Print WWW.SBEIY.COM
 هەفتەیەک لە قاهیرەو ئەزمونێکی بێ وێنە
ئاسۆ حامدی
31/07/2013
لەڕۆژی ٢٣ تا ٢٩ی حوەزەیرانی 2013 لە قاهیرە بوم، شارێکی جەنجاڵ و پڕ لە دەردو حەسرەت و ئاوات و هێز بۆ گۆڕان، شارێکی پڕ لە کەلتور و شارستانی رەمزە هیروگلفیەکان و ئەهرامەکانی فیرعەونەکان. شاری دەنگی ام کلثوم و فەرید و عبدولحلیم و هتد. قاهیرە بەناوبانگ بە بورج و راگەیاندن. قاهیرە بە ناوبانگ بە ساحەی تحریری خۆڕاگر، لە یەکێ لە خێمەکان نوسرابو تا بەدەستهێنانی هەمو دەستکەوتەکانی شۆڕشی ٣٠ی یەنایەر بەردەوام دەبین. خێمەکان لەڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ زیاددیان دەکرد.

ئێمە بۆ لای خان خەلیلی و ساحە تحریر چوین، ستایلەکەی لە کۆنە فلکەکەی نافورەی هەولێر دەچو لە پێش چاوی مندا، بەڵام بیناکانی دەوروبەر ستایلی فەرەنساویان هەبو.

لەڕێگامان بۆ ئۆفیسی کار بەلای مزگەوتی ئیخوانەکان چوین، لەڕۆژی هەینی هەمو هێزەکانیان هێنابو، زۆربون بە بەرامبەر ئەوکاتی مانگرتوانی ساحەی تحریر، بەڵام خەڵکی ناڕازی هەمو تواناکانیان بۆ یەکشەممە ئامادەکردبو. ئێمە دەبوا شەممە بگەڕێینەوە، تەنها لە لای زەمالک کە ناوچەیەکە لە قاهیرە و زۆربەی دیپلۆماسیەکانی بێگانەی لێیە هەندێ راپەڕیومان بینی و (ارحل مرسی) یان دوبارە دەکردەوە. ئەمەش چاوەڕوان کراوبو. چونکە خەڵکی لە مورسی داخ لەدڵ بون و بە سەرۆکی ئیخوانیان دەدەیت نەک سەرۆکی هەمو میسر.

تەنانەت ختابەکەی چوارشەممە ئەوەندە گرنگی نەبو بۆ خەڵکی میسر، ئەوانەی ئێمە لە گەڵیان ۆرک شۆپمان هەبو. ئەم مێژوە لە میسر درێژە دەکێشێ، چونکە وەزعی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەر هاتوە و خەڵکیش توشی جۆرێ لە بێ باوەڕی بوە بە راستڕەوەکان. چەپەکان و سینترالیستەکان لە گۆڕەپانی سیاسی میسری دا کەم هێزن بۆ دەسەڵات گرتنە دەست و زۆر هێزیشن بۆ جوڵاندنی جەماوەری ناڕازی.

ئەم وەزعە ئابوریە کوشندەیە لەم وڵاتە کە شادەماری ئابوری بەندە بە (توریست) و گەشت، ئەوا نا ئەمنی گەورەترین گرفتی بۆ دروستکردوە. هەروەها بێکاری و نەبونی و هەژاری تەنگی بەڕێژەیەکی زۆر لەم گەلە تەنیوە.

ئەزمونەکە
کۆمپانیای ڤیتێنس و دەڵتیۆن کۆلێژە بە هاوکاری چەند رێکخراوێکی خێرخواز لەگەڵ کۆمپانیای ئاوی ئەلقابزە لە میسر بۆ گەشەدان بە قوتابیانی قوتابخانەی ناوەندی پیشەسازیەکان داوای مەنهەجێکی نوێ دەکەن کە ئەمەش لە هۆڵەندا پەیڕەی پێ دەکرێت و پێی دەڵێن خوێندی ئەلیکترۆنی.

(e-learning) ئەم سیستەمە لە وڵاتی هۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرکەوتو کاری پێدەکرێت و قوتابیان و مامۆستا و کارگەکان هەمویان بەیەکەوە بە پراکتیکی کاردەکەن.

منیش وەکو ئەندازیارێک داوایان لێکردم چۆنیەتی نەخشەسازی و پلاندانانی تٶڕی ئاوی خواردنەوە و تەکنیکە نوێیەکانی ئێستای کۆمپانیای ڤیتێنس بۆ ئەوان رون بکەمەوەو ئاستی مامۆستا و ئەندازیارە میسریەکان لەم بارەوە بۆ سەرەوە ببەین. ئەوەبو بە وەفدێ بۆ ماوەی هەفتەیەک چوین بۆ قاهیرە. ئێمە لە هۆتێلی فلامنگۆ لە زەمالک شوێنمان بۆ دابینکرابو لەڕۆژانی ٢٣ی حوزەیران کە دەیکردە یەکشەممە تا شەممەی داهاتو ماینەوە.

 
کەش و هەوای سیاسی وڵاتی میسر لەڕۆژانی ٢٣ تا ٢٨ی حوزەیران؛
خەڵکی لەم وڵاتە لەڕۆژانی هەڵچون و کوڵانێکی بەردەوام دان، سەرۆکی وڵات مورسی لەڕۆژی چوارشەممە دەستی بە ختاب دان کرد و داوای لێبوردنی لە خەڵکی سەرشەقام کرد و هەمو گرانی و نەبونی و بێ ئیمکاناتی بردەوە سەرشانی حکومەتەکانی پێش خۆیی و بەرگری لە سیاسەتەکانی خۆیان کرد.

دواتر لەڕۆژی هەینی ئیسلامیەکان لە هەمو وڵات راپەڕینیان بۆ پشتیوانی مورسی کرد، بەڵام تەنها لە مزگەوتەکاندا قەتیس مانەوەو بەنمونە ئۆپۆزیسیۆن رێگای نەدان بێن بۆ گۆڕەپانی تەحریر.

هێزە ئەمنیەکان و سوپای میسر و ئەزهەر بانگەوازی ئەوەیان کرد نابێ وڵات بۆ شەڕی ناوخۆ پەلکێش بکرێت. چەپەکان و هێزەکانی پارتی لاوانی ٦ی یەنایەر و سوسیال شۆڕشگێرەکان چەندین ئەنجومەنیان پێکهێناوە بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و وەزعیەتە گشتیەکان.

سوپای میسر لە هەمو حاڵەتێ دا بێ لایەنی خۆی راگەیاند و پشتیوانی بۆ گەل دوپات کردەوە.

وەزعیەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری
لەم وڵاتە گرانیەکی لەڕادە بەدەر هەیە و بێکارێکی زۆر زۆریش، نەبونی ئاسۆیەک بۆ رزگاربون لەم وەزعە و هەلاکەتی و بێ باوەڕبون بە دەسەڵات و هەندێ لە ئۆپۆزیسۆنیش. خەڵکی سادە لانی کەمی کرێیەکی زۆر کەمی هەیە بەرامبەر بە گرانیەکی بێ وێنە لە وڵاتدا. کەمی بەنزین و وزە و کار وای لە خەڵکی کردوە توشی بێ باوەڕی ببن و هەمو بەڵێنەکان بە درۆیەکی زل دەبینن و بەس. هەرچی بڵێن دەڵێن زۆرمان بیستوە. ئەم نەوەیە لە خەڵکی میسر نەوەی تەمەن بە فیڕۆچوەکانن و لە ژیانێکی قورسدا دەژین.

لە کاتی سوڕانمان بە هەندێ ناوچەی قاهیرەی پایتەختدا شوفێرەکە وتی ئەم شوێنەش نەخۆشخانەی دەرونی قاهیرەیە، دواتر بە پێکەنین وتی خۆ هەمو گەل نەخۆشەو مورسی دەبێ لێرە عیلاج وەربگرێ و زەردەخەنەیەکی خەماوی بۆ کرد. دواتر لەڕێگامان بۆ ئۆفیسی ۆرک شۆپ دا بەشوێنێک رۆیشتین کە ناوچەیەکە هەمو قەبرستانە و خەڵکی زۆری تیا دەژین وتی ئەم شوێنەش ژیان لەگەڵ مردوانە. بەس بەکورتی وتی ژیانی هەژاران ئەگەر وابڕوا نامێنێ و هەقی ژیانمان نابێ و هەردەمرین باشترە چاکی بکەین. ئەم شوفێرە کەسێکی بە ئەزمون بو لە ژیاندا و چەندین ساڵ لە عێراق کرێکاری کردبو و زۆر ئەزمونی ژیانی هەبو.

ئەو کارەی بەئێمە سپێردرا بو دانانی سەرخەتی مەنهەجێکی نوێ بۆ قوتابخانە ناوەندیە تەکنکیەکان لە میسر؛

ئێمە وەکو وەفدێکی هۆڵەندی دو ئەندازیار و بەڕێوەبەرێک بوین، بنەمای مەنهەجەکە ئەی لێرنین (خوێندی ئەلیکترۆنی). ئێمە شارەزا بوین بە دانانی مەنهەج و دراسەی تەکنیکی لە هۆڵەندا، ئێمە پەیامێکمان بە ئەوان گەیاند ئەویش پەیامێکی رون بو. کە خۆی لەمەدا دەدیتەوە یارمەتیدانی ئەوان لە مەسایلە تەکنیکیەکان و تیۆریە نوێیەکان و گۆڕانیان لە ستراکتوری کۆن بۆ ستراکتور و میسۆدەی نوێی خوێندن.

ستراکتوری کۆنی میسۆدەکەی ئەوان بریتیبو لە سەرەتا تیۆر و دواتر هەندێ پراکتیک بەبێ ئەوەی پەیوەندی دروستی بە کارو پیشەی قوتابی هەبێت لە داهاتودا. بەڵام ئێمە بانگەوازی پێچەوانەمان دەکرد.

یانی لە پراکتیکەوە بۆ تیۆر، بەڵام ئەوان بۆیان هەزم نەدەکرا چۆن قوتابیەک هیچ نازانێ و دەستبەکار بکات. قابیلی قەبوڵ نەبو بۆ ئەوان. ئێمە نمونەیەکی سادەمان بۆ دەهێنانەوە ئەویش ئەوەیە؛ کە ناوەخنی ستراکتورەکە لە مۆدێلی ستاررەوە هاتوە، کە بەم جۆرەیە؛Situation, Task, Action, Result, Reflection

یانی سەرەتا دەبێ قوتابی لە کەیسەک دەست پێبکات دوای دەست دەکات بە نوسینی وەزعیەتی کار و ئینجا پرسیاری کەیسەکە و دواتریش کارکردن لە پراکتیک و بەرەنجام بە دەستهێنان و رەنگدانەوەی تەواوی کەیسکەو ئەنالیزەی قوتابی بۆ هەمو مەسەلەکان. لە کاتی ئەم کەیسە قوتابیان ماددەی پێویستی تیۆری لە مامۆستا وەردەگرن و ئەوەی تێگەیشت ئەوا زۆرباشە ئەوەی بۆی رون نەبو مامۆستا بۆی رۆشەن دەکاتەوە.

ئەمەش بە پرۆسێسی کارکردن بە شێوەی پرۆژە کە خۆی لە مۆدێلی کۆمۆنیکەیشن دەدۆزێتەوە، کە بریتیە؛ Plan- Do- Check- Act

ئەم میسۆدە لە کارکردن بەشێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی وا لە قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سێلف ستەدی (خوێندن بە خۆیان) بکەن و مامۆستا لە مامۆستایی دەبێتە راهێنەر. ئەمەش ئاڵوگۆڕێکی گرنگە لە میسۆدی تەقلیدی و کۆن و ئەنالۆگ بۆ مۆدێلی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی.

ئەم دو مۆدێلە بۆ رێکخراوبون و گەشەدانی سیاسیش بەکاردێن و دەکرێ هەمو رێکخراوەیەک بۆ پرۆسیسەکانی بەکاریان بێنێت.

لە لایەکی تر قوتابیان و مامۆستایان و راهێنەرانی کار لە کاتی کارکردنی قوتابی پەیوەندیەکی سێ گۆشەیی دروست دەکەن یانی (مامۆستا- قوتابی- پیشەگەر کە راهێنەری پراکتیکیە). ئەم پەیوەندیە وا لە قوتابیان دەکەن کە هەردەم لە کاردابێت تا بتوانێ هێزی زهنی بەرزبکاتەوەو لە وانەکان باش بگات و لە پراکتیکدا جێ بەجێ یان بکات.

بۆ ئەمەش فێربون و پرۆسەی فێربون لە قوتابیەوە دەست پێدەکات و هەر لەوێش کۆتایی دێت. ئامانچ لە فێربونی ئەلیکترۆنی ئەوەیە قوتابیان بتوانن خۆیان لێپرسراویەتی فێربون بگرنە ئەستۆی خۆیان و زانیاری زۆر و زەبەند کۆبکەنەوە. هەروەها مامۆستا تەنها راهێنەرەو کۆنتڕۆڵی هەمو پرۆسەکانی فێربون و خوێندن دەکات و یارمەتی و کۆمەكی قوتابیان دەکات تا بگەنە ئاستی خوازراو.

هەنگاوێ بۆ دواوە دو هەنگاو بۆ پێشەوە
بۆ ئەوەی بتوانین بنەمای مەنهەجێ دیاری بکەین پێویستمان بە تێگەیشتن لە وەزعی موجود بو دواتر وەزعی خوازراو، وەزعی خوازراو لەلای ئێمە رۆشەن بو کە خوێندنی ئەلیکترۆنی بو. تەنها مەسەلەیەک بۆ مان گرنگ بو چۆنیەتی خشتەکان و ئامرازەکانی وەزعی خوازراو بو. بۆ ئەمەش دەبێ لە خشتەی وانەکان و ئامرازەکانی مەوجود بگەین.

بۆ مامۆستا میسریەکان و بەڕێوەبەری پرۆژەکان هەمو کات ناوەخنی مەنهەجەکە گرنگ بو، بەڵام ئێمە هەمو کات دەمانگوت دروستە بەڵام دوایی دێنە سەر ئەم مەسەلەش.

لەباری تیۆریەوە هیچیان کەم نەبو بەڵام لەباری وەرگێڕانی تیۆر بۆ پراکتیک ئەوە گرفتی سەرەکیان هەبو. هەروەها قوتابیەک بۆ راهێنانی هاوینە هیچ پەیوەندی بە مامۆستاوە نامێنێ. ئەم ناڕێکیەی مەنهەجی ئێستا بۆ ئێمە خاڵێکی گرنگ بون یان قوتابیان خۆیان ئامادەناکەن بۆ خوێندن و سەرەتا مامۆستا دەست بە وانە وتنەوە دەکات.

نەبونی سێلف ستەدی (خوێندنی بەخۆ – یانی قوتابی دەبێ خۆی بخوێنێ) گرفتێکی گەورە بو. قوتابیان لە پۆلی کۆتایی تایبەتمەندیەکانیان دەست پێدەکات، لەلایەن ئێمە قوتابیان دەبێ لەپۆلی یەکەمەوە تایبەتمەندیەکانیان دیاری بکەن و هەوڵی بۆ بدەن.

ئەوەی بۆ ئەوان زۆر زەحمەت بو چۆن دەکرێ قوتابی لەخوێندنی ئەلیکترۆنی هەڵبسەنگێ و مەسەلەی دەرچون و مانەوە و لەم بابەتەوە. ئەمانە لە پراکتیکدا لە کاتی پەیوەندی مامۆستا و قوتابیان و راهێنەران  یەکلا دەکرێتەوە.

ئەوان وایان دەزانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وێبسایتە یان خوێندن لە دورەوەیە (دیستانس ستەدی) بەڵام ئێمە بۆمان رونکردنەوە کە جیاوازیەکان چین و چۆنن.

دواتر منیش پریزنتەیشنێکم بۆیان ئامادەکردبو لەسەر چۆنیەتی نەخشەکێشانی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە لە هۆڵەندا و بەتایبەت لە کۆمپانیای ڤیتێنس. هەمو پرسیارەکانیان ئەوەبو چۆن دەکرێ دەست بە نوێسازی بین و ئامرازی پیویستمان لەم وەزعە سیاسیە و ئابوری و کۆمەڵایەتیە نیە.

ئێمە بۆمان رۆشن دەکردەوە کە کارکردن هۆیەکانی پێویستی خۆی ئامادە دەکات و دەبێ باوەڕ بە تواناکانیان بکەن و پێویست دەتوانێ هەمو داهاتەکان بخاتە گەڕ. هەرچەندە ئەم ئاوەژو بونەوە لە بیروهزری ئەوان و وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتی میسر دو شتی زۆر زەحمەت بون بۆیان. ئێمە پەیاممان بۆیان ئەوەبو کارکردن دەتوانێ هەمو شتێ دروست بکات و نوێخوازییش و ئاڵوگۆڕیش ماندوبون و قوربانی دەوێ.

سەردانی هەرەمەکان لە گیزە
لەڕۆژی هەینی چوین بۆ سەیری هەرەمەکان، لەڕێگا کابرایەک رێگای پێ گرتین و وتی معلم کبیر ئێوەی دەوێ، بە کورتی دەیویست ئەوان ئێمە بۆ هەرەمەکان ببەن و پارەی چونەکە بۆ ئەوان بێت. ئەوەشم بیرچو هەمو کارمەندێ شۆفێرێ کرێکارێ چاوی لە بەخشیشە. شوفێرەکەمان وتی رێگام بەردە دواتر کابرا خۆی بە ئۆتۆمبێلەکە شۆڕکردەوەو ناچاری کرد رابگرێ. دواتر مەسولی کابرا هات شۆفێرەکەش وتی من دەچم بۆ لای ناوی کەسێکی هێنا وا دیاربو باڵا دەست تر بو لە معلم کبیر و ئەویش دەست لەسەر سنگ وتی فەرمون.

چوین بۆ لای دوکانێ هەمو جۆرە هۆیەکی گواستنەوەیان هەبو، ئەسپ، وشتر، عەرەبانەی ئەسپ، ماتۆڕی گەورە و کەر و هتد. ئێمە ئەسپمان هەڵبژارد، ئەسپەکانیش تەنها گوێیان لە خاوەنەکانیان دەگرت.

هەرچۆنێ بێ رۆیشتین بۆ لای هەرەمەکان، چەندین هەرەم بون هەرەمی گەورە باوک، کوڕ و نەوەکانی لەگەڵ چەند گۆڕستانێ بۆ کرێکاران و هەمو ئەو مرۆڤانەی لەکاتی هەرەمەکان دروستکراون مردون یان مەلیک خۆی کوشتونی بۆ دو مەبەست یا بۆ پاراستنی نهێنی هەرەمەکان یان بۆ ئەوەی هەرەمی تر دروست نەکرێن.

بەردی هەرەمەکان لە ناوچەی ئەسوان هاتون بەگوێرەی زانیاری کوڕێ کە بۆ چاوساغی لەگەڵمان بو، ئینگلیزیەکی تێکەڵ بە وشەی عەرەبی قسە دەکرد و هەر دەیوگت یەعنی..

هەڕەمی باوک دە مەتر لەبەرزیەکەی سەرەوەی لەلایەن هێزەکانی ناپلیۆن روخاندراوە و بە تاڵان بردراوە، دواتر چوین بۆ هەیکەلی ئەبو هۆل، لەم نێوەدا ئەم کوڕە میسریە وتی ناپلیۆن دو گولەی بە لوت و چەناگەیەوە ناوەو بەردەکەش ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانیا بەڵام من لە مانگی مەی چوم بۆ مۆزەخانەی نەتەوەیی بەریتانیایی و ئەمە بۆم نوێ بو وابزانم هەڵەی کرد، چونکە ناپلیۆن فەرەنسیە رەنگە مەبەستی لۆڤەر بێت. هەرچۆنێ بێ هەرەمەکان کە یەکێ لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانن بەڵام زۆر بێ خزمەت و پەرپوت کەوتون. سەد خۆزگەت بە قەڵای هەولێر و شوێنەوارە دێرینەکانی تر بکات لە کوردستان.

لە گەڕانەوەمان بەلای هەڕەمەکاندا رێگایەکی بەردەپۆش بو کە بەردەکان زۆر زل بون، بە گوێرەی زانیاری ئەم کوڕە میسریەی لەگەڵمان بو بەردە گەورەکانی هەرەمەکان لە ٧ تا ٨ تەن کێشیان تێپەڕ دەکات.

هەروەها بیرێکی ئاو و چەند چاڵێکمان بینی بۆ نێو هەرەمەکان دەچون. بە کورتی هەڕەمەکان هەروا ئەم ئاستە بەرزەی خۆیان لە دەست نەداوەو گەشتیاران لە هەموو لایەک سەردانی دەکەن.

وانەیەک بۆ هەموان
گۆڕان و ئاڵوگۆڕ لە وەزعی مەوجود بۆ وەزعی خوازراو لە هەمو مەیدانێکدا هەمو هێزەکان و تواناکانی دەوێ، جا چ وەزعی مەنهەجی خوێندن بێت یان وەزعی سیاسی کۆمەڵگا.

بۆ ئەوەی هاوسەنگی کۆمەڵگا رابگیرێ دەبێ هەمو تواناکان بخرێنەگەڕ ئەگەر نا هاوسەنگی تەنها هەڵچون و ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە، لەم حاڵەتەش هەمو کۆمەڵگا زەرەرمەندە.

بێلایەنی هێزە ئەمنیەکان و سوپا لە مەسەلە سیاسیەکان دەتوانێ دیموکراسی لە وڵات گەشە پێبدات. ئەگەر سوپا بێ لایەن نەبو ئەوە گۆڕان بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات مانایەکی پراکتیکی نیە. ئەوەی باوەڕی بە گۆڕان و دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە دەبێ دەستورێکی مۆدێرن هەبێت و توانای دەستوریش لە کۆمەڵگا هێزە کۆمەڵایەتیەکان بیپارێزن. ئەگینا ئەم میسۆدە مانایەکی نیە و دەبێ هێزی بەرامبەری بۆ دروست بکرێت.