هیچ بڕێک لەو دەرمانەی تیا نەبوبێت کە دەبو لە دەرزییەکە بوایە ئەوە کۆستێک و کارەساتێکی گەورەترە و نیشانەیە بۆ شکستی هەمو ئەو بەڵێنانەی کە بەرپرسانی تەندروستی لە سەرەتای دەستبەکاربونیانەوە لە کابینەی حەوتەمی حکومەتدا بە خەڵکیان دا.

لە هەردو ئەگەرەکەدا، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی تەندروستی لە کوردستاندا بە هاوکاری ئەو نەخۆشخانە و پزیشکانەی کە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات چارەسەر بۆ نەخۆشەکان دەکەن، توێژینەوەی خێرا و زانستی لەسەر ئەو نەخۆشانە بکەن و بە دوای هۆکارەکانی توشبون بۆ کارەساتە بگەڕێن. ئەگەر هەر بەکتیریایەکیان لە چاوی نەخۆشەکاندا دۆزیەوە ئەوا دەشێت جێگا و رێگای خاوێن لە لایەن پزیشکان و نەخۆشخانەی رزگاریەوە نەگیراوەتەبەر و دەبێت سەرباری وەرگرتنی هەنگاوە یاساییەکان، هەنگاوی زانستیش بگیرێتە بەر بۆ گەرەنتیکردنی پابەندبون بە بنەما سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنی لە دەرزیلێدان و پێدانی دەرمان بە نەخۆش. لە لایەکی ترەوە ئەگەر دەرکەوت کە ئەو دەرمانەی کە بۆ ئەو نەخۆشانە بەکارهاتوە ساختە بو و بە قاچاغ هاتوەتە کوردستانەوە ئەوا هیچ هەنگاوێکی تر جگە لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی و بەرپرسەکانی تری تەندروستی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسن لەم کارەساتە نادۆزینەوە وەکو وەڵامێکی شیاو بۆ ئەو تاوانە. دواجار ئەم کابینە تازەیەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو بنەمایە هێنرایە پێشەوە کە جێگرەوەی کابینەی پێشوە کە بە گەندەڵ ناوی دەرکردبو. لە هەمو حاڵەتەکاندا، پێویستە بەکارهێنانی دەرزی ئاڤاستین بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت رابگیرێت تاوەکو سەرچاوەی دەرمانە ساختەکە دەدۆزرێتەوە و هەروەها تاوەکو ئەو کاتەی کە دەزگایەکی ناسراوی وەکو دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA رەزامەندی دەدات لەسەر بەکارهێنانی بۆ نەخۆشیەکانی چاو.

ماوەتەوە بڵێین، کێشەکە ئەوەیە کە ئەم جارە ئەوە چاوی هاوڵاتیان بو کە بو بە قوربانی و هیچ ئەندامێکیش وەکو چاو بە رونی کێشەکانی تێا دەرناکەوێ. ئەگەر ئەو کێشانەی دەرمانی ساختە بۆ چاوی دروستدەکەن ئاوەها رون و ئاشکرا دیاربن، ئاخۆ دەبێت دەرمانی ساختە و قاچاغ چی کارەساتێک بۆ ئەندامەکانی تری لەشی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دروستبکەن، کە وەکو چاو بە ئاشکرا دەرناکەون.


سەرچاوەکان:
Avery, R. L., Pearlman, J., Pieramici, D. J., Rabena, M. D., Castellarin, A. A., Nasir, M. A., Giust, M. J., et al. (2006). Intravitreal bevacizumab (Avastin) in the treatment of proliferative diabetic retinopathy. Ophthalmology, 113(10), 1695.e1–15. doi:10.1016/j.ophtha.2006.05.064
Avery, R. L., Pieramici, D. J., Rabena, M. D., Castellarin, A. a, Nasir, M. a, & Giust, M. J. (2006). Intravitreal bevacizumab (Avastin) for neovascular age-related macular degeneration. Ophthalmology, 113(3), 363–372.e5. doi:10.1016/j.ophtha.2005.11.019
BNF. (2013). British National Formulary. BNF. Retrieved April 11, 2013, from https://www.medicinescomplete.com/mc/bnf/current/login.htm?uri=http%3A%2F%2Fwww.medicinescomplete.com%2Fmc%2Fbnf%2Fcurrent%2FPHP5433-bevacizumab.htm
FDA. (2011). Drug Safety and Availability - FDA Alerts Health Care Professionals of Infection Risk from Repackaged Avastin Intravitreal Injections. Center for Drug Evaluation and Research. Retrieved from http://www.fda.gov/Drugs/DrugSafety/ucm270296.htm
FDA. (2013). Press Announcements - FDA alerts health care providers and patients of the nationwide recall of all lots of sterile products distributed by Clinical Specialties Compounding Pharmacy. Retrieved from http://www.fda.gov/NewsEvents/Newsroom/PressAnnouncements/ucm345019.htm
Fung, a E., Rosenfeld, P. J., & Reichel, E. (2006). The International Intravitreal Bevacizumab Safety Survey: using the internet to assess drug safety worldwide. The British journal of ophthalmology, 90(11), 1344–9. doi:10.1136/bjo.2006.099598
Georgopoulos, M., Polak, K., Prager, F., Prünte, C., & Schmidt-Erfurth, U. (2009). Characteristics of severe intraocular inflammation following intravitreal injection of bevacizumab (Avastin). The British journal of ophthalmology, 93(4), 457–62. doi:10.1136/bjo.2008.138479
Goldberg, R., Flynn, H., Isom, R., Miller, D., & Gonzalez, S. (2011). An Outbreak of Streptococcus Endophthalmitis after Intravitreal Injection of Bevacizmab. American Journal of Ophthalmology, 153(2), 204–208. doi:10.1016/j.ajo.2011.11.035.An
Gonzalez, S., Rosenfeld, P. J., Stewart, M. W., Brown, J., & Murphy, S. P. (2012). Avastin doesn’t blind people, people blind people. American journal of ophthalmology, 153(2), 196–203.e1. doi:10.1016/j.ajo.2011.11.023
Kaiser, P. K., Chung, C. Y., Ph, D., Kim, R. Y., & Study, M. (2006). new england journal, 1419–1431.
Kim, S., Ha, B., Tchah, H., & Kim, T. (2008). The Effect of Topical Bevacizumab on Corneal Neovascularization. Ophthalmology. Retrieved April 11, 2013, from http://www.sciencedirect.com.ezproxy.is.ed.ac.uk/science/article/pii/S0161642008001760
Manzano, R. P. a, Peyman, G. a, Khan, P., Carvounis, P. E., Kivilcim, M., Ren, M., Lake, J. C., et al. (2007). Inhibition of experimental corneal neovascularisation by bevacizumab (Avastin). The British journal of ophthalmology, 91(6), 804–7. doi:10.1136/bjo.2006.107912
NICE. (2007). Bevacizumab and cetuximab for the treatment of metastatic colorectal cancer.
NICE. (2010). Bevacizumab in combination with oxaliplatin and either fluorouracil plus folinic acid or capecitabine for the treatment of metastatic colorectal cancer.
NICE. (2012). Bevacizumab in combination with capecitabine for the first- line treatment of metastatic breast cancer.
Rosenfeld, P. J., Moshfeghi, A. A., & Puliafito, C. A. (2005). Optical coherence tomography findings after an intravitreal injection of bevacizumab (avastin) for neovascular age-related macular degeneration. Ophthalmic surgery, lasers & imaging : the official journal of the International Society for Imaging in the Eye, 36(4), 331–5. Retrieved from http://europepmc.org/abstract/MED/16156152
Sun, X., Xu, X., & Zhang, X. (2011). Counterfeit Bevacizumab and Endophthalmitis. The New England Journal of Medicine, 378–379.
Wu, L., Martínez-Castellanos, M. a, Quiroz-Mercado, H., Arevalo, J. F., Berrocal, M. H., Farah, M. E., Maia, M., et al. (2008). Twelve-month safety of intravitreal injections of bevacizumab (Avastin): results of the Pan-American Collaborative Retina Study Group (PACORES). Graefe’s archive for clinical and experimental ophthalmology = Albrecht von Graefes Archiv für klinische und experimentelle Ophthalmologie, 246(1), 81–7. doi:10.1007/s00417-007-0660-z