Print WWW.SBEIY.COM
 دەنگدان و کاریگەریەکانی
فایەق سەرچناری
07/06/2013


بێگومان لە هەر وڵاتێکی ئەم دونیایە کە هەڵبژاردنی تیا دروست ئەبێت تەنها بۆ ئەوەیە، خەڵکەکەی بە هەمو چین و توێژەکانیەوە کە تەمەنیان لە هەژدە ساڵ بۆ سەرەوەبێت ئەو مافەیان ئەبێت بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن... کە پێی ئەوترێ دەنگدان یان هەڵبژاردن.
لێرەدا رونکردنەوەیەك لەسەر کارەکانی حکومەت و باسێك لە سەر چونی خەڵك یان نەچونی بۆ دەنگدان و کاریگەریەکانی ئەخەینەڕو.

دیارە ئەو ماوە تێپەڕبوەی کە ئەو دەسەڵاتدارانەی پارتێك لە هەڵبژاردنی پێشودا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتیان لە ئەستۆدا بوە تاقی کردنەوەیەکە لە بەردەمماندا بۆ هەڵبژاردنی دوەم، کە خەڵك هەڵی ئەسەنگێنێ تا چەند هەوڵیان داوە کە بەرژەوەندی خەڵك بەڕادەیەکی باش هەوسەنگ کرابێ و چەند هەوڵیان بۆ سەروەری یاسا، بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەروەردە، تەندروستی، بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، ژینگە، ژێرخانی ئابوری، رێکخستنی هێزی بەرگری وڵات، دۆزینەوەی هەلی کار و رێگاوبان و زۆر شتی تر. کە هەمو ئەمانە ئەرکی ئەم دەسەڵاتەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

کاری زۆر باشی بۆ کردبن و هەمیشە لە خزمەتی خەڵکەکەیدا بوبێت... بۆئەوەی هەم خۆشەویستی خەڵك بۆ وڵات و هەمیش خولی داهاتو بتوانێ ئەم متمانەیەی خەڵکەکەی بەدەست بێنێتەوە، بۆ خزمەتکردنی زیاتر لەوەی پێشوی، چونکە هەمو ئەزانین جیهان لە گۆڕانکاری پەلەدایە.

چۆن لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە حیزبی براوەی هەڵبژاردنی پێشو لەژێر تاقی کردنەوەی خەڵکدایە لە ئاستی بەڕێوەبردنی جومگەکانی وڵات. بەڵام گرنگی بەشداری ئێمە زۆر کاریگەرە، چونکە تۆ بڕیار ئەدەی لەسەر هەمو مەسەلە چارەنوسزازەکان. ئەوە بڕیاری تۆیە کە هەوکێشەکان لاسەنگ ئەکات و ئەیگۆڕێت. حەق ئەدات بەوەی کە کێ خزمەتی وڵاتەکە ئەکات یان کردویەتی، یان بەرنامەی جوانتری داڕێژاوە بۆی...

بێگومان ئەگەر چاوێك بخشێنین بە دەنگدان لە هەندەراندا، خەڵکەکەی تەنها ئەخوێنێتەوە مەبەستم لێرەدا بەرنامەکانە کە پارتە سیاسیەکان دایئەڕێژن بۆ پێکهێنانی حکومەت، کێ بەرنامەی باشتری بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانی وڵاتی پێبێ ئەوە دەنگی پێئەدەن و ناترسن لەوەی کە جێبەجێ نەکرێ، چونکە ئەگەر وابو ئەوا بۆ دەنگدانی دوای توشی شکست ئەبێ و دەنگی پێنادەنەوە... بۆیە زۆر پێویستە هەوڵ بدەین ئەمە بکەینە مۆدێل و هەمومان بچین بۆ دەنگدان و بەشداری بکەین بەبێ دودڵی، چونکە بەشداری نەکردنمان بەڕای من کارەساتە و هەمومان لە ئاست کەموکوڕی وڵاتەکەماندا بەرپرسیارێتی گەورە لەسەر شانمانە، بۆیە لەسەرمان پێویستە زۆر پەرۆش بین بۆی، هەوڵیش بدەین کە ئامادەبین لەسەر سنوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەین، چونکە ئەگەر دەنگ بدەین ئەتوانین رەخنەی توند بگرین، سیستەمی وڵات بگۆڕین و هەمیش بۆئەوەی ویژدانمان ئاسودەبێ...