Print WWW.SBEIY.COM
 1ی ئایارو داخوازیەکانی کرێکاران لە کوردستان
ئاسۆ حامدی
24/04/2013


کرێکارانی کوردستان هەتا ئێستا وەکو چین نە هاتونەتە مەیدان، ئەمەش نەبونی رابەریەکی سەرتاسەری و رۆشەن نەبونەوەی چینی کرێکار، وەکو چین و نا ئارامی کۆمەڵگا و ساغ نەبونەوەی مەسەلە نەتەوەییەکان رێگربون و دەبن، لەلایەکی تر خەڵكی لە کوردستان تەنها کرێکاری بیناسازی بە کرێکار دەزانن و رۆژنامەنوسێک و پزیشکێک و ئەندازیارێ و مامۆستایەکی زانکۆ خۆیان بە کرێکار دانانێن. ئەمەش پەیوەندی بە خودی پەیوەندیەکانی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی سەرمایەداری و دەوڵەت و کەلتوری کۆمەڵگاوە لە وڵاتدا هەیە. لە لایەکی تریش نەبونی یاسای کرێکاری سەرتاسەری و نەبونی فدراسیۆنی کرێکاران هێندەی تر مەسەلەکەی ئاڵۆزکردوە.

تاکە داخوازی ئەمساڵ دامەزراندنی یەک فدراسیۆنی کرێکاری و کارمەندی سەرتاسەریە و کۆتایی هێنان بە سەندیکای حیزبایەتی کرێکارانە، ئەمە هیچ مەنفی نیە هەر کرێکارو کارمەندێ خاوەنی بیروباوەڕێکی دیاریکراوی حیزبی خۆیەتی. دەبێ لێرەش ئەمە بڵێین کۆمەڵگا بێ حیزب و حزبیەت نابێ بەڵام لێپرسراویەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و رۆڵی کەسەکان لەحکومەتدا دەبێ رۆڵی هاوڵاتی بۆ دەوڵەت بێت نەك بۆ حیزب و حزبیەت. ئەم فەهمە نادروستەش گرفتی بۆ نەوەکانی ئایندە دروستکردوە و دەکات.

کۆمەڵانی خەڵک ئازادن چ بیروباوەڕێکی حیزبیان هەیە بۆ حیزبەکانی دەسەڵات و حیزبەکانی ئۆپۆزیسۆنەوە بەڵام لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەوڵەتدا دەبێ وەکو کەسایەتی حکومی کاربکەن و لێپرسراویەتی و مافەکانیان بنێن نەک وەک حیزب. ئەشکاڵ لێرەدا لەم فەهمەدایە. ئەمەش دەبێ بە هێزی هەموان بە یاسا چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەگەر کەسایەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان یاسا پێشێل بکەن ئەوە ئەرکی کۆمەڵانی خەڵکە بە ناڕەزایەتی وەڵامیان بدەنەوە. ئەمەش قوربانی لە کۆمەڵگا داوادەکات. قوربانیەکانی ١٧ی شوبات نمونەن.

کرێکاران لەم دواییانەدا قوربانی کارن و زۆرجار لەبەر نەبونی ئەمنیەتی کاردا دەبن بە قوربانی لە هەمانکاتدا قوربانی هاتوچۆشن. ئەم قەسابخانەیە دەبێ کۆتایی پێ بێت. ئەمە گرفتێکی کۆمەڵایەتیەو دەسەڵاتیش پێ خۆش نیە بەڵام بونی یاسایەکی کرێکاری دروست دەتوانێ رادە بۆ ئەم قوربانیانە دابنێ.

بونی گرێبەستی کرێکاری لە هەموو ڕشتەکانی کارکردن دا و بەکارپێکردنی لە یاساکان و دادگاکانی دەوڵەتدا ئەرکێکی تری کرێکارانن.

١ی ئایار مێژویەکی دورو درێژی لە ژیانی مرۆڤایەتی دا هەیە، تاکە وانە لەم مێژوەدا کە تا مێژوش بمێنی هەر دەمێنێ ئەویش ئەمەیە (هێزی کرێکاران لەڕێکخراوبونیان دایە. ئەگەر کرێکاران رێکخراوبن دەتوانن هەمو داواکاریەکان بە دەستبێنن و ئەگەر ئیرادەبکەن دەتوانن هەمو دەسکەوتەکان بەدەست بێنن) بەس ئەمەش گەورەترین گرفتی گەلی کرێکارە، چۆن و کەی رێکخراو دەبن.

کرێکارانی کوردستان لەم رۆژەدا دەکرێ چڕی بخەنەسەر:
دروستکردنی فدراسیۆنێکی کرێکاری لەهەمو رێکخراو و سەندیکا کرێکاریەکانی کوردستان، دواتریش دەست بەکاربون بە هەمو کارێ بە گرێبەستی کرێکاری دەبێ بچێتە رێوەو لەڕوی یاساییەوە کاریگەری هەبێ. ئەگەر ئەمە بکرێ تەکانێکی جدی بە کۆمەڵگاش دەدات.