Print WWW.SBEIY.COM
 لەنێوان مردن و ژیانی مارگریت تاچەردا!
ئاسۆ حامدی
15/04/2013

ئەو ژنە حەدیدیەی ناوی مارگریت بو، لە ژیانی سیاسی دا خزمەتێکی زۆری بە ئابوری لیبرالیزمی نوێکردو خاڵی وەرچەرخان بو بۆ ئەم سیستەمە نوێیە کە ریگن و تاچەر بەردی قوڕنەیان بۆ دانا. لەلایەکی تر یەکێک لە سەرسەخترین سەرکردەی سیاسی بەریتانیایی بو کە کۆتایی بە کاریگەری یەکێتیە کرێکارەکان هێنا. سەرکوتی مانگرتنەکانی کرێکارانی کانەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردو سەرەتای ئەم دەورانە بون و قوفڵەکانی دەرگاکانی کارگەکان گەورەتربون و پشتێنی سەر سکی کرێکاران و چینەکانیشان توندتربون.

مارگریت لە مەسەلەی دورگەکانی ڤۆکلاند توانی سەرکەوتن بەدەستبێنێ، دوبارە لە نەخشەی ئابوری و سیاسی ئەوروپا ئینگلاندی هێناوە شوێنی سەرەکی خۆیی و بە کەمترین شێوە لە بودجەی ساڵانەی وڵاتەکەی بۆ ئومەمی ئەوروپایی و رۆڵی بەریتانیا لە ناتۆدا، هەروەها لەندەنی وەک سینتراڵی فینانشێل دوبارە بەهێزکردەوە ئەم وشانە رای زۆربەی ئەنالیستەکانی ژیانی تاچەرن. لە هەمان کاتدا لە چاککردنی مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان پەرەی بە بیرو هزری ئابوری لیبراڵی دا و بە تایبەتی کردنی کۆمپانیا و خانو و هەمو کەرەستە دەوڵەتیەکان و گۆڕینی بۆ کەرتی تایبەت یەکێکی تر لە سەرکەوتنەکانی بون کە کامیرۆن هەتا دەمرێ شانازی پێوەدەکات.

دۆستەکانی تاچەر هەمو ئەمانە بە شانازیەوە دەڵێن، لە هەمان کاتدا دژەکانی دەڵێن ئەم ژنە سیاسەتمەدارە بنەمای کۆمەڵایەتی وڵاتی سەراوژێرکرد هەمو دەسکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی لەنێوبرد و مرۆڤایەتی چڕکردەوە لە ژمارەکانی باج و سەرانەدا.

تاچەر و ریگن رۆڵی گرنگیان لە کۆتایی بە شەڕی سارد هێنا، تاچەر لە بیرەوەریەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە لە سەردانی بۆ مۆزەخانەیەکی یەکێک لە وڵاتەکانی بلۆکی رۆژهەڵات سەیری پێڵاوی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کردوە بینیویەتی چەندین پینەی پێوەبوە خۆی دەڵێ؛ لە پێڵاوەکانی ئەم بەڕێوەبەرە بینیم کە سیستەمی بلۆکی رۆژهەڵات چەندە هیلاکە.

ئەم سیاسەتمەدارە زۆر دڵڕەق بەرامبەر بە کۆمۆنیزم و کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژیانی سیاسیدا کاری کردوە و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

ئەمڕۆ بەریتانیا و جیهانی گڵۆبالیزم هەمان رێچکەی ئەم سیستەمە ئابوریە بەڕێوە دەبەن، لە ناوەخنی خۆیدا هەژار هەژارتر دەبێت و دەوڵەمەندیش دەوڵەمەند تر و هەمو سەرچاوەکانی ئینێرژیش دەبێ لەدەست کەمایەتیەکی سەرمایەدار بێت و چۆن میدیا و وەرزش و هەمو شوێنە خۆشگوزەرانەکان و شوێنەکانی رابواردن و گەشتوگوزار. ئەم سیستەمە ئەمڕۆ لە قەیرانێکی ئابوری بەردەوام دایە هەر لە ئەمەریکا تا ئەوروپا.

هەندێ لە ناحەزانی تاتچەر دوای مردنی دەستیان بە شایی و خواردنەوە کرد وتیان؛ ئەمە سەرەتای مردنی ئەم سیستەمەیە کە تاتچەر بنیاتنەری بو. بەڵام ئەم حوکمە سۆزداریە زۆر زوە. هیچ پایەیەکی پراکتیکی نیە و ئەڵتەرناتیڤەکانیش ساوان.

هەتا ئەم سیستەمە مابێ کە ئەمڕۆ هەیە، ناوی ریگن و تاتچەر دەمێنن، چۆن لە دواین مەنزلی ژیانیان توشی نەخۆشی خەڵەفان بون، رەنگە دور یان نزیک ناوی ئەوانیش لە سەحنەی سیاسی بسڕێنەوە، بەڵام مردنی تاتچەر سەرەتای ئەم دەورانەی زیندوکردەوە کە بە کەرتی تایبەتی کردنی دامودەزگا دەوڵەتیەکان و چاککردنی بە ناوکۆمەڵایەتی جگە لە برسیەتی کردن و شانداخزاندنی دەوڵەت لەبەر قورسایی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و دەوڵەمەند کردنی کەمایەتییەکی کەم لەسەر حسابی کەمایەتیەکی زۆر شتێکی تر نین. هەروەها رۆڵی تاتچەر لە مەسەلە ئەنتەرناسیونالەکان تەنها پێداگرتن بوە لە نەخشەی سیاسی ناسیوناڵی کە ئەم دەرسەش کەم نیە بۆ هەمو دەورانێک. پێمان خۆش و ناخۆش بێت بەڕاستی ژنە حەدیدیەکە سیاسیەکی سەرکەوتوی دونیای خۆی بو.