Print WWW.SBEIY.COM
 هەڕەشە لە نەتەوەی تورکمان یا بەشە شیعەکەی
مه‌لا فه‌رمان
28/06/2013

تورکمان لە عێراق ئەگەرچی ژمارەیان بە بەراورد بە عەرەب و کورد زۆر کەمە، بەڵام پێکهاتەی نەتەوەیی سێیەم پێک دەهێنن، لە کوردستانیش دوەم. تورکمانیش وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق دیار نییە قەوارەیان چەندە. بەڵام دەکرێت بە ژمارەی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی عێراق ژمارەیان بخەمڵێندرێ. بەگوێرەی ئەم پێوەرە ژمارەیان لە ملیۆنێک تێناپەڕێ. لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا تورکمان لەبری ئەوەی بەیەک لیستی نەتەوەیی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکات، لەگەڵ لیستەکانی شیعە و سونەی عەرەبدا تێکەڵ بوە، بۆیە گومان دەکرێت ئەو ژمارە خەمڵێندراوەش لە راستیەوە نزیک بێت، یاخود لەم روەوە غەدریان لێکراوە.

شوێنی نیشتەجێبون

تورکمان لە دانیشتوانە کۆنەکانی کوردستان و عێراقن، لە خاکێکی شێوە زنجیرەییدا لەگەڵ کورد و عەرەب دەژین. لە تەلەعفەرەوە دەست پێدەکات، بە هەولێر و کەرکوکا تێدەپەڕێ تا دەکاتە خانەقین و مەندەلی لە نزیک سنوری عێراق- ئێران.

تورکمان و مەزهەب
لەڕوی مەزهەبەوە تورکمان دابەشبوە بەسەر شیعە و سونەدا. شیعە مەزهەبەکان زیاتر کەوتونەتە گوند و ناحیەکانی کەرکوک، دوزخورماتو و پارێزگای دیالە. سونەکانیش لە کەرکوک و هەولێر.

تورکمان و بزوتنەوەی سیاسی
تورکمان زیاتر بە کاری ئابوری و بازاڕەوە خەریکن، ئەوەندەی لەم بوارە بە گشتی شارەزایی و پسپۆڕیان هەیە ئەوەندە نزیک نەبونە لە کاری سیاسی و حیزباتیەوە، تەنانەت ناوی زۆربەی عەشیرەتەکانی تورکمانی کەرکوک ناوی پیشەییان لە خۆگرتوە، نەوتچی، ئاوچی...تاد، ئەم ناوانەش لە مێژودا زۆر کۆن نین. سەرهەڵدانی بزوتنەوەی سیاسی و حیزبی تورکمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردو، دیاریکراوتر بۆ نەوەتەکانی سەدەی رابردو. لە لایەکی ترەوە دەبینین سەرهەڵدانی ئەو بزوتنەوە سیاسیەش هاوتەریب بوە لەگەڵ بە هێزبونی باسکی شۆڕشی کوردستان.

تورکان و هەڕەشە
لەسەردەمی رژێمی بەعس بەبێ رەچاوکردنی ئینتیمای مەزهەب، لە عێراقدا نکۆڵی لە بونی تورکمان وەک نەتەوە دەکرا. ئەمانیش وەک کورد ستەمی زۆریان لێکراوە. دوای ٢٠٠٣، بە تایبەتی دوای دروستبونی شەڕی تایفی نێوان شیعە و سونەی عەرەب، بە رونی دژایەتیکردن و هەڕەشە لەسەر پێکهاتەی شیعەی تورکمان دەبیندرێ و لە زیادبوندایە. هەر کاتێ ناکۆکیە سیاسیەکان لە بەغدا قوڵتر بوبێتنەوە، هەڕەشەکانیش بۆ سەر ئەو پێکهاتەیە زیادی کردوە، بەڵام بەشە سونەکەیان لەو هەڕەشانە دورترن. تەقینەوەکانی دوزخورماتو ، گەڕەکی تسعین و حوسەینیەکانی تورکان لەکەرکوک هۆکار و مەبەستی هەڕەشەکان دەردەخەن ( دەکرێت لەم بارەوە بە دواداچون بۆ ئەو داتایانە بکرێت کە لەبەر دەستی پۆلیسدا هەن). دەتوانرێت ئەو هەڕەشەیە لە هەندێ حاڵەتدا بچوێندری بە هەڕەشەی سەر کوردی کاکەیی و کوردە شیعەکانی ناوچەی خانەقین.

تورکمان و هێزی چەکدار
بۆ خۆپاراستن لەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ناوچە شیعە نشینەکان لای هەندێ حیزبی تورکمانی بەتایبەتی بەرەی تورکمانی دروستبونی هێزێکی تورکمانی بۆتە زەرورەت. بەڵام لە راستیدا ئەو هەوڵە جگە لە ریکلامێکی حیزبی هیچی تر نیە. چونکە نەک بەو هێزە ئاسایشی تورکمان ناپارێزرێ بەڵکو ئەوەندەی تر هێرشەکان زیاتر دەکات. کورد لە کەرکوک خاوەن ئاسایش و هێزی چەکدار بە خۆیەتی، ئەم هێزانە بەر لە ٢٠٠٣ وە بونیان هەیە و خاوەن ئەزمونی زۆرن. بەڵام تەقینەوەکانی گەڕەکە کوردیەکان ، بارەگا حیزبیەکان و بارەگاکانی پۆلیس، دیارترینیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس، دەری دەخەن هەر کاتێ تیرۆرستان ویستبێتیان کارێک ئەنجام بدەن، ئەنجامیان داوە. دروستکردنی خەندەق بەدەوری کەرکوک ئاماژەیەکی ئاشکرایە لە بونی کەموکوڕی و هەڵە لە توانا و پلانی ئەمنی لە کەرکوک.

رێگا چارە
ساڵانی نەوەتەکانی شارەکانی هەرێم دەری دەخەن بونی حیزب و هێزی جیاجیا لەهەر شوێنێک هۆکارن بۆ زۆری ناوەندەکانی بڕیار و لێرەوەش تێکچونی بارودۆخی ئەمنی و لە توانا نەبونی کۆنترۆڵکردنی. ئەمەو چەندین هۆکاری دیکە دەریدەخەن هەندێ لە رێگا چارەکان بریتین لە:
١- بونی یەک هێزی ئەمنی لە کەرکوک؛
٢- تەبایی و هاوپەیمانی کورد و تورکمان وەک ٢ دو نەتەوەی ستەملێکراو، رێکەوتن لەسەر مافی هەردولا لە دەستوری هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی تورکمان لە ناوەندی بڕیاری هەرێمی کوردستان. لەم روەوە باشتر وایە هەردو پێکهاتەی کورد و تورکمان پرۆژەی خۆیان ئامادە بکەن و گفتوگۆی لەسەر بکەن. واتە " کەرکوک ( سنوری بەر لە ١٩٦٣ ) لە ناو هەرێمی کوردستان، خاوەن ئیدارەی سەربەخۆی خۆی و بودجە و بریاری خۆی بێت"
٣ - تورکمان پێویستە باش دیراسەی کێشەی لە مێژینە و هۆکارەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەند بکات: بە زۆر دابڕاندنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان هۆکاری سەرەکی کێشەکەن. کورد ئامادە نیە لەسەر خاک مساوەمە بکات؛
٤- بەڕیوەبردنی کەرکوک لە لایەن خەڵکی شارەکەوە؛