|
سه‌دوچل به‌ره‌وكوێ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج |
25/06/2013 |
ماده‌ی 140:
یه‌كه‌م: ده‌سەڵاتی جێبه‌جێكردن هه‌نگاوه پێویسته‌كانی نێو ماده‌ی 58 جێبه‌جێ ده‌كات، به‌هه‌مو بڕگه‌كانیه‌وه، له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنه‌وه.
دوه‌م: ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌سەڵاتی جێبه‌جێكردنی حكومه‌تی راگوزه‌ر له ماده‌ی 58ی یاسای به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له قۆناغی گواستنه‌وه نوسراوه، درێژده‌بێته‌وه و به‌رده‌وامده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سەڵاته‌وه كه‌به پێی ئه‌م ده‌ستوره هه‌ڵبژێردراوه، پێویسته ئه‌م كارانه ئه‌نجام بدات "ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری، دواتر راپرسی، له كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه كه‌كێشه‌یان له‌سه‌ره بۆ دیاریكردنی ویستی هاوڵاتییه‌كانی" له‌ماوه‌یه‌كدا كه له 31ی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 2007 تێپه‌ڕ نه‌كات.
ئێستا "6" ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مه‌ودا زه‌مه‌نییه دیاریكراوه‌دا تێده‌په‌ڕێت، كه بۆ دوا قۆناغی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 دانراوه، نه‌یارانی ماده‌كه ده‌ڵێن ئه‌و ماده‌یه مردوه و كۆتاییهاتوه و ئێمه‌ش ده‌ڵێین نه‌خێر.
تائێستا به‌و ماده‌یه گوندێك له روی سیاسییه‌وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كوردیش تا ئه‌م چركه‌یه هیچ به دیلێكی تری نییه، له‌كاتێكدا:
له‌ناوچه دابڕاوه‌كان "كێشه له‌سه‌ره‌كان"
1- له‌روی ئیدارییه‌وه بڕیاره‌كانی به‌عس له گواستنه‌وه‌ی قه‌زاو ناحیەكان له پارێزگایه‌كه‌وه بۆ سه‌ر پارێزگایه‌كی تر هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، بۆ نمونه كه‌ركوكی پێش 2003 نه‌خشه‌كه‌ی چۆن بو ئێستا دوای 10ساڵ هه‌مان نه‌خشه بونی هه‌یه.
2- ته‌عریب كۆتایینه‌هاتوه و له دوای 2003وه له پارێزگای موسڵ هه‌زاران خێزانی كورد به‌ره‌و ناوچه‌كانی تر هەڵاتون و ده‌ركراون، ته‌نیا له قه‌زای حه‌ویجه زیاتر له 1100 ماڵ به‌زۆر ده‌ركراون و راونراون، ئه‌مه بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌ش هه‌روایه، بۆ نمونه بۆ مه‌نده‌لی و قه‌ره‌ته‌په و خورماتو هه‌تا دوایی.
3- ده‌سته‌ی كێشه موڵكداریه‌كان له روی یاساییەوە هیچێكی واینه‌كردوه بۆ گێڕانه‌وه‌ی زه‌وی و زاری كورد و توركمان بۆ ده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان.
4- نه‌توانراوه دڵی توركمان و عه‌ره‌ب و كلدۆئاشور به‌لای كوردا په‌لكێشبكرێت و وابكرێت، كه ئه‌وان خۆیان داوا بكه‌ن ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا زۆرترین نه‌یاری له‌ناوخودی ئه‌و ناوچانه‌یه بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ماده‌ی 140 بۆ كورد پڕه له‌كه‌موكوڕی، بۆ نمونه:
1- له‌و ماده‌یه‌دا به وردی له‌سه‌ر سته‌مكاریه‌كانی رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان و به‌تایبه‌ت به‌عس قسه‌نه‌كراوه.
2- له‌و ماده‌یه‌دا باسی دروستكردنی لیژنه‌ی گوتن و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر راستیه‌كان نه‌كراوه، وه‌ك بڕگه‌یه‌كی گرنگی قۆناغی دادوه‌ری گوێزه‌ره كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان زۆر پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
3- له‌و ماده‌یه‌دا باسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌دان گوند و قه‌ره‌بوكردنه‌وه و ساڕێژكردنی ئازاره‌كانی ئه‌نفال و عه‌ره‌باندن و سته‌مه‌كانی دیكه نه‌كراوه.
4- له بنه‌ڕه‌تدا ماده‌ی 140 بۆ چاره‌سه‌ری برینی نێوان جه‌لاد و قوربانی نوسراوه، لێ له ناوه‌ڕۆكدا ماده‌كه ئه‌وه‌ی پێوه دیارنیه و هه‌ردولای به یه‌ك چاو ته‌ماشا كردوه.
له قۆناغی یه‌كه‌می ده‌سەڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستادا 2005 بۆ 2009 له خاڵی 22ی كارنامه‌كه‌یدا دكتۆر نوری مالیكی به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه ده‌دات، له چوار ساڵی دوه‌مدا هیچ شتێكی له‌و جۆره له كارنامه‌كه‌یدا باس ناكات، له‌كاتێكدا:
1- كورد زۆر شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن، له هه‌ولێر ئه‌و حكومه‌ته‌یان دروستكرده‌وه.
2- هه‌ر له قۆناغی یه‌كه‌می ده‌سەڵاتی سه‌رۆك وه‌زیری ئێستادا له 22ی ته‌موزی ساڵی 2008 " 127 " ئه‌ندام پارله‌مانی عێراقی له یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكاندا ماده‌ی 24 یان بۆ كه‌ركوك نوسی، كه‌ئه‌مه خۆی له خۆیدا جاڕی مه‌رگی ماده‌ی 140 بو.
3- كورد ته‌نیا توانیویەتی به ماده‌یه‌كی تر كه به‌ماده‌ی 23 ناسراوه به‌رپه‌رچی ماده‌ی 24 بداته‌وه بێئه‌وه‌ی ماده‌ی 24 كۆتای پێبێت و تا ئێستاش ئه‌و یاسایه بۆ كه‌ركوك كاری پێده‌كرێت.
كورد تائێستا جگه له‌ماده‌ی 140 چی تری هه‌یه؟
دیاره له‌ر وی سیاسی و یاساییەوە جارێ هیچ. له كاتێكدا:
1- دوای ماده‌ی 24 ی یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا " لیستی برایه‌تی كه‌ركوك " داوایان له پەرله‌مان و حكومه‌تی هەرێمی كوردستان كرد، ئه‌و پارێزگایه بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ر گوێی لێنه‌گیرا.
2- هیچ پرۆژه‌یه‌كی جێگرەوە دانه‌نرا، بۆنمونه وه‌ك " ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ" یان داواكردن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه.
3- بڕیاره‌كانی به‌عس به گشتی هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه، كه‌چی له كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان كاریان پێنه‌كرا، بۆ نمونه رێكخستنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئیداری.
ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌ركوك به نمونه وه‌ربگرین له ناوچه دابڕاوه‌كان
1- به‌ر له ساڵی 1976 كه‌ركوك بریتی بوه له 7 قه‌زاو 23 ناحیە و 1438 گوند.
2- دوای ئه‌و مێژوه كه‌ركوك به‌ره به‌ره بوه به 3 قه‌زاو 9 ناحیە و 590 گوند.
3- له ساڵی 1963 له سنوری قه‌زای دوبزو ناحیەی سه‌رگه‌ڕان ده‌یان گوند راگوازران و چۆڵكران و ته‌عریبكران، ئه‌وه جگه له روخاندنی گه‌ڕه‌كێكی گه‌وره‌ی ناوجه‌رگه‌ی شار.
له پڕۆژه ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا:
1- ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان "ناوچه دابڕاوه‌كان" مافی ئه‌وه‌یان نییه ده‌نگ به‌و ده‌ستوره بده‌ن، له كاتێكدا ده‌نگیان به ده‌ستوری عێراق داوه.
2- مافی ئه‌وه‌یان نییه خۆیان كاندیدبكه‌ن و خۆیان هه‌ڵبژێرن بۆ پەرله‌مانی كوردستان، له كاتێكدا بۆ عێراق ئه‌و مافه‌یان هه‌یه.
3- چاره‌نوسی ئه‌و ناوچانه له‌روی سیاسییه‌وه گرێدراوه به ماده‌ی 140 وه، له كاتێكدا ئه‌و ماده‌یه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ته‌واوی خاڵه‌كانی زۆر ئه‌سته‌مه.
ئایه ده‌كرێت ئه‌م ناوچانه ته‌نیا ده‌ستوری عێراقیان هه‌بێت، له كاتێكدا:
1- له ده‌ستوری عێراقدا ئه‌م ناوچانه خراوه‌ته چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140 وه.
2- ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌رن و هه‌ردولا مافی وه‌كیه‌كیان هه‌یه تا جێبه‌جێكردنی ماده‌كه.
بەڵام ده‌سەڵاتی كوردی له هه‌رێمی كوردستان نایه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و ناوچانه مافه سه‌ره‌تایه‌كانی خۆیشیان ده‌ستبكه‌وێت.
له كاتێكدا ئه‌م ناوچانه له روی خاكه‌وه نزیكه‌ی 50% ی خاكی باشوری كوردستان و له روی خه‌ڵكه‌وه نزیكه‌ی 30% ی خه‌ڵكی باشوری كوردستان پێكدێنن.
كورد ئه‌گه‌ر بڕیاره هه‌ر سوربێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 پێویسته:
1- لیژنه‌ی به‌دواداچونی راستیه‌كان دروستبكات و كۆی به‌ڵگه و دیكۆمێنت و ته‌نانه‌ت پسوڵه‌ی ده‌ركردن و راگواستنه‌كان كۆبكاته‌وه و چیرۆكی ده‌ركردن و راگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و به‌عساندنه‌كان كۆبكاته‌وه و ئەرشیفیان بكات.
2- مێژوی سته‌مكاری له‌بری ئه‌وه‌ی له 1968 وه ده‌ستپێبكات بۆ سنوری ناوچه دابڕاوه‌كان بیگێڕێته‌وه بۆ 1963، ئه‌مه خواستی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه، له ساڵی 1963 ده‌یان گوندی كورد سوتێنران و تاڵانكران و ته‌عریبکران، بۆ نمونه له سه‌رگه‌ڕان " گونده‌كانی جەستان، ده‌ربه‌ند، سه‌ربه‌شاخ ، شناغه، دركه‌ی گه‌وره، په‌ركانه، دركه‌ی گچكه، عه‌ولافات، ساره‌لو، گه‌ڕاو، كێشمه، ته‌لهەڵاڵە، گه‌زوه‌شان و هتد" له د وبز" قه‌ره‌ده‌ره، عه‌مشه، مه‌رعی، قوشقایه، قەڵا عه‌ربه‌ت، هه‌نجیره بچوك، قوتانی خه‌لیفه، قوتانی كورده‌كان، سێكانیان، شۆراو، باجوان، گورگه‌چاڵ، شێخان، نادراوه، دركه‌ی كوردان، عه‌له‌غێر، مامه، شیرناو، ته‌قته‌ق، كونه‌رێوی، چه‌خماخه، مه‌ڵحه"
3- حكومه‌تی عێراقی به‌رپرسیار بكات له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ته‌واوی گونده‌كانی سنوری ناوچه دابڕاوه‌كان كه له ئه‌نفالی 1988 دا روخێنراون.
4- لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی بۆ به‌دواداچونی كاره‌كانی تا ئێستا له ماده‌ی 140 كراون و كه‌موكوڕیه‌كان دابنرێت و بۆ له‌مه‌ودا چ رێوشوێنێک بگیرێته‌به‌ر بۆ به‌باشی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه. |
|
|